حیزبەكەی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ كەی ڕادەگەیەنرێت؟

حیزبەكەی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ كەی ڕادەگەیەنرێت؟

1161 خوێندراوەتەوە

سیاسیەكی هێمن و كراوە، عەقڵێكێ ئابوری بەهێز و شارەزا و قاڵبوو لە دیبلۆماسیەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، لە توركیا بە مامۆستا ناوی دەهێنرێت، بەهۆی ئەوەی مامۆستای زانكۆبووە لە بەشی دیبلۆماسیەت و پەیوەندییە نیودەوڵەتییەكان و پەروەردەكاری بەشێكی زۆری سیاسییە گەنجەكانی ئێستای توركیایە، ئەو مامۆستایە ئەحمەد داو ئۆغلۆیە.

 

،،

ئەحمەد داود ئۆغلۆ بە هاوكاری عەلی باباجان و عەبدوڵا گویلی سەرۆككۆماری پێشووی توركیا كار بۆ دامەزراندنی پارتە نوێیەكەیان دەكەن،  كە لێدانێكی گورچك بڕدەبێت لە ئەردۆگان.

 

بەپێی ماڵپەری( ناوخۆی توركیا) ئێستا ئەحمەد داود ئۆغلۆ بە هاوكاری عەلی باباجان و عەبدوڵا گویلی سەرۆككۆماری پێشووی توركیا كار بۆ دامەزراندنی پارتە نوێیەكەیان دەكەن و لە ٧٠ پارێزگای توركیا بنكەی حیزبەكەیان دەكەنەوەو مانگی داهاتوو لە پەیامێكدا پارتە نوێیەكەی ڕادەگەیەنرێت كە لێدانێكی گورچك بڕدەبێت لە ئەردۆگان.

 دادو ئۆغڵۆ كێیە؟

ئەحمد داود ئۆغڵۆ لە ساڵی ١٩٥٩ لە پارێزگای قونیەی توركیا لە دایكبووە و بەكارلۆریۆس و ماجستێری لە پەیوەندییە گشتییەكاندا لە زانكۆی بوغازیتچی توركیا بەدەست هێناوەو بڕوانامەی دكتۆرای لە دیبلۆماسیەت و پەیوەندی نێودەوڵەتیدا بەدەست هێناوە.

 

 

 

 لە ساڵی ١٩٩٠ چووەتە مالیزیا و لەزانكۆی ئیسلامی مالیزیا بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی دامەزراندووەو تاساڵی ١٩٩٣ سەرۆك بەشی بووە، لە ساڵی ١٩٩٥ -١٩٩٩ گەڕاوەتەوە توركیا و مامۆستای زانكۆی مەرمەڕە بوەو لە ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی توركی گۆشەیەكی هەفتانەی هەبووە لەو ماویەدا ٢٠٠ وتاری سیاسی بڵاوكردووەتەوە.

 ژیانی سیاسی داود ئۆغڵۆ 

ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵۆ لە ساڵی ٢٠٠٣- ٢٠٠٩ لە وەزارەتی دەرەوەی توركیا كاریكردووەو ڕاوێژكار عەبدوڵا گویلی سەرۆككۆمار و ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆكوەزیرانی ئەوكات بووە، ساڵی ٢٠١١ وەك ئەندامی پەرلەمانی توركیا هەڵبژێردراوە، لە هەمان كاتدا ساڵی ٢٠٠٩- ٢٠١٤ وەزیری دەرەوەی توركیا بووەو ساڵی ٢٠١٤ وەك سەرۆكی پارتی دادوگەشەپێدان و سەرۆكوەزیرانی توركیا هەڵبژێردراوە، بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئەردۆگاندا ساڵی ٢٠١٦ دەستی لە كار كێشایەوە.

 

 

 

 حیزبە نوێیەكەی داود ئۆغڵۆ

ئەگەرچی مانگی نیسانی ڕابردوو داود ئۆغڵۆ ڕایگەیاند دروستكردنی پارتێكی نوێ كۆتابژاردەیە، بەڵام لەدوای شكستی ئەردۆگان و پارتی داد و گەشەپێدان لە هەردوو هەلبژاردنی شارەوانییەكانی ئەمساڵدا دروستكردنی حیزبێكی نوێ وەك جێگرەوەی پارتی دادوگەشەپێدان.

  بووە بە پرسی گەرمی توركیا، بەتایبەت دوای دەستلەكاركیشانەوەی عەلی باباجان و بەشێك لەسەر كردەكانی دادوگەشەپێدان لە مانگی ڕابردودا. بەپێی ڕاپۆرتەكەی پێگەی ( ناوخۆی توركیا) كەلە سەرزاری چەند سەرچاوەیەكی نزیكی داود ئۆغڵۆوە بڵاوی كردوەتەوە كە ئامادەكاری ڕاگەیاندنی پارتە نوێیەكە تەواو بووەو مانگی داهاتوو ڕادەگەیەنرێت.

 

 

 

 دیدی سیاسی پارتە نوێیەكە تەواو جیاواز دەبێت لە پارتی دادوگەشەپێدان و داود ئۆغڵۆ كاردەكات بۆ ئەوەی توركیا بكات بە یابانێكی نوێ و سەرنجی لەسەر گەشەپیدانی ئابوری توركیا دەبێت و سیستەمی سیاسی دەكاتەوە بە پەرلەمانی و خوشی لەكایەی حكومی بەدور دەبێت، تەنها سەرۆكایەتی پارتە نوێیەكەی دەكات.

 لەسەر ئاستی پەیوەندییە دەرەكییەكانیش ئەوگرژەیانەی هەیە نایان هێڵێت و پەیوەندیەكانی توركیا و ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی ئاسایی دەكاتەوە دەیەوێت توركیا لە سەرچاوەی كێشەكانی ناوچەكەوە بكات بەناوەندێكی بێلایەن و هێمن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەجۆرێك جێگای متمانەی هەموولایەك بێت.

 

،،

لە ڕێگای گەڵاڵە كردنی پڕۆژەی ئاشتییەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا، داود ئۆغڵۆ دەیەوێت لایەنگری و پشتیوانی كوردەكان بەدەست بهێنێت.

 

 پرۆژەكەی داود ئۆغڵۆ بۆ كورد چییە؟

لەسەر ئاستی كیشەی كوردیش داود ئۆغڵۆ دەیەوێت لایەنگری و پشتیوانی كوردەكان بەدەست بهێنێت لە ڕێگای گەڵاڵە كردنی پڕۆژەی ئاشتییەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا و كۆتایهێنان بەململانێ و شەڕ لەڕێگەی فراوانكردنی ئازادییەكان.

 و پێدانی مافی سیاسی و پەروەردەی و كلتوری بەكورد لە ڕووی پەیوەندییەكانی توركیا و باشوری كوردستانیشەوە هاتنەسەر دەسەڵاتی داود ئۆغڵۆ دەبێتە قۆناغێكی گرنگ چونكە ئەزموونی ٧ ساڵی داود ئۆغڵۆ لەوەزارەتی دەرەوەو سەرۆكوەزیرانی توركیا بە قۆناغی زێڕینی پەیوەندیەكانی توركیا و باشوری كوردستان دادەنرێت كە هۆكاری سەرەكی باشی پەیوەندییەكان خودی كەسایەتی داود ئۆغڵۆ بوو.

 

 

 

 ڕێگریەكانی بەردەم داود ئۆغڵۆ و پارتەكەی

ئەم پارتە نوێیە وەك لێدانێكی كوشندە و گورچك بڕە بۆ ئەردۆگان و پارتی داد و گەشەپێدان، بۆیە بەئاسانی ڕێگە بە بەكارخستن و دورخستنەوەیان نادەن و دەبنە ڕێگری لەبەردەم داود ئۆغڵۆ و پارتە نوێیەكەی و گرنگترین ئەو ڕیگریانە بریتین لە:

١- ڕەنگە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بەهۆی ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان زۆرینەی ناو پەرلەمانن پارتە نوێیەكەیان قەدەغەبكرێت.

٢- لەدوای كودەتاكەی ساڵی ٢٠١٦ ئەردۆگان بەتەواوی دەستی بەسەر سوپا و هێزەئەمنییەكان و دەسەڵاتی دادوەریدا گرتووە، بۆیە ئەستەمە لەم دۆخەی ئێستادا ئەگەر سوپا پشتیوانیان نەبێت، بتوانن بەڕەكە لەژێرپێی ئەردۆگان دەربهێنن

 

 

٣- لەسەر ئاستی ناوخۆش ئەردۆگان و پارتی دادو گەشەپێدان، داود ئۆغڵۆ و پارتەكەی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە دەستی دەرەكین بۆ گۆڕینی دەسەڵات و گەلەكۆمەكردن، دەیانەوێت توركیا بخەنەوە ژێر هەیمەنە و دەسەڵاتی ئەمەریكا و ئەوروپا، كەئەمەش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئاستی جەماوەرییان.

 لە هەموو ئەگەرەكاندا توركیا لەبەردەم گۆڕانكاری گەورەدایە لە شێوە و فۆرمی ئێستایدا نامێنێتەوە، بە شێوەیەكی بنەڕەتی دەگۆڕێت، چونكە لە یەكدا لەگەڵ ئەمەریكا و ئەوروپا و چین و سعودیە و ئیمارات و ئیسرائیل لە كێشەو ململانێی و جەنگێكی ڕانەگەیانراودایە و ئابوری توركیاش ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پوكانەوە و لاوازی دەچێت كە ئەم دوو هۆكارە دەبنە بنەما و هەوێنی گۆڕانكاری گرنگ لە توركیا.

 

author photo

لێكۆڵەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی