بۆڵتن، ئه‌و هه‌ڵۆیه‌ی پشتیوانی ڕیفراندۆمی كوردستانی كرد بووه‌ ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا

بۆڵتن، ئه‌و هه‌ڵۆیه‌ی پشتیوانی ڕیفراندۆمی كوردستانی كرد بووه‌ ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا

3608 خوێندراوەتەوە

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا ئێواره‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ (2018.3.22)، ژه‌نراڵ ماكماسته‌ری له‌ پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا دوورخسته‌وه‌ ، جۆن بۆڵتن نوێنه‌ری پێشووی ئه‌مریكای له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ شوێنه‌كه‌ی دانا و ڕۆژی 9ی مانگی نیسانی داهاتوو به‌ فه‌رمی ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.


دۆناڵد تره‌مپ، له‌ تویته‌ره‌وه‌ ئه‌م گۆڕانكارییه‌ تازه‌یه‌ی ناو ئیداره‌كه‌ی ڕاگه‌یاند، وتیشی ماكماسته‌ر كاری باشی كرد و بۆ هه‌میشه‌ وه‌ك هاوڕێم ده‌مێنێته‌وه‌.

 
ژه‌نراڵ ماكماسته‌ریش له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وتی:" من قه‌رزاری سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپم، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لی پێدام بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌و و وڵاته‌كه‌مان وه‌ك ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی".

به‌پێی لێدوانێكی به‌رپرسێكی كۆشكی سپی، لابردنی ماكماسته‌ر له‌ پۆسته‌كه‌ی به‌پێی ڕێكه‌وتنێك بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌، له‌ ناو ئیداره‌ی ئه‌مریكادا.

 

fvg
جۆن بۆڵتن، كاتێك نوێنه‌ری ئه‌مریكا بوو له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان


جۆن بۆڵتن، كه‌ ده‌بێته‌ سێیه‌مین ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا له‌ سه‌رده‌می ئیداره‌ی تره‌مپ، پێشتر نوێنه‌ری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بووه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ سه‌رده‌می جۆرج بوش له‌ 2005 ـ 2006، بۆڵتن به‌رگریكارێكی توندی سیاسه‌ته‌كانی بوش بووه‌، له‌وانه‌ش له‌ جه‌نگی دژ به‌ عێراق ساڵی 2003 و جه‌نگی ئیسرائیل دژی لوبنان ساڵی 2006.


جۆن بۆڵتن، كه‌ ڕۆژی 9ی نیسانی داهاتوو پۆسته‌ی وه‌رده‌گرێت، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك تره‌مپ به‌شداری ده‌كات له‌ داڕشتنی ستراتیژ و تێڕوانینه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا.


جۆن بۆڵتن، به‌وه‌ ده‌ناسرێت له‌ هه‌ر به‌رپرسێكی دیكه‌ی ئه‌مریكی زیاتر زانیاریی و ئاگاداره‌ به‌ دۆسیه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بۆڵتۆن ده‌زانێت چۆن له‌ نزیكه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێران بكات، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی كه‌ له‌مه‌دا پێشینه‌ی هه‌یه‌، بۆڵتۆن به‌ دۆستێكی نزیكی ئیسرائیلییه‌كانیش داده‌نرێت.


بۆڵتن، كه‌ پێشتریش پاڵێوراو بووه‌ بۆ وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، یه‌كێكه‌ له‌ نه‌یاره‌ تونده‌كانی ڕێكه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران، كه‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كان له‌ ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا له‌ ته‌موزی ساڵی 2015 له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان ئیمزایان كرد، به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی ڕێگریی له‌ ئێران بكه‌ن له‌ دروستكردنی بۆمبی ئه‌تۆمیدا.

 

we
جۆرج بوش له‌گه‌ڵ جۆن بۆڵتن ته‌وقه‌ ده‌كات


هه‌فته‌ی ڕابردووش، دوای زنجیره‌یه‌ك لابردن و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ له‌ تیمه‌كه‌ی تره‌مپ له‌ مانگی ڕابردوودا، دۆناڵد تره‌مپ، ڕیكس تیله‌رسۆنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی دوورخسته‌وه‌ و مایك پۆمپیۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی هه‌واڵگریی ناوه‌ندی (سی ئای ئه‌ی) بۆ شوێنه‌كه‌ی كاندید كرد، ئه‌وه‌ش وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی تیمی سیاسه‌ته‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا پێش كۆبوونه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانكراو له‌گه‌ڵ كیم جۆنگ ئۆن سه‌رۆكی كۆریای باكور.


ئارۆن دێڤید میلله‌ر، دیپلۆماسیی موخه‌زره‌می ئه‌مریكی كه‌ له‌ ئیداره‌ی دیموكراته‌كان و كۆمارییه‌كاندا پۆستی گرنگی هه‌بووه‌، ده‌ڵێت:" له‌گه‌ڵ دانانی بۆڵتن وه‌ك ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، تیمه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ زیاتر ده‌بێته‌ ئایدۆلۆژیی و كه‌متر پراگماتیكیی، چالشه‌كانی گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تیش هه‌مان كات پێویستی به‌ نه‌رمیی و پراگماتیكییه‌".

fvg
پشتیوانییه‌كه‌ی بۆڵتن بۆ ڕیفراندۆمی كوردستان ـ 2017.9.23


جۆن بۆڵتن، یه‌كێك بوو له‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ ده‌گمه‌نانه‌ی ئه‌مریكا، كه‌ پشتیوانی له‌ ڕیفراندۆمی كوردستان كرد كه‌ 25ی ئه‌یلولی 2017 ئه‌نجامدرا، بۆڵتن دوو هه‌فته‌ پێش ڕیفراندۆم وتی:"عێراق ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می پێشووی، كورد له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا شه‌ڕی داعشی كرد بۆیه‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌ن ده‌وڵه‌تیان هه‌بێت، هه‌رچی واشنتۆنه‌ پێویسته‌ دانبنێت به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا".

بۆڵتن، له‌ ئیداره‌كه‌ی رۆناڵد ڕێگانیش كاری كردووه‌، ساڵی 2000 بووه‌ یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، ئێستا بۆڵتن به‌ هه‌ڵۆیه‌كی تازه‌ی تره‌مپ داده‌نرێت كه‌ تێڕوانینی توندی هه‌یه‌ و بڕوای زۆری به‌ ڕێگه‌چاره‌ی سه‌ربازیی هه‌یه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه هه‌ندێ دۆسیه‌، له‌وانه‌ش ئێران و كۆریای باكور، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستێكی توندی به‌رامبه‌ر ڕوسیا هه‌یه‌.

ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، پۆستێكی ڕاپه‌ڕاندنه‌ بۆ یارمه‌تیدانی سه‌رۆك له‌ كاروباری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا، یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌، ڕاسته‌وخۆ له‌ ژێر فه‌رمانی سه‌رۆكی ئه‌مریكادایه‌،هه‌ر بۆیه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه‌ دیاری ده‌كرێت و پێویستی به‌ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی پیران نییه‌، ئه‌م پۆسته‌ ساڵی 1953 و له‌سه‌رده‌می ئیداره‌كه‌ی سه‌رۆك ئه‌یزنهاوه‌ر دروستكرا، له‌و كاته‌شه‌وه‌ تا ئێستا كه‌ بۆڵتۆن بۆ وه‌رگرتنی دیاریكراوه‌، 26 كه‌سی دیكه‌ له‌و پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا خزمه‌تیان كردووه‌.

 

 

author photo

ماستەر لە پەیوەندیە گشتییە سیاسییەکان

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە بواری لێكۆڵینەوەی سیاسيی