قوماری (سەرکردەکان)ی کورد بەخاکەوە لەدۆڕانی محەقەق نزیک دەبێتەوە

قوماری (سەرکردەکان)ی کورد بەخاکەوە لەدۆڕانی محەقەق نزیک دەبێتەوە

598 خوێندراوەتەوە

 حاكم شێخ له‌تیف

ھەر لە پێش ڕوخانی سەدام و خۆئامادەکردن بۆ بەشداری کردنی کورد لە حوکمی عێراقی نوێ و داڕشتنی دەستور بۆی ھەمیشە لە نوسین و چاوپێکەوتن و کۆڕو سیمینارەکەنمدا باسی گرنگی خاکم دەکرد و دەموت دەبێ ئەولەویەتی مفاوزی کورد لە بەغدا دوای ڕوخانی سەدام خاک بێت بە حەرفی دەموت « ئەگەر خاکمان بردەوە ھەموو شتێکی تریش دەبەینەوە ،ئەگەر خاکمان دۆڕاند مافە بەدەست ھاتووەکانیتر ئەو بەھایەیان نامێنێ» چونکە ھەمیشە ترسم ھەبوو کە ئەوانە خەمی خاکیان نییە، ھێندەی خەمی دەسکەوتی حیزبی و شەخسیان ھەیە.

 

،،

لە دوای ڕوخانی سەدام و لە کاتێکدا عێراق نەمابوو سفر ببۆوە و کورد تاکە ھێزی نیمچە رێکخراو بوو ھەموو ھێزە گەورەکان بە تایبەتی ئەمریکا لەپشتی بوون، کەرکوک و ھەموو ناوچەکانی تریان دابۆوە دەستی کورد.

 

 کە دەستوری عێراقیش دانراو نیوەی خاکی کوردستانی خستە ڕاپرسییەوە پێم تاوانێکی گەورە بوو وتم تا ئێستا ھیچ سەرکردەیەکی کورد زاتی ئەوەی نەکردوە نیوەی خاکی کوردستان بخاتە قومارێکی دۆڕاوەوە، وتم لە شۆڕشی ئەیلول ھەموو جیھان پشیگیری بەعس بوو، مەلا مستەفا بەتەنیا بوو، بەعس فشاری زۆری بۆ ھێنا کە کەرکوک و ناوچەکانیتری کوردستانی بەش بکرێن مەلا مستەفا قبوڵی نەکرد و قسە بەناو بانگەکەی کرد « کەرکوک یەک کوردیشی تیا نەمێنێ ھەر کوردستانە، من دەسەڵاتی ئەوەم نییە سازشی لەسەر بکەم» فیعلەن نەیکردو شۆڕشێکی لەسەردانا، ئەوە بوو لەدەرفەتێکی تردا کورد توانی ھەموو ئەو ناوچانە بخاتەوە ژێر دەستی خۆی.

 

 

 

 کەچی لە دوای ڕوخانی سەدام و لە کاتێکدا عێراق نەمابوو سفر ببۆوە و کورد تاکە ھێزی نیمچە رێکخراو بوو ھەموو ھێزە گەورەکان بە تایبەتی ئەمریکا لەپشتی بوون، کەرکوک و ھەموو ناوچەکانی تریان دابۆوە دەستی کورد، کەچی لە حاڵێکی ئاوا پۆزەتیفدا بۆ کورد لە چاو حاڵەتی شۆڕشی ئەیلول، سەرکردە « مێژویی و قاڵبوەکان»ی خەبات ئامادە بوون زۆر بە ساویلکانەوە بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی کورت خایەن، ئەو ناوچانە بخەنە ڕاپرسییەکەوە کە ئەو کات وتمان قومارێکی دۆڕاوە.

 

،،

با سەنگ و قورسایی و فشاری کورد و ئەولەویەتی یەکەمی بۆ جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ و گێڕانەوەی کەرکوک بێت، بەڵام بێ سود بوو.

 

  دوای دانانی دەستورەکەو پێش ئەوەی بخرێتە ڕاپرسییەوە لە سیمینارێک لەگەڵ یەکێک لەو سەرکردانەی بەشدار بوو لە دانانی دەستورەکەو زۆر بەشان و باڵیدا ھەڵیدا، من ڕەخنەم لەدەستورەکە گرت، کەچی ئەو لە وەڵامدا وتی « ئەوەی کراوە زۆر باشەو ئێمە ھەر ئەوەندەمان پێکراوە، کێ باشتری پێ دەکرێ با بچێ بیکات کەس دەستی نەگرتووە».

 دواتریش کە دەستورەکە ئامادە دەکرا بۆ ڕاپرسی من یەکێک بووم لەوانەی داوامان کرد با کورد بە نەخێر دەنگ بدات، ئەوەبوو بزوتنەوەی ڕیفراندۆمی لێ کەوتەوە، بەڵا ھەر ئەو سەرکردە « مێژوویی و قاڵبوانە»ی خەبات جارێکی خەڵکیان ھاندا بۆ بەشداریکردن و دەنگدان و شەرعاندنی ئەو دەستورەی قومارە دۆڕاوەکەی خاکی کوردستانیان لەسەر کردبوو.

 

 

 

 دوای ڕاپرسیش ئێمەو زۆر خەڵکی تریش داوامان کرد با سەنگ و قورسایی و فشاری کورد و ئەولەویەتی یەکەمی بۆ جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ و گێڕانەوەی کەرکوک بێت، بەڵام بێ سود بوو.

 کە بووینە پەرلەمانتار لە بەغدا پڕۆژەیەکم ئامادەکرد و بەنامەی ڕەسمی داوام لە ھەرچوار فراکسێۆنە کوردییەکە کرد با دانیشین و کاری لەسەر بکەین، دڵنیابووم ئەگەر بەدەنگەوە بھاتنایەو ھەموومان بەیەکەوە بە گوێرەی ئەو نەخشە ڕێگایەی دامنابوو بە یەک دەنگ کارمان لەسەر بکردایە، بەشی ھەرە زۆری مادەکە جێبەجێ کرابوو.

 

،،

لەسایەی سەری نەزانی و بەرژەوەندیخوازی و کورت بینی و مەغروری « سەرکردە مێژوویی و قاڵبوەکان» خەبات قوماری کوردایەتی بەکەرکوک و ناوچەکانی تر بەرەو دۆڕانی حەتمی دەچن.

 

 بەڵام بەداخەوە نەک ھەر بە پیرمانەوە نەھاتن، بەڵکو لە غەیری مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی فراکسێۆنی کۆمەڵ ئەوانیتر ھەر وەڵامیشیان نەداینەوە. ئێستاو دوای ڕیفراندۆم و روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرو گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ و حەشدی شەعبی و دوای دەرچوونی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پرۆسەی بەردەوامی گواستنەوەی فۆرمی خۆراک و نفوسی ھاوڵاتیانی عەرەب بۆ کەرکوک و ئەو ناوچانە، ئیتر لەسایەی سەری نەزانی و بەرژەوەندیخوازی و کورت بینی و مەغروری « سەرکردە مێژوویی و قاڵبوەکان» خەبات قوماری کوردایەتی بەکەرکوک و ناوچەکانی تر بەرەو دۆڕانی حەتمی دەچن، مەترسی ئەمجارە ئەوەیە بە شێوەی یاسایی و بەدەستورێکە کە خۆمان پێی ڕازی بوین، بۆیە دۆڕانە کە دەبێتە دۆڕانێکی شەرعی ویاسایی و تاھەتایی.