گۆڕان، ئەو بزووتنەوە جەماوەرییەى چوونە دەسەڵات، پارچە پارچەى کرد

لە بەدیلى دەسەڵاتەوە بۆ وەرگرتنى چەند پۆست و پلەیەک

گۆڕان، ئەو بزووتنەوە جەماوەرییەى چوونە دەسەڵات، پارچە پارچەى کرد

466 خوێندراوەتەوە

 

هەوادارانى گۆران، ناتوانن چاو دابخەن لە ئاست ئەو راستییەى کە ئاستى بزووتنەوەکەیان لە بەدیلى دەسەڵاتەوە دابەزیوە بۆ بەشدارى لەحکومەت و وەرگرتنى چەند پۆست و پلەیەکى حوکمى.

 

هەرچەندە لەسەرەتاوە، گۆڕان وەک بزووتنەوەیەکى جەماوەری و دەنگى شەقام خۆى نمایش کرد، بەڵام لەگەڵ بەرز کردنەوەى دروشمى "بەرەو دەسەڵات" وەک زۆرێک لە حزبە تەقلیدییەکانى دیکە پۆست و پلە پارچە پارچەى کرد و توشى نەزیفى داخلى کرد.

 

،،

دروشمەکەى نەوشیروان موستەفا کە بەرەو دەسەڵات بوو، گۆڕانى وێران کرد.!

 

بەرەو دەسەڵات

چوار ساڵى یەکەمى بزووتنەوەکە دژایەتى گەندەڵى و رووبەروو بوونەوەى یەکێتى و پارتى بوو، بەمەش توانى سوود لەو فەراغە سیاسییە وەر بگرێت کە لە کۆمەڵگەى کوردیدا هەبوو، هەربۆیە لەماوەیەکى کەمدا بوویە حزبێکى جەماوەرى بەهێزو کاریگەر.

بەڵام لەسەرەتاى چوار ساڵى دووەمیدا، نەوشیروان موستەفا پێى وابوو کە ناتوانن بەردەوامى بە ئۆپۆزیسۆن بوون بدەن، چونکە خەڵك چاوەڕێی چوونە دەسەڵاتیان لێ دەکات و نایانەوێت گۆڕان هەر ئۆپۆزیسیۆن بێت.

 

بەڵام ئەم گوتارە بوو بە بەڵایەک و تاکو ئەمرۆش لەکۆڵ گۆڕان نابێتەوە، چونکە بوو بە هۆى ئەوەى دواى چوونە حکومەت و رێکەوتنى بزووتنەوەکە لەگەڵ پارتى (لەسەردەمى نەوشیروان موستەفا) ئیدى هەم لەروانگەى هاوڵاتیانەوە خوێندنەوەى دیکە بۆ گۆڕان کرا،هەم لەنێو بزووتنەوەکەش کەسانێک پشتیان لە نەوشیروان موستەفا کرد کە گەشتن بەدەسەڵات.

ئەمرۆ گۆڕان کە جارێکى دیکە بەشدارى حکومەت دەکاتەوە، درێژاکراوەى هەمان سیاسەتى پێشویەتى و بەرەو دەسەڵات چووە، بەڵام تا دێت بزووتنەوەکە پارچەى دیکەى لێ دەبێتەوە و لەگەڵ هەر هەنگاوێ بەرەو حکومەت کەسێک یان زیاتر بەهۆى نیگەرانی یاخود بێ بەش بوونیان لە پشکەکانى حکومەت وازدەهێنن.

 

تەنانەت کار گەشتووەتە ئەوەى کە لە ئێستادا لەبرى تەنها یەک گۆڕان، چەند گروپێکى دیکەش لەناوەوەو دەرەوەى هەرێم خۆیان بە گۆڕانى راستى بزانن و داواى گەرانەوەى گۆڕان دەکەن بۆ سەر رێچکەکە راستەکەى، کە هۆکارە سەرەکییەکەش چوونە دەسەڵاتى بزووتنەوەکە بوو.

 

،،

هەندێ بە وەرگرتنى پۆست و پلە نەوشیروان موستەفایان بەجێ هێشت.

 

 

کێشەکە لەچیدایە؟

لەرووى سیاسییەوە، بابەتێکى ئێجگار تەندرووستە کە پارتى سیاسی وەک چۆن ئۆپۆزیسیۆن دەبێت، دەتوانێ لە دەسەڵاتیش بەشدار بێت، چۆن لەسەر شەقام خزمەتى هاوڵاتى دەکات و دەنگى دەگەیەنێتە دەسەڵات، کاتێک لەدەسەڵاتیشە، دەبێت دەنگى راستەقینەى هەمان هاوڵاتى بێت.

بەڵام کێشەى گۆڕان وەک بزووتنەوەیەکى جەماوەى ئەوەبوو گوتارەکانى سەرەتاى کە دژى زۆرێک لە گروپ و پارتە سیاسییەکانى هەرێم دەوەستایەوە و حەقیقەتى تەنها لە گردەکەوە دەبینى، کاتێک رۆشتە دەسەڵات و لەیەکێتى و پارتى نزیک بوویەوە هەموو تیرەکان رووبەرووى خۆى کرانەوە.

بۆ نموونە، وا باس دەکرێت رێکەوتنى دەباشان و نزیکبوونەوەى گۆڕان و یەکێتى،  بە ئاسانى بۆ دەنگدەر و هەوادارى بزووتنەوەکە هەزم نەکرا و بەمەش بوو بە یەکەم پێخزانى گۆڕان لەرووى جەماوەرییەوە لە سلێمانى.

 

هەروەها گەڕانەوەی هەندێک لە کەسە دیارەکانى گۆڕان بۆ ناو یەکێتى و وازهێنانیان لە بزووتنەکە دواى وەرگرتنى پۆست و پلە، نیگەرانى زۆرى هەوادارانى بەدواى خۆیدا هێنا.

 

چەند خێرا هات، هێندەش خێرا رۆشت

بزووتنەوەى گۆڕان، زۆر بەخێرایی ساڵى ٢٠٠٩ توانى دەنگى شەقام بە ئاراستەى خۆى کۆنترۆڵ بکات، چونکە لەیەکەم بەشدارى کردنى لە هەڵبژاردن بووە خاوەنى ٢٥ کورسى پەرلەمانى، ( بەراى هەندێ لە گۆڕانخوازان بزووتنەوەکە زیاد لەوەش کورسى هێناوە).

وەک چۆن لاى هەندێ چاوەڕوان کراو نەبوو گۆڕان ئەو سوپرایزە سیاسییە بێت بۆ یەکێتى و پارتى، چونکە دەوترێت مام جەلال گوتویەتى: گۆڕان مەترسى نییە بۆ حزبەکەى و لە ٥ تا ٦ کورسى تێپەر ناکات.

،،

گۆڕان نەک نەیتوانى بەرگرى بکات لە جەماوەرى بوونى خۆى، نزیکە ئەمرۆ نەتوانێ وەک حزبێکى ئاسایی رێ بگرێت لەو نەزیفە داخلییەى توشى بووە.

 بەهەمانشێوەش چاوەڕوان کراو نەبوو وا بەخێرایی لەبرى گەورە بوون و جێگرەى دەسەڵات بەرەو لێکترازان و بچووکبوونەوە بروات.

دەتوانین بڵێن گردى زەرگەتە نەک نەیتوانى پارێزگارى لە گۆڕان بکات وەک بزووتنەوەیەکى جەماوەرى تەنانەت ئەمرۆ نەیتوانیوە وەک حزبێکى سیاسیش بەرگرى لەخۆى بکات و لەرێگەى سەرکردەیەک و هەندێ لە دیسپلینە حزبییەکانەوە رێ بگرێت لەو نەزیفە داخلییەى کە توشى بووە.

 

پێدەچێت ئەم نەزیفەى کە توشى گۆڕان بووە بەردەوام بێت، چونکە زۆرێک لە نارازییەکانى گۆڕان ئەوە دەڵێن: کە گردەکە تەنها دوو تاقمى لێ ماوە، یەکەم ئەوانەن کە پۆست و پلەیان وەرگرتووە، دووەمیش ئەوانەن کە بە سى ڤییەکانیانەوە چاوەڕوانن شتێکیان بەر بکەوێت، لەحاڵەتى پێنەدانی پۆستیش بە تاقمى دووەم پێ دەچێت ئەوانیش گردەکە بەجێ بێهڵێن و برۆن..

 

ئیدى ئەو هەموو دروشم و بنەمایانەى کە گۆڕانى لەسەر دامەزرا لەسەرەتاوە، وەک پرسیارێک هەمیشە رووبەرووى سەرکردەکانى ئێستاو رابردووى بزووتنەوەکە دەکرێنەوە. 

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان