بڕیاردەری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی: هەموو رێكخستنەكانی یەكێتی لەگەڵ بەستنی كۆنگرەدان

یەكێتی سكرتێرێكی بێ دەسەڵات لە كۆنگرە دیاری دەكات

بڕیاردەری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی: هەموو رێكخستنەكانی یەكێتی لەگەڵ بەستنی كۆنگرەدان

558 خوێندراوەتەوە

هەوڵێكی نێوخۆی لەناو ڕێكخستنەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەیە، بە ئاڕاستەی دیاری كردنی ڕۆژی شەهیدانی یەكێتی (21ی11) وەك ڕۆژی بەستنی كۆنگرە، و بڕیاردەری ئەنجومەنی ناوەندی ئەو حزبەش دەڵێت:" لەدوای پشووەكانی جەژنەوە، ڕێكارەكان بۆ بەستنی كۆنگرە، بەهاوكاری تەواووی ڕێكخستنەكانی یەكێتی دەستپێدەكات".

 

،،

هه‌وڵێكی ناوخۆی له‌ناو ڕێكخسته‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌یه‌، بۆ گرێدانی كۆنگره‌ به‌زوترین كات و دیاری كردنی ڕۆژی شه‌هیدانی ئه‌و حزبه‌ له‌ 21ی مانگی 11ی ئه‌مساڵ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.

 

 دیپلۆماتیك مەگەزین، لەدرێژەی زنجیرە چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییە كوردییەكانی هەرێمی كوردستان، لەسەر هەوڵەكانیان بۆ بەستنی كۆنگرە و دیاری كرنی نەخشە ڕێگای كاركردنی چوار ساڵی ئایندەیان و بڕیاردان لەسەر كەسی یەكەمی حزبەكانیان، وتوێژی لەگەڵ لەتیف نیروەیی بڕیاردەری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كردووە.

 

 لەتیف نیروەیی بڕیاردەری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

 

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، هێشتا وادەی بەستنی كۆنگرەی بەتەواوی یەكلا نەكردۆتەوە و بڕیاردەری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش ڕایدەگەیەنێت:" هەوڵێكی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بە هەماهەنگی بەشێك لەڕێك خستنەكان هەیە، كە وادەی بەستنی كۆنگرە بخرێتە ڕۆژی شەهیدانی یەكێتی (21ی11) و كۆنگرە بۆ سەری ساڵی نوێ دوانەخرێت".

یەكێك لەو قۆناغە سەرەكییەكانی هەموو حزبێك لە كۆنگرەدا پیایدا گوزەردەكات، پرسی هەڵبژاردنی كەسی یەكەمی حزبەكانە، كە تا ئێستا بەشی هەرە زۆری لایەنە سیاسسییەكانی ناوچەكە و بەتایبەت هەرێمی كوردستان ئەزمونێكی باشیان لەگەڵ گۆڕانكاری لە كەسی یەكەمی حزبەكانیان نەبووە.

 

 

 

بەڵام ئەوەی یەكێتی نیشیمانی كوردستان لەلایەنەكانی دیكە جیادەكاتەوە مردنی سكرتێری گشتی حزبەكەیەتی (جلال تاڵەبانی) و تائێستاش نەیتوانیەوە كۆنگرەی ئاسایی خۆی ببەستێت و كەسێك بۆ ئەو پۆستە دیاری بكات.


لەبەرامبەر ئەم سەرنجانە، نیرەوەی ئاماژە بەپلانی وردی حزبەكەی دەكات بۆ چارەسەر كردن و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی كەدوای نەمانی كەسی یەكەمی حزبەكەیان دروست بووە و تائێستا نەیانتوانیوە پڕی بكەنەوە.

 

،،

ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی دوای پشووه‌كانی جه‌ژن، ڕێكاره‌كان بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌ی ده‌ستپێده‌كات و بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ش ڕه‌شنوسێك بۆ ناو كۆنگره‌ ئاماده‌كات.

 

"لەكۆنگرەدا كەسێك وەك سكرتێری یەكێتی هەڵدەبژێرین، بەڵام هیچ كات و بۆ هیچ كەسێك هەمان دەسەڵاتی سكرتێری پێشووی نابێت ، بەڵكو لەلایەن دەستەیەكەوە كەپێكدێت لەكەسە كاریگەرە سیاسییەكانی ناو حزبەكە، بڕیاری یەكلاكەرەوە لەسەر پرسە سیاسی و چارەنوسازەكان دەدەن".
نیروەیی وای گووت.

چاوەڕوان دەكرێت داڕشتنی نەخشە ڕێگای كاركردن و بڕیاری سیاسی و پەیڕەوی ناوخۆی حزب، لە كۆنگرەی ئەم جارەی یەكێتی، بەوردی چاوی پێدا بخشێنرێتەوە، و وتەبێژەكەی ئەنجومەنی ناوەند دەڵێت: "دوای كۆتای هاتنی پشووەكانی جەژن وەك ئەنجومەنی ناوەند دەست بەنوسینەوەی ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ دەكەین بۆ ئەوەی لەكۆنگرەدا دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە پەییڕەوی ناوخۆ، لەو چوارچێوەیەشدا تەواووی سێكتەر و لایەنەكانی كاری سیاسی حزبەكەمانی تیادا دیاری دەكەین ".

 

 

 

بوونی ململانێی ناوخۆیی سەركردەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بە هۆكارێك دەبینرێت بۆ دواخستنی بەستنی كۆنگرەی ئەو حزبە، بەڵام لەتیف نیروەی ڕەتی دەكاتەوە و دەڵێت: "سەرجەم ڕێكخستنەكانی یەكێتی لەگەڵ بەستنی كۆنگرەدان و هەموان جەخت لە زوو بەڕێوەچوونی ئەو كۆنگرەیە دەكەنەوە".

چاوەڕوان دەكرێت كۆنگرەی ئەم جاری یەكێتی،لەنەبوونی جلال تاڵەبانی سكرتێری پێشوو و هەروەها دامەزرێنەری یەكەمی ئەو حزبە، زۆرترین ئاریشەو لەمپەر لەبەردەم سەركەوتنی كۆنگرەی حزبە 49 ساڵەكە دروست بكات و هەربەوهۆیەوە چاوێكی زیاتر لەسەر ئەم حزبەیە،كە ئایا ئایندە و ئاقاری ئەم حزبە سەوز پۆشە بەكوێ دەگات.

 

author photo

رۆژنامەنووس