ئیسلامییەکان لەده‌ره‌وه‌ى حکومەت، چاوه‌ڕوانى چى ده‌کەن؟

تائێستا سێ لایه‌نه‌ ئیسلامییەكه‌ نه‌خشه‌ڕێگای چوار ساڵى ئاینده‌یان دانه‌ڕشتووه‌

ئیسلامییەکان لەده‌ره‌وه‌ى حکومەت، چاوه‌ڕوانى چى ده‌کەن؟

365 خوێندراوەتەوە

 تائێستا هیچ كام له‌ سێ حزبه‌ ئیسلامییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان، نه‌خشه‌ڕێگای كاركردنی پێكه‌وه‌ییان وه‌ك سێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن بۆ چوار ساڵی ئاینده‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم دانه‌ڕشتوه‌، و وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیش پێى وایە کە له‌ماوه‌ی ڕابردودا جدیات نه‌بووه‌ بۆ كاری پێكه‌وه‌ی له‌نێوان ئیسلامیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ته‌نــها كات كوشتن بووه‌.

  

،،

تائێستا سێ حزبه‌ ئیسلامییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان بیریان له‌ كاری پێكه‌وه‌ی نه‌كردۆته‌وه‌ و بڕیاره‌ له‌ئاینده‌دا سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كۆبونه‌وه‌ی خۆیان گرێ بده‌ن و نه‌خشه‌ ڕێگای چوار ساڵی ئاینده‌یان دیاری بكه‌ن.

 

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین، به‌مه‌به‌ستی ئاشكراكردنی پلانی سێ حزبه‌ ئیسلامیه‌كه‌ بۆ چوار ساڵی خه‌باتی سیاسیان له‌هه‌رێمی كوردستان، گفتوگۆی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ شوان ڕابه‌ر بریارده‌ری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان و ئه‌بووبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ، و عه‌بدوڵا وه‌رتێ وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان كردووه‌.

 

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌هۆی هاوسه‌نگه‌ری خه‌باتی سیاسیان كه‌سه‌نگه‌ری ئۆپۆزسیۆنبوونه‌،‌ سێ حزبه‌ ئیسلامیه‌كه‌، زه‌مینه‌یان باشتر  بۆ سازابێت تا‌ بیر له‌ كاری هاوبه‌ش  بكه‌نه‌وه‌ و درێژه‌بده‌ن به‌و هه‌نگاوانه‌ ماوەى ڕابردودیان.

 

 

 

 

هه‌رسێ میوانه‌كه‌ی دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین هاوڕابوون له‌وه‌ی كه‌حزبه‌كانیان هیچ نه‌خشه ‌ڕێگاو پلانێكیان له‌چوارچێوه‌ی كاری پێكه‌وه‌ی دانه‌ڕشتو‌وه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن له‌ئاینده‌دا حزبه‌كانیان پلانی كاركردنی چوار ساڵی ئاینده‌یان دیاری بكه‌ن‌.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی سه‌رنه‌گرتنی پڕۆژه‌ی كاری پێكه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ئیسلامییه‌كان بۆ هاوڵاتیان ڕوون نییه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا به‌رپرسانی ئه‌و حزبانه‌ش ئاماده‌نین  په‌نجه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر برینه‌كان و یه‌كتری به‌كه‌مته‌رخه‌م و هۆكاری سه‌رنه‌گرتنی پڕۆژه‌ ئیسلامیه‌كه ‌ده‌زانن.

 

عه‌بدوڵا وه‌رتێ وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان

 

 

هه‌روه‌ك چۆن عه‌بدوڵا وه‌رتێ وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان ده‌ڵێت: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هیچ پلانێكی نوێمان ‌ بۆ كاری پێكه‌وه‌ی نییه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا پڕۆژه‌ كۆنه‌كه‌شمان نه‌مانتوانیوه‌ زیندوی بكه‌ینه‌وه‌ چونكه‌ تائێستا جدیاتێك له‌لایه‌ن لایه‌نه‌كانی به‌رامبه‌ر بۆیه‌كگرتنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌كان به‌دی ناكرێت".

 

شوان ڕابه‌ر بریارده‌ری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان  له‌ وه‌ڵامی وه‌رتێدا ده‌ڵێت: "ئێمه‌ چه‌ندین جار له‌كۆبونه‌وه‌كاندا ئاماده‌ی خۆمانمان بۆ كاری هاوبه‌شی ئیسلامی له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیوه‌ و ته‌نانه‌ت له‌دوو كۆبونه‌وه‌ی ڕابردودا مامۆستا علی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، پشتوانی خۆی‌  بۆ كاری پێكه‌وه‌ی دووپات كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان".

 

شوان ڕابه‌ر بریارده‌ری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان

 

 

به‌ڵام ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی پێی وایه‌ خۆبواردن له‌ سه‌رنه‌گرتنی پڕۆژه‌ی ئیسلامییه‌كان هه‌ست نه‌كردنه‌ به‌به‌ر پرسیارێت و پێی وایه‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان وه‌ك یه‌ك كه‌مته‌رخه‌م بوون  له‌ هه‌نگاونه‌نان بۆ زیاتر له‌یه‌ك  نزیكبونه‌وه‌، و پێویست ناكات هه‌ڵه‌ و گرفته‌كانی لیستی خزمه‌ت له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كان بكرێته‌ بیانویه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بیر له‌فراوانكردنی ئه‌و یه‌كگرتنه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌‌.

 

یه‌كێك له‌و جیاوازیانه‌ی له‌نێوان حزبه‌ ئیسلامییه‌ كوردییه‌كان هه‌ستی پێده‌كرێت بوونی جیاوازی هه‌ڵوێستی سیاسی ئه‌و لایه‌نانه‌یه‌، وه‌ك چۆن له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی پارێزگاری سلێمانی و پرسی ڕیفراندۆم و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا  یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ و بزوتنه‌وه‌ی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شكرد.

 

ئه‌بووبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر فراكسیۆنی یه‌كگرتوو

 

ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی  سیاسی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی پێی وانیه‌ ئێستا جیاوازییه‌ك له‌هه‌ڵوێستی سیاسی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ئیسلامییه‌كان مابێت و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت:"ئێستا هه‌موو لایه‌ك هێوربونه‌ته‌وه‌ و نه‌رم بوون".

 

به‌ڵام به‌رپرسه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ندی 11ی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێری كۆمه‌ڵ پێی وایه،‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان نه‌خشه‌ رێگاو سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیانیان هه‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك ڕێز له‌بڕیار و سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆ و جیاوازی لایه‌نی به‌رامبه‌ر بگرێت.

 

،،

بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی: له‌ سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لایه‌نی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی ئه‌و كابینه‌یه‌ سه‌ردانی ڕابه‌ری گشتیان نه‌كردووه‌.

 

 

هه‌ڵه‌دنیش پێی وایه‌ چیتر بیانوو نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئیسلامیه‌كان یه‌كنه‌گرن و ده‌ڵێت:"له‌ئێستادا له‌ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان لاوازن و پێویسته‌ له‌ڕوی چۆنایه‌تییه‌وه‌، هه‌وڵی خۆ به‌هێزكردن بده‌ن و درێژه‌ به‌خه‌باتی ئۆپۆزسیۆنبوون بده‌ن".

 

پێچه‌وانه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان تا دواساته‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕوانی لایه‌نی پێكهێنه‌ری حكومه‌تی نوێ بوون بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ بكه‌ن بۆ به‌شداری پێكردنیانه‌ له‌كابینه‌كه‌ی مه‌سروور مسته‌فا بارزانی، هه‌رئه‌مه‌ش هۆكار بووه‌ هه‌ردوو لایه‌ن به‌رچاو ڕوون نه‌بن له‌ داڕشتنی نه‌خشه‌ڕێگای كاری سیاسییان له‌ چوارچێوه‌ی كاری ئۆپۆزسیۆن بوون.

 

 

 

 

شوان ڕابه‌ر نایشارێته‌وه‌ كه ‌سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی تائێستا كۆنه‌بونه‌ته‌وه‌ بۆ دیاری كردنی پلانی كاركردنی چوارساڵی ئاینده‌ی حزبه‌كه‌یان، به‌ڵام دڵنیایی ده‌دات بۆ هه‌مان پرس له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كۆده‌بێته‌وه‌ بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌ده‌ن.

 

وته‌بێژه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای هێنانه‌وه‌ی هه‌مان بیانوی سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت:"لایه‌نی پێكهێنه‌ری كابینه‌ی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی كابینه‌كه‌یان، هیچ سه‌ردان و به‌سه‌ر كردنه‌وه‌یه‌كیان به‌ئامانجی به‌شداری پێكردنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی بۆ ناو حكومه‌ت نه‌كردووه‌ و ئه‌وه‌شی ده‌وترا  جگه‌ له‌پڕوپاگه‌نده‌ هیچی تر نه‌بوو".

 

 

 

 

له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، به‌هۆی بوونی شه‌ڕی دژی داعش و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و گه‌نده‌ڵی ئیداری قه‌یرانێكی قورس دووچاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو، كه‌بووه‌‌ هۆی بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و له‌ئێستادا و دوای لابردنی سیسته‌می پاشه‌كه‌وت، چاوی خه‌ڵك له‌سه‌ر واده‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌كه‌یه‌تی و كه‌متر گرنگی به‌په‌یوه‌ندی سیاسی نێوان حزبه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم ده‌دات و به‌تایبه‌ت‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كان كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تن و ده‌سه‌ڵاتی ئیداری و كارایان له‌گۆڕه‌پانی سیاسی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان نییه‌، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌متر فشاری جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه ‌دروست بێت، و خه‌ڵكی داوای یه‌كگرتنوو  كاری پێكه‌وه‌ییان له‌و حزبانه‌ بكات.

 

author photo

رۆژنامەنووس