ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی تونس پێچه‌وانه‌ی هه‌موو پێشبینیه‌كان بوو

ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی تونس پێچه‌وانه‌ی هه‌موو پێشبینیه‌كان بوو

576 خوێندراوەتەوە

وڵاتی تونس لانكه‌ی به‌هاری عه‌ره‌بی رۆژی دووشه‌ممه‌ به‌ (بومه‌له‌رزه‌ی هه‌ڵبژاردن) به‌خه‌به‌ر هات، كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌ ئاشكرا كردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، دوو كاندید (كه‌ دژی ڕژێمی ئێستان) بچنه‌ خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه‌ و بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كێبڕكێی یه‌كتر بكه‌ن، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی فراوان به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌.

به‌پێی ئه‌نجامێكی هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ی (سیگما كۆنسای) و (ئیمرۆد)بۆ ڕاپرسی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ قیس سعید به‌ (%19) پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌،هه‌روه‌ها نبیل ئه‌لقه‌ره‌وی به‌ ده‌ستهێنانی (%15) پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ستهێنا.

،،

ئه‌و كه‌یسه‌ی قه‌ره‌وی یه‌كه‌م جاره‌ كه‌ له‌ تونس ڕووده‌دات، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ ئێمه‌ ئێستا له‌به‌رده‌م نه‌بوونی(فراغ) یاساداین، له‌ ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی یاسایی ده‌بینه‌وه‌.

 هه‌روه‌ها وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌هۆی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی قه‌ره‌وی و ڕێگری كرن لێی له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌و وڵاته‌ ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی یاسایی ببێته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئیبراهیم بوصلاح یاریده‌ده‌ری بریكاری گشتی دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ بۆ ئاژانسی (فرانس پرێس)وتی: ئه‌و كه‌یسه‌ی قه‌ره‌وی یه‌كه‌م جاره‌ كه‌ له‌ تونس ڕووده‌دات، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ ئێمه‌ ئێستا له‌به‌رده‌م نه‌بوونی(فراغ) یاساداین، له‌ ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی یاسایی ده‌بینه‌وه‌.

قیس سعید پیاوی ڕۆبۆت: قیس سعید كه‌ مامۆستای ده‌ستورییه‌ نازناوی پیاوی ڕۆبۆتی لێنراوه‌، ئه‌و به‌بێ وه‌ستان قسه‌ ده‌كات، به‌هۆی به‌شداری و په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌راندا ، توانی بچێته‌ خولی دووه‌مه‌وه‌. سعیدی ته‌مه‌ن 61 ساڵ، كه‌ خاوه‌نی سێ منداڵه‌، له‌ چالاكیه‌كانی (سبر الارائ)ی به‌هاری عه‌ره‌بیه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، هه‌میشه‌ زیاتر ده‌رده‌كه‌وت و پێش ده‌كه‌وت و سه‌رنجی هه‌مووانی به‌لای خۆیدا ڕاده‌كێشا.

له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا گرنگیه‌كی زۆری به‌ سه‌ردانی كردنی بازاڕو گه‌ره‌كه‌ هه‌ژار نشینه‌كان ده‌دا، ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ تونسیه‌كان قسه‌ی ده‌كرد و گوێی بۆ كێشه‌و داواكارییه‌كانیانی ده‌گرت. ئه‌و له‌ لێده‌وانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا وتی: من له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنێكدا نیم، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌یاڵ بفرۆشم و باس له‌ شتێك بكه‌م كه‌ ناتوانرێت به‌ده‌ستبهَنرێت.

،،

پێویسته‌ تونس له‌ ده‌وڵه‌تی یاساوه‌ بكه‌ین به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی یاسایی...، وتیشی: (دروشمی+ گه‌ل ده‌یه‌وێت+" واته‌ گه‌ل ئه‌وه‌ به‌ده‌ستده‌هێنێت كه‌ ده‌یه‌وێت".

  وتیشی: دۆخی ئه‌مڕۆی وڵات پێویستی به‌ دووباره‌ بنیاتناوه‌ی سیاسی و كارگێڕیه‌كی نوێ هه‌یه‌، تاوه‌كو ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ له‌ ئاست داوای جه‌ماوه‌ردا بێت، ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی شۆڕشی به‌رپا كرد، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وان سود له‌و شۆڕشه‌ وه‌ربگرن. ئه‌و كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ كه‌ هاوكاری له‌ هیچ پارتێكی تونسیه‌وه‌ پێشكه‌ش نه‌كراوه‌،ده‌رباره‌ی كاری داهاتووی وتی: پێویسته‌ تونس له‌ ده‌وڵه‌تی یاساوه‌ بكه‌ین به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی یاسایی...، وتیشی: (دروشمی+ گه‌ل ده‌یه‌وێت+" واته‌ گه‌ل ئه‌وه‌ به‌ده‌ستده‌هێنێت كه‌ ده‌یه‌وێت".

به‌ڵام چاودێران پێیان وایه‌ سه‌عید پشتگوێ ده‌خرێت و له‌ كێبڕكێكه‌دا سه‌ركه‌وتوو نابێت، چونكه‌ پشتگیریه‌كان بۆی لاوازه‌ و داهاتیشی كه‌مه‌. ئه‌و به‌شداری له‌ هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی حیزبی نه‌كردووه‌ و سه‌ردانی زۆرترین شوێنی گشتی و میللی كردووه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ ڕادیۆی (شه‌مس ئێف ئێم) وتی:( من كاندیدێكی سه‌ربه‌خۆم نوێنه‌ری هیچ پارتێك نیم،... هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی خۆم به‌ڕێگای تایبه‌تی به‌ڕێوه‌ ده‌به‌م،هه‌موو پاڵپشتیه‌كیش ڕه‌تده‌كه‌مه‌وه‌". له‌لایه‌ن چه‌ند گه‌نجێكی خۆبه‌خشه‌وه‌ داواكاری پێشكه‌ش كراوه‌، كه‌ ده‌یانه‌وێت پاڵپشتی بكه‌ن.

،،

ره‌زا به‌لحاج سه‌ركرده‌ له‌ پارتی (ئازادی)ی سه‌له‌فی وتى:

من ئازادم له‌گه‌ڵ كێ كۆده‌بمه‌وه‌، وتیشی من له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك كۆنه‌بومه‌وه‌ته‌وه‌.

سه‌عید به‌رگری له‌ بۆچوون و بیری پارێزگاریی خۆی ده‌كات، هاوشێوه‌ی وانه‌ وتنه‌وه‌كانی كه‌ له‌ زانكۆ ده‌یوته‌وه‌. هه‌روه‌ها سه‌عید بنه‌مای یه‌كسانی له‌ نێوان ژن و پیاودا له‌ دابه‌شكردنی میراتدا ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و پرسانه‌ی له‌ تونس زۆرترین قسه‌و باسی له‌سه‌ر ده‌كرێت.

ئه‌م كاندیده‌ له‌گه‌ڵ ره‌زا به‌لحاج سه‌ركرده‌ له‌ پارتی (ئازادی)ی سه‌له‌فی چاوپێكه‌وتنی ئه‌نجامدا، كه‌ پارتێكی قه‌ده‌غه‌كراوه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: من ئازادم له‌گه‌ڵ كێ كۆده‌بمه‌وه‌، وتیشی من له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك كۆنه‌بومه‌وه‌ته‌وه‌.

 نه‌بیل ئه‌لقه‌ره‌وه‌ی دامه‌زرێنه‌ری كه‌ناڵی (نسمه‌): قه‌ره‌وی ته‌مه‌ن 56 ساڵ و دامه‌زرێنه‌ری كه‌ناڵی (نسمه‌) دوای دامه‌زراندنی پارتی (دڵی تونس) خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كاندید كرد، له‌ میانه‌ی پێشكه‌ش كردنی هاوكاری و سه‌ردانی كردنی شوێنه‌كان و دانانی ڕاگه‌یاندكار وه‌ك كاندید، وایكرد كه‌ زۆر زوو بنكه‌یه‌كی فراوانی جه‌ماوه‌ری هه‌بێت. به‌ڵام دادگای تونس پێش ده‌ ڕۆژ له‌ ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌تۆمه‌تی سپی كردنه‌وه‌ی پاره‌ و خۆ دزینه‌وه‌ له‌ دانی باج، بڕیاری ده‌ستبه‌رسه‌ركردنی بۆ ده‌ركرد، بڕیاره‌كه‌ی دادگا به‌هۆی سكالایه‌كی ڕێكخراوی (انا یقڤ)ی ناحكومیه‌وه‌ بوو، كه‌ له‌ ساڵی 2017دا له‌دژی تۆماری كردبوو. له‌ كاتێكدا قه‌ره‌وی له‌ زینداندا مانی له‌ خواردن گرتبوو، سه‌لوا سه‌ماوی هاوسه‌ری و ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانی پارته‌كه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنیان به‌ڕێوه‌ ده‌برد. گۆڕانكاریه‌كی نوێ دێته‌ كایه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كۆمسیۆنی بالای هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕابگه‌یه‌نێت، به‌مه‌ش ئه‌و چینه‌ی له‌ ساڵی 2011ه‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایی ولات ده‌كه‌ن، دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌.

پارتی نه‌هزه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كان ده‌گرێت پارتی نه‌هزه‌ی ئیسلامی كه‌ له‌ مێژوودا بۆ یه‌كه‌مین جاره‌ كاندید بۆ سه‌رۆكایه‌تی دیاری ده‌كات، دوای ته‌واوبوونی ده‌نگدان، ڕه‌خنه‌ی له‌ ئه‌نجامی سه‌ره‌تایی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ گرت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌میر دیلۆ، وته‌بێژ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی (عه‌بدولفتاح مورو) له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا وتی: لایه‌نی یه‌كه‌م كه‌ ڕێگا پێدراوه‌ ئه‌نجامه‌كان ئاشكرا بكات، كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌. كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرای كرد، كه‌ ڕێژه‌ی به‌شداری ده‌نگده‌ران له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ گه‌یشتۆته‌ له‌ (45.02%) كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی حه‌وت ملیۆن ده‌نگده‌ر.

نه‌بیل بفون سه‌رۆكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا وتی: ئه‌و ڕێژه‌یه‌ قبوڵه‌ و باشه‌ و هیوادارین زیاتریش بێت. ده‌رباره‌ی كه‌می به‌شداری ده‌نگده‌ران، حه‌مزه‌ دوب چاودێری سیاسی ڕایگه‌یاند: ئه‌و ڕێژه‌ی به‌شداریه‌ كه‌مه‌، به‌ڵگه‌یه‌ له‌ توڕه‌یی جه‌ماوه‌ر له‌ چینی ده‌سه‌ڵاتدار، كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ داواكاریه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن. هه‌ڵبژاردنی (2019) تونس، هاوكێشه‌یه‌كی نوێی هێنایه‌ مه‌یدانی سیاسیه‌وه‌، ئه‌ویش خۆ كاندیكردنی دوو كه‌سایه‌تین، كه‌ دژایه‌تی ڕژێمی ئێستا ده‌كه‌ن، كه‌ توانیویانه‌ سود له‌ سه‌رنج ڕاكێشانی خه‌ڵكی وه‌ربگرن و باس له‌ ڕه‌وشی ئابووری و سیاسی بكه‌ن.

،،

له‌م ساڵانه‌ی دوایدا به‌رده‌وام هاوڵاتیانی ئه‌و وڵاته‌ دژی سیاسه‌تی ئابووری حكومه‌ت ناڕه‌زایه‌تیان ده‌رده‌بڕی و داوای باشتر كردنی گوزه‌ران و توانای كڕینیان ده‌كرد.

  تونس له‌ دوای شۆرشه‌وه‌ هاوشێوه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كه‌ی نه‌یتوانیوه‌ لایه‌نی ئابوریشی به‌ره‌و پێش به‌رێت، بۆیه‌ لایه‌نی ئابووری بۆته‌ كێشه‌ بۆ سه‌رجه‌م كابینه‌كانی حكومه‌ت، به‌تایبه‌ت كێشه‌ی هه‌ڵئاوسان و بێ كاری، كه‌ وای له‌ گه‌نجان كردووه‌ له‌ سیاسه‌ت دوور بكه‌ونه‌وه‌.

كێشه‌ی ئابووری تونس بۆته‌ كێشه‌یه‌كی به‌رده‌وام، له‌م ساڵانه‌ی دوایدا به‌رده‌وام هاوڵاتیانی ئه‌و وڵاته‌ دژی سیاسه‌تی ئابووری حكومه‌ت ناڕه‌زایه‌تیان ده‌رده‌بڕی و داوای باشتر كردنی گوزه‌ران و توانای كڕینیان ده‌كرد.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌مداره‌دا 26 كاندید كێبڕكێی یه‌كتر ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی، هه‌روه‌ها 70 هه‌زار كه‌سیش له‌ پیاوانی پۆلیس، پارێزگاریان له‌ هێمنی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كرد و هیچ كه‌موكورتیه‌كی ئه‌منیش ڕووی نه‌دا