ئەنجومەنی ڕاژە چییەو ئامانج و ئەرکەکانی چین؟

ئەنجومەنی ڕاژە چییەو ئامانج و ئەرکەکانی چین؟

394 خوێندراوەتەوە

مافناس ڕێبەر ئەکرەم فایەق

بەپێی یاسای ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە لەهەرێمی کوردستان ــ عێراق، ژمارە (٧)ی ساڵی (٢٠١١)ی پەرلەمانی کوردستان:

یەکەم: ئەنجومەنێک بەناوی ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە لەهەرێمی کوردستان دادەمەزرێت و خاوەن کەسایەتی مەعنەویی و سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕیی دەبێت، سەرۆکەکەی یان ئەوەی ڕایدەسپێرێت نوێنەرایەتی دەکات و سەربە ئەنجومەنی وەزیران دەبێت.

دووەم: ئامانجەکانی ئەنجومەنی ناوبراو بریتین لە (بەرزکردنەوەی ئاستی وەزیفەی گشتیی و پەرەپێدانی ڕاژەی گشتیی و دەستەبەرکردنی دەرفەتی یەکسان و مسۆگەرکردنی بنەمای یەکسانیی بۆ کەسانی شیاو بە پڕکردنەوەیان و نەخشەکێشان بۆ کاروباری وەزیفەی گشتیی و سەرپەرشتیکردنی و پەرەپێدانی دەزگای کارگێڕیی و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیکەری وەزیفیی دامەزراوەکانی هەرێم و پەرەپێدانی توانای فەرمانبەرانی ڕاژەی گشتیی، بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنانی پەیوەندیدار.

ماددەی سێیەم: ئەنجومەن بەهەماهەنگیی لەگەڵ لایەنانی پسپۆڕ، یان پەیوەندیدار ئەم ئەرکانە دەگرێتە ئەستۆ:

١- دامەزراندن و دامەزراندنەوەو بەرزکردنەوە لە ڕاژەی گشتیدا، لەسەر بنەمای پێوەری پیشەیی و تواناو پێویستی بەو جۆرەی لەگەڵ پسپۆڕایەتی ئەنجومەنەکانی خۆجێیی یەکەکانی کارگێڕییدا ناکۆک نەبێت لەگەڵ بەدیهێنانی هاوسەنگی لەنێوان پارێزگاکاندا.

٢- داڕشتنی سیاسەتی گشتیی و دیاریکردنی ئامرازەکانی پیادەکردنی و هەڵسەنگاندنی ئاستی بەجێگەیاندنیان.

٣- پێشنیارکردنی یاساو ڕێسای ڕێکخستن و پەرەپێدانی کاروباری وەزیفەی گشتیی یان ڕادەربڕین تیایاندا.

٤- ئامادەکردنی پەیکەری وەزیفیی وەزارەتەکان و لایەنانی گرێنەدراو بە وەزارەت و هەموو دامەزراوەیەک کە وەزیفەی گشتیی تێدایە.

٥- شیکردنەوەو وەسفکردنی وەزیفەی گشتیی و دانانی مەرجەکانی پڕکردنەوەی.

٦- دانانی سیاسەتی تایبەت بە مەشق و شیاندنی فەرمانبەرانی ڕاژەی گشتیی.

٧- دانانی سیاسەت و پرنسیپ کە بەدیهێنانی هاوسەنگیی لەنێوان ژمارەی فەرمانبەران لەفەرمانگەکانی جۆربەجۆری هەرێم و ڕاژەی پێشکەکەشکراو مسۆگەر دەکات.

٨- ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەو توێژینەوەی پەیوەندیدار بەپەرەپێدانی وەزیفەی گشتیی و پێشکەشکردنی ڕاسپاردە لەبارەیەوە بەلایەنی پەیوەندیدار لە هەرێمدا.

٩- ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی ساڵانە لەبارەی کارەکانی ئەنجومەن کە بریتیبێت لە پێداچوونەوە بەپرۆسەکانی دامەزراندن و ئەو ڕاسپاردانەی بەپێویستیان دەزانێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕاژەی گشتیی و بەرزکردنەوەی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.

١٠- ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ساڵانە لەبارەی هەر وەزارەتێک یان ئەو لایەنەی گرێدراوی وەزارەت نییەو بەرزکردنەوەی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بریتیش بێت لە ڕاسپاردەو پێشنیاری پێوویست بۆمسۆگەرکردنی باش بەجێگەیاندنی کار.

١١- ئامادەکردنی پرۆژە بودجەی تایبەت بە ئەنجومەن، بۆ تۆمارکردنی لەنێو بودجەی گشتیی هەرێمدا.

١٢- بە جێگەیاندنی ڕووماڵ و لێکۆڵینەوەو ئامارو پێشکەشکردنی ئەو پێشنیارانەی پەیوەندییان بە بەدیهێنانی هاوسەنگیی لەنێوان پەیکەری مووچەو ئاستی گشتیی بژێوییەوە هەیە، لەبەر ڕۆشنایی خەرجی گوزەران و نرخی کاڵاو خزمەت و پێوەرەکانی ئابوریی و دیاریکردنی ئاستی هەرەنزمی گوزەرانی تاک لە وەزیفەی گشتیدا.

١٣- ئەنجومەن بۆی هەیە شییانی ئەو کەسانە تاقی بکاتەوە کە دەخوازرێت دابمەزرێت یان دابمەزرێنرێنەوە چ بەدیمانە یان تاقیکردنەوەی بە نوسین یان هەردووکیان پێکەوە، بۆ ئاشنابوون بە خەسڵەت و توانستی جەستەو شیانەکانیان، ئەوانەش لەوە بەدەر دەبن کە ڕاژەی پێشوویان لە وەزیفەیەکدا هەیەو تیایدا چەسپاون یان هەڵگری بڕوانامەی باڵان، تەنیا مەگەر ژمارەی ئەوانەی بۆ بەدەستهێنانی داواکراوە پڕبکرێنەوە لەو وەزیفانە زیاتر بێت.

١٤- بایەخدان بەدامەزراندنی خاوەن پێداویستی تایبەت لەو وەزیفانەی لەگەڵ تواناو شیانیاندا دەگونجێت.