کێشـەی ئێزیدییەکان لەگەڵ پارتی چییە؟

کێشـەی ئێزیدییەکان لەگەڵ پارتی چییە؟

275 خوێندراوەتەوە

 میللەتی کورد مێژوویەکی درێژی پڕ لە دەردو مەینەت و ناخۆشی هەیە، بەڵام هیچ کاتێک ئەو ناخۆشییە نەگەیشتۆتە ئاستی ئەو جینۆساید و کارەساتەی کەلەرۆژانی دوای ٣/٨/٢٠١٤ دا توشی کوردانی ئێزیدی بوو لەسەر دەستی تیرۆرستانی داعش، لەسەردەمی حکومڕانی کورد لەم هەرێمەدا.

 

،،

بەڵێ سوپای مالیکی وەک پایەیەکی لمین ڕووخا، بەڵام کەس تەسەوری نەدەکرد کە چەکدارانی پارتیش بەهەمان شێوە بڕووخێن و سەنگەرەکانیان جێبێڵن لە ژێر دەستی تیرۆرستانی داعشدا.

 

 ئەو رۆژە کە داعش شاری موسڵی داگیرکرد، بەو هەموو چەک و جبەخانەیەوە کە لە نوری مالیکی وەرگرت پارتی و یەکێتی، هەر کەس لە ناوچەی خۆیدا، میلیشیای خۆیان لەشەنگال و مەخمور و کەرکوک وجەلەولا دانا بۆ پاراستنی کوردستان. ئێزیدییەکان لە شنگال بێخەم پشتێنیان لێکردەوە، گوایە چەکدارانی پارتی سەنگەرەکانیان گرتووە.

 بەڵێ سوپای مالیکی وەک پایەیەکی لمین ڕووخا، بەڵام کەس تەسەوری نەدەکرد کە چەکدارانی پارتیش بەهەمان شێوە بڕووخێن و سەنگەرەکانیان جێبێڵن لە ژێر دەستی تیرۆرستانی داعشدا، لە کاتێکدا کە مەفرەزەیەکی چەکداری پەکەکە توانی بەرگری لە بەشێکی لێقەوماوانی ئێزیدی بکات و رزگاریان بکات لە تیرۆرستان و بیانبەنە قەد چیای شەنگال و دواتر بۆ جێگەی ئەمین.

 

 

 

  ئەمە روویداو هەمووکەس دەزانێ کە بەشێکی گەورەی بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی پارتی کە فەشەلی هێنا لە پاراستنی خوشک و برا ئێزیدییەکان . زێتر لەوەش، برایانی پارتی نە بە وشەیەک داوای لێبوردنیان لە ئێزیدیەکان کرد، نە یەک بەرپرسی سەربازیان سزادا، نە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بۆ خەڵکی ئەم هەرێمە بڵاوکردەوە، وەک بڵێیت هیچ ڕووی نەداوە !!

 بەمەش پارتی زەرەری زۆر گەورەی کرد، ئێزیدییەکانی لەخۆی ڕەنجاند. توانیویانە بە پوول و پارە چەند کەسێک ڕازی بکەن، بەڵام ناتوانن جەماوەری خەڵکی سادە ڕازی بکەن. من داوا لە برادەرانی پارتی ئەکەم کە واقیعبینانە و بەلۆژیکی بڕواننە کێشەو سکاڵای ئێزیدیەکان، لەو ڕاستییە حاڵیبن کە خودی پارتی خەتابارە بەرانبەریان، بەرپرسیارە لەو کارەساتە ترسناکەی بەسەریان هات.

 

 

 

  کارەساتی ٣/٨/٢٠١٤ وێنەی پارتی لای ئێزیدییەکان بەجۆرێ ناشیرین کرد کە زۆر زەحمەتە بۆ ئێزیدییەکان بیانخاتە ناو سنوری دەسەڵاتی خۆی و میری سەر بەپارتی بسەپێنێ بەسەریاندا. لەدوای دیاریکردنی حازم بە میری ئێزیدییەکان بڵاوکرایەوە کە کەسانی ناڕازی میرێکی تریان هەڵبژاردووەو قسە دەکرێ کە میری سێهەمیش هەڵبژێردرێ، شتی لەم چەشنە بە درێژایی مێژوویان لە نێو ئێزیدییەکاندا نەبووە، ئەمە مانای وایە دووبەرەکی و سێبەرەکی کەوتۆتە نێو ئێزیدییەکان، ئەمە رەنگدانەوەی ڕێڕەوی حیزبایەتی تەسکە لە نێو پارتی و یەکێتی و پەکەکەش.

 

،،

پارتی بیەوێت بەزۆر خۆی بسەپێنێ بەسەر ئێزیدییه‌كان ئەوا ئێزیدییەکان بەشبەش دەبن، بەشێک، کە زێتر چاوی لە پوول و پارەیە پارتی هەڵدەبژێرێ، چونکە پارتی پارەی زۆرە، بەشێکیتر دەچنە لای یەکێتی، بەشی سێهەم دەچنە لای پەکەکە. 

 

 هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەم وەزعە دەگەڕێتەوە بۆ فەشەلی سەربازی پارتی لە ٣/٨/٢٠١٤ دا ئەگەر ٣/٨ پارتی بیتوانیایە شەنگال بپارێزێ لە داعش ئێستە ئەو خەڵکە هەڵوێستێکی دیکەیان دەبوو، مادەم فەشەلی هێنا دەبێ باجی ئەو فەشەلەی بدا.

ئەگەر زۆرینەی ئێزیدییەکان رقیان لە پارتی بێت و پارتیش بیەوێت بەزۆر خۆی بسەپێنێ بەسەریاندا ئەوە ئێزیدییەکان بەشبەش دەبن، بەشێک، کە زێتر چاوی لە پوول و پارەیە پارتی هەڵدەبژێرێ، چونکە پارتی پارەی زۆرە، بەشێکیتر دەچنە لای یەکێتی، بەشی سێهەم دەچنە لای پەکەکە.

 

 

 

 بەشی چوارەم دەچنە لای ڕژێمی بەغداو، بەم چەشنە ئێزیدییەکان بەشبەشدەبن. ئاشکرایە کە ئەمەش زۆر زیانبەخشە چ بۆ خودی ئێزیدییەکان و چ بۆ هەرێم و گەلی کوردستان. پێشنیازێ لە منەوە بۆ چارەسەری وەزعی نێوخۆی ئێزیدییەکان هیچ گومانێ لەوەدانییە کە لە سەردەمی دێریندا بوونی میر بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی شتێکی پێویست بووە، چ وەک پاشایەک ئەو میرە هاتبێتە ئارا، چ وەک میرێ لە لایەن تاقمێ کەسایەتی ئایینی و دنیاییەوە هەڵبژێردرابێ.

 هەڵبژاردنی گشتی وەک ئێستە لە هیچ وڵاتێ نەبووە،. بەڵام، وەکو هەموان دەزانن، دنیا هەموو کاتێ لە گۆڕاندابووە، لە گۆڕانیشدا دەبێ، ئەمڕۆ ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە زانست و تەکنیک زۆر پێشکەوتووە ، جیهانی گڵۆباڵ و دەرچوونی مرۆڤ بۆ فەزای دەرەکی، ئەمڕۆ شێوازی حوکمڕانی لە بنەڕەتەوە جیایە لەهی دووهەزار ساڵ یان ٥٠٠ ساڵ پێشتر، لەباتی پاشاو دەسەڵاتی تاکە کەسی ئەوکاتە، ئێستە هەڵبژاردن و پەرلەمان و دەستوور هەیە.

 

 

 خوشک و برا ئێزیدییەکان کە لەهەرێمی کوردستاندا دەژین نابێ لە چوارچێوەی داب و نەریتی بەرلە هەزاران ساڵدا بمێننەوە، زۆر شتیان نوێ کردۆتەوەو گۆڕیویانە وەکو جل و بەرگ و خانووبەرەو ئامرازی هاتوو چۆ...هتد، میرەکەش با بمێنێ بەڵام وەکو جاران نەبێ، با پیاوانی ئایینی کۆببنەوە و میری خۆیان هەڵبژێرن تایبەت بە کاروباری ئایینی خۆیان.

 لە لایەکیتریشەوە کاتی ئەوەیە کەسەرجەم هاوڵاتیانی ئێزیدی لە ژن و پیاو مافی ڕوای خۆیانە کە وەکو هەموو گەلانی پێشکەوتوو، ئەنجومەنی بەڕێوەبەرێتی خۆیان هەڵبژێرن هەتا ئەو ئەنجومەنە کاروباری ئیدارییان بەڕوەببات.

 

 

 پاش ٢٨ساڵ لە حکومڕانی پارتی و یەکێتی لەم هەرێمەدا دیموکراسی هەر بەناو هەیەو بە ناوەڕۆک هێشتا سەوز نەبووە، پەرلەمان زادەی هەڵبژاردنێکی پڕ لە تەزویر و ساختەکارییە، جا ئەوە دەبێتە شەرەفێکی گەورە بۆ ئێزیدییەکان ئەگەر بتوانن نموونەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و خاوێن پێشکەش بکەن و داوا لە خەڵکیتر بکرێ چاویان لێبکەن.

  با حیزبەکانیش لەم چوارچێوەیەدا لیست و کێبڕکێی خۆیان هەبێ بە شارستانیانە. لە کۆتایی ئەم وتارەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە باشترین جێگە بۆ باس و تاووتوێی کێشەی نێوان پارتی و ئێزیدییەکان، هەروەها وەزعی ئەمڕۆی خوودی ئێزیدییەکان، هۆڵی پەرلەمانی هەرێمە: بەڵام ئەوی بۆ من پاڵپێوەنەر نەبوو ئەوەیە کە بەتایبەتی ئەم پەرلەمانەی ئێستا زادەی هەڵبژاردنێکی خاوێن و ئازاد نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، لەگەڵ ئەوەش کەس ناتوانێ بڵێ ئەو پەرلەمانتارانەی ئێستە پیاوی باشیان تێدانییە. جا ئەو باشانە هیچیان پێدەکرێ؟ با خۆیان وەڵام بدەنەوە.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك