لە ئیسلامی دەسەڵاتەوە بۆ ئیسلامی دەزگا ئەمنییەکان

مەلا هەڵۆ دەتوانێ جێگەی عەبدولەتیف سەلەفی بگرێتەوە؟

لە ئیسلامی دەسەڵاتەوە بۆ ئیسلامی دەزگا ئەمنییەکان

2416 خوێندراوەتەوە

 

بەدرێژایی مێژوو سەلەفییەکان لە هەر وڵاتێكدا بوبن پشتگیری تەواویان لە دەسەڵات كردووە، بۆ هەر قۆناغێکیش رابەرێکی دیارو کاریگەریان رۆڵی سەرەکی گێراوە.

 

هەمیشە دەسەڵاتداران بیریان لەوە کردۆتەوە  مۆدیلێكی ئاینیی پەرە پێبدەن کە خۆیان دەیانەوێت، بۆ ئەمەش پشتیان بەو فیگەرە ئاینیی و ئایدۆلۆژیانە بەستووە کە نزیک بوون لێیانەوە. 

،،

زۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ (وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان) هه‌میشه‌ هه‌وڵیانداوه‌ له‌رێگه‌ى سه‌له‌فییه‌كانه‌وه‌ ئه‌و ئایینه‌ دابتاشن كه‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت

 

ئەزمونی وڵاتانی ناوچەکە

ئەگەر ئەزمونی وڵاتێكی وەك سعودییە بەنمونە وەربگرین، دەبینین هەر لەسەرەتاوە بنەمای دەوڵەتی نوێی سعودییە لەسەر هاوكاری دولایەنەی نێوان بنەماڵەی ئال سعود و دامەزرێنەری رەوتی سەلەفیەت محەمەدی كوڕی عەبدولوەهاب بونیات نراوە.

لەسەردەمی نوێشدا لەگەڵ دەرکەوتنی شازدە بن سەلمان، چەندان کەسایەتی ئایینی زیندانی کران لەنێویاندا سەلمان عۆدە بانگخوازی دیاری ناوچەکە. لەگەڵ ئەوەدا چەندان کەسایەتی ئایینی دیکە رێگەیان بۆ كرایەوە، (بەتایبەت کەسانی وەک عائیز قەرەنی) رێگەیان بۆ چۆڵکراو ئەوانیش ریشیان خستە خزمەتی دەسەڵاتەوە.

"من ئەو ئیسلامەم کە شازدە بن سەلمان داوای دەكات" قەرەنی وای گووت.

عائیز قرنى

ریشەی ئەمانەش دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای دروستبونی دەوڵەتی سعودییە، و پشتگیریکردنی تەواوی سەلەفی و مەدخەلییەکان بۆ دەوڵەتە تازەکە.

 

تەنها لە سعودیە لەلایەن سەلەفییەکانەوە ریش نەخراوەتەوە خزمەتی دەسەڵات، بەڵکو لە سوریا وئیمارات و میسرو چەندان وڵاتی دیکەش هاوشێوەی ئەمە بوونی  هەیە، بۆ نمونە لە ئێستادا هەزاران ئەندامی ئیخوان لە میسر لەسەر دەستی ((سی سی)) لە زیندان بەندکراون و چەندانیشیان لێکوژراوە، بەڵام حزبی نوری سەلەفی رێگەی هەموو چالاکییەکیان بۆ ئاسان کراوە و ئەوانیش ریشیان داوەتە دەستی دەسەڵات تاکو بە ویستی خۆی بەکاری بهێنیت.

 

،،

ده‌سه‌ڵاتدارانى كوردستانیش، زیره‌كانه‌ سودیان وه‌رگرتووه‌ له‌ ئه‌زمونى وڵاتانى ناوچه‌كه‌و له‌رێگه‌ى سه‌له‌فییه‌كانه‌وه‌ ریشیان خستۆته‌ خزمه‌تى ده‌سه‌ڵات.

 

ریش لەخزمەتی دەسەڵات لە کوردستان

دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان زیرەکانە سودیان لەم ئەزمونەی وڵاتانی ناوچەکە وەر گرتووە.

لەسەردەمی شۆرشی رزگاریخوازی گەلی کورد، مەلا مستەفا كەسایەتی سەلەفی ناوچەی بادینان حەمید سەلەفی لەخۆی نزیكردۆتەوە و لە بەرامبەردا ئەویش لە ناوچەی بادینان پشتگیری تەواوی مەلا موستەفای بارزانی کردووە.

لەمێژووی پێش و پاش دەسەڵاتی کوردیشدا چەندان نمونەی دیکەی لەم شێوەیە هەبوون کە هەندێ کەسایەتی  و مەلا خزمەتی دەسەڵاتیان کردووە لەدژی رەوتی  ئیسلامیی سیاسی لە کۆمەڵگاكەیاندا.

کێشە لەوەدا نەبووە کە پشتگیری دەسەڵات دەکەن، بەڵکو لەوەدایە هەندێکات زەبرو زەنگ و نادادی دەسەڵاتدارانیان بە باشی وەسف کردووە و پشتگیریان بوون.

عومه‌ر چنگیانى

 لە عومەر چنگیانیەوە تا مەلا هەڵۆ

دوای دامەزراندنی حکومەتی کوردی، لەساڵانی نەوەدەکان عومەر چنگیانی لە پارێزگای سلێمانی یەکێک بوو لەو مەلا و کەسایەتییە ئاینییانەی کە بەشێوەی راستەوخۆ و ئاشکرا پشتگیری لە حیزبەكانی دەسەڵات دەکرد و دەسەڵاتدارانی وەکو ((وەلی ئەمر)) لە قەڵەم دەدا.

 

 

بەڵام دوای دروستبوونی کێشە، و شەڕەکەی مزگەوتی گەورەی ئیمان هەر لە ساڵانی نەوەدەکان، و هەڵهاتنی مەلا عومەر چنگیانی بۆ هەولێر کەسێکی دیکە لە سەرەتای دوو هەزارەوە دەرکەوت لەهەمان مزگەوت بەناوی مەلا عەبدولکەریم كە زیاتر نزیك بوو لە حیزبی حوكمڕانەوە لە سلێمانی.

 

لە ساڵانی ٢٠١٠ بەملاوە کەسایەتییەکی دیکەی سەلەفی بەناوی عەبدولەتیف سەلەفی لە پارێزگای سلێمانی دەرکەوت، عەبدولەتیف ماوەیەكی زۆر لە سعودییە بوە و دكتۆرای لە شەریعەتی ئیسلامیدا هەبوو، بەماوەییكی كەم دوای گەڕانەوەی بووە ناسراوترین كەسایەتی سەلەفیەت لە كوردستان.

سەلەفیەكان لەسەردەمی د.عەبدولەتیفدا ئاشكراتر لە جاران پشتگیریان لە دەسەڵات دەكرد.

،،

 زۆربه‌ى هێرشه‌كانى مه‌لا هه‌ڵۆ له‌سه‌ر عه‌بدوله‌تیفى سه‌له‌فى و شوێن كه‌وتووه‌كانییه‌تى..

بەڵام دوای ئەوەی كە یەكێتی نیشتیمانی بۆی دەركەوت پەیوەندی و سەردان لە نێوان عەبدولەتیف و سەرۆكایەتی هەرێم هەیە هەموو پشتگیرییەكیان لێ كێشایەوە و تەنانەت حەزیان بە دەرپەڕاندنیشی هەبوو.

 

نوێترین فیگەری سەلەفییەكانی كوردستان به‌تام و بۆنێكى دیكه‌وه‌ بریتییە لە مەلا هەڵۆ حەمەرەشید، كە دژیەتی خۆی بۆ زۆرێك لە رەوتە ئیسلامی و گروپە ئاینییەكان دەربڕیووە بە خودی مەلا عەبدولەتیفیشەوە.

قسەی ئەوەش هەیە كە ناوبراو توانیویەتی رەزامەندی زانا سەلەفیەكانی سعودییە بەدەستبهێنێت بۆ نوێنەرایەتیكردنی رەوتی مەدخەلیزم. دوای ئەوەی بەهۆی شكاتە زۆرەكانەوە لەسەرى عەبدولەتیف سەلەفی دورخرایەوە.

سه‌ركرده‌یه‌ى سه‌له‌فى له‌ میسر

دەرکەوتنی هەر یەکێک لەم دەموچاوانە بێ هۆ نەبووە و بەڵکو بەدەر لە کاریگەری و توانای مرۆیی خۆیان، دەسەڵاتیش بەبەرنامە ئیشی کردووە لەسەریان تاکو لەرێگەی ئەم دەموچاوانەوە ئەو ئیسلامە بتاشرێت کە خۆی دەیەوێت.

هەندێ جار دەسەڵات بەرژەوەندی لەوەدا بووە کە لە یەک قۆناغدا دوو کارەکتەری سەلەفی بدات بەگژی یەکدا وەک چۆن لە ئێستادا لەنێوان هەندێ کارەکتەری دیاری سەلەفی و سۆفییەکاندا ئەوە بەدی دەکرێت.

 

،،

له‌ چۆنییه‌تى ده‌ركه‌وتن و له‌ناوچوونیشیان زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌ سه‌له‌فییه‌كان ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك..

 

خاڵی هاوبەشی پشتگیریکەرانی دەسەڵات

سەلەفییەکان لە هەرقۆناغێک و ساتێکدا دەرکەوتبن پشتگیریان لە دەسەڵات کردووە بەشێوەی جیا جیا، بەڵام لەم چەند خاڵەدا هاوبەش بوون ئەوانیش:

یەکەم: پشتگیری دەسەڵات، و دژ وەستانەوەی هەڵگرانی بیری ئیسلامی سیاسی لەکۆمەڵگادا یان ئەوانەی کە وەک ئەمان بیر ناکەنەوە و دژی دەسەڵاتن. و بەتایبەت دەدەن لە فۆڕمە میانڕەوەکەى کارى بانگخوازى و ئیسلامى لە کۆمەڵگادا.

 

دووەم: دانان بەوەدا کە دەسەڵاتداران وەلی ئەمیرن

کە ئەمەش کێشەی سەرەکی نێوان سەلەفییەکانی کوردستان و حزبە ئیسلامییەکانە، چونکە سەلەفییەکان پێیان وایە دەسەڵاتدار وەلی ئەمرەو نابێت لە قسەی دەر بچین.

سێیەم: بەکارهێنانی چەندین وشەی توندی وەک (منافق و کافر و لادەر و مورتەد و زەندیق و ...هتد) بۆ ئەو کەس و لایانەی کە دژی دەسەڵات و وەک سەلەفییەکان بیر ناکەنەوە.

 

چوارەم: لە یەک خاڵی دیکەدا دەرکەوتن و له‌ناوچوونى سەلەفییەکان و رابەرەکانیان لەیەک دەچێت ئەویش ئەوەیە هەرکاتێک دەسەڵات ئیشی پێیان نەمێنێت هەوڵی لەناوبردن و لەکەدارکردنیان دەدات.

 

پێنجەم: سەلەفییەکان لە هەر شوێن و وڵاتێک بن، ئەمرۆ تەنها پشتگیری دەسەڵات ناکەن بەشێوەیەکی سەتحی و ئاسایی بەڵکو لەوە قوڵتر بۆ بابەتەکە دەرۆن

 

کەوتنی عەبدولەتیف و دەرکەوتنی مەلا هەڵۆ

 ئەو رۆژەی عەبدولەتیف سەلەفی توشی کێشە بوو لەگەڵ ئافرەتێک بەناوی چاوان خەسرەو، ئیدی دەسەڵات (یەکێتی) لە پارێزگای سلێمانی ئەوەی باش زانی کە دەبێت دەموچاوێکی دیکە بۆ جێگرەوەی ناوبراو بدۆزێتەوە.

 

چونکە دوای کێشەکە عەبدولەتیف سەلەفی لەگەڵ دورخستنەوەی لەلایەن رابەرانی فکری مەدخەلی بەتەواوی رووی کردە پارتی و لە ئێستادا پشتگیری پارتی دەکات، هەر دوای ئەوەش بوو سەرکردەیەکی دیاری یەکێتیش وەک مەلا بەختیار دژی سەلەفییەکان وەستایەوەو ئاماژەی بە مەترسی فکرەی سەلەفییەکان کرد لە کۆمەڵگەی کوردی.

 

بەڵام دەرکەوتنی مەڵا هەڵۆ پێدەچێت گۆڕانکاری بەدوای خۆیدا بهێنێت، چونکە ماوەی ساڵێکە ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەوباسی هەیە و هەریەکەو بەجۆرێک باسی دەکات.

یەکەم: هەندێک پێیان وایە کە ناوبراو بەبەرنامە کاری لەسەر دەکرێت و دەسەڵات دەیەوێت بۆ جێگرەوەی رابەری سەلەفییەکان لە کوردستان ئامادەی بکات، چونکە دەڵێن: مەلا هەڵۆ لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان پەیوەندی هەیە و پێشتریش لە دەزگایەکی ئەمنی سلێمانی کارمەند بووە.

 

،،

 ماوه‌یى ساڵێكه‌ مه‌لا هه‌ڵۆ ده‌ركه‌وتووه‌ به‌ڵام دواى بابه‌ته‌كه‌ى ماریا هه‌ورامى زۆرتر ده‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بوو.

 

دووەم: دوای کێشەکەی لەگەڵ ماریا هەورامی، مەلا هەڵۆ بەتەواوی دەرکەوت و بوویە یەکێک لە بابەتە گەرمەکانی رۆژ، کە هەندێک پێیانوایە ناوبراو پیاوێکی ئایینی تەواوە و ئەو وشەیەش بەکاری هێناوە هەڵەیەک بووە و داوای لێبوردنیشی کردووە، بەمەش کۆمەڵێک هەوادارو فۆڵۆوی بۆ خۆی زیاد کرد.

 

لە ئێستادا مەلا هەڵۆ ئەو کارە دەکات کە عەبدولەتیف سەلەفی چەند ساڵ لەمەوپێش بۆ یەکێتی و پارتی دەکرد، ئەویش لێدان لە ئیسلامییەکان و کەسانی میانرەوی ئیسلامی، بۆ نمونە هێرشکردنی ناوبراو بۆ سەر مەلا فاتیح شارستێنی (هه‌رچه‌نده‌ تا راده‌یه‌ك ئاشته‌واییان راگه‌یاند) کە لە ئێستادا هەوادارێکی زۆری هەیە و بە مەلایەکی بەتواناو لەسەرخۆ ناو بانگی پەیدا کردووە.

هەروەها مەلا هەڵۆ هەمان شێوەی سەلەفییەکانی پێش خۆی، توندە لە فکرو زمانی قسەکردن. دژی هەموو کەس و لایەنێک ئامادەیە بەکاری بهێنێت تەنها دەسەڵات نەبێت.

عه‌بدوله‌تیف سه‌له‌فى

بەپێی ئەزمونەكانی وڵاتانی دەوروبەر لەگەڵ سەلەفیزمدا هەندێك جار پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و فیگەرە دیارەكانی سەلەفیزم تەنها لە پشتگیریكردندا نەماوەتەوە، بەڵكو دەسەڵات مامەڵەیەكی ئەمنی لەگەڵ كردون و شوعبەی ئەمنی تایبەتی دروستكردووە بۆ سەرپەرشتی كاروباری سەلەفییەكان و لەوێوە ئیعازیان پێ دەدرێت كە چی بكەن و چی بلێن.

،،

ئه‌مرۆ خراپترین جۆرى تێوه‌گلانى سه‌له‌فییه‌كان سه‌رى هه‌ڵداوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، ئه‌ویش تێكه‌ڵاوبوونیانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا.

ئەم مامەڵەكردنەی فیگەرە دیارەكانی سەلەفیەت خراپترین جۆری تێوەگلانی سەركردە سەلەفیەكانە لەگەڵ دەسەڵاتدا كە بەتەواوەتی دەیانكاتە پیاوی دەزگا ئەمنییەكان. ئەم ئەزمونەش بەته‌واوەتی لە میسر و سعودییە جێبەجێدەكرێت

بەڵام هێشتا بەڵگەیەك بەدەستەوە نییە كە پشتگیریی سەلەفییەكان بۆ دەسەڵات  تەنها لە ئاستێكی روكەشدا دەمێنێتەوە یان دەخرێنە نێو كاری دەزگا ئەمنیەكانەوە و ئەجێندای دەزگا ئەمنیەكان جێبەجێدەكەن.

ئەبێت چاوەڕوان بین داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە..!

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان