بۆچی كەریم ئەحـمەد گلەیی لە عەبدوڵا ئۆجەلان كردووە؟

بۆچی كەریم ئەحـمەد گلەیی لە عەبدوڵا ئۆجەلان كردووە؟

675 خوێندراوەتەوە

لە نامەیەكدا كە بیست‌و یەك ساڵ لەمەوبەر بۆیناردووە، كەریم ئەحمەد، سكرتێری پێشووی حیزبی شیوعی كوردستان، گلەیی لە عەبدوڵا ئۆجەلان دەكات كە پابەندی ئەو ڕێكەوتنە نەبوون كە لە نێوان پەكەكەو حیزبی شیوعیدا هەبووە.

 

،،

كەریم ئەحمەد، كە ئەو دەمە سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان بووە، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ساڵی 1998 نامەكەی بۆ ئۆجەلان ناردووەو گلەیی ئەوە لە ئۆجەلان دەكات كە پابەندی ئەو ڕێكەوتنە دوو قۆڵییە نەبوون كە لە نێوان حیزبی شیوعی‌و پەكەكەدا هەبووە.

 

 

لە 7ی مانگی ئەیلوولی ساڵی 1998 كەریم ئەحمەد سكرتێری ئەوكاتەی حیزبی شیوعی كوردستان، نامەیەكی دورودرێژ بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەكەكە دەنووسێت‌و گلەیی ئەوە لە ئۆجەلان دەكات كە پابەندی ئەو ڕێكەوتنە دوو قۆڵییە نەبوون كە لە نێوان حیزبی شیوعی‌و پەكەكەدا هەبووە.

 

كەریم ئەحمەد، كە ئەو دەمە سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان بووە، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ساڵی 1998 نامەكەی بۆ ئۆجەلان ناردووەو دەقی نامەكەش لەلەپەڕەكانی (41- 42- 43- 44- 45- 46- 47- 48- 49- 50- 51)ی كتێبی " وشەی سوورد"دا بڵاو كراوەتەوە.

 

 

 

 
كتێبی " وشەی سوور" كە ماوەیەك لەمەوبەر چاپ‌و بڵاو كرایەوە، ئەزموونی كارو خەبات‌و بەشێك لە وتارو چاوپێكەوتنە ڕۆژنامەوانییەكانی " كەریم ئەحمەد"ە لە پاش ڕاپەڕین‌و ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو.

 
لە سەرەتای نامەكەیدا بۆ ئۆجەلان، كە لەسەر وەختی شەڕی نێوان پەكەكەو پارتیدا بۆیناردووە، كەریم ئەحمەد ئاماژەی بەوە داوە كە هەلومەرجی ئاڵۆزی ناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورستان لەو دەمەدا، هانیداوە تا ئەو نامەیەی ئاڕاستە بكات.

 
ئەو لە پێشەكی نامەكەیدا ئەوە بۆ ئۆجەلان دەنووسێت كە خەباتی زیاتر لە سەدەیەكی گەلی كورد بەهۆی كۆسپە هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتییەكانەوە نەگەشتووەتە ئاكام‌و ڕەهەندە ناوخۆییەكانیش دەخاتە پاڵ هۆكارە هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتییەكان‌و سەركردەكانی كوردیش بە یەكێك لە هۆكارەكانی سەرنەكەوتنی شۆڕشی كورد دەزانێت.

 

 

 
دواتر كەریم ئەحمەد لە نامەكەیدا گوزەرێكی خێرا بە شۆڕشەكانی كوردستانی باشوورو باكورو ڕۆژهەڵاتدا دەكات‌و باس لە تایبەتمەندی خەبات‌و شۆڕشی هەر پارچەیەك دەكات‌و دەڵێت:" فاكتەری بەشبەشكردنی كوردستان وایكردووە كە كە بەپێی تایبەتمەندی هەریەك لە پارچەكانی كوردستان ئاست‌و شێوازی خەبات‌و تێڕوانین بۆ ڕێگاچارەكان‌و ڕادەی ئەو داخوازییانەی كراونەتە ئامانج لە پارچەیەكەوە بۆ پارچەیەكی دیكە جیاوازبن، ئەم حاڵەتانەش وایان لە هەمووان خواستووە‌و تا هەنووكەش وامان لێدەخوازن كە بە وردی لەو تایبەتمەندییانە بكۆڵینەوە، لانیكەم لە پێناو ئەوەدا كە بگەینە تێگەشتن‌و هەڵووێستی هاوبەش‌و هەماهەنگ بۆ تەنسیقكردن لە كارو چالاكییەكانمادا بە جۆرێك كە جموجوڵ‌و شێوازەكانی خەباتمان یەكتر نەبڕن، بەڵكو تەواوكەری یەكتربن".

 

،،

لەپاڵ هۆكارە هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتییەكان‌، سەركردەكانی كوردیش بە یەكێك لە هۆكارەكانی سەرنەكەوتنی شۆڕشی كورد دەزانێت

 

 
دەربارەی دۆخی باشووری كوردستان‌و شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی، كەریم ئەحمەد بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان دەنووسێت:" دوای ئەوەی " بەرەی كوردستانی" بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستانی گرتە دەست‌و پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامدراو حكومەتی هەرێم پێكهێنرا، دەوڵەتان " ئەو دەوڵەتانەی پارچەكانی كوردستانیان پێوە لكێنراوە" بەردەوام پێكەوە كۆدەبوونەوەو هاریكاری یەكتریان دەكردو پیلانی هاوبەشیان بۆ لەناوبردنی ئەم ئەزموونەو لەباربردنی دا دەڕشت.

  بەلام كە شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی دەستیپێكرد، ئیتر كۆبوونەوەكانی ئەوانیش كۆتاییان پێهات، چونكە ئەوەی ویستیان ڕوویداو هاتە دی، ئەوەی دەبوایە بەهێزی سەربازی‌و هەواڵگری تابوری پێنجەمی خۆیان‌و بەخەرجی پارەی خۆیان بیكەن، كورد خۆی بەهۆی شەڕی ناوخۆوە كردی‌و لە پێناو ڕێگەگرتن لە پێكهاتنەوەی لایەنە ناكۆكەكان، ئەوان هەریەكەیان كەوتنە پاڵپشتی‌و كۆمەككردنی لایەك لە لاكانی شەڕەكەو وایان لێكردن كە ناچارببن بەوەی هانایان بۆ ببەن‌و بە دەزگای سیاسەت‌و نەخشەكانی خۆیانەوە بیانبەستنەوە".

 

 


كەریم ئەحمەد لەنامەكەیدا بۆ ئۆجەلان، دەچێتە سەرباری ئەو ڕێكەوتنەی كە لە نێوان پەكەكەو حیزیی شیوعی دا هەبووەو دەنووسێت:" ئێمەو ئێوە لەو ڕێكەوتنەدا ئەوەمان دووپاتكردەوە كە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان لەهەر هەرێمێكی كوردستاندا تایبەتمەندی خۆی هەیەو پێویستە لەبەرچاو بگیرێت‌و لە لایەن بزوتنەوەی هەرێمەكانیترەوە كۆمەك بكرێت.

  ئەی ئێمەو ئێوە نەبووین لەو ڕێكەوتننامەیەدا ئەوەمان دووپاتكردەوە كە بەكارهێنانی چەك‌و توندوتیژی بۆ چارەسەركردنی ئەو ناكۆكیانەی لە نێوان حیزبە كورستانییەكاندا دروست دەبێت حەرام بكەین، ئەی ئەوەمان دووپات نەكردەوە لە پێناو ئاشتبوونەوەی پارتی‌و یەكێتی كاری هاوبەش بكەین؟".

 

 

ئەو دەربارەی ڕێكەوتننامەی نێوان پەكەكەو حیزبی شیوعی زیاتر دەنووسێت‌و دەڵێت:" ئێمە ڕەوایی تێكۆشانی گەلی كوردمان لە باكوری كوردستان‌و بەرەنگاربوونەوەو دژایەتیكردنی سیاسەتە شۆڤێنییەكانی ڕژێمی عەسكەرتاری توركیامان سەلماندووەو جەختمان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە پێوویستە لە ئاستە جیاجیاكاندا كۆمەك‌و هاوكاری بكرێت‌و كەناڵە جۆراو جۆرەكانی بۆ زیاتر بزواندنی جەماوەرییانەی ئەو تێكۆشانە بەكاربهێنرێت.

  بەڵام لەو ڕێكەوتنە نێوانماندا ئەوەشمان دووپاتكردەوە كە بوونی چەكدارانەی ئێوە لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و جموجوڵە سەربازییەكانتان لێرەوە لە دژی هێزەكاتی توركیا، زیان بە بزوتنەوەكەمان لە كوردستانی عێراق دەگەیەنێت‌و بەهانە دەداتە دەسەڵاتدارانی توركیا كە لەشكركێشی بكەنە سەر خاكمان‌و دەست لەكاروبارمان وەربدەن‌و ڕەوشی مەسەلەكە ئاڵۆزتر بكەن".

 

،،

 له‌ ڕێكەوتنی نێوانماندا ئەوەشمان دووپاتكردەوە كە بوونی چەكدارانەی ئێوە لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌ زیان بە بزوتنەوەكەمان لە كوردستانی عێراق دەگەیەنێت‌

 
كەریم ئەحمەد گلەیی لە ئۆجەلان دەكات كە پەكەكە پابەندی ڕێكەوتنەكەی نێوانیان نەبووەو دەڵێت:" ئێمەو ئێوە سەبارەت بە هەموو ئەو پرەسیپانە ڕێكەوتین، بەڵام بەداخەوە هیچ یەكێك لەو خاڵانە جێبەجێ نەكران‌و لە زۆربەشیاندا بە پێچەوانەیانەوە كراوە، ئێوە لە كاتێكدا بۆ كۆتایهێنان بە شەڕی نێوان پارتی‌و یەكێتی هاوكاریتان نەكردین.

  هاتن بە بێ هیچ پاساوێك خۆتان كردە بەشێك لەو شەڕەو ئەوەندەیتر ئاڵۆزتان كردو ڕەهەندێك‌و مەیدانێكی فراوانتان پێ بەخشی، ئێوە لەكاتێكدا ئاگربەستی یەكلایەنە لەگەڵ لەگەڵ هێزی سەربازی توركیا ڕادەگەیەنن‌و لە ڕێی گفتوگۆوە داوای چارەسەری ئاشتیانە دەكەن، كەچی شەڕی ئێرەتان، شەڕی كوردو كورد توندوتیژتر دەكەن‌و سنوری شەڕ بەرانبەر هێزە چەكدارەكانی پارتی دەبەزێنن".

 

 

 

 
كەریم ئەحمەد لە نامەكەیدا، دەستەواژەی " كاك – بەڕێز – ڕێزدار – ئازیز" بەرانبەر ئۆجەلان بەكار دێنێت‌و پێیدەڵێت كە دەوڵەتە هەرێمایەتییەكان دەیانەوێت ئاڕاستەی جەنگی ئێوە لەگەڵ هێزەكانی توركیای شۆڤێنی بگۆڕن بەرەو جەنگ لە نێوان ئێوەو پارتی، واتە جەنگی كوردو كورد.

 
لە دوا دێڕەكانی نامەكەیدا سكرتێری ئەوكاتەی حیزبی شیوعی، بۆ ئۆجەلان دەنووسێت:" برای بەڕێزم، تكام وایە ئەم نامەیەم بە وردی بخوێنیتەوەو دوور لە سۆزو هەڵچوون، دوور لە كاریگەری هەوڵە ڕۆژانەییەكانی شەڕی نێوان خۆتان‌و پارتی، بە عەقڵیەتی نیشتیمانپەروەری‌و شۆڕشگێڕی‌و نیشتیمانی‌و كوردپەروەرێك كە خەبات لە پێناو مافە نیشتیمانی‌و دیموكراسییەكانی گەلەكەیدا دەكات شرۆڤەو شیبكەنەوەو هەنگاوی پێوویست بۆ تەرجەمەكردنی واقیعیانەی بنێن".

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی