وه‌صی یان رێکخەر؟

رێكخه‌ری گشتی و ڕێكخه‌ری سێبه‌ر

وه‌صی یان رێکخەر؟

1661 خوێندراوەتەوە

 

هه‌رچه‌نده‌ گۆڕان رزگاری بوو له‌ شه‌ڕی كۆنگره‌، به‌ڵام پێ ناچێت هه‌ڵبژاردنی ڕێكخه‌رو ئه‌ندامانی خانه‌، له‌لایه‌ن ده‌نگه‌ نارازییه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌وه‌ به‌ئاسانی هه‌زم بكرێت.

 

نه‌وشیروان موسته‌فا زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه‌ كاتێك پێش وه‌فاتی، توانی گرده‌كه‌و كوڕه‌كانی ته‌سلیمی كه‌سێك بكات كه‌ خاوه‌نی مێژوویه‌كی دووروو درێژ بوون پێكه‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندان كێشه‌ی ناوخۆیی بزووتنه‌كه‌ بووه‌.

 

،،

 هه‌رچه‌نده‌ گۆڕان خۆى رزگار كردووه‌ له‌ تاى كۆنگره‌، به‌ڵام پێ ناچێت به‌ئاسانى رزگارى بێت له‌ده‌ست و ده‌نگه‌ نارازییه‌كانى.!

 

ره‌خنه‌كان له‌ شێوازی هه‌ڵبژاردنی ڕێكخه‌ری گشتی گۆڕان و ئه‌ندامه‌كانی خانه‌ی راپه‌راندن له‌وێوه‌ ده‌ستیان به‌ ته‌قینه‌وه‌ كرد كه‌ دوای پرۆسه‌ی ده‌نگدان و كۆتایی هاتنی، ڕێكخه‌رو ئه‌ندامه‌كان سه‌ردانی ماڵی نه‌وشیروان موسته‌فایان كردوو له‌گه‌ڵ چیا كوڕە بچوكی نەوشیروان مستەفادا وێنه‌یان گرت.

 

ده‌نگه‌ نارازییه‌كان چۆن سه‌یری پرۆسه‌كه‌یان كرد؟

ده‌نگه‌ نیگه‌ران و نارازییه‌كانی گۆڕان، به‌توندی دژی پرۆسه‌كه‌ وه‌ستانه‌وه‌ و پێیان وایه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی هه‌ڵبژێردراون به‌ده‌موچاوه‌ گه‌نجه‌كانیشه‌وه‌، نوێنه‌رایه‌تی ماڵی نه‌وشیروان موسته‌فا ده‌كه‌ن و هیچ كاتێك نوێنه‌ری گه‌نج نین.

هه‌روه‌ها پێیان وایه‌ نه‌بوونی ئه‌ندامی ژن له‌ خانه‌ی راپه‌راندان، عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ شانازی به‌ دیموكراسیی بوون و مافه‌كانی ئافره‌تانه‌وه‌‌ ده‌كات.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ش وه‌ك ته‌نزێكی سیاسی هه‌وادارانی گۆڕان نوسیویانه‌: له‌ ئێستادا بزووتنه‌وه‌كه‌مان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك خانه‌نشینی حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

 

،،

عومه‌رى سه‌ید عه‌لى كه‌ ته‌مه‌نى گه‌شتۆته‌ 75 ساڵ، تا ئێستاش سه‌رقاڵى سیاسه‌ت و مناوه‌ره‌یه‌..!

 

عومه‌ری سه‌ید عه‌لیش بێ به‌ش نه‌بوو له‌م ره‌خنانه‌ و ده‌وترێت، كاتی خۆی ناوبراو به‌ مام جه‌لالی گوتبێت لەبەرئەوەی تەمەنی چۆتە حەفتا ساڵەوە واز له‌ سكرتێری گشتی یه‌كێتی بهێنێت بۆ كه‌سێكی دیكه‌ تاكو بواری گۆڕانكاری له‌ حزبه‌كه‌دا زۆرتر بێت، به‌ڵام ئه‌مرۆ سه‌ید لەكاتێكدا 75 ساڵ تەمەنیەتی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌ردای كورسییه‌كه‌ی نابێت.بۆچی؟

 پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ رێكخه‌رو ئه‌ندامانى خانه‌

عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ڕێكخه‌ری گشتی یان وه‌صی؟

ره‌نگه‌ ئه‌و وه‌سفه‌ بۆ سه‌ید عومەر ته‌واو راست بێت كه‌ به‌ پیاوێكی پاك و ساده‌و به‌وه‌فا ناوی ده‌ركردبێت، چونكه‌ هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ وا ده‌كات كه‌ له‌به‌ر خاتری هاوڕی كۆچكردووه‌كه‌ی پشتی كوڕه‌كانی به‌ر نه‌دات، ئه‌گه‌ر چی عه‌یبداریشی بكات.

 

به‌ عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ده‌ڵێن، ڕێكخه‌ری كوڕه‌كانی نه‌وشیروان موسته‌فا، به‌ چیای كوڕی نه‌وشیروان موسته‌فاش ده‌وترێت رێكخه‌ری سێبه‌ر، لێره‌دا ته‌نها سه‌ید عومەر باجه‌كه‌ی داوه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌پێناو ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه‌ به‌ نه‌وشیروان موسته‌فای دابوو.

 

لەلایەن ركابەرەكانیەوە زیاتر لەوەی وەك رێكخەر دەربكەوێت وەكو وەصی سەیردەكرێت، ئەوان دەڵێن عومەری سەید عەلی هاوشێوەی عەبدولئیلاهی خاڵی مەلیك فەیسەڵ دەوری وەصی دەبێنێت تا ئەوكاتەی كوره‌كانی نه‌وشیروان موسته‌فا گه‌وره‌تردەبن و له‌رووی سیاسییه‌وه‌ دەتوانن مغامه‌ره‌ و موناوه‌ره‌ بكه‌ن.

 

،،

نارازییه‌كانى گۆڕان پێیانوایه‌ چیاى كوره‌ گه‌وره‌ى نه‌وشیروان موسته‌فا رێكخه‌رى سێبه‌رو فیعلى گۆڕان و گرده‌كه‌یه‌.!

 

به‌م پێیه‌ش سه‌ید عومەر له‌بری بریاره‌ كۆتاییه‌كان زۆرتر پێشنیارو ته‌وصییه‌ ده‌كات ، چونكه‌ بۆ زۆرێك له‌ پرسه‌ گرنگه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵی نه‌وشیروان موسته‌فا، وه‌ك له‌ دیاریكردنی كاندیده‌كان بۆ پۆسته‌ حكومیه‌كان ئه‌مه‌ به‌زه‌قی به‌رچاو كه‌وت.

 سه‌ردانى كردنى رێكخه‌رو ئه‌ندامانى خانه‌ بۆ ماڵى نه‌وشیروان موسته‌فا

لەوێنەكانی پاش سەردانی ماڵی نەوشیروان مستەفاش دەردەكەوێت، كه‌ چۆن ڕێكخه‌ری گشتی، ده‌ستی كوڕه‌كانی نه‌وشیروان موسته‌فای توند گرتووه‌، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وانیش ناوبراو به‌مام و باوكی خۆیان ده‌زانن و بە ته‌واوی پشتی ده‌گرن.

هه‌ربۆیه‌ كوره‌كان باش دركیان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ئێستادا تاكه‌ كه‌سێك كه‌ بۆن و به‌رامی باوكیان بدات و پشتیان به‌ر نه‌دات عومه‌ری سه‌ید عه‌لییه‌، ئه‌مه‌شه‌ وا ده‌كات به‌ناوی ماڵی نه‌وشیروان موسته‌فاوه‌ پشتگیری ته‌واوی بكه‌ن و دژی هه‌ر كه‌سێك بن كه‌ بیه‌وێت رێگری له‌ سه‌ید بكات.

،،

به‌ رۆشتنى ڕێكخه‌رو ئه‌ندامانى خانه‌ى راپه‌راندن بۆ ماڵى نه‌وشیروان موسته‌فا دواى ته‌واو بوونى پرۆسه‌ى ده‌نگدان، ده‌نگه‌ نارازییه‌كان زیاتر ته‌قینه‌وه‌.!

سەردانەكەی دوێنێی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن بۆ ماڵی نەوشیروان مستەفا هەر بەتەنها بۆ دوپاتكردنەوەی رێز و وەفا نەبوو بۆ نەوشیروان مستەفا و خانەوادەكەی، بەڵكو لەپشتیەوە ئەو پەیامەش هەبوو كە بەتەنها دەنگدانی ناو ناو جڤاتی نیشتیمانی بەس نییە بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاكانی ناو گۆڕان.

بەڵكو لەسەرو هەموو ئەوانەوە پێویستی بە موبارەكەی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا هەیە و لەدوای ئەوەی ئەوانیش ئەنجامەكە پەسەند دەكەن ئەوكاتە خانەی راپەڕاندن و رێكخەری نوێ‌ بەفیعلی پۆستەكانیان وەردەگرن و مومارەسەی كارەكانیان دەكەن.