دیداری: بڕواکەمال
لهم دیداره تایبهتهدا لهگهڵ " دیبلۆماتیك مهگهزین" ئهبوبهكر ههڵهدنى، ئهندامى پهرلهمانى كوردستان، تایبهت به كابینهى نوێیى حكومهتى ههرێمو پرسى پهیوهندىو كێشهكانى نێوان ههرێمو بهغدا دهدوێت.
،،
ههڵهدنی پێی وایه، ئهم كابینهی نوێیه توانای چارهسهر كردنی كێشه بنهڕهتیهكانی ههرێمی كوردستانی نییه و درێژه پێدهری كابینهكانی پێشووتری خۆیهتی.
ههڵهدنى دهڵێت:" هیج پاساوێک نەماوەتەوە بۆئەوەی حكومهتى ههرێم دووسەدو پەنجا بەرمیل نهوت ڕادەست نهکات، ئەگەر خەمی موچەو بژێوی هاوڵاتیانو ئیستیقراری ئەمنی و گەشەپێدانی ئابوری هەیە، دهبێت بێ سێ و دوو، دەبێت ئەم نەوتە ڕادەست بکات".
ئهو دهشڵێت:" لەبەر دزیو فەرهوودو ڕاو ڕووتو منافەسەی حیزبی نەمانتوانی نمونەیەکی جوان پێشکەش بکەین لەناوچە جێناکۆکەکان".
ئهبوبهكر ههڵهدنى، ئهندامى پهرلهمانى كوردستان
دیبلۆماتیك: کابینەی نوێ لەدوای ماوەیەکی زۆر لە ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییەکان دروستبوو تێڕوانینی ئێوە لەسەر کابینی نوێ چییە؟
ئەبوبەکر هەڵەدنی: بەداخەوە دوای چاوەڕوانییەکی زۆر ئەم کابینەیەش پێکهات، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، گۆڕینی فەلسەفەی حکومڕانی و عەقڵیەتی حکومڕانییە، دووهم ئەم کابینەیە دەبێت سود وەربگرێو پەند وەربگرێ لەو هەڵەی کابینەکانی پێشووتر کردویەتی، بۆیە پێموایە قەیرانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم کابینەش بەردەوام دەبێت، چونکە هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر فەلسەفەی حکومڕانیدا ڕووی نەداوە، ئایە حیزبە باڵادەستەکان دەست دەکێشنەوە لە دەستێوەردان لە بازاڕ، لە زانکۆ، لەپەروەردە، لە حکومەت، وە بەشێک لەو کارەکتەرانە خۆیان بەداخەوە سەرچاوەی قەیرانەکانی هەرێم بوون.
دیبلۆماتیك: کابینەی ڕابردو، کۆمەڵک کێشەو قەیران ههبوو، بەشێکی زۆر لەکێشەکان هەرماوەو تەسلیمی کابینەى نوێ کراوە، ئایە کابینەی نوێ دەتوانێ کێشەکانی ڕابوردو چارەسەر بکات؟
ئەبوبەکرهەڵەدنی: بەڵێ بەشێک لە قەیرانەکانو کێشەکان کەڵەکە بوون له ئەنجامی حکومڕانی ٢٧ ساڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەودۆخەی کە ڕوویدا لە دوو ئیدارەیی، لەشەری ناوخۆ، لەدەست تێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی، هەموو ئەمانە کەڵەکە بوون، بۆیە قەیرانەکان زۆرو زەوهندن، قەیرانی سیاسییە، قەیرانی ئابورییە، قەیرانی فەرهەنگەییە، قەیرانی کۆمەڵایەتین، قەیرانی گێڕانەوەی ئومێدە بۆ هاوڵاتی.
هاووڵاتی هەرێمی کوردستان متمانەی بەم حکومڕانییە نەماوەو وەنائومێد بووە لەپڕۆسەری سیاسی، بەوەی کە لەسەدا حەفتای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەشداری پڕۆسەی دانگدانیان نەکرد، بۆیە چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە یەکەم پێوویستی بە ئیرادەیەک هەیە دووهم پێویستی بەهەڵمەتێکی نیشتیمانی بۆبنبڕکردنی گەندەڵیو ئەنجامدانی چاکسازی ههیه، بۆ ئەوەی حیزبەکان بەتایبەتی ئەو دوو حیزبە باڵادەستە ببەنەوە بەحیزبی ئاسایی، نەک وەک ئەژدیها مامەڵە لەگەڵ دۆخی هەرێمو لەگەڵ ئابوری هەرێم بکەن.

دیبلۆماتیك: بەبڕوای ئێوە، ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمو بەغداد ئێستا لەچ ئاستێکدایە، ئایە ئاسۆیەک هەیە بۆچارەسەری کێشەکان؟
ئەبوبەکر هەڵەدنی: خۆی ئەمە خەتاکە لەسەر هەردوولایە، یەکەم ئەو عەقڵیەتەی کە لەبەغداد هەیە، بەڕاستی عەقڵیەتێکی شۆڤێنییە چاوی بەرایی نادات بە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر پێوەستانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەداخەوە ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنییە عهلمانییە یان ئیسلامییەى کە لە بەغداد هەیە، بەشێکی زۆریان له لایهن خەڵکی هەرێمی کوردستان لەسەردەمی ئۆپۆزیسیۆن بوونیاندا لەهەرێم داڵدە دراون.
هەمووئەوانە بێ وە فابوون، وە ئەمڕۆ تۆڵەی شۆڤێنی خۆیان لەهەرێمی کورستان دەکەنەوە، بەشی دووهم، پەیوەندی هەیە بە هەرێمی کورستانەوە، کە بەداخەوە ئێمە نەمان توانی نمونەیەکی جوان پێشکەش بکەین لەناوچە جێناکۆکەکان لەبەر دزی و فەرهوودو ڕاو ڕووت و منافەسەی حیزبی، بەشێکیتر پرسی نەوتە پرسێکی ناشەفافە، ناڕوونە، تاکو ئێستا ئەمانە وایکردوە کێشەکان بەهەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە، پێمانوایە جێبەجێکردنی دەستوور زامنی سەرەکییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، بەڵام بەڕاستی ئێمە ئەم ئیرادەیە نە لە بەغداد ئەبینین، نە لە هەرێمەی کوردستانیش.
،،
سیاسهتی حهكیمانهی عادل عبدوالمهدی و نهرمی نواندنی هۆكاری ناردنی بهشه بوجهی ههرێمی كوردستانه لهبهغدادهوه، چونكه حكومهتی كوردی لهماوهی ڕابردوودا وابهستهی ڕێكهوتنامهی ههولێر - بهغداد نهبوون.
دیبلۆماتیك: لەلێدوانێکیدا عادل عهبدولمەهدی دەڵێت، ئەگەر هەرێم نەوت ڕادەست نەکاتەوە ئەوا هەموو شایستە دارایەکانی هەرێم دەبڕین، جگە لەموچەی فەرمانبەران، ئایە لەسۆنەگەی ئەم قسەیەوه لەئیستادا هەرێم زیاتر خەتابار نییە بەوەی کە نایەوێت کێشەکان چارەسەر ببێ؟
ئەبوبەکر هەڵەدنی: نەک هەرێمی کوردستان نەچۆتە ژێرباری ئەوەی کە ئهو ڕێکارە دەستوری و یاساییەی کە حکومەتی عێراق داوای دەکات جێبهجێناكات، بەڵکو حکومەتی هەرێم تەنانەت ڕێزی لەیاسای ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠٧ نەوتو گازیش نەگرتووە کە ئەبێت کۆمەڵێک کۆمپانیاو سندوق پێکبهێنرێ بۆدەرهێنان، بۆ بەبازاڕکردن، بۆهەناردەکردنی نەوت، لەبەردەم پەرلەمانی کوردستانیشدا ئەم پرسە بە نا شەفافی و لەبەردەم ڕایگشتی بە نا شەفافی ماوەتەوە.
بۆیە عادل عهبدولمەهدی میانەڕەوترین سەرکردە سیاسییەکانە بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان، لەهەموویان میانەڕەوترە، وەتێگەیشتنی هەیە بۆ کێشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەلەلایەکی تریشەوە زەختێکی زۆری لەسەره، چونکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئۆپۆزسیۆنێکی گەورە هەیە کە گوشارەکانی خۆی لەسەر عادل عهبدولمەهدی چردەکاتەوە.
بێ لەوەی کە گوشارێکی جەماوەری هەیە لە هەرێمی بەسرەو ناوچەکانیتر، بۆیە هەرێمی کوردستان هیج پاساوێکی نەماوەتەوە بۆئەوەی کە ئەم دووسەو پەنجا بەرمیلە ڕادەست نهکات، ئەگەرخەمی موچەو بژێوی هاوڵاتیانو ئیستیقراری ئەمنی و گەشەپێدانی ئابوری هەیە، بێ سێ و دوو، دەبێت حکومەتی هەرێم ئەم نەوتە ڕادەست بکات، بۆئەوەی لایەنی کەم بەغداد موچەی فەرمانبەرانیش بنێرێ ئەوە بۆخۆی دەستکەوتە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆحکومەتی هەرێمیش.

دیبلۆماتیك: سەرۆکی فراکیسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت حکومەتی هەرێم دەتوانێ بەبێ پارەی بەغداد موچەی فەرمانبەران دابین بکات، ئەم قسەیەی لەچییەوە سەرچاوە دەگرێت؟
ئەبوبەکرهەڵەدنی: منیش هەمان قەناعەتم هەیە، چونکە ئەم کێشە ئابورییەی ئێستا بەشێکی دروستکراوە، دەسەڵات بۆیە قەیرانێکی وای دروستکردوە بۆئەوەی هاوڵاتی خواستی شەفافیەتو عەدالەتی کۆمەڵایەتی، دیموکراسیو ئازادیو ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتو ئەو خەونانەی نەمێنێو وەبەکرداریش ئێستاکە دۆخەکە لە ئاستێکدایە هاوڵاتو ئەوەندە نائومێدە تەنها داوای موچەی خۆی دەکاتو وازی لەهەموو ئەو پرسە سهرەکیانەی خۆی هێناوە.

تایبەت بە ئازایو کەرامەتی خۆیو دیموکراسیو وەسەروەری یاسا، من پێموایە بەشە داهاتی ناوخۆ کە زۆرە وە لەگەڵ ئەو بەشەی لە حکومەتی هەرێم نەوت ئەفرۆشێ چونکە حکومەتی هەرێم نزیکەی ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوت مانگانە ڕادەستی دەرەوە دەکات، کەواتە بەو بڕەنەوتەی کە دەیفرۆشێت و بەداهاتی ناوخۆو گومرگەکانیش دەتوانێ موچەی هاولاتیان لەکاتی خۆیدا بدات.
بەڵام بەداخەوە ئەم پارەو داهاتە زۆر دەڕوات بۆگیرفانی حیزب، بۆ مافیاکانی گەندەڵی، بۆ ئەو هەموو دامودەزگا زەبەلاحەی حیزب بۆکڕینی ئینتیما، كه ڕۆژانه سەنگەر گواستنەوە هەیە، مرۆڤ کڕین هەیە، ڕۆژنامەنوس کڕین هەیە، مەلا کڕین هەیە، هەموو تووێژەکانی کۆمەڵگا لەبەردەم کڕینی ئینتیماو ویژدانیاندان بۆئەوەی ئەم حیزبە دەسەلاتدارانە لەکورسییەکانیان بمێنیەوە.
،،
وهك و چهندایهتی، ئۆپۆزسیۆن لهپهرلهمانی كوردستان لاوازدهبێت بۆ ئهم خولهی كوردستان، بهڵام پێویسته سهرجهم پهرلهمانتارانی نێو حكومهت و دهرهوهی حكومهت چاودێری كارهكانی حكومهتبن و لهبهرژهوهندی چهوتی و ههڵهكانی حكومهت بێدهنگ نهبن.
دیبلۆماتیك: حکومەتی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم داوای یاسایی لەسەر تورکیا تۆمارکرد بەو هۆکارەی کە تورکیا ٢٦ ملیار دۆلار قەرزاری عێراقە، ئایە ئەم دۆسیەیه پەیوەندی دەبێت بەحکومەتی هەرێم؟
ئەبوبەکر هەڵەدنی: بەدڵنیاییەوە کاریگەری دەبێت، چونکە ئەگەر حکومەتی عێراق ئەم دۆسیە بباتەوە، ئەوکاتە هەرێمی کوردستانیش تێوە دەگلێت، چونکە سودمەندی سەرەکی لەپڕۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان ولاتی تورکیا بووە چ لەوەی کە بەخاکەکەیدا نەوت تێدەپەڕێت.
چ لەوەی کە بەشێکی وزە بۆ وڵاتەکەی دابیندەکات، جگه لەو ئپارانەی کە لەبانقەکانی تورکیادا دائەنرێت، بۆیە بەدڵنیایەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان تێوه ئەگلێ ئەگەر ئەم دۆسیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ببرێتەوە.

دیبلۆماتیك: دەگوترێ لەم کابینەیە ئۆپۆزیسیۆن زۆر لاواز دەبێت، چونکە لەڕووی کورسی پەڕلەمانەوە ڕێژەیەکی کەمیان هەیەو لەناو خۆشیاندا کاری پێکەوەییان نییە، ئایە تاچەند ئەم قسەیە ڕاستە؟
ئەبوبەکرهەڵەدنی: بەڵی لەڕووی چەندایەتییەوە ڕاستە، لەڕووی ژمارەی کورسییەوە بە هەرچوار لایەنەکەی ئۆپۆزیسیۆن "نەوەی نەوێ و یەکگرتوو و کۆمەڵ و شیوعی" دەکاتە ٢١ کورسی، دەکاتە یەک لەسەر پێنجی کورسییەکانی پەڕلەمان، کەواتە لەڕووی چەندایەتییەوە ژمارەی ئۆپۆزیسیۆن کەمە کەبەداخەوە ئەبوایە پەڕلەمانتاری حیزبە دەسەڵاتدارەکانیش خودی موئەسەسەی پەڕلەمانیش ئەبێ ئۆپۆزیسیۆنی حکومەت بێ.

واتە ئەگەر هەموو حیزبەکان بەشداری حکومەت بکەن، دەبێت پەڕلەمانتار وەک چاودێرى دەسەڵاتی جێبەجێکردن بمێنێتەوە، بەڵام بەداخەوە هەرکاتێک کە حیزبێک دەچێتە دەسەڵاتەوە، پەڕلەمانتارەکانی دەبن بە جەماعەتی ئەشههدو بیلا، بەحەق و ناحەق بەرگری لە حکومەت و وەزیرەکانی خۆیان دەکەن، لەڕووی چەندایەتییەوە پێگەی ئۆپۆزیسیۆن لاوازە، ژمارەمان کەمە، وە لەڕووی چۆنایەتیشەوە ئەم ٢١ کورسییە تاوەکو ئێستا چوارچێوەیەکی کاری هاوبەشیان بۆ هاوکاریو هەماهەنگی پێکنەهێناوە.
بەداخەوە هەندێک عوقدەی ئایدۆلۆژیو حیزبی ههیه هەندێک شەڕی نەفسی ههیه، هیچ پاساوێک نییە بۆئەوەی کە ئەم لایەنانەی ئۆپۆزیسیۆن دوورە پەرێزبن، بۆیە واباشە لەم خولەدا ئۆپۆزیسیۆن لەچوارچێوەیەکدا ئیشبکەن لایەنی کەم هەماهەنگىو هاوکاری یەکدیبن، بۆئەوەی قەرەبووی چەندایەتییە کەمەکە بکەنەوە