فرسەت سۆفی له‌به‌رده‌م سێ بژارده‌دا

فرسەت سۆفی له‌به‌رده‌م سێ بژارده‌دا

745 خوێندراوەتەوە

د. یونس سەید ڕەشید

چەند ڕۆژێکە لە میدیا جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باس باسی د. فرسەت سۆفی یە وەکو پارێزگاری نوێی هەولێر لە جیاتی ئەندازیار نەوزاد هادی کە وەکو دەزانن بۆ چەندین ساڵ ئەو پۆستە لای نەوازد هادی بوو. جا ئەوەی تێبینی دەکەم لەو هەڵمەتە میدیای و بانگەشەیە ئەوەیە کە فۆکەس لە سەر پێنج خاڵی سەرەکی دەکات.

١ د.فرسەت سۆفی تاکو ئێستا بە درێژایی ئەزموونی حزبی و حکومی تۆمەتبار نەکراوە بە گەندەڵی و لە هیچ مەلەفێکی گەندەڵی تێوەنەگلاوە.

٢ ناوبراو پاڵپشتی تەواو دەکرێت لە لایەن خودی کاك مه‌سعود بارزانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، تەنانەت نووسراوی ڕاستەوخۆشی بۆ کراوە لە لایەن کاك مه‌سعود لە مەڕ ئەو بابەتە.

٣ ناوبراو یاساناسە و هەڵگڕی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری یاسا، واتە شارەزای تەواوی هەیە لە یاسا و ڕێساکانی هەرێم.

٤ شارەزاییەکی تەواو تا ڕادەی پسپۆڕی هەیە لە بابەتی گەندەڵی و کۆکردنەوەی دۆسیەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان.

٥ ناوبراو شارەزایە لە ئەتەکێتی گفتوگۆکردن و کراوەیە بۆ ئالوگۆڕکردنی بیروڕا و ڕەخنە.

 

ئەوانە هەموو خاڵی پۆزەتیڤن لە ڕوویی تیۆری بەڵام تا چ ڕادەیەك لە سەر زەمینەی واقیع بەرجەسەتە دەبیت، ئەوە بێ گومان تەمەنی ئەزموونی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دەیسەلمێنی لە بەڕێوەبەردنی شاری هەولێر کە پایتەختی هەرێمە. ڕۆڵی د.فرسەتیش وەکو پارێزگار لەو بەڕێوەبردنە بێ گومان ڕۆڵێکی کاریگەر و سەرەکی یە، بە لایەنی کەمەوە لە رووی یاسایی.

 

،،

جگە لە چەند مەلەفێكی گەندەڵی بچوك، چاوەڕوانی چارەسەركردنی گەندەڵیەگەورەكانی لێ ناكرێت

 

 

ئێستا د. فرسەت سۆفی، لە چوارچێوەی دەسەڵاتی جێبەجێکار دەستبەکارە و کۆمەڵێك دەسەڵاتی لەبەردەستدایە، ئەو جگە لەوەی لە چوارچێوەی کابینەیەکی نوێی حوکمڕانی دەستبەکارە بە سەرۆکایەتی کاك مەسرور بارزانی کە شیعاری حکومەتێکی بەهێز و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەرزکردۆتەوە.

 

هەموومان وەکو هاوڵاتی ئاسایی ئەو هەریمە بەتایبەتی خەڵکی شاری هەولێر دەزانین ئەزموونی کابینەکانی ڕابردوو چۆن بوو، هەموومان دەزانین گەندەڵی بە هەموو ڕوویەکانەوە هەموو سنوورێکی بەزاند. هەمووشمان دەزانین گەندەڵی لە هەرێم بە جۆرێک باڵادەست بووە و تەشەنەی کردووە کە ئەستەمە هەمووی لە ماوەیەکی پێوانەیی چارەسەربکرێن و هەرێم ببێت بە شامی شەریف. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە کە دەسەڵاتدارنی ئەو هەرێمە بچووکە ئەگەر ویستی چاکسازی و پلانی چاکسازیان هەبێت بە ڕاستی و درووستی ئەوا دەتوانن هەندێك هەنگاو بهاوێژن تەنانەت مەگەر هەنگاوی سەرەتاییش بن.

 لە ماوەی ڕابردووش خەڵكی بێ لایەن و خەڵکی لایەنگر و هەندێك لایەن لە ژێر لافیتەی ئۆپۆزسیۆن بە مەبەستی جۆراوجۆر توانیان پەردە لەسەر ڕووی شاراوەی گەندەڵی هەردوو سێکتەری حکومی و تایبەت لابەرن.  

من وەکو هاووڵاتیەکی ئاسایی خەڵکی شاری هەولێر چاوەڕوانی ئەوە ناکەم لە د. فرسەت سۆفی وەکو پاریزگاری هەولێر کە بتوانیت دەست درێژ بکات بۆ هەموو کون و کەلەبەرکانی گەندەڵی لە شاری هەولێر، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکەم کە بتوانێت دەست درێژ بکات بۆ هەندێك مەلەفی گەندەڵی بچووك بەراورد بە مەلەفەی گەندەلی زەبەلاح کە ڕەنگە تەنها ترەمپ بتوانێت دەستی بۆ درێژ بکات.

جا با د. فرسەت سۆفی لە ئێستادا وەکو دەستپێك و سەرەتایەك بۆ وەرگرتنی متمانەی خەڵکی شاری هەولێر هەندێك مەلەفی گەندەڵی سادەو ساکار چارەسەر بکات، بۆ ئەوەی ببێت بە بەڵگەیەکی مەلموس لەسەر ئەوەی بە ڕاستی ئەو کابینە نوێیە خواستی چاکسازی هەیە و بەڕاستی خزمەت بە خەڵکی شاری هەولیر دەکات بە شێوەیەکی یاسایی و دادپەروەرانە.

 

 

،،

بژاردەكانی بەردەم فرسەت سۆفی

 

ئێستا د.فرسەت سۆفی وەکو پارێزگاری نوێی هەولێر لە بەرامبەر سێ بژاردەیە کە چوارەمی نیە:

١  یان بە شێوەیەکی کرداری دەیسەلمێنی کەوا خاوەن بڕیارەو دەسەلاتی ڕاستەقینەی هەیە و دەتوانێت هەندێك لە کێشەو گرفتە سەرەکییەکانی خەڵکی شاری هەولێر چارەسەر بکات، لەسەرووی هەموویانەوە سزادانی ئەو گەندەڵانەی کە لە سەردەمی کابینەی پێشوو و پارێزگاری پێشوو دەستدریژیان کردووەتە سەر مافی گشتی و مافی تایبەتی هاووڵاتیان.

٢ یان دیسەلمێنێ کەوا لە پشتی پەردە وەکو دۆمینە ده‌یجوڵێنن و ئەو وەکو کاراکتەرێکی حزبی و حکومی تەنها بۆ ئەوە هاتووە کە گەندەڵی لە قالبێکی یاسایی دابڕێژێت و هەندێك نەشتەرگەری جوانکاری ئەنجام بدات بۆ ڕووی گەندەڵکارە زەبەلاحەکان.

بە واتەیەکیتر سپی کردنەوەی سەروەت و سامانی گەندەڵان. زۆر ڕوونتر و ڕاشکاوانەتر، ئەگەر گەندەڵی کاتی خۆی بە نەزانی و نایاسایی ئەنجام دراوە، لەمەودوا بە یاسایی ئەنجام دەدرێت، لە هەردوو حاڵەتیشدا گەندەڵان سوودمەندن و هاووڵاتی ئاسایی زەرەمەند دەردەچێت.

٣. یان دەیسەلـمێنێ کە خاوەن بڕیار و ویژدان و مەبدەئە، ڕاشکاوانە دەڵێت ناتوانم بەرەنگاری گەندەڵی ببمەوە و ئامادەش نیم پاڵپشتی گەندەڵان بکەم لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆم و پۆست و پارە، بۆیە دەستلەکاردەکێشمەوەو دەگەڕێمەوە سەر میلاکی خوێندنی باڵا و وەکو مامۆستایەکی ئاسایی زانکۆ.

 

ئەوەش ڕۆژگار دەیسەلـمێنی ئەگەر ئیمڕۆش نەبێت دوای سێ تا چوار ساڵیتر وە کەسیش ناتوانێت حوکمی پێشوەختە بدات.

 

 

خۆ ئەگەر د. فرسەت سۆفی سەرکەوتوو بوو لە کارەکانی و توانی متمانەی خەڵکی  هەولێر بە دەست بێنێت بە ڕاستی و درووستی، ئەوا نەك تەنها لەسەر ئاستی کەسایەتی خۆی بەڵکو بۆ ئەو حزبەی کە نوێنەرایەتی دەکات کە پارتی یە دەبێتە مایەی شانازی.

خەڵکی هەولێر بە تایبەتی ئەزموونێکی تاڵیان هەیە لەگەڵ ئەو گەندەڵانەی کە سیفەتی حزبی و حکومیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و نا یاسایی خۆیان بەکارهێناوە. جا نازانم د. فرسەت سۆفی دەتوانێت بەو پاڵپشتیانەی هەیەتی ئەو واقیعە تا ڕادیەك بگۆڕێت، یان دەبێت ئێمەی خەڵکی بە شەرەفی هەولێر بڵێین هەزار خۆزگە بە کفن دز یان لە باشترین حاڵەتدا دەبێت بڵێین کەشك برای دۆیە.

 

من بەشبەحاڵی خۆم تاقیکردنەوەی پارێزگاری نوێ د. فرسەت سۆفی لێرەوە دەست پێ دەکەم، لەبەر ئەو هۆکارانەی خوارەوە.

١. من خۆم ئەو مەلەفەی گەندەڵی ناو شاری هەولێرم ئاشکرا کرد و گەیاندمە دەستی داواکاری گشتی و ڕای گشتی و فەیسبووك تەنانەت لە کەناڵی ئاسمانی ڕووداویش لە میانەی بەرنامەکەی لەگەڵ رەنج پەخش کرا .

٢. خوودی د. فرسەت سۆفی لەو بەرنامەیە ئامادەبوو وەکو میوان و بە تێروتەسەلی گفتوگۆی لەگەڵ کرا.

٣. ئەو مەلەفەی گەندەڵی بە سوپاسە لە ریپۆرتی وەرزی شەشەمی ٢٠١٦ لە لایەن ڕێکخراوی ستۆپ  بلاوکرایتەوە لە لاپەڕە ٤١ لە بەشی سێکتەری زەوی وزار ( سەیری هاوپێچ بکە)، بۆ زانین وێنەیەکی نێردراوە بۆ هەر سێ سەرۆکایەتیەکی هەرێمی کوردستان و لایەنی پەیوەندیدار.

 

جا ئەگەر پارێزگاری هەولێر د.  فرسەت سۆفی  توانی ئەو مەلەفە بچووکەی گەندەڵی چارەسەربکات بە شێوەیەکی یاسایی و مافی هاووڵاتیانی زەرەرمەند بگەڕێنیتەوە، ئەوا دەکرێت چاوەڕوانی شتی گەورەتری لێ بکەن. بەڵام ئەگەر ئەوندەشی پێ ناکرێت ئەوا خۆی ئازادە لە هەڵبژاردنی یەکێك لەو سێ بژاردانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد.

 

هیوادارم د. فرسەت سۆفی ئەو بابەتەی بە دەستی بگات ، بۆ ئەوەی بەیانی نەڵێت بەخوا ئاگادار نیم، یان بڵێت بەڵێ ئاگادارم بەڵام ئەو گەندەڵانە لێبوردراون بە مەرج و بێ مەرج بە پێی یاسای لێبوردنی گشتی کە لەلایەن حکومەتی هەرێم دەرکراوە. ئەگەر ووردەکاری زیاتریشی دەوێت دەتوانێت لێ بکۆڵیتەوە.

 

د. ئەندازیار یونس سەید ڕەشید

توێژەرو مامۆستای زانکۆ لە ئەڵمانیا