عقابی، ئەو پیاوەی سنورەكانی عێراق و کوردستانی لەدەستدایە

عقابی، ئەو پیاوەی سنورەكانی عێراق و کوردستانی لەدەستدایە

534 خوێندراوەتەوە

ساڵح ڕەحمان

بەرپرسی سەرجەم خاڵە سنورییەكانی عێراقە‌و بڕیاربەدەستی سنورەكانی هەرێمی كوردستانیشە، دەیەوێت هیچ رێگایەكی وشكانی‌و ئاسمانیی‌و ئاویی نەمێنێت،کە بەبێ‌ چاودێریكردن‌و سەرپەرشتیی خۆی، هیچ كەس‌و شتێك لەعێراق‌و هەرێمەوە تێنەپەڕێت.

،،

 كازم محەمەد برێسم ئەلعقابی، سەرۆكی دەستەی خاڵە سنورییەكانی عێراق، بە كەسێكی وردبین‌و وریا‌و شارەزا ناسراوە لە كۆنترۆڵكردنی كاروباری ژێردەستیدا.

 

 كازم محەمەد برێسم ئەلعقابی، سەرۆكی دەستەی خاڵە سنورییەكانی عێراق، كە لە شەستەكانی تەمەنیدایە، ماوەی نزیكەی چوار ساڵە، سەرۆكایەتیی ئەو دەزگا هەستیارەی عێراق دەكات‌و دەسەڵاتێكی تەواوی هەیە‌و لەژێر چاودێریی ئەنجومەنی نوێنەراندایە.

 دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەیدا كۆمەڵێك گۆڕانكاریی كرد‌و سەرجەم دەروازە سنورییەكان‌و فڕۆكەخانەكانی عێراقی پێكەوە بەستەوە‌و لیژنەی تایبەتمەندی پێكهێنا بۆ چاودێریكردنی كاروباری دەروازە سنورییەكان، بە كەسێكی وردبین‌و وریا‌و شارەزا ناسراوە لە كۆنترۆڵكردنی كاروباری ژێردەستیدا.

 

 

 

 عقابی شارەزایی تەواوی لەبواری ئەلیكترۆنی‌و داتابەیسدا هەیە‌و بەوتەی خۆی، گرنگیی تەواو دەدات بەچاكسازیی ئیداریی، لەدایكبووی شاری بەغدایە‌و بڕوانامەی دكتۆرای هەیە لەبواری ئەندازیاریی پرۆگرامسازیدا، لەساڵی 1977ەوە وەكو فەرمانبەر لەبواری ئیداریدا كار دەكات.

 سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكان، پێشتر دامەزراوەكەی بەڕێوەبەرێتییەك بووە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق‌و دەسەڵاتەكانی كەم بوون، بەڵام دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق لەساڵی 2016دا بە یاسا دامەزراوەكەی كرد بە دەستەیەكی سەربەخۆ، عقابی دەسەڵاتەكانی زیادیان كرد‌و دەزگاكەی بەسترایەوە بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە.

 

،،

لەمیانی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی ناوەندی، بەتایبەت دوای ریفراندۆمەكەی هەرێم‌و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، عقابی هەر زوو هەوڵەكانی چڕكردەوە، بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان‌.

 

  هەرچەندە عقابی بەهۆی نزیكییەوە لەلایەن‌و قەوارە سیاسییەكان توانیویەتی جێگەی خۆی بكاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەوتۆتە ناو ململانێ‌ سیاسییەكان‌و فشاری لەچەند لایەن‌و پێكهاتەیەك كردووە، بوار بۆ نەیارەكانی دروست بوو بەدوای فرسەتێكدا بگەڕێن بۆ تۆڵەكردنەوە، بەو هۆیەشەوە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2017دا تۆمەتی گەندەڵیی درایە پاڵ‌و سكاڵای لەسەر تۆماركرا، بەو هۆیەشەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، بەڵام توانیی خۆی لە تۆمەتەكان پاك بكاتەوە‌و هەڵبژاردنەكانی 2018ی كردە هۆكارێك بۆ نزیكبوونەوە لەلایەنە براوەكانی هەڵبژاردن، بۆیە هەتا ئێستا لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە.

 

 

 

 لەمیانی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی ناوەندی، بەتایبەت دوای ریفراندۆمەكەی هەرێم‌و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، عقابی هەر زوو هەوڵەكانی چڕكردەوە، بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان‌و گێڕانەوەیان بۆ ژێر ركێفی بەغداد.

 دوای گفتوگۆیەكی چڕ‌وپڕ لەگەڵ كاربەدەستانی هەرێم، عقابی توانیی دەسەڵاتەكانی خۆی‌و دامەزراوەكەی بەسەر خاڵە سنورییەكان‌و فڕۆكەخانەكانی هەرێمدا بسەپێنێت، بەوەش ئێستا دەسەڵاتی تەواوی بەسەر سەرجەم دەروازە سنورییەكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستاندا هەیە.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك