ئایا مەسرور بارزانی دەتوانێت ڕوبەڕوی گەندەڵی ببێتەوە؟

ئایا مەسرور بارزانی دەتوانێت ڕوبەڕوی گەندەڵی ببێتەوە؟

755 خوێندراوەتەوە

دروشمى چاكسازى و ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكى حكومه‌تى نوێى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵگیراوه‌، ته‌نها له‌ ئاست دزه‌ بچووكه‌كان ده‌نگى دلێره‌و ناتوانێت ده‌ستى هه‌موو گه‌نده‌ڵكارێك ببڕێت، بۆیه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ى چاكسازى به‌شێكى زۆرى ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ى دروشم ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.


به‌ر له‌ هه‌موو شتێك خودى مه‌سرور بارزانى خاوه‌نى یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین گروپى كۆمپانیاكانى هه‌رێمه‌ به‌ ناوى " ستێر گروپ" ، كه‌ ئه‌و گروپه‌ توانیویه‌تى له‌ مه‌جالى ( نه‌وت و مقاولات و نیشته‌جێبوون و مۆبایل و ئه‌لیكترۆنیات... هتد) ، شان به‌شانى گروپى كۆمپانیاكانى صه‌لاحه‌دینى نێچیرڤان بارزانى قۆرغى بازار بكات.


له‌ هه‌مانكاتیشدا خاوه‌نى زانكۆیى ئه‌مه‌ریكى و ده‌زگاى خێرخوازى و میدیایى گه‌وره‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گه‌ورانه‌ى كه‌ هه‌یه‌تى ناتوانێت شمشێره‌كه‌ى به‌ هه‌موو كه‌س بوه‌شێنێت، ناشتوانێت وه‌كو محمد بن سه‌لمان هه‌موو ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى بخاته‌ به‌ندیخانه‌.


ئه‌گه‌ر سه‌رۆكى حكومه‌ت توانى لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌ قاسه‌كه‌ى پارتى كه‌ حه‌مید على، به‌رێوبه‌رى گشتیى گومرگى ئیبراهیم خه‌لیل و كۆمپانیایى به‌رپرسانى حزبه‌كان بكات، ئه‌وكات ده‌توانرێ ناوى كه‌سێكى ئازاى لێبنرێ له‌ ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیدا، به‌ڵام پێشبینیى ده‌كرێت ئاستى چاكسازى و ڕاوه‌دونانى گه‌نده‌ڵكاران له‌ لایه‌ن ناوبراو، له‌سه‌ر ئاستى به‌رپرسان وه‌كو( وه‌زیرو بریكارى وه‌زیرو به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كان) و رێگرتنى زیاتر له‌ به‌ هه‌ده‌ردانى پاره‌ى زیاترى ده‌وڵه‌ت بێت، به‌وپێیه‌ى ناوبراو هه‌م سه‌رۆكى حكومه‌ته‌و هه‌م كه‌سێكى ئه‌منیه‌و ڕه‌نگه‌ پاڵپشى بارزانى باوكیش هاوكاربێت بۆ ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ى به‌شێك له‌ گه‌نده‌ڵكارانى له‌سه‌ر ئاستى خواره‌وه‌، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێت موعجیزه‌ دروستبكات، وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ندێ كه‌س له‌وباره‌یه‌وه‌ تووشى وه‌هم بوون، چونكه‌ له‌ چه‌ند ساڵى ڕابردوودا له‌رێگه‌ى یاساوه‌ ده‌یان خه‌ڵك به‌ ناشه‌رعى و نا یاسایى له‌ په‌نای یاساوه‌ بۆته‌ شت، ئه‌سته‌مه‌ وا به‌ ئاسانى ڕابگیرێن، جگه‌ له‌وه‌ى له‌ماوه‌ى ڕابردووش یاساش له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌وان ده‌ركراوه‌.


پارتى له‌ سنوورى ناوچه‌كانى خۆى له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوو، ئیجرائاتى له‌گه‌ڵ زۆر به‌رپرس كردووه‌و توانیویه‌تى بیانشكێنێت، به‌بێ ئه‌وه‌ى بیداته‌ میدیا، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌یان نمونه‌ هه‌ن له‌وانه‌ (ڕه‌شید تاهیرو فازل نه‌بى و نه‌جات باپیرو ژماره‌یه‌ك كه‌سى دیكه‌ له‌م دوایه‌دا كه‌ تاوه‌كو ئێستا كاركردن له‌ دۆسییه‌كانیان ماون)، به‌ڵام سه‌رۆكى حكومه‌ت ناتوانێت له‌ سنوورى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌و كاره‌بكات، چونكه‌ ئه‌زموونى لیژنه‌كانى چاكسازى ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ لایه‌ن حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، له‌ماوه‌ى ساڵانى ڕابردوو ئه‌وه‌مان نیشانده‌دات، كه‌ له‌م ناوچانه‌ نه‌توانراوه‌ ئیجرائات له‌گه‌ڵ یه‌ك كه‌س بكرێت، زۆرجاریش پارتى دۆسییه‌كانى داوه‌ته‌وه‌ یه‌كێتیى، ئه‌وانیش هیچیان پێنه‌كراوه‌.


ڕه‌نگه‌ به‌هۆى مه‌سرور بارزانى ئاستى گه‌نده‌ڵى به‌راورد به‌ كابینه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى زۆر جیاوازبێت و به‌شێك له‌ گه‌نده‌ڵكاران هه‌راسان بكات و ده‌ستیان ببرێت، به‌ڵام پێویسته‌ واقعى بین و وا نه‌زانین كابینه‌ى داهاتوو شۆڕشێك له‌ دژى گه‌نده‌ڵكاران به‌رپا ده‌كات، ئه‌گه‌ر شتێكى وابكه‌ن ئه‌وكات ده‌بێ له‌خۆیان و كه‌سه‌ نزیه‌كانیان له‌ مه‌كته‌بى ئیدارى گشتى و مه‌كته‌بى وه‌به‌رهێنان و مه‌كته‌ب سیاسییه‌كان ده‌ستپێبكه‌ن ؟!!!

 

author photo

ڕۆژنامەنوس