بۆچی لە كابینەی نۆ بێ ئومێدین؟

بۆچی لە كابینەی نۆ بێ ئومێدین؟

642 خوێندراوەتەوە

له‌ تەك نەبوونی تەنها هۆیەك بۆ ئومێدەواربوونمان بەرانبەر كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم، دەیان هۆ هەن كە تووشی نا ئومێدیمان دەكەن‌و بەرەو ئەو ڕاستییەمان دەبەن كە هاووێنەی كابینەی هەشت، كابینەی حكومەتەكەی مەسروور بارزانیش، كابینەیەكی گرفتارو پڕ لە قەیران دەبێت‌و وێنەیەكی كابینەكانی پێشخۆی دەبێت لە فۆرمێكی نوێدا.

،،

ئەوەی ئەو چەندین ملیار دۆلارە قەرزە یەكێك دەبێت لە قەیرانە سەختەكانی بەردەم مەسرور بارزانی‌و كابینەكەی، لاموایە هۆكارەكانی وێكچوونی ئەم كابینەیە لە كابینەی هەشت‌و كابینەكانی پێشتریش گەلێك زۆرن‌و هۆیەك نییە.

 

مەسرور بارزانی هەر لە ڕێوە وتی، حكومەتێكمان وەرگرتووە كە چەندین ملیار دۆلار قەرزارە، ئەم گوزارشتەی سەرۆكی نوێی حكومەت، لەگەڵ ئەوەدا كە هێرش‌و لێدان بوو لە نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای، هاوكات پەیامی پاساو هێنانەوەشە بۆ ئەنجامنەدانی چاكسازی بنەڕەتی‌و باشكردنی دۆخی ژیان‌و گوزەرانی هاووڵاتیان.

ئەو پەیامەی مەسرور بارزانی ناكەمە پاڵپشت‌و هۆكاری لێكدانەوەی نائومێدیی بەرانبەر كابینەی نۆی حكومەت، چونكە هەن پێیانوایە ئەمە لێكدانەوەیەكی شاعیرانەیەو مەسرور بارزانی لە خستنەڕووی ئەو زانیارییەدا مەبەستی سیاسی نەبووە.

لەگەڵ ئەوەی ئەو چەندین ملیار دۆلارە قەرزە یەكێك دەبێت لە قەیرانە سەختەكانی بەردەم مەسرور بارزانی‌و كابینەكەی، لاموایە هۆكارەكانی وێكچوونی ئەم كابینەیە لە كابینەی هەشت‌و كابینەكانی پێشتریش گەلێك زۆرن‌و هۆیەك نییە ئاماژەی ئەوە بدات كە كابینەی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی لە كابینەكەی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای ناچێت‌و لەو باشتر دەبێت.

 

،،

حكومەت‌و دامودەزگاكانی حكومەت دەبێت لە ژێر هەژموون‌و فەرمانی حیزبدابن‌و بە مەیلی حیزب بچن بەڕێوە، هێشتاش سیستم‌و یاسا لە ژێر باری حیزب‌و بنەماڵەو گروپ‌و خێڵدایەو ئەمان ئاڕاستەكەرو بڕیار دەرن.

 

یەك: دۆخی سیاسی‌و ئابوری‌و ئیداری‌و كۆمەڵایەتی، بە بارێكدا گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە كە فاكتەری یاریدەدەری باشبوونی حكومەت بێت‌و لە گشت ئەو ڕەهەندانەشەوە ئاییندەیەكی باشتر چاوەڕوان ناكرێت.

دوو: تێڕوانینی هەردوو هێزی دەسەڵاتدار بۆ حكومەت‌و حكومەتداری هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووەو هێشتاش لای ئەوان ئەو دونیابینییە بەرقەرارو ئامادەیە كە حكومەت‌و دامودەزگاكانی حكومەت دەبێت لە ژێر هەژموون‌و فەرمانی حیزبدابن‌و بە مەیلی حیزب بچن بەڕێوە، هێشتاش سیستم‌و یاسا لە ژێر باری حیزب‌و بنەماڵەو گروپ‌و خێڵدایەو ئەمان ئاڕاستەكەرو بڕیار دەرن.

سێ: هێشتاش، هێڵی سلێمانی – هەولێرو ئەم دیو دێگەڵەو ئەو دیو دێگەڵە، كاڵنەبووەتەوەو لە واقیعدا دوو حكومەتی، دوو حیزبی دەسەڵاتدار بوونی هەیە، كاتێكیش حكومەتێك لەمبارەدا بێت، چاكسازی‌و گۆڕانكاری تێیدا مەحاڵە.

چوار: قەیرانەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد، دەربارەی نەوت‌و بودجەو مووچە كۆتاییان نەهاتووەو لەگەڵ گەشانەوەیشیدا حكومەتی هەرێم ئاوێزانی قەیرانی ئابووری گەورە دەبێتەوە.

 

،،

ئۆپۆزیسیۆنێكی لاوازو شەقامێكی هەتیو، لەبەرانبەر كابینەی نۆدا بوونیان هەیەو قودرەتی ئەوان لەو ڕادەیە لاوازترە كە فشارەكانیان ئاڕاستەی حكومەت بەرەو باشتر بگۆڕێت.

 

پێنج: پەرلەمانی كوردستان كە قەرارە چاودێر بێت بەسەر حكومەتەوەو لێپێچینەوە لە حكومەت بكات، خۆی لە خراپترین‌و لاوازترین دۆخدایەو بەو بیمارییەیەوە كە دەیبینین هەرگیز ناتوانێت ڕۆڵی چاودێریكردن ببینێت‌و حكومەت ناچار بە چاكسازی بكات‌و لێپێچینەوەی یاسایی بەرانبەر كەمتەرخەمان‌و گەندەڵكاران ئەنجام بدات.

شەش: ئۆپۆزیسیۆنێكی لاوازو شەقامێكی هەتیو، لەبەرانبەر كابینەی نۆدا بوونیان هەیەو قودرەتی ئەوان لەو ڕادەیە لاوازترە كە فشارەكانیان ئاڕاستەی حكومەت بەرەو باشتر بگۆڕێت.

حەوت: لەسەر ئەو بنەمایەی كە سیستمی سیاسی‌و حكومەت بەرهەمی كۆمەڵگەن، هۆشیاری كۆمەڵگەی كوردی لەو ئاستەدا نییە كە باشتری لە حكومەت بووێت‌و حكومەت بێنێتە ژێر باری چاكسازی‌و ڕوونیشە هەموو كۆمەڵگەیەك ئەو حكومەتەی دەستدەكەوێت كە قابیلیەتی.

هەشت: گەندەڵی ئابوری‌و ئیداری بە جۆرێك ڕەگی داكوتاوەو بووەتە كلتور، كە بنبڕكردن‌و سنوور بۆ دانانی تەواو ئەستەمەو هیچ ئاماژەو هۆكارێكیش نییە پێمان بڵێت لە كابینەی نۆدا ئەم واقیعە بەردەوام نابێت.

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی