ئەمریکا لەنێوان دەوڵەت و میلشیا، دەوڵەتی دەوێت

ئەمریکا لەنێوان دەوڵەت و میلشیا، دەوڵەتی دەوێت

558 خوێندراوەتەوە

مێژووی سەد ساڵەی عێراق پڕە لە نموونەی ئەو لایەنە سیاسییانەی كە هەر جارەو یەكێكیان ڕۆڵیان پێ دەدرێت.

  ئەو لایەنانە لە مەسەلەی حكومڕانێتیدا كە سنووری خۆیان دەبەزێنن و دەبنە هەڕەشە ئیتر چ لەسەر ئاستی هەرێمی یان نێودەوڵەتیی بێت پاڵێیكیان پێوە دەنرێت و بەر كەنار دەخرێن.

 

،،

عێراق، حكومەت و خاكەكەی، بووەتە مەیدانی میلیشایای هەمەجۆر، لە دوای پرۆسەی ڕزگاركردنی عێراقەوە ئەو وڵاتە بەردەوام ناڵاندوویەتی بە دەست زۆری میلیشیا ناوخۆییەكانەوه‌.

 

 دوای ئەمەش ساڵانێكی دەوێت تا ئەو لایەنانە خۆیان دەگرنەوە. ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورەترین كێشە بوونی ئەو گرووپە میلشیایانەیە كە لە حوكمڕانیشدا دەستیان دەڕوا، هەر یەكێك لەو گرووپانە بوونەتە هۆی لاوازبوونی حكومەتی وڵاتەكانیان، باشترین نموونە بۆ پراكتیزەكردنی ئەو قسانە عێراقە.

 عێراق، حكومەت و خاكەكەی، بووەتە مەیدانی میلیشایای هەمەجۆر، لە دوای پرۆسەی ڕزگاركردنی عێراقەوە ئەو وڵاتە بەردەوام ناڵاندوویەتی بە دەست زۆری میلیشیا ناوخۆییەكانەوە بەجۆرێك هەر جارەو یەكێكیان دەبنە هەڕەشە بۆ سەر حكومەت و گەلەكەی. مێژووی عێراق نموونەی زۆری تێدایە لەم ڕووەوە.

 

 

 

 لە بیستەكانی سەدەی ڕابردوو بایكۆتی شیعە بۆ ئەو حوكمەی ئینگلیز سەپاندبووی لەوكاتەدا وای لە شیعەكان كرد نزیكەی سێ چارەكە سەدە ژێردەستەی كەمینەیەكی سوننە بن بەجۆرێك تا كاتی 2003 هیچ مافێكیان نەبوو.

 لەلایەكی تریشەوە، بە هەمان شێوە سوننەكانیش كە خۆیان بە میراتگری سەدام دەزانی بە سوود وەرگرتن لە هێزی مەعنەوی و ماددی بەردەستیان هەر لە سەرەتای پرۆسەی گۆڕانی ڕژێمدا بوونە بەربەست و كێشەیان بۆ بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا دروست كرد.

 

 

 

 ئەو بارودۆخە نوێیە لەلای واشنتۆن قابیلی قبووڵكردن نەبوو هەر ئەمەش بوو وای لە ئەمریكییەكان كرد زۆربەی بەعسی و سەركردە سەربازییەكان تەفروتونا بكات و وای لێكردن زۆربەیان عێراق بەجێبهێڵن و جارێكی تر نەتوانن خۆیان بگرنەوە.

 ئەمریكا لە ڕیفراندۆمەكەی هەرێمیشدا نزیكەی هەمان سیاسەت و هەڵوێستی بەرامبەر بە كورد بەكارهێنا، كاتێك كورد لە شەڕی داعش شوێن و شارە كوردییەكانی گرتەوەو دەستی بەسەر نەوتی كەركوكدا گرت لای وابوو بە ئەمری واقیع مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، سەركردەكان هەڵمەتێكیان كرد كە ئیتر ئەو سنوورانە بە خوێن وەرگیراونەتەوە و ڕایانگەیاند جارێكی تر چۆڵكردنیان مەحاڵە، ئەم كردەوانە وای لەئەمریكا كرد هەر بە هێزی عێراقی سنوورێكی بۆ كورد داناو، كشاندیەوە ئەو شوێنانەی پێش شەڕی داعش بە دەست كوردەوە بوون.

 

،،

سەركردەكانی حەشد بەتایبەت ئەوانەیان كە ئێرانییەكان ئاراستەیان دەكەن، یاری بە كات دەكەن و بەربەست دروست دەكەن و داوای دەركردن و ڕووبەروبونەوەی ئەمریكا دەكەن.

 

 بەڵام خۆشبەختی كورد لەوەدا بوو ئەمریكا بە هێز ڕووبەڕووی كورد نەبووەوە وەك چۆن لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی سوننەو شیعە بوویەوە. ‏ ئێستا، دوای نەمانی شەڕی داعش، بۆ جارێكی تر شیعەكان خەریكن هەڵە دەكەن، حەشدی شەعبی وەك پاڵەوانێك خۆی دەبینێت و ماوەیەكە بە كەلوپەلی سەربازی ئەمریكی هەڕەشە لە ئەمریكا دەكات، لەعیراقدا.

  كە ڕەنگە ئەمە لەلای واشنتۆن قبووڵ كراو نەبێت. بۆیە ئەمریكا بە ئەسپایی رێی و شوێنیان بۆ دادەنێ. ئەمریكییەكان سەرەتا داوایان لە كابینەی تازە كرد كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حەشد بدات بۆ ئەوەی ئاوێتەی سوپای عێراقیان بكات.

 

 

 

  لەبەرامبەر ئەمەدا سەركردەكانی حەشد بەتایبەت ئەوانەیان كە ئێرانییەكان ئاراستەیان دەكەن، یاری بە كات دەكەن و بەربەست دروست دەكەن و داوای دەركردن و ڕووبەروبونەوەی ئەمریكا دەكەن، بەڵام لەسەر زەمینەی واقیع پێناچێ ئەو هەڕەشانەی حەشد سوودی هەبێت، چونكە ئەو هێزە تواناكانی دیاری كراوە.

 خۆ ئەگەر شەڕیش ڕووبدات ئەوا ئەمریكا نەك شەڕی مەیدانیان لەگەڵ ناكات بەڵكو هەر لە شوێنی نادیارەوە تواناكانیان وردووخاش دەكات. بۆ حەشد وا باشترە پێش ئەوەی بەردەوامی بەو دۆخە بدەن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ حكومەتی ئێستادا و نەبنە بەشێك لە ململانێی ئێران و ئەمریكا. ‏

 ئەم نموونانەی سەرەوە دەریدەخات دەبێت ئەو پێكهاتانەی عیراق ئیتر تێگەیشتبن كە ئەمریكا زیاتر لە سەدەیەكە ئەزموونی لەگەڵ ئەو فۆرمانەی دەوڵەتدا هەیە هەر هەنگاوێكیان لە دەرەوەی عیراق بی سودو كات كوشتنە، ئەمریكا نایەوێ عێراق جگە لە دەوڵەت و نەتەوەیەك لە هیچ فۆرمێكی دیكەدا ببینێت، باشتر ئەوەیە پێکھاتەکانی عیراق نە ببن بە کێشەو نە كێشەش بۆ یەكتر دروست بکەن تەنھا ڕێگا لە ئێستادا ئەوەیە كار بەیەكەوە بكەن.

 

author photo

نوسەر و شرۆڤەكاری سیاسی