ناوچەی ئارام و دابڕانی رۆژئاوا و باشوور

ناوچەی ئارام و دابڕانی رۆژئاوا و باشوور

742 خوێندراوەتەوە

پرسی دروستكردنی ناوچەی ئارام بەدرێژایی رۆژئاوای كوردستان نوێ‌ نییە، بەڵام پێدەچێت بەهۆی چەند بارودۆخێكی نوێی ناوخۆو دەرەوە، توركیا سەر لەنوێ‌ ئەو پرسەی زیندوو كردۆتەوەو ئێستا گوشاری زۆر دەكات بۆ جێبەجێكردنی. هێشتا دیار نییە ئەمریكا چەندە دێتە ژێرباری جێبەجێكردنی ئەو پلانەی توركیا یان مەرجی ئەمریكا بۆ جێبەجێكردنی بەشێك لەداخوازییەكانی توركیا چییە.

 

،،

لەوانەیە ئەردۆغان بەدوای سەركەوتنێكی دیكەدا بگەڕێت بۆ داپۆشینی ئەو شكستانەی روبەرووی بۆتەوە، دەیەوێت بەوروژاندنی پرسی دابینكردنی ناوچەی ئارام بەدرێژایی سنوری رۆژئاوا بەشێك لەو شكستە قەرەبوو بكاتەوە.

 

 
لێكدانەوەی زۆر بۆ ئەو گوشارە نوێیەی توركیا دەكرێت. لەسەر ئاستی ناوخۆ پرسی دۆڕاندنی ئەردۆغان لەهەڵبژاردنەكانی ئەستەمبۆل شكستێكی گەورەبوو، كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر ناو ناوبانگی ئەو حزبە، هاوكات دەنگۆی ئەگەری جیابونەوەی بەشێك لەسەركردایەتی حزبی دادو گەشەپێدان دیسان كاریگەری و فشاری زۆری لەسەر ئەردۆغان دروستكردووە. لەوانەیە ئەردۆغان بەدوای سەركەوتنێكی دیكەدا بگەڕێت بۆ داپۆشینی ئەو شكستانەی روبەرووی بۆتەوە، دەیەوێت بەوروژاندنی پرسی دابینكردنی ناوچەی ئارام بەدرێژایی سنوری رۆژئاوا بەشێك لەو شكستە قەرەبوو بكاتەوە.

 

 
لێكدانەوەیەكی دیكە هەیە كە ئەردۆغان دەیەوێت لەبەرامبەر دەستهەڵگرتن یان پاشەكشێ‌ لەپرسی دروستكردنی ناوچەی ئارام، پرسی پەیوەندی لەگەڵ روسیا وكڕینی موشەكی ئیس 400 و سزاكانی ئەمریكا لەسەر توركیا چارەسەر بكات و ئالوگۆڕێك بكات، یان وابكات پرسی پەیوەندی لەگەڵ روسیا بكاتە ئەمری واقع و كاریگەری لەسەر پەیوەندی توركیاو ئەمریكاو توركیاو ناتۆ نەبێت.

 

  

 
لەوەدەچێت ئەمجارە توركیا گوشارەكانی زۆر زیاتر كردبێت، پەیەدە بەشێوەیەكی گشتیی بەوە رازیبوە كە ناوچەی ئارام دروست بكرێت، بەڵام وردەكارییەكەی ئاڵۆزەو ناكۆكی زۆری لەسەر هەیە.

 

پەیەدە رازی بووە ناوچەكە بەقوڵایی تەنها 5 كیلۆمەتر دروستبكرێت و ئەو هێزەی ئەو ناوچانە دەپارێزن هێزی نێودەوڵەتی بێت و لەنێو ئەو هێزەدا سەربازی توركیش هەبێت. ئەمریكیەكانیش رازیبون ناوچەیەكی ئارام دروستبكرێت بەڵام بێگومان مەرجیان هەیە، كە رەنگە كاتی زۆری بوێت بۆ رێككەوتن.

 

،،

 رەنگە بۆ ئەمریكا ئاسان نەبێت بێتە ژێرباری هەموو داخوازییەكی توركیا، یان رەنگە ئەمریكا بیەوێت لەبەرامبەر رەزامەندبوون بەداخوازییەكانی توركیا، ئالوگۆڕێك لەگەڵ توركیادا بكات و توركیا لەبەرەی روسیا دوربخاتەوە.

 

 
پرسی ئاڵۆز لەمەسەلەی دابینكردنی ناوچەی ئارام، ئیدارەدانی ئەو ناوچانەیە كە ناوچەی ئارام دەیانگرێتەوە، چونكە بەپێی ئەو دەنگوباسانەی بڵاودەكرێنەوە، زۆربەی شارەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكەونە بەر هێڵی ناوچەی ئارام، ئەمەش یەكێكە لەئاڵۆزییەكانی روبەرووی پەیەدەو رۆژهەڵاتی فورات دەبێتەوە.

 رەنگە بۆ ئەمریكا ئاسان نەبێت بێتە ژێرباری هەموو داخوازییەكی توركیا، یان رەنگە ئەمریكا بیەوێت لەبەرامبەر رەزامەندبوون بەداخوازییەكانی توركیا، ئالوگۆڕێك لەگەڵ توركیادا بكات و توركیا لەبەرەی روسیا دوربخاتەوە، ئەمەش بۆ ئەمریكاو توركیا لەم كاتەدا ئاسان نییە.

 

 

 
ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، دروستكردنی ئەو ناوچەی ئارامەی باسدەكرێت پەیوەندییەكی ستراتیژیی بەباشوری كوردستانەوە هەیە. رەنگە توركیا بیەوێت رۆژئاوای كوردستان لەباشوری كوردستان داببڕێت و هاوكات لەڕێی ئەو ناوچە ئارامە دەروازەیەكی نوێ لەبری ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ عیراقدا بكاتەوە، ئەمەش واقعێكی نوێ‌ لەناوچەكە بەگشتیی دروستدەكات، كە لێكەوتەو كاریگەرییەكانی دەستبەجێ و زوو بەسەر باشوردا دەردەكەوێت.