كورد دەبێت چیبكات بۆ خۆپاراستن لە مەترسيیەكی گەورە؟

كورد دەبێت چیبكات بۆ خۆپاراستن لە مەترسيیەكی گەورە؟

741 خوێندراوەتەوە

‎كیشەی سەرەكی كورد ئەوەیە كەسایەتییە دڵسۆزو نیشتمانپەروەرەكانی لەسیاسەت تێناگەن‌و سیاسیەكانیشی دڵسۆز و نیشتمان پەروەرنین و بازرگانی بەسیاسەتەوە دەكەن.

 

،،

ڕوون نییە كورد چۆن و لەبەرامبەر چیدا ئەو موجازەفە گەورەی بە ئایندەی كەركوكەوە كردووە، بێئەوەی مەرجەكانی لەبەرچاو بگیرێت بە یاساكە ڕازی بووە.

 

 

‎ پێش دوومانگ وەك كۆمەڵێك توێژەرانی كوردو بیانی ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی، سێ تویژینەوەی وردی ٢٦١ لاپەڕەیی بێ بەرامبەرم نارد بۆ چەند ئەندام پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدادو چەند سیاسیەكی هەرێم.

 
كورتەكەی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ ئەوە بووە، پێوویستە كورد هەڵبژاردنی كەركوك دوابخات بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكای ٢٠٢٠و پێش هەڵبژادنە سەرۆكایەتیەكەی توركیای ٢٠٢٣ و گونجاوترین كاتیش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كەركوك بریتییە لە ساڵی ٢٠٢٢ كە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ئەنجامبدرێت.

 

‎بە وردی هۆكارەكان خراوەتەوە ڕوو و كە گۆڕانكاری گرنگ ڕوودەدەن و پێوویستە كورد پەلەنەكات و نەكەوێتە هەڵەوە، ١٣ ساڵە هەڵبژاردن نەكراوە با ئەم ٣ ساڵەش نەكرێت، پارێزگاری نوێ دەستبەكاربێت و ئەو دۆخەی دوای ڕیفراندۆم ئاساییبێتەوە ئەوكات كورد هەلی بردنەوەی زیاتر دەبێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كەركوك لەم دۆخەی ئێستادا سەركێشى‌و قومارێكی گەورەیە بە ئایندەی ئەوشارەوە.

 

 

 

 

‎بەڵام بێ گوێدانە مەترسییەكان دوای ئەوەی توركمان و عەرەب مەرجەكانی خۆیان سەپاند لە دیاریكردنی سیستەمی سانتلیگۆ ١.٩ و پێداچونەوە بەلیستی ناوی دەنگدەراندا دەنگیان بە پرۆژە یاساكە دا، بەڵام ئەوە ڕوون نییە كورد چۆن و لەبەرامبەر چیدا ئەو موجازەفە گەورەی بە ئایندەی كەركوكەوە كردووە، بێئەوەی مەرجەكانی لەبەرچاو بگیرێت بە یاساكە ڕازی بووەو ڕۆژی ٢٢ ئەمانگە پەسەند كرا، ڕه‌وانەی سەرۆكایەتی كۆمار كرا بۆیە دەبێت تا هەلەكە لەدەست نەچووە دكتۆر بەرهەم ساڵح پرۆژەكە ئیمزانەكات و ڕەوانەی پەرلەمانی عێراقی بكاتەوە.

 

،،

 كورد لە كەركوك لە هەموو بڕیار و هەڵوێستەكانیدا هەڵه‌بووەو كەركوك بووه‌ بە قوربانی نەزانی و هەڵەو ململانێی حیزبایەتی و بەرژەوەندی چەند كەس‌و گروپێكی دیاریكراو.

 

 

‎كورد لە چیدا هەڵەی كرد؟

‎ ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە بە پوختی ئەوەبێت كورد لە كەركوك لە هەموو بڕیار و هەڵوێستەكانیدا هەڵه‌بووەو كەركوك بووه‌ بە قوربانی نەزانی و هەڵەو ململانێی حیزبایەتی و بەرژەوەندی چەند كەس‌و گروپێكی دیاریكراو، كە ١٤ ساڵە ئومێدیان لەسەر مادەیەیەكی دەستوری مردو هەڵچنیوە كە مادەی ١٤٠ دەستوری عێراقە.

 

‎كورد دەبوو لەم چەند ساڵەدا سەدان لێكۆڵینەوەی لەسەر پێكهاتەی كۆمەڵاتی و ڕۆشنبیری و سیاسی كەركوك و سایكۆلۆژیای تاكی كەركوكی و داخوازییەكان و كاریگەری هێزە ناوچەی و جیهانییەكان بكردایەو لەسەر ئەو بنەمایە ستراتیژی گەڕانەوەی كەركوكی دابڕشتایە بە پلانی چەند مانگی و چەند ساڵی بە پێی قۆناغەكان و پلانی جێگرەی Aو وB وC هەبوایە بەپێی قۆناغ و گۆڕانكاری‌و ئاراستەی ڕووداوە ناوخۆیی‌و ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەكان.

 

،،

دەبوو پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا ژوورێكی چالاكی تایبەتیان هەبوایە تایبەت بە پرسی كەركوك و ناوچە كوردستانیەكان و پرسە نەتەوەییەكان كە بەدەر لە ململانێ حیزبیەكان ئەوپرسانەیان لە سەرووی هەموو بیروباوەڕو بەرژەوەندیەكی حیزبی‌و كەسییەوە دابنایە.

 

 

‎دەبوو پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا ژوورێكی چالاكی تایبەتیان هەبوایە تایبەت بە پرسی كەركوك و ناوچە كوردستانیەكان و پرسە نەتەوەییەكان كە بەدەر لە ململانێ حیزبیەكان ئەوپرسانەیان لە سەرووی هەموو بیروباوەڕو بەرژەوەندیەكی حیزبی‌و كەسییەوە دابنایەو وەك پرسێكی نەتەوەی و ستراتیژی درێژخایەن كاریان لەسەر بكردایە. 

 

 

 

 

‎ كێ تاوانبارە؟

‎ لە ڕووی زانستییەوە سیاسەت پیشەیەو هونەرەو قورسترین‌و هەستیارترین پیشە سیاسەتە، چونكە كایەی ئابوری‌و كۆمەڵایەتی‌و پەڕوەردەو ڕۆشنبیری‌و ئایندەی دەیان نەوەی پێوە بەندە، بەڵام لە كوردستان ئەوەی بێكارو بێئیش و پەككەوتە بێت، دەبێت بە سیاسی، بۆ ئافرەتانیش ڕوونە كە زۆر جار چی دەبێت بە پێوەری هەڵبژاردن و پێدانی دەرفەتی كاری سیاسی پێیان.

،،

پرسی كەركوك پرسی گەندەڵی‌و نەوت‌و نەبونی مووچە نییە پرسێكی ستراتیژییەو پەیوەندی بە لەسەدا ٢١% خاكی كورستانەوە هەیەو پەیوەستە بە ئایندەی كوردستان‌و دەیان نەوەی داهاتووەوە.

 

‎ڕەنگە پەرلەمانتار زانیاری پێوویستی نەبێت، دنیا بینی نەبێت، بەڵام خۆ دەبێت حیزبەكان ناوەندی تویژینەوەیان هەبیت‌و ڕۆژانەو بە بەردەوامی بەرچاوڕوونییان پێدەبن لە ڕووی سیاسی‌و یاسایی‌و لەسەر ئاراستەی سیاسەتی ناوخۆیی‌و ناوچەیی‌و جیهانی دەبێت وەك ڕاوچی لە كەمیندا بن بۆ ڕاوكردنی دەستكەوت.

 

‎بۆیە دەبێت هەرچی زووە لەسەر ئاستی سیاسی‌و ڕۆشنبیری‌و ڕاگەیاندن بە ئاگا بێینەوە، چونكە پرسی كەركوك پرسی گەندەڵی‌و نەوت‌و نەبونی مووچە نییە پرسێكی ستراتیژییەو پەیوەندی بە لەسەدا ٢١% خاكی كورستانەوە هەیەو پەیوەستە بە ئایندەی كوردستان‌و دەیان نەوەی داهاتووەوە.

 

author photo

لێكۆڵەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی