خێزانی كۆمەڵگەی كوردی لە دیدی نەوشیروان مستەفاوە

خێزانی كۆمەڵگەی كوردی لە دیدی نەوشیروان مستەفاوە

634 خوێندراوەتەوە

لە دیدارێكی دوورو درێژدا كە بیست ساڵ لەمەوبەر سەبارەت بە كێشەكانی ژنان لەگەڵیدا ساز دراوە، لەبەشێكی دیدارەكەدا نەوشیروان مستەفا، سەبارەت بە خێزان لە كۆمەڵگەی كوردیدا دەدوێت‌و باسلەوە دەكات كە زۆرینەی خێزانەكانی كۆمەڵگەی كوردی بێ كێشەن‌و ژیانێكی بەختیارو كامەران دەگوزەرێنن.

 

،،

خێزانەكانی ئەم كۆمەڵگەیە زۆربەیان بێ كێشەن‌و ژیانێكی بەختیار ئەبەنە سەر، من بڕوام وایە لە 80%ی خێزانەكانی ئێمە لەناو خۆیاندا تەباو ڕێكن لەسەر شتەكان‌و بە ڕا و پرسی یەكتر كار ئەكەن، لەیەكتر گەشتوون‌و یەكتریان خۆشئەوێ.

 

دیدارەكەی نەوشیروان مستەفا بەشێكە لە پرۆژەی كتێبێك كە بەناوی " كێشەی ئافرەتان‌و بزوتنەوەی ژنان لە نێوان وەهم‌و واقیعدا" بڵاو كراوەتەوەو كۆمەڵێك كەسایەتی سیاسی‌و ڕۆشنبیری ناسراوی تریش لەسەر هەمان پرس‌و تەوەر گفتوگۆیان لەگەڵدا كراوە.

نەوشیروان مستەفا لەو گفتوگۆیەدا دەڵێت:" من بڕواموایە لە 80%ی خێزانەكانی ئێمە لەناو خۆیاندا تەباو ڕێكن لەسەر شتەكان‌و بە ڕا و پرسی یەكتر كار ئەكەن، لەیەكتر گەشتوون‌و یەكتریان خۆشئەوێ".

لەپاش خستەڕووی ئەو بۆچوونە، ئامادەكاری گفتوگۆكە دەڵێت: زۆر خێزانم دیوە بەو شێوەیە نین كە تۆ باستكرد؟

 

نەوشیروان مستەفاش بەمجۆرە وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت:" ڕەنگە تەنها خێزانی ئێوەو چەند خێزانێكیتر وابن، ئەگینا خێزانەكانی ئەم كۆمەڵگەیە زۆربەیان بێ كێشەن‌و ژیانێكی بەختیار ئەبەنە سەر، من خۆم سەردانی هەر خێزانێكم كردبێت بێ موشكیلە بوون".

 

 

 

دیسان ڕۆژنامەنووسەكە دەڵێت:" ئەوانەی كە خۆشبەخت‌و بەختیار هاتوونەتە بەرچاوت لە ڕاستیدا وا نین‌و لە دادگاكان كێشەكانی خێزان زۆرن".

نەوشیروان مستەفاش دەڵێت:" ڕێژەی تەڵاق زۆر نییە، بە بەراوردی هەلومەرجی گوزەران كە زۆر خراپە، زۆربەی هۆی جیابوونەوە ئەگەڕێتەوە بۆ خراپی دۆخی ئابوری".

ئامادەكاری گفتوگۆكە ئەوە بە نەوشیروان مستەفا دەڵێت: كە ئەو بە یەكەوە ژیانەی خێزانی كوردی لەسەر بناغەی ویست‌و خۆشەویستی دروست نەبووەو نییە، بەڵكو ناچارییە، زۆربەی خێزانەكان لەیەك بێزارن.

 

 

 

نەوشیروان مستەفا: تۆ بەس ئەو ماڵانە ئەگەڕێیت كە كێشەو گرفتیان هەیە، من سەدان ماڵ چووم‌و زۆر ئاسوودە بوون.

ئامادەكار: من تەسەور ئەكەم ئەو ماڵانەی بەڕێزت سەردانت كردوون، زیاتر ڕووكەش بووە، ئەگینا لە ڕاستیداو بە كردەوە وانین؟

نەوشیروان مستەفا: بۆچی ڕووكەشە ژن‌و پیاوێك پێكەوە ئەژین‌و منداڵیان هەیەو پەروەردەی ئەكەن، هاوكاری یەكتر ئەكەن لە ئیش‌و كاریاندا، سەردانی ماڵان ئەكەن‌و سەیران‌و سەفەر پێكەوە ئەكەن، ئیتر بۆ ڕووكەشە؟

 

 

 

ئامادەكار: لەگەڵ ئەمانەشدا قسەی ناشیرین‌و ڕەق بەیەكتری ئەڵێن‌و شەڕو ئاژاوەیان دەبێت؟

نەوشیروان مستەفا: ئەو ڕەفتارانەش بەشێكن لە ژیانی ئینسان، هەروەك چۆن پێكەنین بەشێكە لە ژیان، گریانیش بەشێكە لە ژیان، لە هەموو دونیا كێشەی خێزان هەیە، لای خۆشمان ئەم كێشەیە هەیە، بەڵام زۆر كەمە.

ئامادەكار: ترس لە جیابوونەوەو تانەو تەشەرو مارەیی خێزانەكانی ئێمەیان بە یەكگرتوویی هێشتووەتەوە؟

 

 

 

نەوشیروان مسەفا: ئەوە ترسێكی باشە، ئەو ترسەیە كە خێزانی لە هەڵوەشان پاراستووەو بە یەكبوونی هێشتویەتییەوە.

ئامادەكار: ئەبێت ئەوە چ ژیان‌و گوزەرانێك بێت كە ترس ژن‌و پیاو و منداڵەكانیان لە دیواری ماڵێكداو لە ژێر یەك سەقفدا كۆبكاتەوە كە هەمیشە لە سەنگەردا بن بۆ یەكتر، ژیانێك ترس‌و بێ ئارامی زاڵبێت بەسەریدا هەر نەبێت باشترە.

نەوشیروان مستەفا: ئەو فیكرو تێڕوانینەی كە تۆ باسی لێوە دەكەیت دیفاعكردنە لە بەرەڵایی‌و هەڵوەشاندنەوەی خێزان.

 

 

 

ئامادەكار: من نازانم بۆچی لەم كۆمەڵگایانەدا ئازادی بە بەرەڵایی ناو ئەبرێت؟

نەوشیروان مستەفا: مەبەستت لە ئازادی چییە؟

ئامادەكار: لە سادەترین پێناسەیدا هەرشتێك لەگەڵ ویست‌و هۆشیاری‌و ئارەزووی ئینسانانەی مندا هاتەوەو زیانی بۆ تۆو كەسانی تر نەبوو بیكەم ئەوە ئازادییە.

 

 

 نەوشیروان مستەفا: فیعلەن ئەوە فەسادییە.

ئامادەكار: بۆچی فەسادییە، بەكام بەڵگە؟

نەوشیروان مستەفا: بۆ نموونە تۆ ئەتوانی حەشیش بكێشی، زەرەری بۆمن نییە، بەڵام زەرەر بە كۆمەڵ دەگەیەنێت، هەروەها كەسێك هەتیو بازی ئەكات زەرەری بۆ من‌و تۆ نییە، بەڵام بۆ كۆمەڵ خراپە.