بۆچی قازی محمەد پارتی هەڵوەشاندەوە؟

ئەفسەرێك گومان لەسەر مێژوی دامەزراندنی پارتی دروست دەكات

بۆچی قازی محمەد پارتی هەڵوەشاندەوە؟

862 خوێندراوەتەوە


دلێر عەبدوڵڵا


ئەفەسەرێكی كۆماری مهاباد، گومان لەسەر مێژووی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دروست دەكات و جیاواز لەبارزانی و سەركردەكانی تری ئەو حزبە، باسی ئەو مێژووە دەكات، سەركردەیەكی پارتیش پێی وایە كە وتەی ئەو ئەفسەرە لەگەڵ واقعدا یەكناگرێتەوەو رەنگە هەڵەیەك لەقسەكانیدا هەبێت.

 
عەقید بەكر عەبدولكەریم حەوێزی، ئەفسەری پلە باڵا لەریزی سوپای كۆماری كوردستان لەمهاباد، جیاواز لەو گێڕانەوانەی كە هەیە باسی چۆنیەتی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق دەكات و رایەكی جیاوازی لەبارەی ئەو مێژوە هەیە، كە ئەوەش گومانی لەسەر ئەو مێژووە دروستكردووە كە لای پارتییەكان شانازی پێوەدەكرێت.

،،

پاش شۆڕشی بارزان و دامەزراندنی كۆماری مهابادو گۆرشانی زروفی سیاسی لەدونیاداو بەتایبەتی لەئێراندا، مەلا مستەفا بیری كردەوە كە جەماوەری كورد لەكوردستانی عێراقدا پێویستی بەپارتێكی سەربەخۆهەیە. لەبەرئەوە لەمانگی 2/1946 پارتی دیموكراتی كورد لەعێراقدا دروستبوو.

 
بەپێی زۆرێك لەسەرچاوە مێژوییەكان و بیرەوەری و گێڕانەوەی سەركردە دێرینەكانی پارتی، ئەمڕۆ 16ی ئاب ساڵرۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە. كە مستەفا بارزانی و چەند هاوڕێیەكی لەساڵی 1946 لەشاری مهاباد بریاری دامەزراندنی ئەو حزبەیاندا كە تا ئەمڕۆ لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێم بوونی هەیە.

 
بەكر حەوێزی كە یەكێك بووە لە ئەفسەرەكانی ریزی سوپای عێراق، لەپاش دامەزراندنی كۆماری كوردستان، عێراق بەجێدەهێڵێت و لەگەڵ بارزانییەكان پەیوەندی بە كۆمارەكەی قازی محەمەدەوە دەكات.

ناوبراو لەكتێبەكەیدا كە یاداشت و بیرەوەریەكانی خۆیەتی، لەبارەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەڵێت "پاش شۆڕشی بارزان و دامەزراندنی كۆماری مهابادو گۆرشانی زروفی سیاسی لەدونیاداو بەتایبەتی لەئێراندا، مەلا مستەفا بیری كردەوە كە جەماوەری كورد لەكوردستانی عێراقدا پێویستی بەپارتێكی سەربەخۆهەیە. لەبەرئەوە لەمانگی 2/1946 پارتی دیموكراتی كورد لەعێراقدا دروستبوو."

 
ئەگەرچی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و زۆرێك لەسەركردەكانی تری ئەو پارتە، تەئكید لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پارتی لە 16ی ئابدا دروستبووە، بەڵام بۆچوونەكەی بەكر حەوێزی گومانی لەسەر ئەو مێژووە دروستكردووە، كە رەنگە پارتی لەماوەی 73 ساڵی تەمەنیدا بەهەڵە یادی دامەزراندنی كردبێتەوە، لەوبارەوە فازیل بەشارەتی بەرپرسی لقی دوانزەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەدیپلۆماتیك مەگەزینی وت "من بۆخۆم كتێبەكەی عەقید بەكرم خوێندۆتەوە، بەحوكمی ئەوەی تەمەنم ئەوەندە نییە تا ئاگاداری ئەو مێژووە بم، بەڵام تا رادەیەكی زۆر بیروەری و یاداشتی زۆرێك لەسەركردەكانی ئەوكاتی پارتیم لایە، كە هەموویان تەئكید لەوە دەكەنەوە رۆژی دامەزراندنی پارتی، 16ی ئابە نەك بەروارو كاتێكی تر، بۆیە رەنگە هەڵەیەك لەكتێبەكەی بەكر حەوێزیدا هەبێت."

،،

 رەنگە مێژوی دامەزراندنی پارتی لە مانگی شوباتدا راستر بێت، چونكە دواترو پاش چەند مانێگی تر پارتی دامەزراوەتەوە، بەتایبەت پاش ئەوەی كە مەلا مستەفا هەمزە عەبدوڵڵای ناردەوە بۆ عێراق بۆ رێكسختنی كاروبارەكان لەوێ.

 
رەنگە باسێكی تر لەكتێبەكەی بەكر حەوێزی، گومانەكان لەسەر مێژووی دامەزراندنی پارتی زیاتر بكات، هەروەك ئەوەی دەڵێت "چەند رۆژێك دوای دامەزراندنی پارتی، مەلا مستەفا لەگەڵ قازی محەمەد كۆبوەوە، ئەنجامی كۆبونەوەكەیان هەروەك ئەوەی مەلا مستەفا ئاگاداری كردین بەم چەشنە بوو: پێشەوا داوای كردووە پارتی دیموكراتی كوردستان_عێراق كە لەمهاباد دامەزراوە، لەبەر چەند هۆیەك هەڵبوەشێنینەوە، لەوانە: دروستبونی گیروگرفت بۆ كۆماری ساوای مهاباد، هەروەها لەبونی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا پێویست بەبونی پارتییەكی تر ناكات، هەربۆیە مەلا مستەفا پێی وتین كە وا بە بەرژەوەند دەزانم كە پارتی هەڵبوەشێنینەوە، ئێمەی ئەندامانی پارتیش بەگشتی بیرورامان لەگەڵ مەلا مستەفادا كردبەیەك و لەسەر فەرمودەی پێشەوا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتیمانداو مۆرمان كرد."

 
بەو پێیە بێت، رەنگە مێژوی دامەزراندنی پارتی لە مانگی شوباتدا راستر بێت، چونكە دواترو پاش چەند مانێگی تر پارتی دامەزراوەتەوە، بەتایبەت پاش ئەوەی كە مەلا مستەفا هەمزە عەبدوڵڵای ناردەوە بۆ عێراق بۆ رێكسختنی كاروبارەكان لەوێ.


پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكەمین حزبی سیاسیە لە باشوری كوردستان و تاقە حزبێكیشە كە لەدەرەوەی باشوور دامەزراوە. لەسەرەتای دروستبونیەوە تا ئێستا، دوو كەس سەرۆكایەتی ئەو پارتەیان كردووە، یەكەمیان مەلا مستەفا بوەو دووهەمینیشیان مەسعود بارزانی كوڕی مەلا مستەفایە كە تا ئێستاش سەرۆكایەتی ئەو حزبە دەكات.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك