نەسیر چادرچی: سیستانی رازی نەبوو بە گۆڕینی ئاڵای عێراق

زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی حوكم بۆ سەركردایەتیكردنی وڵات شیاو نەبوون

نەسیر چادرچی: سیستانی رازی نەبوو بە گۆڕینی ئاڵای عێراق

799 خوێندراوەتەوە

سیستانی رازی نەبوو بە گۆڕینی ئاڵای عێراق، زۆرێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی حوكم رۆژێك لە رۆژان كاری سیاسیان نەكردبوو، بارزانی‌و تاڵەبانی‌و شیعەكان رازی نەبوون عەدنان پاچەچی بكرێتە سەرۆك كۆمار، ئیسلامییەكان‌و كوردەكان توانییان بەرەیەكی یەكگرتوو دروست بكەن، بەڵام لیبراڵەكان نەیانتوانی. نەسیر چادرچی سەرۆكی پارتی نیشتیمانی دیموكراسی‌و ئەندامی ئەنجومەنی حوكم لە بیرەوەرییەكانیدا وادەڵێت.

 

كتێبی (بیرەوەرییەكانی نەسیر چادرچی) لە بڵاوكراوەكانی دەزگای مەدایە، لە ساڵانی (2017)و (2018) دوو جار چاپكراوەتەوە، (490) لاپەڕەیە. ناوبراو كوڕی كامیل چادرچی سەرۆكی پارتی نیشتیمانی دیموكراسییە كە یەكێك بووە لە كەسایەتییە ناسراوەكان لە سەردەمی پادشایەتی‌و قۆناغی حكومڕانی عەبدولكەریم قاسمدا.

 

،،

چادرچی لە ماوەی ساڵانی نەوەدەكاندا هەرگیز چاوم بە كەسایەتیەكانی ئۆپۆزسیۆن نەكەوت، تەنها ژمارەیەك بروسكەو نامەگۆڕینەوەم لەگەڵ هاوڕێم جەلال تاڵەبانی هەبوو.

 

 

نەسیر لە (12/ئاب/1933) لەدایكبووەو تائێستا لە ژیاندایە، دەرچوی كۆلێژی یاسای زانكۆی بەغدایە. ئەندامی ئەنجومەنی حوكم بووە لە تەمموزی (2003) تاوەكو تەمموزی (2004).

 ئەمینداری گشتی پارتی نیشتیمانی دیموكراسی بووە كە كامیل چادرچی باوكی دامەزرێنەری بووە. لەدوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی (2003)، پارتی نیشتیمانی لە (17/5/2003) دەستیكردۆتەوە بە چالاكی‌و تا ئازاری (2013) بەردەوام بوون، پاشان بەهۆكاری دارایی بارەگاكانی حیزبەكەیان داخست‌و كۆتاییان بە كارو چالاكی سیاسی هێنا.

بایكۆتكردنی بەعس

چادرچی باس لەوەدەكات لەدوای هاتنە سەركاری بەعسییەكان لەساڵی (1968) بریاریداوە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكات، زۆرینەی كاتەكانی سەرقاڵی كاری پارێزەری‌و كشتوكاڵی بووە.

  لەوبارەیەوە دەڵێت: لەماوەی حكومڕانی بەعسدا كە بەشێكی گەورەی ژیانم دەكات، بڕیارمدا بەشداری هیچ بەناو هەڵبژاردن‌و راپرسیەك نەكەم، ئامادەی هیچ كۆبونەوەیەك نەبم‌و بەشداری هیچ ئاهەنگ‌و چالاكییەك نەكەم كە حیزبی بەعس رێكیخات هەر چۆن‌و بەهەر شێوەیەك بێت. ئەم رێبازەشم لە (17/تەمموز/1968) هەتا نۆی نیسانی (2003) بەردەوام بوو.

 

 

 

پەیوەندییەكانم لەگەڵ تاڵەبانی

چادرچی رونیدەكاتەوە لە سەرەتای حەفتاكانەوە تا روخانی رژێم تەنها پەیوەندی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی هەبووە، وەكو خۆی دەڵێت: لە سەرەتای حەفتاكاندا لە بەیروت بەردەوام چاوم بە كەسایەتیەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دەكەوت، پەیوەندی بەردەوامم لەگەڵ بەڕێز جەلال تاڵەبانی هەبوو. لە ماوەی ساڵانی نەوەدەكاندا هەرگیز چاوم بە كەسایەتیەكانی ئۆپۆزسیۆن نەكەوت، تەنها ژمارەیەك بروسكەو نامەگۆڕینەوەم لەگەڵ هاوڕێم جەلال تاڵەبانی هەبوو.

 

 

 

كوردەكان وتیان لە بەغدا بڕۆ

نوسەر ئاشكرای دەكات تاوەكو سەرەتای ساڵی (2003) لە بەغداو لە ماڵی خۆی ژیاوە، بەڵام پاش ئەوەی لە كۆنگرەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین ناوی دەهێنرێت، داوای لێدەكەن لە بەغدا نەمێنێت. لەوبارەیەوە دەڵێت: چەند ئاماژەیەكم پێگەیشت كە لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆن لە سەڵاحەدین‌و كۆبونەوەكانی دیكەش ناوی من چەند جارێك باسكراوە.

 دوای ئەوە دۆستێكی كورد پەیامێكی زارەكی بۆ هێنام: برایان لە كوردستان داوات لێدەكەن بەزوترین كاتی گونجاو‌و بەر لە هەڵایسانی جەنگ عێراق بەجێبهێڵی. چونكە لە كۆنگرەكانی ئەم دواییەی ئۆپۆزسیۆن ناوت زۆر هاتوەو مەترسیت لەسەرە. بۆیە منیش دوای چەند رۆژێك لەو پەیامە، لەگەڵ هاوسەرەكەم عێراقم بەرەو ئوردن بەجێهێشت.

 

  

 

بەرەو دەسەڵات

چادرچی باس لە قۆناغی دوای روخاندنی رژێمی سەدام دەكات‌و دەڵێت: لە (21/4/2003) گەڕامەوە بۆ بەغدا. دوای گەڕانەوەشم بۆ بەغدا لە مانگی ئایاردا دەستمانكرد بە كۆبونەوە بۆ دروستكردنەوەی حیزبەكەمان پارتی نیشتیمانی دیموكراسی.

 لە ئەنجامی كۆبونەوەكانمان لیژنەیەكمان دروستكرد بۆ دیدار لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی نوێی عێراق. یەكەم دیدارمان لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی بوو لە مانگی ئایاری (2003) لە شوێنی مانەوەی لە ئوتێلی بورج حەیات. دووەم دیدارمان لەگەڵ بەڕێز جەلال تاڵەبانی بوو لە شوێنی نیشتەجێبونی كاتی لە ناوچەی مەنسور.

 

،،

مام جەلال پێیوتم: ئێمە كە ئێستا بۆچونی تۆمان وەرگرت، تەنها وەرگرتنێكی شكڵی بوو، چونكە هەردەبوو كارمان لەگەڵدا بكەیت‌و چاری دیكەت نییە، تەنانەت بەڕێز مەسعود بارزانی داوایلێكردم بەر لە وەرگرتنی بۆچونت ناوت بنوسم، بەڵام پێموت پێویستە ئاگاداری بكەین‌و بۆچونی وەربگرین.

 

لەكاتی دانیشتن لەسەر خوانی نیوەڕۆ، مام جەلال پێیوتم دەمانەوێت لیژنەیەكی پێنج كەسی دروست بكەین تاوەكو ببێتە بناغەی دەستكردن بە كاری سیاسی بە شێوەیەكی فەرمی لە بەغداد، لیژنەكەش پێكهاتبوو لە بەڕێزان: عەبدولعەزیز حەكیم، ئەحمەد چەلەبی، جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی، ئەیاد عەلاوی.

لەوكاتەدا كاغەزێكی پێدام‌و بە قەڵەمەكەی ئەم پەراوێزەی لەسەر نوسیبوو: هیچ لارییەكت هەیە لەوەی لەم لیژنەیەدا لەگەڵماندا بی؟.. داواكارم رازی بیت. دڵنیام لە رازیبوونت‌و كاركردن لەگەڵماندا.

 

 

 

  من هیچ وەڵامم نەدایەوە. پاشان كاغەزەكەم پیشانی هاوڕێكانم هاشم شبلی، رەئوف ئال دێبس، عەبدولرەزاق سەعیدی دا، دوای ئەوەی نیشانەی رازیبوونم لەسەر روخساری ئەوان بینی، بڕیاری خۆمم پێم راگەیاند كە بەڵێ‌ رازیم.

پاشان مام جەلال پێیوتم: ئێمە كە ئێستا بۆچونی تۆمان وەرگرت، تەنها وەرگرتنێكی شكڵی بوو، چونكە هەردەبوو كارمان لەگەڵدا بكەیت‌و چاری دیكەت نییە، تەنانەت بەڕێز مەسعود بارزانی داوایلێكردم بەر لە وەرگرتنی بۆچونت ناوت بنوسم، بەڵام پێموت پێویستە ئاگاداری بكەین‌و بۆچونی وەربگرین.

 

رۆژی دواتر سامی عەبدولرەحمان‌و موحسین دزەیی لە سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماڵەوە سەردانیان كردم‌و داوایانكرد بەشداربم لە لیژنەی پێنج كەسی. منیش لێم پرسین وەكو خۆم یان وەكو نوێنەری حیزبەكەمان بەشداربم؟ وتیان لەهەردوو حاڵەتەكەدا پێشوازیت لێدەكەین‌و منیش رازیبونی خۆمم پێراگەیاندن.

 بەمەش لیژنەكە بوو بە شەش كەسی، جگەلە تاڵەبانی‌و بارزانی كە لە كوردستان بوون، تەنها من لەناو عێراقدا بووم. بەڕێز تاڵەبانی ئاگاداری كردم كاتێك ناوی تۆمان پێشنیاركردوە لەگەڵ ناوێكی تردا، هیچ كەس لاری لێی نەبووە، وەلێ‌ هەندێك سەرنج لەسەر ناوی د.ئیبراهیم جەعفەری هەبووە، بەڵام دواتر بە كۆی دەنگ پەسەندكراوە.

 

 

 

سەپاندنی ئەندامان لەلایەن ئەمەریكاوە

دوای ئەوەی لیژنەی شەش كەسی دروستدەكرێت، هەفتانە كۆبونەوە دەكەن. نوسەر یەكێك لە روداوەكانی ئەو كۆبونەوەیە دەگێڕێتەوەو دەڵێت: لە یەكێك لە كۆبونەوەكاندا لە مانگی حوزەیران ئاماژەی ئەوەمان پێگەیشت ئەمەریكییەكان دەیانەوێت لیژنەكەمان فراوان بكەن، بۆیە من پێشنیارمكرد خۆمان ئەو كارە بكەین، بەرلەوەی لەلایەن ئەوانەوە كۆمەڵێك ناومان بەسەردا بسەپێنرێت كە لەوانەیە نەیانناسین‌و دڵخوازی شەقامیش نەبن.

 هەستمكرد لایەنەكان نایانەوێت لیژنەكە فراوان بكرێت، لە هەوڵێكدا بۆ كۆتایهێنان بە كۆبونەوەكە، بەڕێز تاڵەبانی وتی: پەنجا ساڵە كاری سیاسی دەكەم، باش بزانن هەوڵەكانتان بۆ فراواننەكردنی لیژنەكە شكست دەهێنێت، چونكە ئەمەریكیەكان ئارەزوی زیادكردنەكە دەكەن، دڵنیابن لەوەی كەسانێكتان بەسەردا دەسەپێنرێت نە دەیانناسن‌و نە هیچ پێشینیەكی سیاسیان هەیە، ئێوەش وەكو دیفاكتۆ پەسەندیان دەكەن. بەم جۆرە كۆبونەوەكە كۆتایهات.

،،

زاڵمای خەلیلزادو حاكمی كاتی ئەمەریكا لە عێراق جەی گارنەر، گارنەر داوایلێكردم پێكەوە بە تەنها قسە بكەین، پێیوتم: دەمانەوێت ببیتە بەرپرسی بەغداو بە مانایەكی رونتر (حاكمی بەغدا)

حاكمی بەغداد

دوای ئەوەی جەی گارنەر دەكرێتە حاكمی سەربازی ئەمەریكا، داوا لە چادرچی دەكات ببێتە حاكمی بەغدا. نوسەر ئەو روداوە بەم جۆرە دەگێڕێتەوە: لە كۆبونەوەیەكی فراوانی لایەنە سیاسیەكاندا بە ئامادەبوونی زاڵمای خەلیلزادو حاكمی كاتی ئەمەریكا لە عێراق جەی گارنەر، گارنەر داوایلێكردم پێكەوە بە تەنها قسە بكەین، پێیوتم: دەمانەوێت ببیتە بەرپرسی بەغداو بە مانایەكی رونتر (حاكمی بەغدا)، پێموت بەرپرسیارێتیەكی لەو جۆرە ئەركێكی زۆر سەختە لەم دۆخەدا، داوامكرد هەندێك كاتم بداتێ‌ تاوەكو راوێژ لەگەڵ حیزبەكەم بكەم، پێیوتم: كاتمان نییە دەبێت ئێستا راوێژیان پێبكەیت‌و ئێمەش حەوت راوێژكارت بۆ دادەمەزرێنین‌و ئێوارەی ئەمڕۆ وەكو حاكمی بەغدا راتدەگەیەنین. مكوڕ بوم لەسەر راوێژكردن.

 

 

 پاشان رێكەوتین رۆژی دواتر لە كاتژمێر یازدەی بەیانی وەڵامی بدەمەوە. لە ساتی یەكەمەوە حەزم لەو پۆستە نەبوو دەمویست رەتی بكەمەوە، چونكە هەمدۆخەكەسەخت بوو، هەمیش بڕیاری یەكەم‌و كۆتایی بەدەستی ئەمەریكیەكانەوە بوو، منیش دەبوو ببمە روكەشێك بۆ كارنامەكانی ئەوان‌و تەنها واژوكردنم لەسەر دەبوو.

رۆژی دواتر لەكاتی دیاریكراودا گەیشتمە هۆڵی كۆنگرەكان، بینیم گارنەر سەرقاڵی كۆبونەوەو پێشوازیكردنە لە وەفدی پارێزگاكان، بۆم دەركەوت دەرفەتی دیدارمان نابێت، بۆیە بەهێمنی كشامەوە‌و جاری دیكە هەرگیز بەلای ئەو باسەدا نەچومەوە. چەند رۆژێكی كەم دوای ئەو داوایە، گارنەر لە كارەكەی لابراو پۆڵ بریمەر جێگەی گرتەوە.

 

،،

لە دیدارێكی دیكەدا پێشنیارم بۆ سۆرز كرد كە دەسەڵاتی دادوەری نوێنەرێكیان لە ئەنجومەندا هەبێت، پێیوتم: تۆ پارێزەری‌و نوێنەرایەتی ئەوان دەكەیت، پێموت: راستە من پارێزەرم بەڵام نوێنەرایەتی دادوەری ناكەم.

 

چۆن شیوعیەكان هاتنە ئەنجومەنەكەوە؟

لەو رۆژگارەدا دوو كەس زۆر دەهاتنە نوسینگەكەم، یەكێكیان رایان كرۆكەری یاریدەدەری بریمەر بوو كە دواتر بووە باڵێوزی ئەمەریكا عێراق، ئەوی دیكەش سۆرزی نوێنەری تایبەتی تۆنی بلێری سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بوو.

 جارێكیان لەكاتی باسكردنی فراوانكردنی لیژنەی حەوت كەسیدا داوامكرد حیزبی شیوعی نوێنەرایەتیەكی ئاست بەرزیان هەبێت، قسەكەی پێبڕیم‌و داوایكرد جاری دیكە بەلای ئەو باسەدا نەچم، چونكە لەئێستادا هیچ رەسیدێكیان لە عێراقدا نییە. پێموت ئەو حیزبە مێژویەكی درێژی هەیەو ماوەیەكی زۆر چەوسێنراونەتەوەو قوربانییەكی زۆریان داوە.

 

 

 

 دواتر داوای لێكردم دەرفەتی بدەمێ‌ تاوەكو بیر لە بابەتەكە بكاتەوە. لە سەردانی سێیەمیدا بۆلام وتی داواكەت پەسەندكراوەو بەو جۆرە حەمید مەجید موسای سكرتێری حیزبی شیوعی بووە ئەندامی ئەنجومەنەكە.

لە دیدارێكی دیكەدا پێشنیارم بۆ سۆرز كرد كە دەسەڵاتی دادوەری نوێنەرێكیان لە ئەنجومەندا هەبێت، پێیوتم: تۆ پارێزەری‌و نوێنەرایەتی ئەوان دەكەیت، پێموت: راستە من پارێزەرم بەڵام نوێنەرایەتی دادوەری ناكەم، بۆیە پێشنیاری ناوی بەڕێز دارا نورەدینم كرد تاوەكو ببێتە ئەندام لە ئەنجومەنەكە. ئەویش ناوەكەی لە كاغەزێكدا نوسی، رۆژی دواتر پێی راگەیاندم كە رازین دارا ببێتە ئەندامی ئەنجومەنەكە.

 

 

 

خراپترین دەستور

نوسەر باس لەدوو دیداری تایبەتی خۆی لەگەڵ پۆڵ بریمەر دەكات، یەكێكیان لەبارەی دەستورو ئەوی دیكەش لەبارەی هەڵوەشانەوەی سوپای عێراقەوە. چادرچی دەڵێت: لەسەر داوای بریمەر یەكترمان بینی‌و باسمان لە دانانی دەستور كرد.

 بریمەر مكوڕ بوو لەسەر ئەوەی دەستورێكی كاتی بۆ عێراق دابنرێت، پێموت: ئەو دەستورەی دەتەوێ‌ لەڕێگەی پارلەمانەوە دابنرێ‌ خراپترین دەستور دەبێ‌ لە مێژوی عێراقدا. پرسی بۆچی؟ وتم من دەزانم چی دەڵێم‌و بەهیوام تۆش لەیادت بێت. دانیشتنەكەمان كاتژمێرێك زیاتر بەردەوام بوو، زۆر بەباشی گوێی دەگرت، بەڵام بۆم دەركەوت ئەو بەرنامەڕێژ كراوە لەبارەی ئەو كارنامەیەی بۆ جێبەجێكردنی هاتووە.

 

 

 

هەڵسەنگاندنی ئەنجومەنی حوكم

سەبارەت بە دیاریكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی حوكم كە لە (25) كەس پێكهاتبوو، چادرچی دەڵێت: بریمەر بەشێك لە دیدارەكانی لەگەڵ كەسایەتیەكاندا بە ئامادەبونی ئێمەی ئەندامانی لیژنەی حەوت كەسی ئەنجام دەدا، بەمەبەستی هەڵبژاردنی باشترینیان كە شایستە بێت بۆ هاتنە ناو ئەنجومەنەكەوە كە بڕیاربوو دروست بكرێت، بەڵام ئێمە تەنها گوێگر بووین‌و راوێژمان پێنەدەكرا.

پاشان لەبارەی ئاستی ئەندامانی ئەنجومەنی حوكمەوە دەڵێت: زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی حوكم هیچ پۆستێكی حكومی یان كارگێڕییان نەبینیبوو، شارەزایی تەواویان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا نەبوو، هەندێكیان هیچ پێشنیەكی سیاسی روونیان نەبوو، رۆژێك لە رۆژان كاری سیاسیان نەكردبوو، بۆ سەركردایەتیكردنی وڵات شیاو نەبوون، تەنانەت توانای فێربونیشیان نەبوو، جگەلە برایانی كوردو هەندێك لە ئەندامانی دیكە كە لە باشترین دۆخدا ژمارەیان دە كەسی تێنەدەپەڕاند.

 

،،

د.موحسین عەبدولحەمید داوایكرد بكرێتە ئەندامی لیژنەی سەرۆكایەتی‌و وتی لەلایەن جەماوەری حیزبەكەمەوە فشارێكی گەورەم لەسەرە، نەكرێمە ئەندامی ئەو لیژنەیە لە ئەنجومەنی حوكم دەكشێمەوە.

 

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی حوكم

یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی حوكم لە (13/تەمموز/2003) بەڕێوەچوو. پاشان بڕیاردەدرێت لیژنەیەكی نۆ كەسی بەشێوەی مانگانە سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە بكەن، یەكێك لەو كەسانەش نەسیر چادرچی دەبێت.

 بەڵام ناوبراو بۆ موحسین عەبدولحەمیدی سەرۆكی حیزبی ئیسلامی عێراقی دەكشێتەوەو لەوبارەیەوە دەڵێت: لە كۆبونەوەیەكدا بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن، د.موحسین عەبدولحەمید داوایكرد بكرێتە ئەندامی لیژنەی سەرۆكایەتی‌و وتی لەلایەن جەماوەری حیزبەكەمەوە فشارێكی گەورەم لەسەرە، نەكرێمە ئەندامی ئەو لیژنەیە لە ئەنجومەنی حوكم دەكشێمەوە.

  هەندێك لە ئەندامان داواكەیان نەپەژراند، منیش رەهەندەكانی ئەو بڕیارەم دەزانی، بۆیە بڕیارمدا لە بەرژەوەندی د.موحسین بكشێمەوە‌و بڕیارەكەشم لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەكەوە بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لێكرا.

رۆڵی نەتەوە یەكگرتوەكان

یەكێك لەو كەسایەتیانەی لە ماڵ‌و نوسینگەكەم سەردانی دەكەم بەڕێز سێرجیۆ دیمیلۆی بەرازیلی نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بوو. جارێكیان بەڕونی پێیوتم: ئێمە دژایەتی ئەمەریكا ناكەین. رۆڵی ئێمە تەنها بریتیە لە یارمەتی مرۆیی بۆ گەلی عێراق‌و یارمەتیدانی ئەمەریكا، دژایەتی یان ناكۆكی لەگەڵیاندا رونادات.

 

 

 

بەرەی لیبراڵەكان

هەرچەندە ئەندامانی ئەنجومەنی حوكم لەسەر بنەمای نەتەوەیی‌و مەزەبی هەڵبژێردرابوون، بەڵام چەند كەسایەتیەكی چەپ‌و لیبراڵی تێدابوو، وەكو نەسیر چادرچی، سكرتێری حیزبی شیوعی، د.عەدنان پاچەچی، سەمیر سومەیدەعی، دارا نورەدین‌و ئەیاد عەلاوی. لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەم كەسانە بەرەی لیبراڵەكانیان لەناو ئەنجومەندا دروستنەكرد، چادرچی دەڵێت: ئەگەر ئەو بەرەیە دروست بكرایە، دەبووە بناغەیەك بۆ دروستكردنی بەرەیەكی لیبراڵی یەكگرتوو، رەهەندە ئایندەییەكانی بەشێوەیەكی ئەرێنی كاریگەر دەبوون لەسەر ژێرخانی سیاسی لە عێراق، بەداخەوە لەئێستادا لەژێر هەژمونی تایەفەگەراییدا دەژین، بەهۆی زاڵبونی ئەو لایەنە سیاسیانەی نوێنەرایەتی تایەفەگەری دەكەن‌و بیروڕاكانیان كۆنترۆڵی كۆمەڵگای كردوە.. بەڵام زۆر بەداخەوە هیچ دیدارێك لەوبارەیەوە نەكرا، بەپێچەوانەوە بەرە لەنێوان لایەنە ئیسلامییەكان‌و كوردییەكاندا دروستكرا. هەموشمان بەبێ‌ جیاوازی لەوبارەیەوە خەتابارین.

 

 

 

سیستانی‌و ئاڵای عێراق

چادرچی دەڵێت: بەڕێز مەسعود بارزانی لەكۆبونەوەكاندا زۆر دژی ئەوەبوو ئاڵاكەی سەدام حسێن بكرێتە ئاڵای دەوڵەتی عێراق، لە كۆبونەوەیەكدا داوای گۆڕینی ئاڵاكەی كرد‌و بەڵێنیدا ئاڵا نوێیەكە لە كوردستانیش هەڵبكرێت. عەبدولعەزیز حەكیم لە تەنیشتی دانیشتبوو پشتیوانی لێكرد. تێكڕای ئەندامان پشتیوانیان لە داواكەی بارزانی كرد. پێشنیاریان بۆ كردم داوا لە رەفعەی برام بكەم كە لە لەندەن دەژیا ئاڵایەكی نوێ دیزاین بكات. ئەویش لەماوەی سێ‌ رۆژدا ئاڵاكەی دروستكرد. ئاڵاكە كۆدەنگی ئەندامانی لەسەر بوو.

رۆژی دواتر رۆژنامەی سەباح ئاڵاكەی بڵاوكردەوە. رۆژی پاش ئەوە عادل عەبدولمەهدی وتی سیستانی رەخنەی لە ئاڵاكە هەیەو پەسەندی ناكەین، نوێنەرەكەی پاچەچیش وتی: هیچ رەمزێكی عروبەی تێدانییەو پەسەندی ناكەین. پاشان عەبدولعەزیز حەكیم لە بۆچونەكەی پاشگەز بوویەوە‌و محەمەد بەحرلعلومیش وتی مادام مەرجەعیەت پەسەندی ناكات منیش پەسەندی ناكەم. بەم جۆرە ئاڵا كۆنەكە تا (2008) مایەوە. لەو ساڵەدا سێ‌ ئەستێرەكەی لابرا كە ئاماژە بوون بۆ دروشمەكانی بەعس.

 

بۆچی پاچەچی نەبووە سەرۆك؟

نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق ئەخزەر ئیبراهیمی، ناوی عەدنان پاچەچی پێشنیاركرد تاوەكو ببێتە سەرۆك كۆمار، مكوڕ بوو لەسەر بەربژێركردنی پاچەچی. شیعەكان رەتیانكردەوە، بارزانی‌و تاڵەبانیش پەسەندیان نەكرد. زۆرینەی ئەنجومەن دژی سەرۆكایەتی پاچەچی بوون.

لەبارەی هەڵوێستی خۆی لە هەمبەر پاچەچی، دەڵێت: منیش لە دژی بووم، چونكە مەیلێكی عروبی هەبوو، بڕوای بە مافە رەواكانی كورد نەبوو. پاچەچی ساڵانێكی زۆر دیبلۆماتكار بوو، بەڵام سیاسی نەبوو، مانۆڕو شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی نەدەزانی.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس 

بەکالۆریۆس لە ڕاگەیاندن