چاكسازیەكانی براگەورە ملی نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی پێوەدەبێت

بۆچی پارێزگارەكانی هەولێر و دهۆك دەگۆڕدرێن؟

چاكسازیەكانی براگەورە ملی نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی پێوەدەبێت

2751 خوێندراوەتەوە

 

هەرچەندە خەڵك چاوەڕێی ئەوەیان نەدەكرد لەدوای بونی مەسرور بارزانییەوە  بە سەرۆكی حكومەت و وەرگرتنی كلیلەكانی ئەنجومەنی وەزیران، ململانێی دوو ئامۆزاكە بگاتە ئەو ئاستەى بەئاشكرا ببینرێت، بەڵام وادیارە براگەورە پەلەیەتی لە پاكسازی هەرچییەك ناوی نێچیرڤان بارزانی پێوەلكابێت.

 

دواهەمین قوربانی ئەم پرۆسەیە پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادییە. كە ماوەیەكی زۆرە لەو پۆستەدایە و بە كەسێكی نزیك لە نێچیرەڤان بارزانی دادەنرێت و ساڵانێكە میدیاكانی نزیك لە  پارتی بە ئەندازیاری ئاوەدانی هەولێر ناوی دەهێنن.

 

بەڵام چیتر لەسەردەمی برا گەورەدا تەنانەت نازی نەوزاد هادیش هەڵناگیرێت و داوای لێكراوە كورسیەكەی چۆڵ بكات بۆ یاریزانیكی گەنجی نزیک لە ماڵی بارزانی كە بریتییە لە فرسەت سۆفی.

 

 

،،

چیتر لەسەردەمی برا گەورەدا تەنانەت نازی نەوزاد هادیش هەڵناگیرێت و داوای لێكراوە كورسیەكەی چۆڵ بكات بۆ یاریزانیكی گەنجی نزیک لە ماڵی بارزانی كە بریتییە لە فرسەت سۆفی

 

د.فرسەت سۆفی گەنجێكی خوێندەوارەو خاوەنی بروانامەی دكتۆرایە لە یاساداك لە خولی پێشو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە. بەڵام تەنها لێهاتویی و بروانامەكەی ئەوەی نەكردۆتە خاوەن شانس بۆ بوون بە پارێزگاری هەولێر،بەڵكو لە پێش هەموو ئەوانەوە بونی متمانەیە لەلایەن براگەورەوە.

 

پێدەچێت بونی متمانە لەلای سەرۆك وەزیران گەورەترین كریدیتی هەركەسێك بێت لەناو پارتی كە لەمەودوا پۆستێكی حكومی بەڕێوەبەرێت.

 

برا گەورە وردە وردە خەریكی هەڵكەندنی هەموو ئەوانەیە كە بەهۆی نزیكی لە نێچیرەڤان بارزانییەوە لە پۆستەكانی حكومەتدان و بەكەسانی جێ متمانە و تەزكیەكراو لەلایەن پاراستنەوە جێگەیان پڕدەكرێتەوە.

 

لەماوەی رابردودا نێچیرڤان بارزانیی هەر بەوەراگەیشتوە ئەوانەی كە لە حكومەت ئامۆزاكەی هەڵیكەندون، لە سەرۆكایەتی هەرێم  وەك راوێژكار جێگایان بكاتەوە.

 

پێشتر بڕیاربوو نەوزاد هادی بكرێتە وەزیر لە بەغدا، بەڵام ناوی لە لیستەكە هێنرایە دەرەوە و كەسێكی دیكە خرایە شوێنەكەی، بەهەمان شێوە بڕیاربوو لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پۆستێكی وەزاری پێ بدرێت بەڵام بەتەواوی هەموو ئەو كاندیدانەی دورخستەوە كە لەسەر نێچیرڤان بارزانی ئەژمار دەكران. لەپێش هەموویانەوە نەوزاد هادی.

 

،،

بەهەمان شێوە برا گەورە پلانی بۆ پارێزگارە گەنجەكەی دهۆكیش داڕشتوە و دەیەوێت فەرهاد ئەتروشی بگۆڕێت كە گەنجێكی خوێندەوارە و پێشتر یەكگرتوو بوە و لەم ساڵانەی دوایدا لەڕێگەی نێچیرڤان بارزانییەوە بۆتە پارتی و وردە وردە چۆتە پێش تا پۆستی پارێزگاری دهۆك.

 

بەهەمان شێوە برا گەورە پلانی بۆ پارێزگارە گەنجەكەی دهۆكیش داڕشتوە و دەیەوێت فەرهاد ئەتروشی بگۆڕێت كە گەنجێكی خوێندەوارە و پێشتر یەكگرتوو بوە و لەم ساڵانەی دوایدا لەڕێگەی نێچیرڤان بارزانییەوە بۆتە پارتی و وردە وردە چۆتە پێش تا پۆستی پارێزگاری دهۆك.

 

مەسرور بارزانی دەیەوێت بەهەمان شێوە ئەویش بگۆڕێت بە یەكێك لە گرنگترین پیاوەكانی پاراستن لەناو پارتیدا كە بریتییە لە د.عەلی تەتەر كە هەم گەنجە و هەم خوێندەوارێكی ئەمنی، كە دەزانێت چۆن ململانێی نەیارەكانی دەكات و گرەویان لێ دەباتەوە.

 

برا گەورە لە هەموو لایەكەوە هێرشەكانی بۆسەر ئامۆزاكەی دەستپێكردووە،دەیەوێت بەتەواوی گەمارۆی بدات، نێچیرڤان بارزانی وێڕای ئەوەی كە كورسی حكومەتی بۆ جێهێشتوە نازانێت ئەبێت چیتر بكات تا لە توڕەییەكانی مەسرور بارزانی خۆی بپارێزێت.

 

مەسرور بارزانی بە ئاشكرا و بێ‌ پەردە پلانەكانی دژ بە نێچیرڤان بارزانی پیادە دەكات بە شێوەیەكی زۆر خێرا و نا دیبلۆماسی. بەجۆرێك ئەوەی ساڵانێكە پارتی لەبارەی ململانێی ناوخۆییەوە حاشای لێدەكات خەریكە هەمووی دەكاتە بڵقی سەر ئاو.

 

ئەوەی هێشتا تۆزێك دۆخەكەی راگرتووە بریتییە لە نەبونی پەرچەكردار لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە كە هەتا ئێستا بێدەنگە و چاوەڕێیە هەنگاوەكانی ئامۆزاكەی تا كوێ‌ دەگات؟

 

بەڵام ئایا نێچیرڤان بارزانی جگە لە رازیبون بەم واقیعە سیاسییە نوێیە چارەی تری هەیە؟ دەتوانێت ڕوبەڕوی خواستی بنەماڵە و دامودەزگای ئەمنی ببێتەوە؟

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری