ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان به‌ قوڵایی 40 كم

توركیا له‌گه‌ڵ پارت ڕێك كه‌وتووه‌، بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام كه‌ هه‌زاره‌ها سه‌رباز به‌ چه‌كی قورسه‌وه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت

ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان به‌ قوڵایی 40 كم

572 خوێندراوەتەوە

وه‌رگێڕانى: گۆران قادر

حكومه‌تی توركیا به‌مه‌به‌ستی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێك كه‌وتووه‌، بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام به‌ قوڵایی 40 كیلۆ مه‌تر له‌ناو خاكی هه‌رێمدا، ناوچه‌ ئارامه‌كه‌ چه‌ندین پێگه‌ی سه‌ربازی وده‌زگای هه‌واڵگری له‌ خۆ ده‌گرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌زاره‌ها سه‌ربازی توركیا به‌ چه‌كی قورسه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌دا بوونیان ده‌بێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی (ئاژانس) له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی باوه‌ڕپێكراوه‌وه‌ ئاشكرای كرد، كه‌ حكومه‌تی توركیا له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێك كه‌وتووه‌، كه‌ سوپای توركیا به‌ قوڵایی 40 كیلۆ مه‌تر و به‌ درێژایی 55 كیلۆ مه‌تر بێنه‌ ناو خاكی هه‌رێمه‌وه‌ و بنكه‌ی سه‌ربازی هه‌میشه‌یی تێدا دابمه‌زرێنن.

،،

حكومه‌تی ناوه‌ندی داوای له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كردوه‌، هیچ ئاسانكارییه‌ك بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازی ، یان باره‌گای توركیا له‌ خاكی هه‌رێم نه‌كات.

 سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ حكومه‌تی فیدڕاڵی دوای ئاگاداربوونی له‌ ئیمزاكردنی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌، نێگه‌رانی خۆی ده‌ربڕیوه‌و نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه‌، له‌ نامه‌كه‌یدا حكومه‌تی عیراق ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ پێشێلكردنێكی ڕوونی سه‌روه‌ری عیراقه‌ ، حكومه‌تی فیدڕاڵی هه‌رگیز ئه‌مه‌ قبوڵ ناكات.

هه‌روه‌ها حكومه‌تی ناوه‌ندی داوای له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كردوه‌، هیچ ئاسانكارییه‌ك بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازی ، یان باره‌گای توركیا له‌ خاكی هه‌رێم نه‌كات.

له‌ ئێستادا حكومه‌تی توركیا نزیكه‌ی 22 باره‌گای سه‌ربازی له‌ناو خاكی هه‌رێمدا هه‌یه‌، كه‌ سێیه‌كیان له‌م كۆتایانه‌دا به‌بیانووی چاودێری چالاكیه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان دایمه‌زراندوون.

به‌ پێی سه‌رچاوه‌ هه‌واڵیه‌كان، باره‌گاو بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا له‌ نێوان هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و دهۆكدا جێگیر كراون، گه‌وره‌ترین باره‌گایان ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی (بامه‌ڕنی)له‌ باكوری شاری دهۆك، كه‌ فڕۆكه‌ ده‌توانێت له‌و باره‌گایه‌دا بنیشێته‌وه‌.

له‌ماوه‌كانی ڕابردووا چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی كوردستان داوایه‌كیان بۆ ده‌رچوونی سوپای توركیا له‌ خاكی هه‌رێم پێشكه‌ش كردووه‌، له‌ داواكه‌یاندا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌( سوپای توركیا بۆ ماوه‌ی 15 ساڵه‌ بنكه‌و باره‌گای سه‌ربازی له‌ خاكی هه‌رێم جێگیر ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دژی ده‌ستوری ده‌وڵه‌تی عیراقیشه‌، هه‌روه‌ها دژی ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی كوردستانیشه‌ كه‌ له‌ 12-5-2003 ده‌رچووه‌ و داوای له‌ هێزی ئاشتی پارێزی توركیا كردووه‌، له‌ خاكی هه‌رێم بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ و كۆتایی به‌ بونی خۆیان بهێنن.

،،

چۆن پارتی دیموكراتی كوردستان یان پارته‌كانی دیكه‌ ده‌توانن له‌شكركێشیه‌كه‌ی سوپای توركیا ڕابگرن؟ ته‌نانه‌ت ئه‌مریكاش ناتوانێت ئه‌و له‌شكركێیه‌ ڕابگرێت.

  هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند، پارتی كرێكارانی كوردستان هۆكاری ڕاكێشانی سوپای توركیایه‌ بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێم، چونكه‌ گه‌ر په‌كه‌كه‌ توركیا بۆ شه‌ر ڕانه‌كێشێته‌ خاكی هه‌رێمه‌وه‌، ئه‌وا توركیا ناتوانێت خاكی هه‌رێم داگیر بكات. وتیشی: حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێم توانای ڕێگری كردنی له‌شكركێشی توركیایان نیه‌، كه‌واته‌ چۆن پارتی دیموكراتی كوردستان یان پارته‌كانی دیكه‌ ده‌توانن له‌شكركێشیه‌كه‌ی سوپای توركیا ڕابگرن؟ ته‌نانه‌ت ئه‌مریكاش ناتوانێت ئه‌و له‌شكركێیه‌ ڕابگرێت.

ده‌رباره‌ی هۆكاری هاتنی سوپای توركیا، بیستون فاتیح نوسه‌ر و چاودێری سیاسی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ چه‌ندین هۆكاری هه‌یه‌، له‌وانه‌ لاوازی سه‌ركردایه‌تی كوردی، هاوكاری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بۆ داگیركه‌ری توركی، ته‌ماعی توركیا بۆ سه‌ر خاكی عیراق، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی توركیابه‌م هۆیه‌وه‌ ڕێگری له‌ داواكانی كوردانی توركیا ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی داوای مافه‌ یاساییه‌كانیان نه‌كه‌ن.

سوپای توركیا له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا ئۆپراسیۆنێكی فراوانی له‌ناو خاكی هه‌رێم ده‌ستپێكرد، بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ چالاكیه‌كانی په‌كه‌كه‌ دابنێت، ئۆپراسیۆنه‌كه‌ به‌ ناوی (چنگی یه‌كه‌م) ده‌ستی پێكرد، هه‌روه‌ها له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ئابیشدا ئۆپراسیۆنی چنگی دووه‌می ئه‌نجامدا و له‌ 25ی ئابیشدا ئۆپراسیۆنی سێیه‌می به‌ڕێوه‌برد.

،،

بوونی باره‌گای توركیا له‌ خاكی هه‌رێمدا شێوه‌یه‌كی نوێی وه‌رگرت.

ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ داوا له‌ حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێم ده‌كات ،چتر له‌ به‌رامبه‌ر كاره‌ دوژمناریه‌كانی توركیا بێده‌نگ نه‌بن،كه‌ دژی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عیراق ئه‌نجامی ده‌دات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كارتی ئابووری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره‌ به‌كاربهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی واز له‌ پێشێلكاریه‌كان بهێنێت و له‌ خاكی هه‌رێم و عیراقدا پاشه‌كشه‌ بكات.

ڕۆژی 26 كانوونی دووه‌م،دژی له‌شكركێشیه‌كانی توركیا خۆپیشاندانێك ئه‌نجامدرا، كه‌ خۆپیشانده‌ران چوونه‌ سه‌ر باره‌گه‌كانی سوپای توركیا له‌ پارێزگای دهۆك و ئاگریان تێبه‌ردا، به‌مه‌ش بوونی باره‌گای توركیا له‌ خاكی هه‌رێمدا شێوه‌یه‌كی نوێی وه‌رگرت، چونكه‌ خۆپیشانده‌ران له‌ ناوچه‌ی (سیرێ) نزیك له‌ ناحیه‌ی شیلادزێ ئاگریان له‌ باره‌گایه‌ك به‌ردا، كه‌ دواتر به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانه‌وه‌ چوار گوندنیشن شه‌هید بوون.

باره‌گا هه‌واڵگریه‌كانی توركیا له‌ نێوان شاره‌كانی هه‌ولێر و دهۆكدا جێگیر كراون، كه‌ به‌ 22 بنكه‌ و باره‌گای سه‌ربازی مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێن، كه‌ نزیكه‌ی 300-350 سه‌رباز به‌ چه‌كی قورسه‌وه‌ له‌ خۆ ده‌گرن.

 باره‌گاكان بریتین له‌م شوێنانه‌: بنكه‌ی سه‌ربازی باتۆفه‌،كانی ماسی(كرێ باروخی) بنكه‌ی سه‌ربازی لۆجستی له‌ بامه‌ڕنێ، كه‌ فڕۆكه‌خانه‌ش له‌ خۆ ده‌گرێت، بنكه‌ی سنكی سه‌ربازی، بنكه‌ی سه‌ربازی كۆمه‌ڵگه‌ی بیكۆفا، بنكه‌یه‌كی تریش له‌ دۆڵی زاخۆ،بنكه‌ی سه‌ربازی سیرێ له‌ شیلادزێ، بنكه‌یه‌كی دیكه‌ش له‌ شیرتێ، باره‌گای كویكی، بنكه‌ی سه‌ربازی قه‌مه‌ریی به‌رواری، بنكه‌ی كوخی سپی، بنكه‌ی دریی دواتیا،بنكه‌ی سرزیری، بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ ناحیه‌ی زه‌لكان نزیك به‌عشیقه‌، بنكه‌ی ئاسایشی (میت)ی توركیا له‌ سه‌نته‌ری قه‌زای ئامێدیی، باره‌گای ئه‌منی توركیا له‌ سه‌نته‌ری باتۆفه‌، باره‌گای ئه‌منی توركیا له‌ قه‌زای زاخۆ ،باره‌گای ئه‌منی توركیا له‌ گه‌ڕه‌كی(گرێ باسی) له‌ پارێزگای دهۆك.