دۆستە دێرینەکەى کورد، بەناچارى کۆتایی مانگى هەنگوینى لەگەڵ هەرێم رادەگەیەنێت

پێدەچێت بەهۆى رێکنەکەوتنى لەگەڵ بەغدا هەرێم رووبەرووى قەیرانێکى دیکە ببێتەوە

دۆستە دێرینەکەى کورد، بەناچارى کۆتایی مانگى هەنگوینى لەگەڵ هەرێم رادەگەیەنێت

1856 خوێندراوەتەوە

 

هەرچەندە عادل عەبدولمەهدى وەک دۆستێکى دێرینى کورد، لەسەرەتاوە مژدانەى ئەوەى دەدا کە بودجەى هەرێم کێشەى بۆ درووست نابێت، بەڵام ماوەیەکە هەرەشەکانى ئەوەى تێدایە کە: ناتوانن لە ٢٠٢٠ بەمشێوەى ئێستا بودجەى هەرێم رەوانە بکەن.

 

بریار بوو کورد لە بەغدا پشتگیرى عادل عەبدولمەهدى بکات بۆ بوون بە سەرۆک وەزیران، لەبەرامبەردا مەهدیش ساڵێک پارەو بودجەى هەرێم رەوانە بکات، بەڵام وا دیارە ساڵەکە بەرەو تەواو بوون دەروات و هیچ رێکەوتنێکى نوێش لەنێوانیان بەرچاو ناکەوێت.

 

،،

هەرێمى کوردستان زیرەکانە توانى سود وەر بگرێـت لە ساڵ٢٠١٩ بەبێ رەوانە کردنى نەوت بودجەى خۆى لە عێراق وەر بگرێت بەڵام دیار نییە ئەم یارییە تاکەى لە بەرژەوەندى ئەو یەکلاى دەبێتەوە؟

ساڵى ٢٠١٩ و هەستانەوەى هەرێم 

لەچوارچێوەى یاساى موازەنەى بودجەى عێراقدا ئەوە رێکرایەوە کە هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات و لەبەرامبەردا بەغداش موچەى تەواوى کارمەندان دابین بکات.

لەچوارچێوەى ئەو رێکەوتنە سیاسییەشدا تاکۆ ئەمرۆ هەرێم بەبێ ناردنى نەوت بەشە بودجەى خۆى لە بەغدا وەر گرتووە، کە بووە خۆى هەستانەوەى هەرێم لە رووى ئابوورییەوە، بەڵام پێ ناچێت لە ٢٠٢٠ ئەمە بۆ هەرێم دەست بدات، چونکە رێکەوتنەکە تەنها بۆ یەک ساڵ بووە کە بەچاودێرى وڵاتانى هەرێمى (بەتایبەت ئێران) ئەنجامدرا.

 

کۆبوونەوەى عەبدولمەهدى و مەسرور بارزانى و رێک نەکەوتنیان

هەفتەى پێشوو شاندێکى کوردى بە سەرۆکایەتى سەرۆکوەزیرانى نوێى هەرێمى کوردستان ( مەسرور بارزانى) سەردانى بەغدادیان کرد بەڵام بەدەستى بەتاڵ گەڕانەوە هەرێمى کوردستان.

دواى رێک نەکەوتنى شاندەکەى بارزانى لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق، بە ناچارى لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکاندا دانیشتن و لەرێگەى بەیاننامەیەکەوە ئەو پەیامەیان گەیاند کە کورد و بەغدا  رێک نەکەوتن. بۆیە بەیاننامەکەیان ناونرا "بەیاننامەى رێک نەکەوتن".

 

،،

 هەرێمى کوردستان نەوت رادەستى بەغدا ناکات، دەیەوێت لەبەرامبەریشدا ناردنى بەشە بودجەکەى لەلایەن بەغداوە بەردەوام بێت، ئەمەش بەرپرسانى عێراقى نیگەران کردووە.

ئەحمەدى حاجى رەشید

ئەحمەدى حاجى رەشید کە ئەندامى پەرلەمانى عێراقە لە فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى، لەمبارەوەیەوە ئەوەى بە دیپلۆماتیک مەگەزین راگەیاند: ئەو بەشدارى ئەو کۆبوونەوەو بەیاننامەیەى نەکردووە چونکە پێى وابووە تەنها بۆ بەکار هێنانى فراکسیۆنە کوردییەکانە و حکومەتى کوردى ویستویەتى لەرێگەى بەیان نامەیەکەوە پشتگیرى فراکسیۆنە کوردییەکان بەدەست بهێنێت کە نەوت رادەستى بەغدا ناکات.

 

بیانووەکان هەرێم

هەرێمى کوردستان چەند بیانوویەکى هەیە تاکو لەبەرامبەردا نەوت رادەستى هەرێم ناکات، کە رەنگە ئەمەش هەرێم بەرەو دۆخێکى نادیار ببا، ئەوانیش:

یەکەم: وەک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستانیشدا هاتبوو، بەغداد بڕى ٨٠ ملیار دۆلار قەرزى بودجەو موچەخۆرانى لایە و دەبێت رادەستى بکاتەوە ئینجا هەرێم نەوت تەسلیم دەکات.

 

دووەم: هەرێم دەیەوێت حکومەتى هەرێمى کوردستان پشکى خاوەن کۆمپانیاکانى نەوت بدات، تاکو لەبەرامبەردا بتوانن رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بدەن بە بەغدا.

 

سێیەم:  بەرپرسانى هەرێمى کوردستان لەماوەى برینى بودجەى هەرێم لەلایەن بەغدا قەرزێکى کەڵەکەبوویان هاتۆتە سەرو دەیانەوێ سوود لەم کاتە وەر بگرن و قەرزەکان بدەنەوە. 


چەن ئەگەر هەرێم سوور بێت لەسەر رادەست نەکردنى نەوت ئەوا پێدەچێت جارێکى دیکە موچەخۆران رووبەرووى قەیرانێکى دیکە ببنەوە.

 

بەڵام ئەندام پەرلەمانەکەى کۆمەڵ دەڵێت: ئەمە نایاساییە هەرێم دەیکات و بەپێى ئەو یاسایەى کە لەپەرلەمان دەنگى پێدراوە باسى ئەم بیانوانەى هەرێم نەکراوە و دەبێت لەبەرامبەر پێدانى بودجەى هەرێمدا حکومەتى کوردیش نەوت رادەست بکات تاکو جارێکى دیکە هەردولا رووبەرووى کێشە نەبنەوە.

 

بۆیە ئەحمەدى حاجى رەشید ئەمە ناو دەنێیت (یارى کردن بەکات) کە دواجار ئەگەر وریا نەبین هاوڵاتى و موچەخۆران دەبێت باجەکەى بدەن.

 

هەرێمى کوردستان چى دەوێت؟

بەپرسانى هەرێم لێکدانەوەى سیاسیان بۆ دۆخەکە بەم شێوەیە کە بەهۆى دروستبوونى کێشە لە هەناردەکردنى نەوت لەرێگەى گەرووى هورمزەوە کێشە بۆ چوونە دەرەوەى نەوتى عێراق دروست بووە، بۆیە بەرپرسانى حکومەتى عێراق ملکەچى هەرێم دەکات تاکو لەرێگەى بۆریى نەوتى هەرێمەوە، نەوتى عێراق لە رێگەى تورکیاوە بەرەو بازارەکانى جیهان بروات.

 

بەڵام پێ ناچێت وا بەزوویی بەرپرسانى عێراق ئەم رێگەیە بگرنەبەر، چونکە:

یەکەم: بۆرى نەوتى هەرێم ناتوانێ لە یەک ملیۆن بەرمیل زیاتر نەوت رەوانەى دەرەوە بکات، کە رۆژانە زیاد لە ٦٠٠ هەزار بەرمیلى هى خودى هەرێمە، ئەمەش کێشەى نەوتى عێراق چارەسەر ناکات.چونکە عێراق رۆژانە پێویستى بە زیاد لە ٣ ملیۆن بەرمیلە کە رەوانەوەى بازارەکانى جیهانى بکات.

 

دووەم: هەروەها عێراق پێویستى بە ٣٠ ملیار دۆلارە بۆ ئەوەى ئیحتیاتى ٦ مانگ پارەى پێوست بکات، بەڵام ئەمرۆ بەپێى زانیارییەکان عێراق ٦٦ ملیار دۆلارى خەزن کردووە بەمەش کێشەى پارەو داهاتى بۆ درووست نابێت تاکو ناچارى هەرێم بێت و پەناى بۆ ببات.

 

،،

رەنگە ساڵى ٢٠١٩ باشترین ساڵى ئابورى بووبێت بۆ هەرێمى کوردستان و لە ٢٠٢٠ دووبارە نەبێتەوە.!

 

ئەحمەدى حاجى رەشید پێى وایە هەرێمى کوردستان ستراتیژى بیر ناکاتەوە لەم بابەتەوە سەرقاڵە بە تەکتیکەوە، ئەمەش وا دەکات چارەنووسى موچەخۆران لە ساڵى ٢٠٢٠ بە نادیارى بمێنێتەوە.

 

کەواتە ئەگەر هەرێم و بەغدا بەردەوام بن لەسەر ئەم رێک نەکەوتنەیان، پێدەچێت سەرەتاى ساڵى ٢٠٢٠ کێشەیەکى جدى دیکە لەنێوان هەردوولا سەر هەڵ بداتەوە، دیار نییە ئەو کاتە عادل عەبدول مەهدى پشتى کوردەکان دەگرێت یان ناچار بە برینى بودجە دەبێت یاخود بە ناچارى دەست لە پۆستەکەى دەکێشێتەوە.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان