ئایا حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران رێكبخاته‌وه‌؟

ئایا حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران رێكبخاته‌وه‌؟

352 خوێندراوەتەوە

عەبدولقادر ساڵح - ڕاوێژكاری یاسایی

له‌پاش هاتنه‌ سه‌ركاری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ دیاریكراوی له‌ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی كابینه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك بڕیار ده‌ركرا سه‌باره‌ت به‌ رێكخستنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران و ئه‌وه‌ش بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی لێره‌و له‌وێ لێدوانی جیاواز بدرێت له‌سه‌ر هه‌ندێك ئاست و ئاماژه‌ به‌وه‌كرا‌ كه‌ حكومه‌ت ناتوانێت ده‌وام زیاد بكات تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌داته‌وه‌ و مووچه‌ رێكده‌كاته‌وه‌.

 

،،

ده‌سه‌لات دراوه‌ به‌ ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێكردن تا هه‌ستێت به‌ رێكخستنی كاته‌كانی ده‌وامی ئاسایی وه‌زیفی، كه‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌حكامی مادده‌ی (56) له‌ یاسای راژه‌ی شارستانی ژماره‌ (24)ی ساڵی 1960 یاسادانه‌ر به‌ دیاری كردنی لای ژووری سه‌عاته‌كانی كاركردنی فه‌رمانبه‌ران هه‌ڵده‌ستێت.

 

  لێره‌دا له‌روانگه‌ی یاساییه‌وه‌ چه‌ند سه‌رنجێك تۆمار ده‌كه‌ین هیوادارم كه‌ وه‌ك بابه‌تێكی یاسایی(موچوع قانونی) وه‌ربگیرێت نه‌ك وه‌ك به‌رگری كردن له‌ حكومه‌ت چونكه‌ من له‌ پێگه‌ی به‌رگری كردن نیم له‌ حكومه‌ت و وه‌ك سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی دیكه‌ فه‌رمانبه‌رێكی ئاسایی ئه‌م هه‌رێمه‌م و هه‌مان موعانات و پێگه‌ی یاساییم هه‌یه‌ كه‌ هاوتاكانم هه‌یانه‌ :

یه‌كه‌م: به‌ گوێره‌ی ئه‌حكامی مادده‌ی (56) له‌ یاسای راژه‌ی شارستانی ژماره‌ (24)ی ساڵی 1960 یاسادانه‌ر دوای ئه‌وه‌ی هه‌ستاوه‌ به‌ دیاری كردنی لای ژووری سه‌عاته‌كانی كاركردنی فه‌رمانبه‌ران وه‌ك نیزامی گشتی (نظام العام).

 

 

 

  ئیتر ده‌سه‌لاتی داوه‌ به‌ ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێكردن تا له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ستێت به‌ رێكخستنی كاته‌كانی ده‌وامی ئاسایی وه‌زیفی به‌ گوێره‌ی سروشتی كاری هه‌ر وه‌زاره‌ت و داموده‌زگایه‌كی كه‌رتی گشتی به‌مه‌رجێك لای ژووری سه‌عاته‌كانی كاركردن تێ نه‌په‌ڕێنێ ، كه‌واته‌ یاساكه‌ رێگه‌ی نه‌داوه‌ به‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێكردنی سه‌عاتی ده‌وام زیاد بكات، به‌لام رێگه‌ی پێداوه‌ كه‌ رێكی بخاته‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و سروشتی كاری كه‌رته‌ گشتییه‌كه‌ ده‌یخوازێت.

دووه‌م: ئێمه‌ ده‌بێت جیاوازی بكه‌ین له‌ نێوان رێكخستنه‌وه‌ی ده‌وام و زیادكردنی ده‌وام ، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ سالانی رابردوو روویداوه‌ له‌ ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران له‌رووی كاته‌كانی ده‌وامكردنه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌وه‌ حاڵه‌تێكی كاتی و راگوزه‌ر بووه‌ و بینای كاری قانونی له‌سه‌ر ناكرێت و به‌ده‌ركردن بووه‌ (استپنا‌‌و) و رێگه‌ پێدراو نییه‌ وه‌ك ئه‌سڵ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل بكه‌ین.

 

 

 

  بۆیه‌ كاتێك كه‌ حكومه‌ت بریاری رێكخستنه‌وه‌ی كاته‌كانی ده‌وام ده‌دات و له‌و حاله‌تی به‌ده‌ركردنه‌ ده‌ری ده‌هێنێ مانای زیادكردنی كاته‌كانی ده‌وام نییه‌، به‌ڵكو گه‌رانه‌وه‌یه‌ بۆ حاله‌تی په‌یره‌وكردنی كاتی یاسایی ده‌وامكردن له‌ فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كاندا.

 

سێهه‌م: ده‌كرێت كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و به‌ڵكو واجبیشه‌ له‌سه‌ر شانی كه‌ قه‌ره‌بوی ئه‌و مافانه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ وهه‌ر شایسته‌ییه‌كی دیكه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌و ماوه‌ راگوزه‌ره‌ شایسته‌ی بوون به‌ڵام وه‌ریان نه‌گرتووه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا كارێكی مه‌حاله‌ فه‌رمانبه‌ران پابه‌ندبكه‌یت به‌ گێرانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ پێویست بووه‌ ده‌وام بكات و به‌هۆی باره‌ راگوزه‌ره‌كه‌وه‌ ده‌وامی نه‌كردووه‌.

 

،،

ئه‌ركی سه‌رشانی حكومه‌ته‌، هه‌نگاوی عه‌مه‌لی هه‌ڵبگریت بۆ دروستكردنی متمانه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران و گه‌ره‌نتی و دڵنیایی كرداره‌كی بدات به‌ فه‌رمانبه‌ران.

 

  كه‌ له‌و كاته‌شدا بڕێكی مووچه‌ی پێدراوه‌ ره‌نگه‌ بارته‌قای ئه‌و ماوه‌ كاركردنه‌ی بووبێت، بۆیه‌ باشتر وایه‌ زوو كۆتایی به‌م باری راگوزه‌ره‌ بهێنرێت و یه‌كلا بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاولاتیان باجی كه‌م ده‌وامی نه‌ده‌ن و چه‌ندین رۆژ هاتوچۆی فه‌رمانگه‌یه‌ك بكه‌ن به‌لام مامه‌ڵه‌كه‌یان رایی نه‌كرێت به‌ هۆی كه‌می ده‌وامكردنه‌وه‌.

 

چواره‌م: ئه‌ركی سه‌رشانی حكومه‌ته‌ گه‌ره‌نتی و دڵنیایی كرداره‌كی بدات به‌ فه‌رمانبه‌ران و هه‌نگاوی عه‌مه‌لی هه‌ڵبگریت بۆ دروستكردنی متمانه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران و بۆیان بسه‌لمێنێ كه‌ مافه‌كانی رابردوویان پارێزراوه‌ و له‌م بواره‌شدا هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵگبرێت و ته‌نها ‌ لێدوان و بریاری بێ گیان و بێ كردار نه‌بێت.

 

 

 

 

پێنجه‌م: ده‌بێت حكومه‌ت نیه‌تی باشی له‌ رووی كردارییه‌وه‌ په‌یره‌و بكات له‌ دانی مووچه‌، بۆ نمونه‌ كاتێك كه‌ بریاره‌ یه‌كه‌م رۆژی مووچه‌ له‌ (5)ی هه‌موو مانگیك ده‌ستپێبكات و كاتێك ئه‌و رۆژه‌ ده‌كه‌وێته‌ هه‌ینی یان شه‌ممه‌.

  با حكومه‌ت دانی مووچه‌ پێشبخات نه‌ك دوای بخات، به‌بروای من ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌وه‌ و له‌ كاتی پێدانی مووچه‌دا هه‌ر مانگه‌ و ته‌نها پێنج رۆژ دانی مووچه‌ی پێش بخستایه‌ ئه‌وا ئێستا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئه‌وه‌نده‌ دوانه‌ده‌كه‌وت ، واته‌ ده‌بێت حكومه‌ت به‌ كرداری متمانه‌كه‌ دروست بكاته‌وه‌.

 

 

 

 

شه‌شه‌م: بیرمان نه‌چێت كه‌ په‌یوه‌ندی وه‌زیفی نێوان فه‌رمانبه‌ر و حكومه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌نزیمیه‌ نه‌ك گرێبه‌ستی (عقدی) و پابه‌ندبوونی فه‌رمانبه‌ر رانه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ر ، به‌و مانایه‌ی كه‌ ناكرێت كه‌ وه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كی گرێبه‌ستی مامه‌ڵه‌ بكرێت و بگوترێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ تۆ ناتوانیت مووچه‌ له‌ كاتی خۆیدا بده‌یت كه‌واته‌ منیش به‌ ویستی خۆم ده‌وام ده‌كه‌م.

 چونكه‌ زۆر ئاساییه‌ سبه‌ی له‌ په‌رله‌مان به‌ یاسایه‌ك مووچه‌ كه‌م بكرێته‌وه‌ یان هه‌ندێك ده‌رماله‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ ده‌سه‌لاتی ته‌قدیری حكومه‌ت خه‌رجكراوه‌ رابگیریت و نه‌درێت، كه‌ له‌م كاته‌دا فه‌رمانبه‌ر ناتوانێت له‌رووی یاساییه‌وه‌ هیچ كارێك بكات.

 

 

 

 

له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و خاڵانه‌ی لای سه‌ره‌وه‌ ، به‌بروای ئێمه‌ حكومه‌ت ده‌توانێت كاته‌كانی ده‌وام كردن رێكبخاته‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌ش له‌م باره‌یه‌وه‌ بكات، چونكه‌ حكومه‌ت له‌م هه‌نگاوه‌یدا ده‌وام رێكده‌خاته‌وه‌ له‌ بارێكی نائاسایی بۆ بارێكی ئاسایی و یاسایی كه‌ ئه‌وه‌ش واجبی سه‌رشانیه‌تی ، هه‌روه‌ها پێویستیشه‌ له‌سه‌ر شانی حكومه‌ت به‌ كردرای نیه‌ت باشی خۆی بۆ فه‌رمانبه‌ران بسه‌لمێنێ و متمانه‌كه‌ بگه‌رێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نیوان فه‌رمانبه‌ر و حكومه‌ت

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك