مەرجەعیەتی بارزانی

مەرجەعیەتی بارزانی

759 خوێندراوەتەوە

ئاراس مەسیفی

ئەو دەنگانەی داوا دەکەن مەسعود بارزانی بکرێتە مەرجەع تا دێت زۆرتر و بەرزتر دەبن. یەکێک لەو خەسڵەتانەی پارتی لە حیزبەکانی تر جیا دەکاتەوە، جدییبون و شەرم نەکردنیەتی لەو شتانەی داوای دەکات.

،،

ڕوون دیاره‌ كه‌ بارزانی باوك ده‌سه‌ڵاتی له‌سه‌رووی هه‌ر چوار ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌یه‌، به‌ڵام هه‌وڵ هه‌یه‌ به‌ناوی مه‌رجه‌عه‌وه‌ ناوه‌ندو مه‌یدانێكی دیكه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێم بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ئاشكرا ده‌سه‌ڵات و ناوی مه‌سعود بارزانی دیار بێت.

 

 

 لەبەر ئەوە پێموانییە ئەم داوایانەی چەند کەسێکی دەرەوە و ناوەوەی پارتی بە رێکەوت بێت، بەڵکو ئامانجێکی بەرنامە بۆ دارێژراوە. داواکاری بە مەرجەع کردنی بارزانی لە کاتێکدایە کە هەردو پۆستی لوتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە دەست ئەندامانی بنەماڵەکەیەتی و لوتکەی دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریش بە هەمان شێوە بەدەست حزبەکەیەتی.

 

 مەسعود بارزانی بە شێوەیەکی فیعڵی مەرجەعی سیاسی هەر چوار دەسەڵاتە باڵاکەی هەرێمی کوردستانە. ئەوەی بۆ بارزانی داوا دەکرێت، دەسەڵاتی زیاتر نیە، بەڵکو بەدەزگایی کردن و رەوایەتی پێدان و بە فەرمیی ناساندنی ئەم دەسەڵاتەیەکە بارزانی بە کردار هەیەتی و پەیڕەوی دەکات.

 

 مەرجەع وەکو ناوەکە پێمان دەڵێت وشەیەکی عەرەبیە و لە روی زمانەوانیەوە چەند واتایەکی هەیە وەکو: سەرچاوە، گەڕانەوە، شوێنی گەڕانەوە، رەسەن، هتد. (المَرجِعُ: رجوع ، عودة، محلُّ الرجوع) نەبونی وشەیەکی وا بە کوردی مانای ئەوەیە کە مەرجەع لە کولتور و نەریتی کوردیدا بونی نەبوە، ئەگەرنا ناوێکی کوردیشی دەبو. کەواتە پارتیەکان ئەم بیرۆکەیان لە کوێ هێناوە و تێگەیشتنیان بۆ مەرجەع چییە؟

 

 

 

 

  دیارترین نمونەی مەرجەع لە جیهانی عەرەبیدا نمونەی ئایتوللە علی السیستانیە، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە نەجەف. هەندێ کەسیش پێیان وایە کە زانکۆی ئەزهەریش بە هۆی پلە و پایە ئاینیی و زانستیەکەیەوە لە ناوەرۆکدا دەچێتە چوارچێوەی مەرجەعیەت (المرجعية)، بە تایبەتی بۆ موسلمانانی سونە.

 

 بونی مەرجەع بەبێ هەبونی دەزگای مەرجەعیەت (المرجعية) ناتەواوە. لای شیعەکان واباوە کە المرجعية المَرجِعُ دیاری دەکات. ‌هەروەها مەرجەعیەت پێوەر و میکانیزمی تایبەت بە شارەزایی و لیهاتویی بۆ دەستینشانکردن و پەسەندکردنی مەرجەع دادەرێژێت وهەرەوها ئەرک و دەسەڵاتەکانیشی دیاری دەکات. پارتی بۆ ئەم مەبەستە دەزگای بارەگای بارزانی داهێناوە.

 

 بەڵام بە پێچەوانەی مەرجەعیەتی شیعە کە لەروی رەوایەتی و شارەزایی زانستی و ئاینی هیچ گرفتێکیان نیە، بارەگای بارزانی کێشەی شەرعیەت و پسپۆری هەیە. واتە بارەگای بارزانی داهێنراوێکی تازەیە و زۆربەی خەلکی هەر گوێشیان لێی نەبوە.

 

 

 

 

 نە لە روی نەریت نە لەروی یاساییەوە هیچ شەرعیەتێکی جەماوەریی نیە. جگە لەوەش دەزگای بارزانی هیچ پسپۆری و شارەزایەکی لەسەر بوارێکی تایبەت وەکو ئاین، یاسا هتد نیە، بەڵکو دەزگایەکی سیاسی گشتییە.

 

 لێرەدا هیچ لێکچوییەک لە روی شێواز و ناوەرۆکدا لە نێوان ئەم دو نمونەیەدا بەدی ناکرێت، تەنها ناوەکە نەبێت. کەواتە لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت کە بۆچی ناوێکی عەرەبی بۆ پۆستێکی کوردی هەڵدەبژێردرێت کە خۆی لە جیهانی عەرەبی چەند نمونەیەکی کەمی هەیە و هیچیان ئەو مانایە نادەن، کە پارتی و بارزانی ئامانج و مەرام و مەبەستیانە؟

 

 بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بگەرێنەوە بۆ واتاکانی وشەی مەرجەع لە زمانی عەرەبیدا. وشەی مەرجەع لە زمانی عەرەبی وەکو لەسەرەوە باسکراوە لە یەککاتدا بە مانای سەرچاوە، گەڕانەوە یاخود شوێنی گەڕانەوە دێت

 .

 

 

 

 لە کوردیدا هیچ زاراوەیەک نیە کە لەیەککاتدا هەرسێ واتاکە کۆبکاتەوە. کەواتە مەرجەعی گشتی بەو واتایە دێت کە مەسعود بارزانی بکرێتە سەرچاوەی هەمو دەسەڵات و بڕیارە گرنگەکان.

 

 وەهەروەها هەمو پرسە گشتیەکانیش دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ لای ئەو. لە سیستەمەکانی دنیای ئێستادا جگە لە پاشا و سەرۆک و رابەری سیستەمە رەهاکان، هیچ کەسێک ئەو پلە و پایەی نیە.

 

  ئەوی بارزانی داوای دەکات لە ناوەرۆکدا پاشایی بونە نەک تەنها مەرجەع بون بۆ پرسێک یاخۆد بوارێکی تایبەتی دیاریکراو وەکو لای شیعەکان باوە. هۆی ئەوەی کە پارتی لە بڕی زاراوەکانی پاشا، رابەر یان سەرۆک زاراوی مەرجەع بەکاردەهێنێت لەلایەک بەربەستی دەستوری عێراقیە کە سیستەمەکەی کۆماریە و رێگا بە بونی ئەم دەزگایانە نادات.

 

،،

پارتی و بارزانی له‌ماوه‌ی ڕابردودا نه‌یانشاردۆته‌وه‌، ویستیان هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها و بوون به‌مه‌رجه‌ع  له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ڵام مه‌سعود بارزانی هیچ كام له‌و دوخاڵه‌ی تێدانییه‌ كه‌پێویسته‌ بیكات به‌مه‌رجه‌عی سنورێكی جوگرافی دیاری كراو.

 

 

 لەلایەکی ترەوە نەخوازراوی زاراوەکانی پاشای یان رابەرە لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و وەک ئاشکراشە کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانیە.

 

 بونی مەرجەعیەتی شیعەکان لە دەرەوە و لە سەرو دەستور و یاسی عێراقیدا وا دەکات پارتی سود لە زاراوەی مەرجەع بە ناوەرۆکێکی سەرۆکایەتی یان پاشایەتەی رەها بۆ مەسعود بارزانی ببینێت، بێ ئەوەی هیچ گرفت و کێشەیەکی یاسایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دروستبکات.

 

 دەکرێت ئەمەش لە روانگەی لاینەگر و هەوادارانی پارتی رەوایەتی خۆی هەبێت، بەڵام ئایا مەسعود بارزانی مەرج و خەسڵەتەکانی مەرجەع بون بە ناوەرۆکی پاشایەتی یان سەرۆکایەتی رەهای تێدایە؟ لێرەدا پێویست ناکات زۆر دور بڕوێن یاخود بگەرێینەوە بۆ مێژوی وڵاتان.

 

 

 

 

  ئەگەر سەیرێکی دراوسێکانمان بکەین کە بەهۆی هاوبەشی ئاینیی و میێژویی کولتور و سروشتی کۆمەلگەکانیان لە ئێمە نزیکترە، ئەوە دو نمونەی مەرجەعی گشتیی هەن، کە ئەوانیش عەلی خامەنائی لە ئێران و شا سەلمانی سعودیەن.

 

 لێکچویی رابەر خامەنائی و پاشا سەلمان لەوەدایە کە هەردوکیان لە سیستەمی وڵاتەکانیان لە سەرو هەمو دەزگا و دەسەڵاتەکانن، سەرچاوەی دەسەڵات و بریاری کۆتایی هەمو پرسەکانیش هەر لای ئەوانە.

 

  پارتی و بارزانی نەیانشاردۆتەوە کە ویست و خەونی دەسەلاتداری رەهایان بۆ بارزانی هەیە، جا ئەمە لە ژێر ناوی مەرجەع، پاشا، رابەر یان سەرۆک بێت، هیچ جیاوازیەکی نیە.

 

 

 

 

 کاتێک بارزانی و هەوادارانی بە ئاشکرا کار بۆ ئەمە دەکەن، ئەوە بێگومان لەو بێسەروبەریە سیاسیە دەرکیان بە دەرفەتێک کردوە بۆ کردنی بارزانی بە مەرجەعی گشتی کوردستان. لێرەدا دەبێت بەدوای وڵامی ئەم پرسیارە بگەرێین کە ئایە مەسعود بارزانی مەرجەکانی بە مەرجەع بونی تێدایە؟

 

دو مەرجی سەرەکی بە مەرجع بونی رەها، دەسەڵات و رەوایی (شەرعیەتی) رەهان کە ئەوانیش زۆرجار تەواوکەر یان دروستکەری یەکترن. بۆ نمونە ئەندامبونی شا سەڵمان لە خێزانی پاشا، رەوایەتی ئەوەی پێدەدات دەسەڵاتی رەهای هەمو ولات بگریتە دەست، دوای کۆچی دوایی پاشا.

 

 

 بەڵام یەکێکی وەکو خامەنائی وەکو بەشداربویەک و جێگرەوەی ئایتوللە خومەینی رەوایەتی لە سەرکەوتنی شۆرشی ئێران وەرگرتوە. سەرکەوتن لێرە بە مانای چەسپاندنی رەهای دەسەڵات دێت.

،،

ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر باروودۆخێكدا بارزانی وه‌ك مه‌رجه‌ع بناسێنرێ، یاخود خۆی بناسێنێت ده‌سه‌ڵاتی وه‌ك جاران زۆنی زه‌رد تێناپه‌ڕێنێت و ناتوانێت ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت به‌سه‌ر زۆنی سه‌وزدا بیسه‌پێنێت.

 

 

 بارزانی لێرەدە هیچیانی بە رەهایی نیە، نە مەلا مەستەفا پاشا بوە، نە شۆرشەکەی بارزانی بەو شێوەیە سەرکەوتو بوە کە بتوانێت دەسەڵاتی رەهای بەسەر هەمو هەرێمی کوردستان بسەپێنێت و رەوایی لێوەرگرێت.

 

 کەواتە بونی بارزانی بە مەرجەع بەستراوەتەوە بەوەی کە بارزانی و پارتی تا چەند دەتوانن کێشەی نەبونی دەسەڵاتی رەها و رەوایەتی رەها چارەسەربکەن. راستیەکی ئاشکرایە کە دەسەڵات و شەرعیەتی بارزانی لە ژێر هەرناوێک بێت.

  سنورەکانی زۆنی زەردی پارتی تێپەرناکات. لە ئێستادا بارزانی ناتوانێت بە زەبری هێز دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی پارتی بسەپێنێت.

 

 

 

 ئەوەش پارتی مەحکوم دەکات بە سازش و سازانی سیاسی، بۆ ئەوەی رەوایەتی بۆ پۆستە تازەکەی بارزانی دەستەبەر بکەن. ئایا بارزانی و پارتی ئامادەیی سازان و سازشییان تێدایە؟

 

 ئاوردانەوەیەک بۆ دواوە پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت. بارزانی لە کاتی بونی بە سەرۆکی هەرێم و لە دوای کۆچی دوایی مام جەلال دەرفەتێکی زێرینی بۆ رەخسا کە بە کردار ببێتە مەرجەعی سیاسی هێز و لاینە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان.

 

 بە لایەنی کەم لە دو خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا بارزانی هیچ کێشەیەکی رەوایەتی (شەرعیەتی) نەبو. لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەکو کەسی یەکەمی هەرێمی کوردستان دانپێنراو بو.

 

 

 

 

 بەڵام ئەزمونی سەرۆکایەتی بارزانی ئەوەمان پێ دەلێت، کە بارزانی بەهەر هۆیەک بێت نەک نەیتوانی ببێتە سەرۆکی هەمو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەلکو پۆستەکەی بوە هۆی گەورترین دابڕان و لێکترازانی ناو ماڵی کورد.

 

 دوای تەواو بونی ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی، پارتی و بارزانی بۆ درێژکردنەوەی رەوایەتی بارزانی هیچ ئامادەییەکیان بۆ سازان و شازشی سیاسی لەگەڵ رکابەرەکانیان پیشان نەدا، بەلکو پەرلەمانیان داخست و رکابەرەکانیان لە زۆنی زەرد وەدەرنا.

 

 دەتوانین بپرسین لەو کاتەوە چی وا گۆڕاوە کە وا لە بارزانی بکات بەو گوڕ و تین و بروابەخۆبونەوە گرەوی سەرکەوتنی پرۆژەکەی لەسەر بکات؟ بەدەست هێنانی زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان و خۆبەدەستەوەدانی بزوتنەوەی گۆران بێگومان گۆرانکارێکی گەورەیە لە هاوسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستاندا بە قازانجی پارتی.

 

 

 

 

 لە ئێستادا پارتی ئەگەر یەکێتیشی پێ رازینەکرێت، ئەوا دەتوانێت بە هاوکاری گۆڕان و هێزە هاوپەیمانەکانی تر لە رێگەی پەرلەمانی کورستان رەوایەتی بۆ بارەگای بارزانی و بە مەرجەع کردنی مەسعود بارزانی دەستەبەر بکات، بەڵام بەبێ ئەوەی بتوانێت دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی پارتی پەیڕەو بکات، چونکە دەسەڵاتی راستەقینەی زۆربەی ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی پارتی لای یەکێتیە.

 

 لە ناو یەکێتیش هێزەکانی دژە بارزانی دەسەڵات و هەژمونیان رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبوندایە. لە روی جەماوەریشەوە هێنانی 45 کورسی مانای رازیبونی 45٪ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان نیە بە بارزانی و پارتی، بەڵکو تەنها 45٪ ی 60٪ بەشداربوانی دەنگدانە، ئەگەر باسی تەزویریش نەکەین.

 

 ئەگەر رەچاوی رێژەی بەشدارنەبوان بکەین کە دەکاتە نزیکەی 40٪ ی کۆی دەنگدەران، ئەوا 45 کورسیەکەی پارتی تەنها گوزارەشت لە رەزامەندی 27٪ ی کۆی هاولاتیانی هەرێم کوردستان دەکات ک مافی دەنگدانیان هەبوە.

 

 

 

 

 بەم پێیە 73٪ هاوڵاتیانی هەرێم دەنگیان بە پارتی نەداوە. لە کۆتاییدا سەرکەوتنی تەواوەتی پرۆژەکەی پارتی بەندە بەوەی بارزانی تا چەند ئامادەیە لە سەر حیسابی بەرژەوندیەکانی ئەندامانی بنەماڵەکەی و پارتی رێکەوتن لەگەڵ هێزەکانی رکابەری پارتی ناوەوە و دەرەوەی یەکێتی بکات و دەسەڵاتیان لەگەڵ دابەش بکات؟

 

 ئەگەر بارزانی وەکو رابردو زۆر بۆ پارتی داوا بکات، کەم بداتە ئەوانی تر، چۆن دەتوانێت ببێتە نوێنەری بەرژەوەندی لایەنگر و ئەندامانی حیزبەکانی دەرەوەی پارتی؟

 

 ئایا بارزانی توانا و ئامادەی ئەوەی تێدایە، خۆی لە تۆڕی بەرژەوەندی ئەندامانی خێزانەکەی و پارتی رزگار بکات و ببێتە نوێنەری بەرژوەندیەکانی زۆرینەی هاوڵاتیان و هێزەکانی هەرێمی کوردستان؟

 

 مشتومر و ناوکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی سەبارەت بە زۆربەی بابەتەکان تا ئێستا پێچەوانەکەیمان پێ دەڵێن. بەمەش نەک تەنها پرسی مەرجەع بونی بارزانی، بەڵکو تەواوی پرۆسەی سیاسی کەوتۆتە دوریانێک کە تیایدا ئاسان نیە پێشبینیەکی دروست بۆ ئەگەرەکان بکرێت.