كودەتای سپی لەناو پارتی ڕویداوە؟

كودەتای سپی لەناو پارتی ڕویداوە؟

2356 خوێندراوەتەوە

رۆژنامەنوسێكی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی لە رۆژنامەی روداو پرسێكی گرنگی وروژاند كاتێك ووتی" لەدەرەوە وادێتە بەرچاو ئەوەی كەڕویداوە كودەتای سپییە نەك جێگۆڕكێ‌".

ڕێبوار كەریم وەلی، رۆژنامەنوسی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی، نیگەرانی خۆی نەشاردۆتەوە لە هەنگوەكانی پێكهێنانی حكومەت و بەزمانێكی نەرم ئاماژەی بەوە داوە ئەوەی لەناو حكومەتەكەی پارتیدا رویداوە كودەتای سپییە نەك ئاڵوگۆڕ.

ئەوەی كە زۆر بەڕونی بە پێكهاتەی حكومەتەكەی مەسرور بارزانیەوە دەبینرێت، دورخستنەوەی كەسە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی و گۆڕینیانە بە كەسانی سەر بە باڵەكەی خۆی.


لەم چوارچێوەیەشدا لە دواساتەكاندا ناوی هەریەكە لە نەوزاد هادی و ئاشتی هەورامی و عەبدولسەلام مەدەنی لە لیستی وەزیرەكانی پشكی پارتی دەهێنران و بە كەسانی نزیك لە مەسرور بارزانی جێگەیان پڕكرایەوە.


هەروەها كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی دورخستەوە و لە جیگەیدا رابەر سەعیدی بەڕێوەبەری نوسینگەكەی، كە بە یەكێك لە متمتنەپێكراوترین پیاوەكانی دەژمێردرێت خستە جێگەكەی.

بەپێی زانیاریەكان مەسرور بارزانی بە نیازە پارێزگاری هەولێریش دوربخاتەوە لە پۆستەكەی و لە جێگەی ئەو فرسەت سۆفی بكاتە پارێزگاری هەولێر.

هەروەها لە ئەنجومەنی وەزیران هەریەكە لە نێچیرڤان ئەحمەد سەرۆكی دیوان و نوری شەنگالی دورخستۆتەوە و لە جێگەیان كەسانی سەر بە باڵەكەی خۆی جێگیر كردووە.

پێشبینی دەكرێت پرۆسەی تەسفییەكردنی باڵەكەی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت بۆ سەر ئاستی بەڕێوەبەرە گشتیەكانیش شۆڕببێتەوە و لە داهاتویەكی نزیكدا چەندین كەس بەر هەڵمەتی لادان بكەون.

تەنانەت گومانی ئەوەش دەكرێت كە ئەگەر مەسرور بارزانی لە لادانی ئەو كەسانەدا گرفتی بۆ بێتە پێش مەلەفی گەندەڵیان لەسەر بجوڵێنێت پەتی گەندەڵی بخاتە گەردنیان.


بەپێی ئەو ئاماژە سەرەتایانە بێت كە لەئێستاوە لە حكومەتەكەی مەسرور بارزانی دەردەكەوێت، پێ ناچێت قۆناغی تازەی حوكمڕانی لە كوردستاندا بەتایبەتی لە هەولێر جێگەی دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانی تیا ببێتەوە و بە هەموو پێوانەیەك قۆناغی داهاتوو قۆناغی قڕانی باڵەكەی نێچیرڤان بارزانی دەبێت لە كایەی حكومڕانیدا.


بەخۆڕایی نییە هەر لە ئێستاوە میدیاكارەكانی سەر بە باڵەكەی هاواریان لێ‌ هەستاوە و باس لەوە دەكەن ئەوەی ڕوودەدات كودەتای سپییە نەك جێگۆڕكێ‌