حكـومەتی مولزیم و مولزەم

حكـومەتی مولزیم و مولزەم

563 خوێندراوەتەوە

عومه‌ر عه‌لى غه‌فور

حكومەت هەم مولزیم، واتە پابەندكەرە: ئەرك بەسەر هاوڵاتیاندا فەرز دەكات، هەم مولزەم، واتە پابەندكراویشە: خۆیشی لەسەریەتی لەبەرانبەر ئەو ئەركانەی دەیانخاتە سەرشانی هاوڵاتیان پابەند بێت بەدابینكردنی مافەكانیانەوە.

 

 

،،

به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ مه‌سروور بارزانی له‌یه‌كه‌م وتاری وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌فه‌رمانبه‌رانی وت: چاوه‌ڕوانی قه‌رزه‌كانتان نه‌بن بۆتان بگه‌ڕینینه‌وه‌ و نه‌كه‌ن هه‌ر له‌ئێسته‌وه‌ توره‌كه‌ی بۆ هه‌ڵ بدوورن.!

 

 واتە هەم ترسێنەری خەڵكە بۆ پابەندبوون بەئەركەكان، هەم ترساویشە لە خەڵك لە پابەندنەبوونی خۆی بەدابینكردنی مافەكانیان. ناكرێ حكومەت مولزیم بێ و مولزەم نەبێ، ترسێنەر بێ بەڵام ترساو نەبێ. ترسانی حكومەت لە خەڵك نە ترسنۆكییە نە شەرم، بەڵكو هەستبەرزی و ئەخلاقە. حكومەتی نامولزەم و نەترساو حكومەتێكی بێباك و ستەمكارە.

 

 كابینەی نوێ و نۆیەمی حكومەتی هەرێم 10 رۆژە دەست بەكار بووە و ئەوەندەیش بەهەستیاری پارچەكانی بەیەكەوە لكێنران پیاو ناوێرێ دەستی بۆ ببات نەوەك بشكێ، هێشتا زووە كارەكانی هەڵبسەنگێنین، بەڵام ئەوەی لە چەند رۆژی یەكەمی كاری كابینەكەدا زۆر بەر چاو و گوێ دەكەوێ.

 

 

 

 

  تەئكیدكردنی زۆرە لەسەر ئەركەكانی خەڵك یان وردتر بڵێین فەرمانبەران، كە هەم خەڵكن و هەمیش بەشێكن لە ماكینەی حكومەت، بەبێ بەخشینی ئومێد بەمولزەمیی حكومەت بەرانبەر بەمافەكانی ئەوان.

 

 سەرۆكی نوێی حكومەت بەڕێز مەسرور بارزانی لە وتەكەیدا لەكاتی خوێندنەوەی كارنامەی كابینەكەیدا لەبەردەم پەرلەمان لە 10ی ئەم مانگە، راشكاوانە وتی ئێمە حكومەتێكی قەرزارمان وەرگرتوە و ئۆباڵی دانەوەی ئەو قەرزانەیش لە ئەستۆی حكومەتی عێراقییە.

 

 

 

 

  ئەم رستەیە تەنیا پەیام نەبوو بۆ حكومەتی عێراقی، بەڵكو پەیامیش بوو بۆ فەرمانبەرانی هەرێم كە مووچەی دوو ساڵیان بەناوی پاشەكەوتەوە لەلای حكومەتە و پێی وتن:

 

 نەكەن توورەكە بۆ ئەو قەرزەتان لای حكومەت بدوورن و بۆڵە بۆڵ لە حكومەتەكەی من بكەن كە بۆتان ناگێڕمەوە، چونكە ئەوە ئەركی حكومەتی عێراقە، ئەگەر هەر پێیشتان وایە حكومەتی هەرێم بەرپرسە، ئەوا بچن یەخەی حكومەتی پێشوو بگرن، چونكە ئەوە قەرزی سەر ئەو حكومەتەیە، ئێمە دەستمان لەو موچەبڕینەدا نەبووە.

 

 ئەمە لەكاتێكدا بەپێی یاسا حكومەتی هەر وڵاتێك بەڕەسمی میراتگری حكومەتی پێشووە تەنانەت با دژی یەكتریش بن، هەر لێرەوەیە دوای پازدە ساڵ لە رووخانی رژێمی سەدام حكومەتی عێراق كە دژی ئەو رژێمەیشە، پابەندە بەدانەوەی قەرزەكانی رژێم.

 

،،

ئه‌و بڕیارانه‌ی دراون له‌ یه‌كه‌م و دووه‌م دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری ڕۆتینین و ئه‌و هه‌وڵانه‌ پێویستی به‌سه‌ر له‌نوێ ده‌ركردنی بڕیاری نوێ نه‌بووه‌.

 

 

  ئەو پەیامەی سەرۆكی حكومەت بەداخەوە هیچ دڵخۆشكەر نەبوو. لە یەكەم كۆبوونەوەی كابینەی نوێیشدا چەند بڕیارێك دران، كە دیسان جەختكردنن لە ئیلتیزامی فەرمانبەران بەئەركە رەسمییەكانی خۆیان و وەرنەگرتنی بەرتیل و رێزگرتنی موراجیع و...هتد كە هەموو شتی باشن، بەڵام ئەوانە ئیلتیزامی رۆتینین و بڕیاری تازەیان ناوێ.

 

  پاش ئەوەیش دیسان وتەبێژی حكومەت لە لێدوانێكیدا جەخت لە دەوامكردنی فەرمانبەران دەكات لە 8 بۆ 3ی پاش نیوەڕۆ، بەپاساوی ئەوەی پاشەكەوت نەماوە. ئەم فەرمانانە هەموو ئاسایین و شتی باشن و ئەركێكی زیادە نیە داهێنرابێ.

 

 

 

 

  بەڵكو هەوڵدانە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش داهێنانی سیستمی پاشكەوت لە سەرەتای 2016، بەڵام هاوكات فەرمانبەری ئاسایی نابینێ حكومەت لەبەرانبەر ئەو هەموو پێداگرتنە لەسەر توندكردنی ئەركەكان، لای خۆیەوە مژدەیەك یان ئومێدێكیان بداتێ كە خاترجەم بن ئەو دۆخەی جاران دووبارە نابێتەوە، هاوكات دڵنیاییان بداتێ كە كار بۆ گێڕانەوەی مافە

 

-بەناوی پاشەكەوتكردنەوە

- خوراوەكانی بۆ دەگێڕێتەوە، یان هیچ نەبێ رێوشوێنی پێویست دەگرێتە بەر كە مووچەكە وەك بەڵێن درا مانگانە لەكاتی خۆیدا

-بەبێ مقۆ مقۆ و دواكەوتن و دڵەڕاوكێی فەرمانبەرانی نیوەی وەزارەتەكان كە موچەكانیان لەو چەند سەد ملیۆن دۆلارە دەدرێ كە بەغدا دەینێرێ

- موچەكەیان وەردەگرن، كە بەو شێوەیە لەباتی ئەوەی لە 30 رۆژدا جارێ موچە وەربگرن 40 رۆژ و زیاتر وەریدەگرن!

 

 ئاخر پیاو سەری سپی دەكات لەئاست حكومەتێك پێی وابێ خەڵكەكەی هێندە ساویلكەن باوەڕ بەوە دەكەن حكومەتی هەرێم بەو هەموو داهاتانەی دەستی دەكەون و بەرپرسانی بەردەوام خۆیان دەڵێن دۆخی ئابووریمان باشتر بووە و باشتریش دەبێ. 

 

 

 

 ناتوانێ سێسەد چوارسەد ملیۆن دۆلاری جێگیر وەك یەدەگ پەیدا بكات تا چاوەڕێی هاتنی پارەكەی بەغدا نەكا لە بیستەكانی مانگدا و خۆی لەگەڵ سێسەد ملیۆنەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا بەیەك وەجبەی لەدوای یەك مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان بدات و كاتێ ئەوەی بەغدا هات لە جێگەیدا دایبنێتەوە!!.

 

 چاكسازی نە بەمەوعیزەدان و ریزكردنی رستەی رەوان، نە بە ئەخلاقیات فرۆشتن و نە بەفەرمانی فەوقیش سەركەوتوو نابێ، بەڵكو بەوە سەركەوتوو دەبێ حكومەت بەكردەوە ئیسپاتی بكات وەك چۆن مولزیمە، بەهەمان شێوە و زیاتر مولزەمیشە.