ژنکوشتن و ژینگەیەکی ئەخلاقیی نەخۆش

ژنکوشتن و ژینگەیەکی ئەخلاقیی نەخۆش

303 خوێندراوەتەوە

فەیلەسوفی بەریتانی سایمۆن بلاکبورن، Simon Blackburn ، (١٩٤٢-..)، لە کتێبی ”باشبوون“دا, Being good، دوو جۆر ژینگە لەیەکتری جیادەکاتەوە.

 یەکەمیان ئەو ”ژینگە فیزیایی“ سروشتییەیە کە بوونێکی بابەتی ھەیە و مرۆڤ خۆی لەناویدا ئەدۆزێتەوە. دووھەمیان ئەو ”ژینگە ئەخلاقیی“ەیە کە مرۆڤ خۆی دروستیدەکات و لەناویدا دەژیی.

 

،،

”ژینگەی ئەخلاقیی“ ئەو کەش و ھەوا فەرھەنگیی و فیکرییە کە دەوری داوین و پێماندەڵێت چۆن بژین، دەستنیشانی ئەوە دەکات چی قبووڵبکەین و چیش قبووڵنەکەین.

 

 ئەم نووسەرە پێیوایە وەکچۆن پێویستە مرۆڤ لە خەمی ژینگەی یەکەمیاندا بێت بۆئەوەی وێرانی نەکات و ژیانی خۆی و نەوەکانی داھاتوو نەخاتە مەترسییەوە، بەھەمان شێوە پێویستە لە خەمی ژینگەی دووھەمیشیاندا بێت بۆ ئەوەی ئازاری مرۆڤەکانی تر نەدات و خۆشی وەک مرۆڤێکی باش و چاکەکار ھەبێت و بژیی.

 

”ژینگەی ئەخلاقیی“ ئەو کەش و ھەوا فەرھەنگیی و فیکرییە کە دەوری داوین و پێماندەڵێت چۆن بژین، دەستنیشانی ئەوە دەکات چی قبووڵبکەین و چیش قبووڵنەکەین، پێماندەڵێت چی قابیلی ئیعجاب و چی شوێنی نەفرەتلێکردنمان بێت.

 

  

 

 دستنیشانی ئیدراک و تێگەیشتنمان دەکات دەربارەی ئەوەی ئایا ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین بە باشیی و بە چاکیی بەڕێوەدەچێت، یاخود لە دۆخی خراپبوون و داڕماندایە. لە پەیوەندیشماندا بە ئەوانیترەوە، ئەم ژینگە ئەخلاقییە، دەستنیشانی ئەوە دەکات چی لەسەر ئێمە پێویستە بەرامبەر بەوانیتر ئەنجامیبدەین و چیش پێویستە بەرامبەرمان ئەنجامبدرێت.

 ئەم ”ژینگە ئەخلاقیی“یە ” کاردانەوە عاتفییەکانیشمان دیاری دەکات، دەستنیشانی ئەوەدەکات چی مایەی فەخرکردنە و چی مایەی شەرمکردنە، چی توڕەمان دەکات و چی وامان لێدەکات سوپاسگوزار و ڕازیبین.

 

 

 

 پێمان دەڵێت دەکرێت چاو لە چی بپۆشین و چی لەبیرببکەین و چاو لەچیش نەپۆشین و کام شت لەبیر نەکەین. بە کورتیی، ئەم ژینگە ئەخلاقییە سەرچاوەی ”پێوەرە ئەخلاقیی“ەکانمانە.

ئەوەی ئەم دیاردەی ژنکوشتنە بەردەوامە لە کوردستاندا بە ئێمەی دەڵێت و نیشانمان ئەدات، بێگومان ئەگەر گوێمان ھەبێت بۆ بیستن و چاومان ھەبێت بۆ بینین، ئەوەیە ئەو ”ژینگە ئەخلاقیی“یەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە، ژینگەیەکە لە ھەموو ڕوویەکەوە بۆگەنی کردوە، شتێکی تێدا نەماوە بەناوی ئەخلاقەوە، پێوەرەکانی لەوە کەوتون بتوان باش لە خراپ و ”ئەشێ“ لە ”ناشێ“ جیابکەنەوە.

 

،،

 لەزۆر سەرەوە ئەم ژینگە ئەخلاقییە بۆگەنە، ژینگەی بەر لەدایکبوونی ئەخلاقە.

 

  ”شڵەژانێکی پێوانەیی“ وا دروستبووە، ھەموو توانایەکی پۆلینکردنی ئەخلاقیی لەناوبردوە.

سنوورەکانی دەشێ و ناشێ، باش و خراپ، ڕاستیی و درۆ، ڕق و خۆشەویستیی، دەمامک و ھەقیقەت بەشێوەیەک بەناو یەکداچوون و بەیەکتری تێکەڵبوون، جیاکردنەوەیان لەیەکتر لە مەحاڵ دەچێت.

  ئەم ژینگە ئەخلاقییەی ناو کۆمەڵگای ئێمە، لە زۆر ڕووەوە لە دۆخی بەر لە دروستبوونی ئەخلاقدا دەژیی، لە دۆخی پەیوەندییەکی ڕووتی ھێزدا کە چاودێرینەکراوە و سنوورێکی تیادا نەماوە نەھێڵێت بەھێز ھەموو سوکایەتییەک بە بێھێز و توانادار ھەموو ناشیرینییەک بەرامبەر بە بێتوانا، ئەنجامبدات، تا ئاستی کوشتن و لەناوبردنی کەسە لاواز و کەم تواناکانی ئەو کۆمەڵگایە.

 

 

 

 لەزۆر سەرەوە ئەم ژینگە ئەخلاقییە بۆگەنە، ژینگەی بەر لەدایکبوونی ئەخلاقە. ژینگەی بەر لەدایکبوونی ”ویژدانێکی ئینسانیی“ە کە بەرامبەرەکەی وەک ئینسانێکی یەکسان و خاوەن ماف ببینێت و مامەڵە بکات.

 ئەوەی دەبێت بگۆڕدرێت ئەم ژینگە نائەخلاقییەیە کە میکانیزمە سەرەکییەکانی بریتین لە دەستەبەرکردنی توانای سوکایەتیکردن بە بەشە لاوازەکانی ناو کۆمەڵگا، لە پێش ھەمووانیشەوە سوکایەتیکردن بە ژنان، وەک بوونەوەری پلە و دو و پلە سێی ناو ئەو کۆمەڵگایە، تا ئاستی سڵ نەکردنەوە لە کوشتنیان وەک ئاژەڵێکی بێماف. ھەنگاوی یەکەم و ھەرە سەرەتاییی ئەم گۆڕینە بەوە دەبێت نەھێڵدرێت تاوانبارانی ئەم کوشتنانە بە ئاسانی بۆی دەرچن.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك