كێن ئەوانەی دەیانەوێت جەنگ هەڵبگیرسێنن؟

كێن ئەوانەی دەیانەوێت جەنگ هەڵبگیرسێنن؟

730 خوێندراوەتەوە

 ئەمڕۆ ترەمپ ڕایگەیاند لەگەڵ ئێراندا هەنگاوی باشیان بڕیوە لە گفتووگۆ و دانوستان و ئەمەریكا نایەوێت ڕژێمی ئیسلامی ئێران بڕوخێنێت، بەڵام ئایا ترەمپ گوتارەكەی ڕەنگداوەی كردارەكانیەتی لە ئیستادا، یان تەواو پێچەوانەیە؟

،،

له‌گه‌ڵ هاتنه‌ سه‌ر كورسی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، دۆناڵ ترامپ دروشمه‌كانی گۆڕی بۆ كردار و ماوه‌ی زیاتر له‌ سێ ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌گێچه‌ڵی سیاسی و سه‌ربازی و ئابوری به‌ ئێران.

 

 -ترەمپ دەیەوێت جەنگەكە دوابخات.

دۆناڵد ترەمپ هەر لە سەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە شەڕی ڕاگەیاندن و دەروونی دژی ئێران دەستپێكردو لە دوای دەستبەكاربوونیشی هەڕەشەكانی دژی ئێران كرد بەكردار و لە ٢٠١٨/٥/٨ لە ڕێكەوتنامەی ئەتۆمی ئێران كشایەوەو لە ٢٠١٨/١١/٥ سزای ئابوری بەسەر ئێراندا سەپاندو لە ٢٠١٩/٥/٤ گەمارۆی ئابوری بەتەواوەتی خستە سەر ئێران.

 لە وڵامدا ئێران هێرشەكانی بۆسەر سوپای ئەمەریكاو بەرژەوەندییەكانی لە عێراق و گەروی هورمز و دەریای عومان دەستپێكردو بنكەی سەربازی ئەمەریكی لە شارۆچكەی بەلەد و باڵوێزخانەكەی لە بەغداو كەشتیەنەوتیەكانی كەنداوی كردە ئامانج و، لە دواین هێرشیدا لە ٢٠١٩/٦/٢٠ فڕۆكەیەكی ئەمەریكی خستە خوارەوە.

 

 

- كێن ئەوانەی پشتیوانی شەڕ دەكەن؟  

هەرچەندە ترەمپ دژی شەڕی ئێرانە لە ئێستادا، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمەریكاو ئیدارەكەی ترەمپ چەند بەرەكی بەهێز پشتیوانی شەڕ دەكەن لەوانە:

  ١- لە ناو ئیدارەكەی ترەمپدا هەڵۆكانی كۆشكی سپی كە جۆن بۆڵتنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە، پشتیوانی شەڕن، بۆڵتن كە ئەندازیاری شەڕی عێراقە پێشنیاری كردوە ١٢٠ هەزار سەرباز ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێت و بە ٥٠٠ موشەك توانای سەربازی ئێران لەناو ببرێت.

 

مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە

 

  بەڵام پلانی مایك پۆمپیۆ جیاوازترەو پیشنیاری كردوە سزاكان توند بكرێن و هاوپەیمانی سەربازی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكبهێنرێت، بەوەش ئێران كاردانەوەی دەبێت و ئەوكات ئەگەر هێرشی سەربازیش بكرێتە سەر ئێران، لە ڕووی سەربازی و دارایی و بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتیشەوە ئەمەریكا بەرپرسیارێتی و ئەركی ناكەوێتە ئەستۆ.

 ٢- لەسەر ئاستی ناوخۆیش هەر سێ سەرمایەداری ئەمەریكی ئەدیسۆن شیلدۆن و پۆڵ سنجر پشتیوان و هاندەری سەرەكی ڕووخانی ئیرانن، ئەم سێ سەرمایەدارە كاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ترەمپ و پارتی كۆماری هەیە، ئەوان پشتیوانی شەڕن و ٢٥٩ ملیۆن دۆلاریان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ تەرخانكردووە.

 

جۆن بۆڵتنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی

 

 ٣- لەسەر ئاستی ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەو دروستكردنی بڕیاریش هەریەكە لە ناوەندەكانی( FDD- JINSA- ناوەندی لێكۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی دور- لۆبی یەهودی) ڕایگشتی ئەمەریكا بەئاراستەی شەڕ و ڕووخانی ئێران دەكەن.

-لەسەر ئاستی ئێران كێن ئەوانەی پشتیوانی شەردەكەن؟:

١- لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران باڵی توندڕەوی دەسەڵات، كە خۆی لە عەلی خامنەئی و حسەین سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران و عەلی ئەكبەر ویلایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی دیاری كردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران و قاسمی سولەیمانی پشتیوانی وەڵامدانەوەی ئەمەریكان و پێیان وایە ئامانجی سزاكان لاواز كردن و دواتر ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.

 

 

،،

له‌ئێران گروپێكی دیكه‌ی میانڕه‌و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕه‌وته‌دا هه‌یه‌ ، كه‌پێیان وایه‌ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆوه‌ ده‌بێت و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕ ڕوبده‌ ئێران ده‌كه‌وێته‌ شه‌ڕێكی نابه‌رامبه‌ره‌وه‌.

 

 

 ٢- گروپی دووەمی پشتیوانانی شەڕ سوپای پاسەوانانی شۆڕش( الحرس الثوريه)چونكە ئەم هێزە دەستی بەسەر لە سەدا ٤٣% ئابوری ئێراندا گرتوەو سزاكان ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئەم هێزە هەبووەو سەرچاوە داراییەكانی وشكکكردوە.

 بەڵام بەرەی میانڕەوی ئێران كە بریتین لە عەلی لاریجانی و حەسەن ڕۆحانی و محەمەد جواد زەریف و هۆشەنگ زەنگەنەی وەزیری نەوت، پشتیوانی دانوستان و گفتووگۆن و پێیانوایە هەر هەڵەیەك دەبێتە هۆی كیشەیەكی گەورە و ئێران دەخاتە شەڕێكی نابەرامبەرە، بۆیە لای ئەوان، نەرمی نواندن و دانبەخۆدا گرتن باشترین ڕیگای خۆپارێزییە لە مەترسییەكان.

 

 هەتا ئێستا بەرەی دژە شەڕ لە هەردوو لایەنی ئەمەریكی و ئێرانی سەركەوتوو بوون لە ڕێگری لە جەنگ، بەڵام ڕوونەدانی جەنگ لە ماوەیەكی درێژدا گرەنتی كراو نییە، چونكە هێشتنەوەی ئاڵۆزی و ململانێكان بەم شیوەیەی ئێستا ڕەنگە لە هەر كاتێكدا ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگیكی نەخوازراو و نەویستراو.

 

author photo

لێكۆڵەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی