بۆچی پارەی حەجەكانتان نابەخشنە نەخۆشەكان؟

بۆچی پارەی حەجەكانتان نابەخشنە نەخۆشەكان؟

614 خوێندراوەتەوە

 ئەمساڵ هەزاران كەس لەعێراق‌و هەرێمی كوردستانەوە چوونەتە سعودیە بۆ بەجێهێنانی مەراسیمی حەج وەك یەكێك لەروكنەكانی دینی ئیسلام‌و تێچوویەكی زۆریشیان هەبووە.

  ئەم هەفتەیە لەمیدیا‌و سۆشیال میدیای كوردیدا ئەو پرسیارە زۆر وروژێنرا كە بۆچی حاجییانی كورد سوورن لەسەر سەفەرەكەیان‌و ئامادە نین پارەكەیان ببەخشنە نەخۆشخانەی هیوا‌و توشبوانی نەخۆشییە درێژخایەكان؟

 

،،

سەفەری ماڵی خوا ، سەفەرێكی تەواو جیاوازە، جیاوازی‌و ناوازەییەكانیش ئەوانە زیاتر هەستیان پێكردووە، كۆڵانەكانی مەككەیان پێواوە، شاخەڕەشەكانیان بینیوە.

 

  ئایا بۆچی ئەو هەموو پارەیەی كوردستان برواتە سعودیە؟

ئەگەرچی بەپێی ئامارە نافەرمییەكان ئەمساڵ لەرێزبەندی ئەو ساڵانەدایە كە زۆرترین حاجی لەعێراق‌و هەرێمی كوردستانەوە بەهەردوو رێگەی موعامەلات‌و تیجاری چوونەتە سعودیە‌و بۆ رێگای مامەڵەی ئیداری چوار ملیۆن دینار‌و بۆ رێگای بازرگانیش لە٦ تا ۱۲ ملیۆن دیناری عێراقییان داوە، بەڵام قسەوباسەكانیش ئەمساڵ گەرمتر بوون.

 بەبڕوای من ئەوەی ئەم سەفەرەی نەكردووە جا حەج یان عومرە، با هیچی لەسەر نەڵێ، نەك لەبەر ئەوەی مافی نیە، بەڵكو لەبەر ئەوەی نازانێ چی ئەڵێ‌و چی بڵێ.

 

 

 

 سەفەری ماڵی خوا ، سەفەرێكی تەواو جیاوازە، جیاوازی‌و ناوازەییەكانیش ئەوانە زیاتر هەستیان پێكردووە، كۆڵانەكانی مەككەیان پێواوە، شاخەڕەشەكانیان بینیوە، لەشكۆ‌و گەورەیی‌و تاجداری ماڵەكەی خوا نزیكبوونەتەوە، دڵیان پڕ بووە، قوڵپی گریان هاتووە بەچاویاند تۆ تا نەچیتە حەرەم خۆت ناناسی

 

،،

سەفەری ماڵی خوا تەنها ئەو كەسانە دەزانن پێویستییان بەئارامشی رۆحە‌و لەوێ رۆحیان پاراو دەبێت، هەموو ئەوانەی سەفەری ماڵی خوا دەكەن‌و دەگەڕێنەوە دەزانن چی شیفایەكیان وەرگرتووە. 

 

 -ئەمە ڕەنگە بۆسەردانی شوێنی پیرۆزی دینەكانیتریش راست بووبێت

- تۆ تا لەنوری خوا نزیكتر نەكەویتەوە لەخۆناسین پێش خواناسین تێناگەیت، ئەم گەشتە سەفەرێكی دەروونیە بۆ خولێكی ڕۆحی، ئیتر باوەڕت هەرچەن بێت تۆ "ئارامییەكی سەیر"ت بۆ دێ، دڵت فراوانتر دەكرێتەوە، نۆشینی پەرداخێك ئاوی زمزم، ئیحرام‌و خولێكی تەوافی پیرۆز، دووركات نوێژی حەرەم، خولێكی سەفا‌و مەروە،‌و دەست هەڵبڕین بۆ داواكاری قوتاری ئەو ئازارانەی لەدڵتان، نزا بۆ دایك‌و باوك‌و خۆشەویستان تا زیاتر بن زیاتر ئارامشت پێدەبەخشن .

 

 

 

 مرۆڤەكان بۆ ئەوەی چارەسەر بۆ نەخۆشییەكانیان وەرگرن ئامادەن ملیۆنان دۆلار وەربگرن، سەدان پزیشك بگۆرن، دەیان سەفەر ئەنجام بدەن‌و كەسیش مافی ئەوەی نیە پێیان بڵێ بۆچی پارە لەنەخۆشەكەتدا سەرف دەكەیت، یان بۆچی پارەی سەفەری نەخۆشەكەت نابەخشیت، سەفەری ماڵی خوا تەنها ئەو كەسانە دەزانن پێویستییان بەئارامشی رۆحە‌و لەوێ رۆحیان پاراو دەبێت، هەموو ئەوانەی سەفەری ماڵی خوا دەكەن‌و دەگەڕێنەوە دەزانن چی شیفایەكیان وەرگرتووە.

 

،،

ئازادی لەمسەری لەدایكبوونمانەوە تا ئەوسەری مردنمان دەبێ بۆهەمووان بێت، لەموسوڵمانێكەوە تا كریستیانێك‌و تا ئێزدییەك، ئازادی كلیلی ژیانێكی شەرەفمەندانەیە بۆ هەمووان.

 

 دەی لێگەڕێن، با هەموو ئەوانەی بۆیان دەكرێت كۆرسێكی ڕۆحی وەربگرن، تا ڕۆحیان باڵاتر بێت!

لەلایەكیتریشەوە ئازادی با بۆ هەمووان وەك یەك بێت، تۆ ئازاد بەپارەی گیرفانی خۆت چۆن سەرف دەكەی؟ سەفەری چی وڵاتێك دەكەی؟ چی بۆ خۆت‌و خانەوادەكەت بەشیاو دەزانی؟ كە نەخۆشیت سەردانی چ پزیشكێك دەكەی؟ چ ئۆتۆمبێلێك دەكڕی؟ ئازادی لەمسەری لەدایكبوونمانەوە تا ئەوسەری مردنمان دەبێ بۆهەمووان بێت، لەموسوڵمانێكەوە تا كریستیانێك‌و تا ئێزدییەك، ئازادی كلیلی ژیانێكی شەرەفمەندانەیە بۆ هەمووان.