متمانه‌ى هه‌رێم، دواى رووداوه‌كه‌ى هۆقه‌ باز

كه‌سایه‌تى مه‌عنه‌وى هه‌رێم چى لێ دێت؟

متمانه‌ى هه‌رێم، دواى رووداوه‌كه‌ى هۆقه‌ باز

584 خوێندراوەتەوە

 

شه‌ڕى ساردى نێوان په‌كه‌كه‌ و پارتى كه‌ ناراسته‌وخۆ هێرشیان بۆ سه‌ر یه‌كدى ده‌ست پێكرد، ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگه‌ى‌ فه‌رامۆش كرد كه‌ چى بكرێت، دواى رووداوه‌كه‌، هه‌رێم متمانه‌ له‌ده‌ست نه‌دات له لاى وڵاتانى ده‌رو دراوسێ و جیهان.

 

له‌ رۆژى رووداوه‌كه‌ تاكو ئه‌مرۆ، هیچ قسه‌یه‌ك له‌باره‌ى متمانه‌ى هه‌رێمى كوردستان نه‌كراوه‌ وه‌ك هه‌رێمێكى ده‌ستوورى و كاره‌كته‌رێكى به‌هێز له‌ ناوچه‌كه‌دا، كه‌ دواى كاره‌ساته‌كه‌ چى لێ دێت و له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ چۆن سه‌یر ده‌كرێت.!

 

،،

ئه‌گه‌ر كاربه‌ده‌ستانى هه‌رێم، هێنده‌ ئه‌منییه‌ت و كه‌سایه‌تى هه‌رێمیان له‌لا گرنگه‌، ده‌بێت به‌جدى بیر له‌ پاراستنیشى بكه‌نه‌وه‌ و به‌ره‌و لێوارێكى مه‌ترسیدارى نه‌به‌ن.!

 

هه‌میشه‌ كاربه‌ده‌ستانى هه‌رێم باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كوردستان جێگه‌ى متمانه‌ى وڵاتانى جیهانه‌ و ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندیان هه‌بێت و نوێنه‌رى خۆیان له‌ هه‌رێم دابنێن، بۆیه‌ ده‌بێت له‌برى جه‌نگى ساردو یه‌كتر تۆمه‌تباركردن بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ چۆن دواى رووداوه‌كه‌ش هه‌رێم متمانه‌ى خۆى له‌ده‌ست نه‌دات و نوێنه‌رى وڵاتان سڵى لێ نه‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌رگاكانیان به‌رووماندا دانه‌خه‌ن.

 

بارزانى له‌ په‌یامه‌كه‌یدا به‌ ناراسته‌وخۆ هێرشى كرده‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌ و گوتى: هیودارین كه‌س كێشه‌ى خۆى نه‌هێنێته‌ ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان، میدیا سێبه‌ره‌كانى په‌كه‌كه‌ش پارتى به‌هۆكارى سه‌ره‌كى رووداوه‌كه‌ ده‌زانن، ده‌نگێكى دیكه‌ش هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت: میتى توركى ئه‌م كاره‌ى كردبێت.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ میدیا كوردییه‌كانیش به‌ تایبه‌ت له‌ پارێزگاى سلێمانى به‌ر ئه‌م لێشاوه‌ كه‌وتن و په‌نجه‌یان بۆ مه‌تین دلۆڤان بارزانى راكێشا، گوایا ناوبراو ته‌قه‌كه‌رى سه‌ره‌كى بووه‌، دژه‌تیرۆرى كوردستانیش مه‌زڵوم داغ به‌ ته‌قه‌كه‌ر ده‌ناسێنێت.

 

 

،،

 ده‌بێت هه‌رێم له‌نێو ئه‌م شه‌ڕه‌ ئیستیخباراتییه‌دا ده‌ربهێنرێت.

 

ئه‌ى هه‌رێمى كوردستان؟

پێش ئه‌وه‌ى كێشه‌ ئه‌وه‌ بێت، كێ ته‌قه‌ى كردووه‌ و چ لایه‌نێك له‌ پشت رووداوه‌كه‌یه‌، كێشه‌ى له‌پێشتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌سایه‌تى مه‌عنه‌وى هه‌رێمى كوردستان چ لێ به‌سه‌ر دێت.

 

چونكه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ باش ده‌زانین كه‌ له‌رووى دبلۆماسییه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، نوێنه‌رى وڵاتان (كونسڵ) له‌ وڵاتى به‌رامبه‌ر میوان نین‌، به‌ڵكو حه‌صانه‌و پارێز به‌ندیان هێنده‌ زۆره‌ ئه‌و بینایه‌ى كه‌وا كونسوڵخانه‌كه‌ى لێ دروستكراوه‌ وه‌ك وڵاتى خۆیان وایه‌ و ده‌بێت بپارێزرێت.

بۆیه‌ هه‌رچه‌نده‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت كارمه‌نده‌كه‌ى كونسوڵخانه‌ى توركیا له‌ ده‌زگای سیخورى ئه‌و وڵاته‌ كارى كردووه‌، به‌ڵام دواجار به‌ نوێنه‌رایه‌تى وڵاتێك كه‌ توركیایه‌ له‌ هه‌رێم بووه‌ و كوشتنه‌كه‌شى وه‌ك جێگرى كونسڵ له‌ میدیاكان بڵاو بوویه‌وه‌. ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ پرسیار له‌لای وڵاتانى دورو نزیك درووست ده‌كات كه‌ ئایا به‌جدى نوێنه‌ره‌كانى ئه‌وانیش رۆژێكى دیكه‌ نابنه‌ قوربانى.!؟

 

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌ عه‌سابێكى ساردو دوور له‌ شه‌ڕى حزبى و ئایدۆلۆژى سه‌یرى دواى رووداوه‌كه‌ بكه‌ین، ده‌بێت پرسیار له‌ شه‌خسیات و كه‌سایه‌تى هه‌رێم بكه‌ین كه‌ چى لێ دێت و كاربه‌ده‌ستانیش ئاگادارى ئه‌مه‌ بن، نه‌ك شه‌ڕى كۆنه‌ قینى خۆیان به‌ به‌رامبه‌ر بفرۆشن و ته‌وزیفى بكه‌ن بۆ ته‌سفییه‌ كردنى یه‌كدى و ئه‌وه‌ى بیرى لێ نه‌كه‌نه‌وه‌ پاراستنى كه‌سایه‌تى  و متمانه‌ى هه‌رێم بێت له‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان