بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، ململانێى هه‌ڵۆ و كۆتر

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، ململانێى هه‌ڵۆ و كۆتر

4408 خوێندراوەتەوە

ململانێكانی ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چونه‌ته‌ قۆناغێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و چاوه‌ڕێ‌ ده‌كرێت له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له‌ نێوان ئه‌وانه‌ی به‌ باڵی كۆتر و ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ باڵی هه‌ڵۆكان ناوده‌برێن، یه‌كێكیان ده‌ستی ئه‌وی دیكه‌ بشكێنێته‌وه‌.


ده‌سته‌واژه‌ی هه‌ڵۆ و كۆتر ئیدیۆمێكی سیاسییه‌ كه‌ بۆ گوزارشتكردن له‌ دوو ته‌وژمی جیاوازی ناو بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی به‌كارده‌هێنرێت، له‌ نێوان ئه‌وانه‌ی بڕوایان به‌ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی نه‌رم و خۆگونجان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه‌ باوه‌ڕیان به‌ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی ڕادیكاڵانه‌تره‌ بۆ پرسه‌ سیاسیه‌كان.

،،

ئایا نه‌وشیروان مسته‌فا توانی حیزبێكی دامه‌زراوه‌یی له‌دوای خۆی به‌جێبهێڵێت كه‌ به‌ ئاسانی و رێكوپێكی به‌ڕێوه‌بڕوات؟. له‌وانه‌یه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ لای زۆر كه‌س له‌ سۆنگه‌ی سۆزداریه‌وه‌ به‌ڵێ‌ بێت، به‌ڵام كاتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ ته‌ماشای ده‌كه‌یت ده‌بینیت كه‌ گۆڕان حیزبێكه‌ وا دروستكراوه‌ ته‌نها بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ببێت

 

بزوتنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر نه‌ریتی هه‌ڵۆ

به‌ڕای هه‌ڵسوڕاوه‌ گه‌نجه‌كانی ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌و جوڵانه‌وه‌ سیاسیه‌ی كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا دایمه‌زراند له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی هه‌ڵۆ بوو نه‌ك كۆتر. ئامانجی بوو پارتێكی سیاسی ناته‌قلیدی دروست بكات كه‌ له‌ڕوی سیاسی و فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ جیاوازبێت و سه‌ر به‌ نه‌ریتی حیزبی ته‌قلیدی نه‌بێت. هه‌روه‌ها ده‌ڵێن نه‌وشیروان مسته‌فا خواستی ئه‌وه‌بوو بنه‌ماكانی حیزبایه‌تی ته‌قلیدی هه‌ڵته‌كێنێت و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نوێ‌ گۆڕان رێكبخات كه‌ توانای ده‌سكاریكردن و راماڵینی ئه‌و دۆخه‌ سیاسیه‌ی ئێستای هه‌بێت و له‌به‌رامبه‌ریدا به‌دیلێكی نوێ‌ پیشان بدات.


له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌ ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن ده‌ستی پێكرد و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕۆژنامه‌نوسان و گه‌نجانی له‌ده‌وری خۆی كۆكرده‌وه‌.دواتریش باڵی ڕیفۆرمی ناو یه‌كێتی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ و چونه‌ پاڵی.


له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا له‌ 25/7/2009 نه‌وشیروان مسته‌فا لیستێكی ته‌واو جیاوازی دروستكرد له‌و گه‌نجانه‌ی كه‌ له‌ده‌وری بزوتنه‌وه‌كه‌بوون و سه‌ركه‌وتنی گرنگی به‌ده‌ستهێناو 25 كورسی له‌ په‌رله‌مان گرت.


به‌ڵام له‌ دوای ساڵی 2011 كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ره‌و ئه‌وه‌چوو كه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ ببێته‌ حیزبێكی سیاسی و دامه‌زراوه‌ حیزبیه‌كانی دامه‌زراند، له‌م سه‌رده‌مه‌وه‌ باڵی ڕیفۆرمی ناو یه‌كێتی پێگه‌ گرنگه‌كانی حیزبه‌كه‌یان گرته‌ ده‌ست. چونكه‌ گه‌نجه‌كان په‌رت و بڵاوبون و خاوه‌نی یه‌ك هه‌ڵوێستیش نه‌بون. به‌ڵام باڵه‌ ته‌قلیدیه‌كه‌ كه‌ ئه‌زمونی شاخ و حیزبایه‌تیان هه‌بوو، ڕێكخراوتربوون و شاره‌زاتریش بون له‌كاروباری ڕێكخستن.به‌ ئاسانی ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر مه‌كۆ و ناوه‌نده‌كانی بڕیاری ناو بزوتنه‌وه‌كه‌، ئه‌و مه‌كته‌ب سیاسیانه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌مویان ژوریان پێدرا له‌ گرده‌كه‌ و له‌ده‌وری نه‌وشیروان مسته‌فا كۆبونه‌وه‌ و خه‌ڵك وه‌ك مه‌رجه‌ع سه‌ردانی ئه‌كردن.


له‌ هه‌ڵبژاردنی 2013 ی په‌رله‌مانی كوردستاندا ئه‌و باڵه‌ی كه‌ له‌ناو یه‌كێتیه‌وه‌ هاتبون و نه‌وشیروان مسته‌فا ناوینابون تێكۆشه‌ره‌ دێرینه‌كان و گه‌نجه‌كانیش پێیان ده‌ڵێن باڵه‌ ته‌قلیدیه‌كه‌ی گۆڕان ، به‌هێزه‌وه‌ له‌ناو بڕیاری سیاسی بزوتنه‌وه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتن و لیستی خۆیان هه‌بوو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان.


له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوڕاوه‌ گه‌نجه‌كانی گۆڕاندا، نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ ئاشكرا پێی وتون ئه‌و هاوڕێیانه‌ی كه‌ له‌یه‌كێتیدا هاتونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا،(مه‌به‌ستی مه‌كته‌ب سیاسیه‌كان بوو)، له‌مه‌ودوا نیوه‌ به‌نیوه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن له‌ دروستكردنی لیست و ئۆرگانه‌كاندا.


هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش به‌شێكی زۆر له‌و كاندیدانه‌ی كه‌ له‌ دواهه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و عێراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دانران كاندیدی سه‌ركرده‌كانی گۆڕان بون و هه‌ریه‌كه‌یان پشتگیریان له‌ سه‌ركرده‌یه‌كی گۆڕانه‌وه‌ وه‌رده‌گرت.

،،

هه‌رچه‌نده‌ نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌میشه‌ ده‌یوت من  و هاوڕێكانم و هه‌رگیز  بزوتنه‌وه‌كه‌ی له‌ كه‌سێتی خۆیدا كۆنه‌ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام راستیه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو، نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ته‌نها خۆی حیزبێكی سیاسی گه‌وره‌بوو.

 

نه‌وشیروان موسته‌فا وه‌ك پارێزه‌ری به‌ره‌ی گه‌نجه‌كان

هه‌تا نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ژیاندا بوو، بۆخۆی پارێزه‌ری ڕۆحی گه‌نجانه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ و پارسه‌نگی هێزی گه‌نجه‌كان بوو له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌دا.


گۆڕان له‌سه‌رده‌می نه‌وشیروان مسته‌فادا خاوه‌نی زۆر سیفه‌تی گه‌نجانه‌بوو، ڕۆحێكی یاخی پڕه‌ له‌ ووزه‌بوو، تونای ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ و به‌ره‌نگاری هه‌بوو، چاوه‌ڕێی نه‌ده‌كرد ڕوداوو ڕوبدات، به‌ڵكو خۆی ڕوداوی ده‌خوڵقاند، ته‌سلیم نه‌ده‌بوو به‌ دۆخه‌كه‌ به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ دانه‌ئه‌نیشت به‌ڵكو توانای گۆڕینی دۆخی چه‌قبه‌ستوی هه‌بوو، له‌ هه‌مان كاتیش له‌و ململانێیه‌ی كه‌ له‌ نێوان به‌ره‌ی كۆن و نوێ‌ خۆی لایه‌نگری یه‌ره‌ی نوێ‌ بوو، ته‌نها له‌م دوایانه‌دا نه‌بێت كه‌ گه‌نجه‌كانی ناو گۆڕان له‌ چه‌ند شوێنێكدا نیگه‌رانیان كردوو به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان هه‌ڵوێستی گۆڕا به‌رامبه‌ریان.


له‌ دوای نه‌خۆشكه‌وتن و دوركه‌وتنه‌وه‌ی و سه‌فه‌ری هه‌نده‌ران ، بڕیاری سیاسی بزوتنه‌وه‌كه‌ كه‌وته‌ ده‌ست گروپێكی دیاریكراو له‌ سه‌ركرده‌كانی گۆڕان كه‌ هه‌مویان له‌ به‌ره‌ی سه‌ركرده‌ كۆنه‌كان بوون و به‌م دوایانه‌ هه‌ریه‌ك له‌ یوسف محه‌مه‌د و ئارامی شێخ محه‌مه‌دیان برده‌ ناو گروپه‌كه‌وه‌ وه‌ك نوێنه‌ری گه‌نجه‌كان.


دروستكردنی ئه‌و گروپه‌ به‌مانای له‌ده‌ستدانی پێگه‌ی گه‌نجه‌كان بوو له‌ ناو بزوتنه‌وه‌كه‌دا. چونكه‌ ئه‌و گروپه‌ به‌شی زۆریان له‌ڕوی بیركردنه‌وه‌وه‌ سه‌ر به‌ هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی ته‌قلیدی ناو حیزبی كوردی بون. له‌سه‌ر ئاستی واقیع نه‌یتوانی سیاسه‌تی ئه‌و گه‌مارۆ سیاسیه‌ بشكێنن كه‌ پارتی و یه‌كێتی به‌ده‌وری گۆڕاندا دروستیان كرد .


ئێستا ئه‌و سه‌ركردانه‌ی گۆڕان بۆخۆیان دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ "شتی گه‌وره‌یان نه‌كردوه‌" به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ده‌ڵێن "كه‌تنی گه‌وره‌شمان له‌ده‌ست نه‌قه‌وماوه‌".

 


ئایا مردنی نه‌وشیروان مسته‌فا مردنی گۆڕان بوو؟

هه‌رچه‌نده‌ نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌میشه‌ ده‌یوت من هاوڕێكانم و هه‌رگیز یز بزوتنه‌وه‌كه‌ی له‌ كه‌سێتی خۆیدا كۆنه‌ده‌كرده‌وه‌ به‌ڵام راستیه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو، نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ته‌نها خۆی حیزبێكی سیاسی گه‌وره‌بوو.


به‌ڵام ئایا نه‌وشیروان مسته‌فا توانی حیزبێكی دامه‌زراوه‌یی له‌دوای خۆی به‌جێبهێڵێت كه‌ به‌ ئاسانی و رێكوپێكی به‌ڕێوه‌بڕوات؟. له‌وانه‌یه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ لای زۆر كه‌س له‌ سۆنگه‌ی سۆزداریه‌وه‌ به‌ڵێ‌ بێت، به‌ڵام كاتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ ته‌ماشای ده‌كه‌یت ده‌بینیت كه‌ گۆڕان حیزبێكه‌ وا دروستكراوه‌ ته‌نها بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ببێت، ته‌نانه‌ت تا له‌ژیاندابوو بۆخۆی پابه‌ندی به‌شێكی زۆر له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆیی گۆڕان نه‌بوو، هه‌رزوو دوای مردنیشی كێشه‌ی سروشتی په‌یوه‌ندی نێوان بزوتنه‌وه‌كه‌ و كۆمپانیای ووشه‌ سه‌ری هه‌ڵدا.


له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ئیداره‌دانی ئه‌و هه‌موو ته‌بیعه‌ت و ئه‌جێندا جیاوازانه‌ی له‌ناو گۆڕاندا هه‌بوو خاڵی به‌یه‌ك گه‌یشتن و كۆكه‌ره‌وه‌یان ته‌نها خودی خۆی بوو، به‌نه‌مانی ئه‌و خاڵی هاوبه‌ش و ناوه‌ند له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌شدا نه‌ما.


بۆیه‌ ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی پێییان وابوو مردنی نه‌وشیروان مسته‌فا مردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه‌ زیده‌ڕۆییان كردبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕاسته‌ كه‌ به‌ مردنی نه‌وشیروان مسته‌فا بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی پیوانه‌یی كه‌مدا پیربوو.

 

هاتنه‌پێشه‌وه‌ی كۆتره‌كان له‌ گۆِڕانی دوای نه‌وشیروان مسته‌فا

هێشتا كفنی نه‌وشیروان مسته‌فا زه‌رد نه‌بوبوو كه‌ ململانێی جێگرتنه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ری هه‌ڵدا، له‌سه‌ره‌تادا ناوی قادری حاجی عه‌لی له‌ هه‌موو ناوه‌كان زیاتر بوو بۆ ڕێكخه‌ر تائه‌وكاته‌ی باڵۆنێكی تاقیكردنه‌وه‌ هاته‌ ناویاریه‌كه‌.

،،

بڵاوكردنەوەی نامەی سێ‌ هەڵسوڕاوی گۆڕان لە میدیاكانەوە كە بە ئاشكرا داوای هەڵوەشاندنەوە و سڕكردنی خانەی ڕاپەڕاندنیان كرد، دواتریش نامەكەی قادری حاجی عەلی، دوو زەمینلەرزەی بەهێزبون كە لە خانەی ڕاپەڕاندنیاندا


محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم له‌سه‌ره‌تادا وه‌ك تاكه‌ ڕكابه‌ری قادری حاجی عه‌لی ناوی ده‌هێنراو هه‌ریه‌كه‌ له‌ كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا و ژماره‌یه‌كیش له‌ گه‌نجه‌كان پاڵپشتی بوون.


له‌و ململانێیه‌، یه‌كێتی و پارتی بێ‌ لایه‌ن نه‌بوون، به‌ڕێگه‌ی خۆیان هه‌نگاوه‌كانیان ده‌ستپێكرد بۆ دورخستنه‌وه‌ی قادری حاجی عه‌لی، به‌وپێیه‌ی كه‌ كاندیدێكه‌ ماڵی مام حه‌زیان پێی نیه‌و پارتیش به‌ كه‌سێكی توندی داده‌نا.دواتر ده‌ركه‌وت ناوی محه‌مه‌د تۆفیق هه‌ر بۆ سه‌رلێشیواندن بوو، ئه‌گینا كاندیده‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ عومه‌ری سه‌ید عه‌لی بوو.


دواجار له‌ نێوان قادری حاجی عه‌لی و محه‌مه‌د تۆفیقدا، كاندیدی سێیه‌م ده‌رچوو كه‌ عومه‌ری سه‌ید عه‌لییه‌، دوای ئه‌وه‌ی قادری حاجی عه‌لی له‌ پرۆسه‌كه‌ كشایه‌وه‌، به‌ پاساوی ڕه‌چاوكردنی دۆخی ناوخۆیی گۆڕان.


له‌ گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ڕێكخه‌ردا هه‌ڵبژاردنی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنیش ئه‌نجام درا و ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌و شێوه‌یه‌بوو كه‌ ته‌واوی ستافه‌كه‌ كه‌وته‌ ده‌ست باڵی كۆتره‌كان، پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌كه‌یان پڕكرده‌وه‌ و ڕێگه‌یان چۆڵ نه‌كرد بۆ گه‌نجه‌كان. ته‌نانه‌ت دوا وه‌سیه‌ت و نامه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فاشیان پشتگوێخست كه‌ داوای كردبوو خانه‌ی راپه‌ڕاندن تێكه‌ڵه‌یه‌ك بێت له‌ تێكۆشه‌ره‌ دێرینه‌كان و گه‌نجه‌ خوێنگه‌رمه‌كان. ئه‌و گه‌نجانه‌شی كه‌ ویستی خۆ پاڵاوتنیان هه‌بوو هه‌ریه‌كه‌یان به‌ هۆكاری جیاجیا پاشه‌كشه‌یان پێكرا.


یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی قورس كه‌ هاته‌ به‌رده‌م ئه‌م ستافه‌ تازه‌یه‌ بریتی بوو له‌ بڕیاری ڕیفراندۆم كه‌ هه‌رچه‌نده‌ جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌ توندی دژی ڕیفراندۆم بوو كه‌چی ڕێكخه‌ری بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌شداری كردوو به‌ به‌ڵێ‌ ده‌نگیدا. له‌كاتێكدا مه‌غزاو ناوه‌رۆكی به‌یانامه‌كه‌ی جڤاتی گشتی له‌ بایكۆته‌وه‌ نزیك بوو نه‌ك به‌شداری.


دووه‌مین ووێستگه‌ بریتی بوو له‌ بڕیاری گه‌ڕاندنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان یان كشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی له‌ حكومه‌ت، كه‌ دیسانه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ نه‌یتوانی بڕیاری كۆتایی له‌باره‌وه‌ بدات و یه‌كلایی بكاته‌وه‌.


خاڵی سێ یه‌میش بریتی بوو له‌ درێژه‌دان به‌ ڕێكه‌وتنامه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان، كه‌ درێژه‌پێدانی ناڕه‌زایه‌كی زۆر له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌دا دروستكردوه‌ و به‌ كۆبونه‌وه‌ی بێهوده‌ و ده‌سخه‌ڕۆكردن ناوی ده‌به‌ن.

،،

ئه‌گه‌رچی له‌ئێستادا ته‌واوی ده‌سته‌ڵاتی بڕیاردان له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا به‌ده‌ست باڵی كۆتره‌كانی ناو گۆڕانه‌وه‌یه‌،به‌ڵام پێناچێت هه‌ڵۆكانیش هه‌روا دابنیشن و له‌دوره‌وه‌ سه‌یر بكه‌ن، به‌تایبه‌تی كه‌ ئێستا كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا ڕای جیاوازیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و كۆك نین له‌گه‌ڵیان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی سیاسى بزوتنه‌وه‌كه‌.

 

قادری حاجی عه‌لی "پارێزه‌ری سنوره‌كه‌"

ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌كراوبوو پشتگیرینه‌كردنی گه‌نجه‌كانی ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانبوو له‌ قادری حاجی عه‌لی بۆ ڕێكخه‌ری گشتی و پشتكردن بوو لێی. ئه‌وان ده‌ڵێن هه‌رگیز قادری حاجی عه‌لی رابه‌ری ئه‌و ره‌وته‌ نه‌بووه‌، چونكه‌ خۆشی له‌ قوتابخانه‌ ته‌قلیدیه‌كه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن له‌ناو ئه‌و ستافه‌دا باشترینیانه‌ كه‌ نزیك بێت له‌ گه‌نجه‌كانه‌وه‌، به‌ بڕوای ئه‌وان له‌ باشترین حاڵه‌تدا ده‌كرێت به‌ پارێزه‌ری سنوری نێوان كۆن و نوێ‌ داده‌نرێت.


له‌و ململانێه‌ی كه‌ له‌ نیوان قادری حاجی عه‌لی و كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا و حه‌مه‌ تۆفیق ره‌حیم ڕویدا به‌شێكی زۆر له‌ هه‌ڵسوڕاوه‌ گه‌نجه‌كان به‌لای نما و چیادا شكاندیانه‌وه‌ و به‌هانه‌یان بۆ گیڕانه‌وه‌ی كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن بۆ باوه‌شی كۆمپانیای ووشه‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ خاوه‌ندارێتیه‌كه‌ی دوای نه‌وشیروان مسته‌فا گواسترایه‌وه‌ بۆ نما و چیا.ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش نیگه‌رانی ناوبراوی لێكه‌وته‌وه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵسوڕاوه‌ گه‌نجه‌كان و والێكدرایه‌وه‌ كه‌ چاویان له‌ پۆست و ده‌سكه‌وته‌ نه‌ك پارێزگاری له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌یان.


ئێستا سێ‌ ئارسته‌ له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌یه‌، یه‌كه‌میان ئاراسته‌ی كۆتره‌كانی ناو گۆڕانن كه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ ڕێكخه‌ر و خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی گۆڕان و ئه‌وانه‌ی كه‌له‌گه‌ڵیاندان له‌سه‌ر ئاستی ژور و ئۆرگانه‌كانی دیكه‌، له‌گه‌ڵ باڵی هه‌ڵۆكان كه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ دووبه‌ش، به‌شێكیان هه‌ڵسوڕاوه‌ گه‌نجه‌كانن كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی بڕیاری سیاسی بزوتنه‌وه‌كه‌ن یان كاریگه‌ریان كه‌مه‌ له‌ بڕیاردان له‌ناو ئه‌م هه‌یكه‌له‌ ئیداریه‌ی ئێستادا، دوه‌میشیان ئه‌و ئاراسته‌یه‌یه‌ كه‌ قادری حاجی عه‌لی بۆخۆی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات و تاڕاده‌یه‌ك بۆچونه‌كانیان له‌گه‌ڵ عوسمانی حاجی مه‌حمود نزیكه‌ له‌ یه‌كترییه‌وه‌. هه‌ردوو لقه‌كه‌ی باڵی هه‌ڵۆكان له‌سه‌ر ئاراسته‌ی سیاسی بزوتنه‌وه‌كه‌ و لاوازی ستافی ئێستای خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن له‌ ئاستی كێشه‌كان و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی رادیكاڵانه‌تر هاوڕان و نزیكن له‌یه‌كه‌وه‌،به‌ڵام هێشتا هه‌ندێ‌ حساباتی كه‌سی هه‌ن كه‌واده‌كات ئه‌مانه‌ له‌یه‌كتری دوربكه‌ونه‌وه‌. ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش هه‌ن كه‌ له‌ نێوان ئه‌م ئاراسته‌ به‌هێزانه‌دا بێلایه‌نن و خۆیان له‌سه‌ر هیچ لایه‌ك ساغ نه‌كردۆته‌وه‌.


به‌پێی زانیاریه‌كانی دیبلۆماتیك هه‌ردوو لقه‌كه‌ی باڵی هه‌ڵۆكان له‌گه‌ڵ لاچونی ئه‌م ستافه‌ی ئێستا یان سڕكردنیاندان، له‌وه‌ش زیاتر به‌ زاره‌كی به‌ ڕێكخه‌ری گشتی وتراوه‌ كه‌ خۆی وازبهێنێت و پۆسته‌كه‌ چۆڵ بكات به‌ر له‌وه‌ی پرسی وازهێنانی بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ له‌ناو جڤاتی نیشتیمانیدا.


هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا نامه‌یه‌كی سێ‌ قۆڵی له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ عه‌دنان عوسمان و هۆشیار عه‌بدوڵا و محمود ڕه‌زا، بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ به‌ ئاشكرا داوای دیاریكردنی ده‌سته‌یه‌كی نوێیان كرد بۆ سه‌كردایه‌تی و دروستكردنی بڕیار له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌ڵپه‌ساردنی كاره‌كانی ڕێكخه‌ر و ستافی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن.
ئه‌وان له‌ نامه‌كه‌یاندا ئاشكرایان كردوه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ئامانجه‌كانی دوركه‌وتۆته‌وه‌ و خه‌ریكه‌ كاریگه‌ری نامێنێت.


بڵاوكردنه‌وه‌ی نامه‌كه‌ش ناڕه‌زایی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی لێكه‌وته‌وه‌ و پێیان وابوو ئه‌وه‌ پرسێكی ناوخۆیی و حیزبیه‌ و ده‌بوایه‌ به‌ میكانیزمه‌ حیزبیه‌كاندا بگه‌یه‌ندرایه‌ نه‌ك له‌ڕێگه‌ی راگه‌یاندنه‌وه‌.


دوای ئه‌و نامه‌یه‌ش به‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك، ئه‌م جاره‌ به‌ڕێگای میكانیزمه‌ حیزبیه‌كان، قادری حاجی عه‌لی نامه‌یه‌كی دیكه‌ی ئاراسته‌ی خانه‌ی ڕاپه‌ڕندن كرد كه‌ بریتی بوو له‌ ناڕه‌زایی و سه‌ركۆنه‌كردنی بڕیاره‌كانی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئامانجه‌كان. ئه‌مه‌ش دووه‌مین زه‌مینله‌رزه‌ی به‌هێز بوو كه‌ له‌ماوه‌ی كاركردنیاندا له‌ خانه‌ی ڕاپه‌ڕندنی بزوتنه‌وه‌كه‌یدا.


ئه‌گه‌رچی له‌ئێستادا ته‌واوی ده‌سته‌ڵاتی بڕیاردان له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا به‌ده‌ست باڵی كۆتره‌كانی ناو گۆڕانه‌وه‌یه‌،به‌ڵام پێناچێت هه‌ڵۆكانیش هه‌روا دابنیشن و له‌دوره‌وه‌ سه‌یر بكه‌ن، به‌تایبه‌تی كه‌ ئێستا كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا ڕای جیاوازیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و كۆك نین له‌گه‌ڵیان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی سیاسى بزوتنه‌وه‌كه‌.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری