هوقەباز ئاڵۆزییەکی توندی خستووەتە نێوان مەسرور بارزانیی و نێچرڤان بارزانی

هوقەباز ئاڵۆزییەکی توندی خستووەتە نێوان مەسرور بارزانیی و نێچرڤان بارزانی

1034 خوێندراوەتەوە

سەرچاوە: ماڵپەرى رۆژ نیوز

 

ڕووداوەکەی هوقەباز، کە ئەندامێکی میتی تورک و دوو کەسی دیکەی تێدا کوژرا، ناکۆکییەکی توندی خستووەتە نێوان مەسرور بارزانیی و نێچیرڤان بارزانی، ئەویش بەنووسینی وتارێکی ڕێبوار کەریم کە بەنووسەری نزیک لە نێچیرڤان بارزانی دادەنرێت و لە میدیای ئەویشەوە بڵاوی کردووەتەوە، هەروەها دژە تیرۆر کە دەسەڵاتداریی یەکەم تێیدا مەسرور بارزانییە، بەتوندی وەڵامی داوەتەوە و هێرشی کردووەتەسەر نێچیرڤان بارزانی و حکومەتەکانی لە ڕابردوودا.

 

،،

له‌به‌یانامه‌كه‌ی دژه‌تیرۆری كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ نێچیرڤان بارزانی له‌ ڕوداوه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ی 17 ئه‌م مانگه‌ تێوه‌گلابێت.

 

 

"دژە تیرۆری کوردستان"، لە بەیاننامەیەکدا بە فەرمی هێرشی توندی کردووەتە سەر باڵی نێچیرڤان بارزانی، ئەگەرچی ناوی نەهێناوە، بەڵام ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە تێوەگلانی نێچیرڤان بارزانی، یان کەسانی نزیک لەو، لە ڕووداوەکەی ١٧ی ئەم مانگەی هەولێردا دەکات.

 

لە وتارەکەی ڕێبوار کەریم وەلی-دا هاتووە:"تاوەكو نووسینی ئەم وتارە، چوار رۆژ بەسەر رووداوەكەی هەولێردا تێدەپەڕێت، هێشتا لەو بیست كامێرای چاودێرییەی كە لە دەرەوە و ناوەوەی رێستورانتی (هۆقەباز)دا هەبوون، یەك چركەش بڵاونەكراوەتەوە و دەڵێن دوای رووداوەكەش رێستورانتەكە جممەی دێت لە مشتەری!

 

 

 

 رووداوەكە هەر چۆنێك بووبێت، ئیتر لێرە بەدواوە دوای ئەو هەموو قسەوباسەی بڵاوكرانەوە، راستیی مەسەلەكە بەشێوەیەكی زۆر جیدی زیانی پێگەیشتووە، بێدەنگی دەزگا ئەمنییەكان و سستییان لە گەیاندنی زانیاری، رۆژ بە رۆژ ئەو گومانەی قووڵتر كردەوە كە شتێك روویداوە و دەبێ دابپۆشرێت".

 

ڕێبوار لە وتارەکەیدا سەرنج رادەکێشێتەسەر پارتی و تورکیا، کە دەیانەوێت کوشتنی ئەندامەکەی میت بخەنە ئەستۆی پەکەکە و دەنووسێت "راستییەكەی هەم حكومەتی توركیا و هەم پارتیش پێیانباشە كە رووداوەكە وەك كردەوەیەكی تیرۆریستی وێنا بكرێت.

 

 

 

  لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە، توركیا بەو هەموو میدیایەی هەیەتی بەقەدەر میدیای كوردستان سەرقاڵی رووماڵی ئەو رووداوە نەبوون و، بە ئامانجگرتنی پەكەكە و هەدەپە لەو رووداوەدا، باشترین ئادرێس بوون كە هەردوولا بەدوایدا دەگەڕان".

 

لە بەردەوامییدا نووسیویەتی "توركەكان دە لە سەدی ئەوەندەی بەدوای كوشتنی جەمال خاشقچییەوە بوون، بەدوای بكەرانی ئەو رووداوەدا نەگەڕان و بێدەنگییان لێكرد، بۆ ئەوان باشترین بژاردە ئەوەبوو كە رووداوەكە ببەسترێتەوە بە پەكەكەوە.

 

 

  لەكاتێكدا لە سی ساڵی رابردوودا، پەكەكە كاری لەو شێوەیەی لەناو كوردستاندا نەكردووە، ئەوە لە قازانجی توركیایە، چونكە هێشتا حیزبی حاكمی توركیا لە شۆكی شكستەكەی ئیستانبوڵ دەرنەهاتووە و، لەڕووی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە لە خراپترین بارودۆخدایە، ئۆباڵی بەشی هەرە زۆری ئەوەش لە ئەستۆی دەنگدەرانی كوردە كە ئەمجارەیان رقی خۆیان بە ئەردۆغان رشت".

لە درێژەی نووسینەکەدا هاتووە "هەم میدیا و هەم پارتی، لە تەمومژی سەر رووداوەكە بەرپرسیارن، بەشی زۆری میدیا هەوڵیدا رووداوەكە وەكو كەماسییەك و خاڵی لاوازیی سەرۆكوەزیران و حكومەتە نوێیەكەی وێنا بكات، یانیش وەك ململانێیەكی ناوخۆیی پێشانی بدات، كە ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نییە، بەڵام كاردانەوەی پارتیش بۆ دۆزینەوەی گیسكی گوناح زۆر ناشیانە بوو".

 

،،

له‌ نوسینه‌كه‌ی ڕێبوار كه‌ریمدا، به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ڕه‌خنه‌ له‌سیاسه‌تی ئه‌منی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێت، كه‌نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌منیه‌تی ئه‌وناوچه‌یه‌ بپارێزن و ده‌گونجێت له‌ئاینده‌دا پارت و هاوڵاتیانی باشوور و باكوریش باجی ئه‌و ڕوداوه‌ بده‌ن.

 

 

نووسەرەکەی باڵی نێچیرڤان بارزانی، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ کەسایەتییەک بهێنێت، ئاماژە بە کاردانەوەکانی دوای ڕووداوەکە دەکات و دەنووسێت "خەڵكێكی زۆر لەدوای ئەو رووداوەوە دەبنە قوربانی، دوور نییە هەدەپەش لە توركیا دابخرێت و رێگەی كاری سیاسی لێبگیرێت، دوور نییە هێرشێكی بەرفراوانی زەوینیش بۆ سەر پەكەكە بكرێت، دوایی دەردەكەوێت كە هەمووان باجی نەگوتنی راستییەكان دەدەن".

 

لە بەرامبەر ئەم وتارەدا، دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان، کە مەسرور بارزانیی دەسەڵاتداریی یەکەمە تێیدا، لە نووسراوێکی توندا بەناونیشانی "وەڵامێک بۆ ڕێبوار کەریم وەلی و ئاغاکانی"، وەڵامی ڕێبوار کەریم-یان داوەتەوە و لەو ڕێگەوە بەبێ ناوهێنان وەڵامێکی توندی نێچیرڤان بارزانیی و حکومەتەکانی ڕابردووی دەدەنەوە.

 

 

 

 

لە وەڵامەکەی دژە تیرۆردا هاتووە "ماوەیەکە ڕیبوار کەریم وەلی بە فیتی ئاغاکانی، خۆی لە خەڵک کردووە بە موحەللی ئاخر زەمان، ئەم زاتە کە هەموومان دەیناسین و ئاکار و رەفتاری بۆ هەمووکەس لە سۆشیال میدیا ئاشکرا ببوو، هەستاوە بەڕووقایمی دەستی داوەتە چەواشەکاری و لە مینبەری ڕووداو، ئەو باس و خواسانە دەخاتەڕوو کە دڵی ئاغاکانی خۆش بکات".

 

هەروەها هاتووە "رێبوار، چەند مانگ پێش، هێشتا کابینەی نوێش پێک نەهاتبوو، لە وتارێکدا نووسیی کە حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی لاواز دەبێت، چونکە خۆی و ئاغاکانی لە هاتنە کایەی حکومەتێکی بەهێز دەترسن، هەفتەی ڕابردووش نووسیبووی ئەنجوومەنی ئاسایش گواستراوەتە ناو حکومەت.

  لە کاتێکدا کە لە هەموو کابینە تەنیا وەزیری ناوخۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە گواستراوەتەوە ناو حکومەت، بێگومان ئەم ئاماژەشیان هەر نیشانەی ترسیانە، چونکە جددیەتی ئەنجوومەنی ئاسایش چووەتە ناو حکومەت، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ سنوورێک بۆ ئەو هەموو دزی و گەندەڵییە دابنێن کە هەموو خەلکی کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنن.

 

 

 

  بۆ ئەوە چوونە ناو حکومەت چوونکە پانزدە ساڵە ملیاردەها دۆلار بە فیڕۆ درا و هێشتا خەلک نە کارەبای هەیە نە ئاوی هەیە، نە سیستەمی تەندروستی تەواوە، نە پەروەردە تەواوە...هتد. بۆ ئەوە چوونەتە ناو حکومەت بۆ ئەوەی گەر هیچ نەکرێت، هەر رێگە لە دزی و گەندەڵیی زیاتر بگیرێت".

بەوپێیەی لە رابردووشدا ئەمنییەت بەدەست مەسرور بارزانییەوە بووە، دژە تیرۆر نووسیویەتی "ئەوەی لە کوردستاندا شانازیی پێوە کراوە تەنیا رەوشی ئەمنی بووە، گەرنا چی بەسەر چییەوە بووە؟

 

 

 

 جا بۆیە ئێستا دوای ئەو ڕووداوە تیرۆریستییەی ناو ریستورانتی هۆقەباز لە هەولێر، رێبوار و ئاغاکانی دلخۆش بوون، رێبوار لە دوا نووسینیدا هێرشی کردۆتە سەر دەزگا ئەمنییەکان و دەلێ گوایە شتێک پەردەپۆش دەکەن و ئەوجا خەمی قوربانیبوونی ئاغاکانیەتی لە ئەنجامی ئەم ڕووداوە.

لە کۆتایی وەلامەکەدا هاتووە "رێبوار خەمی ئەوەیەتی کە دەزگاکانی ئەمنی توانیویانە زوو کلکی ئاغاکانی لەم ڕووداوەدا ئاشکرا بکەن، هاوکارەکانی لە کەنالە مینبەرەکەی ڕیبوار هەرزوو وتیان هەموو سیناریۆکە دەزانن و ڤیدیۆکانیان بینیوە، ئەی بۆچی تازە هاتووە دەپرسێت ڤیدیۆکان ئاشکرا نەکراون تا شتێک پەردەپۆش بکەن؟

 

 

 

 رێبوارێک کە خۆی و هاوڕێکانی خۆیان بە پرۆفیشنال دەزانن، چۆن تەنیا دوای رۆژێک لە دەستگیرکرانی کەسی سەرەکی و بەردەوامیی لێکۆلینەوە داوای ئاشکراکردنی گشت ڤیدیۆکان دەکەن؟

  رێبوار پێی خۆشبوو درۆ و دەلەسەکانی لڤین و میللەت ڕاست دەربچن نەک دەستی ئاغاکانی ئاشکرا ببن، ئەم زاتە ریسوایە ناتوانێت بەرگری لە ئاغا ریسواکانی بکات".

 

ڕۆژنیوز