قوباد تاڵەبانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دوردەخاتەوە و گۆڕانیش دەڵێت لاناچێت

قوباد تاڵەبانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دوردەخاتەوە و گۆڕانیش دەڵێت لاناچێت

455 خوێندراوەتەوە

لابردنی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە پۆستەكەی، ناونیشانی كێشەیەكی نوێی نێوان یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕانە لە پارێزگای سلێمانی.

بەپێی هەواڵی میدیاكانی نزیك لە گۆڕان لادانی دڵشاد عومەر لەسەر فەرمانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوەمەت بووە لەو ماوە زەمەنیەدا كە دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە.

هەرچەندە تا ئێستا نوسینگەی قوباد تاڵەبانی،لەبارەی ئەو دەنگۆیانە هیچ رونكردنەوەیەكیان نەداوە، بەڵام بە وتەی گۆڕان لابردنەكە بەهۆی ئەوەبووە كە دڵشاد عومەر رەزامەند نەبووە بە دانانی بەڕێوەبەری نوێی پەروەردە لە دەربەندیخان، بە بەهانەی ئەوەی شیاو نەبووە.

لەلایەكی ترەوە رێبوار ئەحمەد ،سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە میدیای حیزبەكەی راگەیاندووە" بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە و پابەندی فەرمانی لەسەركارلادانی نابێت"

ئەوەشی وتوە" لابردنی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەڕوی یاسایی و سیاسییەوە هەڵەیە و لابردنی بەڕێوەبەرە گشتیەكان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگایە نەك جێگری سەرۆكی حكومەت"

ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان سوربێت لەسەر پابەند نەبونی بەڕێوەبەرە گشتیەكەی بە فەرمانەكەوە،ئەوا دەرگای كێشەیەكی نوێ‌ لە پارێزگای سلێمانی لە نێوان یەكێتی و گۆڕان دەكرێتەوە. بەوپێیەی پابەند نەبونی گۆڕان و بەڕێوەبەرە گشتییەكەی بەمانای ئەوە دێت كە حساب بۆ بڕیاری قوباد تاڵەبانی وەك جێگری سەرۆكی حكومەت ناكەن.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك