بەپەنجەکانی دەستی، ڕۆژانی چاوەڕوانیی دەژمێرێت

بەپەنجەکانی دەستی، ڕۆژانی چاوەڕوانیی دەژمێرێت

747 خوێندراوەتەوە

 بەدەم لێخووڕینیی ئۆتۆمبێلەکەیەوە، لەماوەی ئەو "٧٥ کم"ی نێوان "کیۆڵن و ئێسن" دەیان بەسەرهاتی غەمگینیی ئەوی بۆ گێڕامەوە، هەر بەسەرهاتێکی بۆ خۆی، چیرۆک و داستانێکە لە تاریکیی و پەژارە.

 

،،

ئه‌وه‌ی له‌ مامۆستا كامیله‌وه‌ نزیك بووبێت، تێده‌گات ئه‌و قوربانیه‌ی چه‌كی كیمایی باروودۆخی ژیانی چه‌ن خراپ و ناجێگیربووه‌، و چۆن ململانێی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌ سه‌خته‌كه‌یدا كردووه‌.

 

 

لە کۆتایی هەر بەسەرهاتێکیش کە دەیگێڕایەوە دەیگووت، هەرچۆن بێ هەر ئێرەی لەوێ باشترە. دڵنیام لەوێبوایە دەمێک بوو، مردبوو.!

 "ئەمیر محەمەد" بەردەوام بوو، لە گێڕانەوەی چیرۆک و بەسەرهاتە غەمگینەکانی مامۆستا کامیل عەبدولقادر. چیرۆکگەلێ، کەم مرۆڤی بە ویژدان هەیە لە بیستنیان ناخ و هەست و نەستی هەلا هەلا نەبێ.!

 گوێم لەو چیرۆکانە دەگرت و چاوم لە وێنە خێراکانیی نێوان ئەو دوو شارەیە کە بۆی دەچین. خەیاڵم ڕۆشت بۆ پێش چارەکە سەدەیەک لەمەوبەر، ئەو کات من و مامۆستا هاوڕێ و هاوبیرێکی نزیکیی یەک بووین.

 

 

 من خوێندکاریی هونەرە جوانەکان و ئەویش خوێندکاری زانکۆی سلێمانیی.

هاوڕێیەتیی سەردەمیی تازە لاویی، پڕ لە بیرەوەریی و وێنەی جوان و سەرنجڕاکێشە. ئەوکات، چەند ساڵێ بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە تێپەڕیبوو. ئاگری ئازار و خەمی ناخی مامۆستا کامیل، بەتەواوەتیی خامۆش نەبووبوو.

 گەنجێکی موو زەردی باریکەلەی دەموچاو ڕێکی چاوشین. شیکیی و جوانییەکی سەرنجڕاکێشی هەبوو.

 بەڵام خەمی شەهیدبوونی دایک و باوک و شەش خوشکەکەی، تارماییەکی خەمۆکیی بەسەر ڕوخساریدا زاڵ بوو. ئەو ڕۆژگارە، وەک ئێستا پەککەوتە و لەچاوەڕوانیی چارەسەردا نەبوو.

 

 

 

 خەیاڵ بە درێژایی هەزاران میل گەڕاندمییەوە بۆ سەرەتاکانیی نەوەدەکان و سەردەمی قوتابییەتیمان. بە تیللەی چاو بەدەم شۆفێرییەوە تەماشام دەکات و هەستیکرد، خەمۆکییەک دایگرتووم.

 (ئەوە گەیشتینە ئێسن و چەند خولەکێکی تر، لەگەڵ کاک عادل، سێ قۆڵی دەچین بۆ کەمپەکە بۆ لای مامۆستا، ئەمیر وای گووت.) کاک عادل خۆی لەو شارەدا دەژی، گەنجێکی دڵسۆز و بە ویژدانە.

 ڕۆژانە سەردانی مامۆستا کامیل دەکات، بۆ هاوکارییکردن و هەم بۆ دەمەتەقێ و هەواڵپرسین. بەهەمان شێوەش کاک ئەمیر و دەیان گەنجی تری ئەڵمانیا بەردەوام لەخەمیی مامۆستادان. گەیشتینە کەمپ. 

 

 

 لە کەناری شار، لەناو دارستانێکی چڕ و پڕ لە درەخت و سەوزایی. پاش زیاتر لە دوو ساڵ "مامۆستا کامیل"م بینیووە. پێشتر لە ماڵەکەی خۆی لە هەڵەبجە سەردانم کردبوو. باوەشێک پڕ لە خەم و خۆشەویستیی.

  لەچاوەکانیدا هەستمکرد، بۆنی منداڵ و هاورێ و هاوشارییەکانی دەکات. (کەمێ دانیشتن و بەخێرهاتن) بێدەنگم و چاوم بە ژوورەکەدا دەگێڕم. سۆندەی هەناسەدا بە دەمییەوە. بوتڵێکی گەورەی ئۆکسجین لەولاوە.

 عەرەبانەیەک لەخوارەوە و یەک دوو کتێبش لە ڕاسەری خۆیدایە و هیتفۆنێکیش لە ملیدا. (بەیانی تا ئێوارە، ئەم ئایپاتەم بەدەستەوەیە و ئەم هیتفۆنەم لە گوێدایە. بۆ فێربوونیی زمانی ئەڵمانیی.

 

،،

هه‌ستێكم لادروست بووه‌، كه‌به‌شێك له‌به‌رپرسانی حكومی و حزبی هه‌رێمی كوردستان حه‌زده‌كه‌ن من زوو بمرم، و چیتر ناچار نه‌بن هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی نه‌خۆشییه‌كه‌ی من و گه‌یاندنی منداڵه‌كانم بده‌ن بۆ ئه‌ڵمانیان!.

 

 پزیشکەکان، مەرجی نەشتەرگەریی و گۆڕینی سییەکانمیان، پەیوەستکردووە بە فێربوونیی زمانی ئەڵمانیی.! م.کامیل دەستپێکی قسەکانی وای پێووتم.) پاشتر کەوتینە قسە و چۆنییەتی ژیان و گوزەرانی لێرە.

 بە تۆنێکی ئارام و پڕ لە ئازار بۆم دەدوا: (کەس نەماوە ڕووی لێ نەنێم، ئەم یەک شەممە، دەستپێرن بەو یەک شەممە. کەم بەرپرسی خۆمان هەیە پەیوەندیم پێوە نەکردبێ، تاکە خولیا و خۆزگەی پێش مردنم، هێنانی هاوسەر و سێ منداڵەکەمە بۆ ئێرە، لانیکەم، لێرە دەتوانن نانێکی گەرمم بۆ درووستکەن.!

 دەزانی من هەمیشە خەیاڵ و هۆشم لای هاوسەر و منداڵەکانمە؟ ئەوان لێرە بن، دڵنیام باری دەروونیی و چارەسەریشم خێراتر دەبێ. قسە لەگەڵ هەر کەس دەکەم هەر دەڵێ بەسەر چاو بێخەم بە.! هەستێکم بۆ درووست بووە، کە زۆرێ لە بەرپرسان حەزدەکەن، زوو من بمرم و ڕزگاریان بێ لە داواکاریی و پێداویستییەکانم!

 

 

 ئاخر من تەنها داواکارییەکم ئەوەیە هاوەڵێکم هەبێ و خزمەتم بکات، ژن و منداڵەکانم بۆ بێنن بۆ ئێرە، کە مردم بائەوان یەکەم کەس بن باوەشی ماڵئاوایی پێدا بکەن.!) ئەم وشانەی بە تۆن و ئازارێ دەوت، دڵم پڕ بوو لە گریان. هەستمکرد دڵم لەبەرد ڕەقترە.

 خۆم بە جەلادێ دەهاتە بەرچاو، کە هیچ شتێ نایکاتە مرۆڤێکی میهرەبان و بەخشندە.! کە لەڕاستیدا لەبەر دڵ و هەستی غەریبیی ئەو، نەگریام، پێم گوناهێکی گەورە بوو، مرۆڤێ دایک و باوک و خوشک و براکانی لەبەرچاوی خۆی شەهید بووبن.

 خۆشی لە چاوەڕوانیی مەرگدا بێ، تاکە خەون و خولیای ئەوەیە، ئەو ڕۆژانەی تەمەنی ماوە، هاوسەر و منداڵەکانی لە گەڵیدا بن و پێکەوە وەک سەردەمی جاران، سێ ژەمەکە پێکەوە نان بخۆن.! ئاخر پێم ناڵێن چۆن ڕووتان دێ باسی هەڵەبجەو شەهیدان و قوربانییان دەکەن.

 لە کاتێکدا مامۆستا کامیل عەبدولقادر سیمبوول و هێمای زووڵم و تاوانباریی بەعس، بەدەم ئازاریی جەستەیی و دووریی منداڵەکانییەوە دەناڵێ و بە پەنجەکانی دەستیی، ڕۆژانی چاوەڕوانیی دەژمێرێت، ئێوەش بێ باک بێ باک فەرامۆشتان کردووە؟