به‌رهه‌م ساڵح، هۆشدارى ده‌داته‌ به‌رپرسانى هه‌رێم

"ئه‌گه‌ر پێش 2020 رێك نه‌كه‌ون، دۆخى هه‌رێم خراپ ده‌بێت"

به‌رهه‌م ساڵح، هۆشدارى ده‌داته‌ به‌رپرسانى هه‌رێم

821 خوێندراوەتەوە

 

تا دێت هه‌ڕه‌شه‌كانى عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ برینى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم توندتر ده‌بن و دوێنێش به‌رهه‌م ساڵح په‌یامێكى ئاگاداركردنه‌وه‌ى گه‌یاندۆته‌ به‌رپرسانى هه‌رێم.

له‌ هه‌ندێ شوێن خوێندنه‌وه‌ى ئیجابى بۆ سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمارى عێراق كرا، به‌وه‌ى گوایا هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا رێك كه‌وتووه‌، بیانووى ئه‌مه‌ش بوونى فواد حسێن وه‌ك وه‌زیرى دارایی بوو له‌ناو شانده‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمار.

 

،،

 هه‌رچه‌نده‌ له‌كۆبوونه‌كه‌ى دوێنێى سه‌رۆك كۆمار و به‌رپرسانى هه‌رێم، فواد حسێن وه‌زیرى دارایی عێراقى ئاماده‌ بوو به‌ڵام هیچ رێكه‌وتنێك له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند رووی نه‌دا.

به‌ڵام ئه‌مانه‌ بیانوویه‌كى لاواز بوون، چونكه‌ وه‌زیرى دارایی وه‌ك كورد له‌ناو شانده‌كه‌دا به‌شدار بووه‌ و نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى عێراقى نه‌كردووه‌، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاتى رێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمدا نییه‌.

 

ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ چى بوو؟

چه‌ند مانگێكه‌ باس له‌ كۆتایی هاتنى ئه‌و رێكه‌وتنه‌ سیاسییه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌نێوان هه‌رێم و سه‌رۆك وه‌زیرانى ئێستاى عێراقدا ئه‌نجادرا بۆ ماوه‌ى ساڵێك، كه‌ ئه‌مه‌ش واى له‌ عه‌بدولمه‌هدى كردووه‌ ناچار ببێت هه‌ره‌شه‌ى برینى به‌شه‌ بودجه‌ هه‌رێم بكات.

دواین لێدوانیشى له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت: هەرێم چەند نەوت کەمتر بنێرێت، بە قەد ئەو بڕە نەوتە بودجەکەى دەبڕدرێت.

ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ى كه‌ له‌نێوانیاندا بوو، به‌پێ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ كه‌ دواتر له‌ په‌رله‌مانیش كرا به‌ یاسا ده‌بێت هه‌رێم رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى عێراق بكات.

 

به‌ڵام تاكو ئه‌مرۆ هه‌رێم ئه‌مه‌ى نه‌كردووه‌، بۆیه‌ به‌رپرسانى عێراقیش لێدوانه‌كانیان ئاماژه‌ى توندى تێدایه‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێم، له‌به‌رامبه‌ردا به‌رپرسانى هه‌رێمیش خه‌مساردن و بیانوى خۆیان هه‌یه‌.

 

،،

به‌هه‌رم ساڵح، راشكاوانه‌ ئه‌و په‌یامه‌ى گه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر رێك نه‌كه‌ون دۆخى ئابورى هه‌رێم و موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌ره‌و ئاقارێكى نادیار ده‌رواته‌وه‌.

 

هه‌ربۆیه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمارى عێراقى ناچار كرد، خۆى بگه‌یه‌نه‌ به‌رپرسانى هه‌رێم و ئه‌وه‌یان پێ رابگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌رچى زووه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێك بكه‌ون گه‌رنا سه‌ره‌تاى ساڵى 2020 ده‌بێت سه‌ره‌تایه‌كى خراپتر بۆ ئابورى هه‌رێم.

 

په‌یامه‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵح دیوێكى هۆشدارییه‌ بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ى به‌رپرسانى هه‌رێم له‌و مه‌ترسییه‌ى كه‌ رووبه‌روویان ده‌بێته‌وه‌. دیوێكى دیكه‌شى پێشنیاركردنه‌ بۆ به‌رپرسان تاكو هه‌رچى زووه‌ وا باشتره‌ رێك بكه‌ون.

 

داواكارییه‌كانى هه‌رێم چین و بۆچى نه‌وت راده‌ست ناكات؟

پێ ناچێت سه‌ردانه‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵح بووبێته‌ هۆكارى نزیكبوونه‌وه‌ و رێك كه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا له‌مباره‌وه‌، چونكه‌ داواكارییه‌كانى هه‌رێم بۆ به‌رپرسانى به‌غدا ئاسان نین جێ به‌جێكردنیان.

هه‌ربۆیه‌،حکومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا وەرەقەیەکی شەش خاڵی له‌باره‌ی پرسی نه‌وته‌وه‌ پێشکەشی عێراق كردووه‌، ئه‌وانیش:

 

خاڵی یەکەم: ھەرێمی کوردستان كاتێك نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا ده‌کات، كه‌ پارەی نەوتی عێراق لە بانکێکی نیویۆرک کە پێی دەڵێن بانکی فیدڕاڵی "DFI" دابنرێت، لەوێ ھەرێم حیسابێکی تایبەتی بۆ بکرێتەوە، جیا بێت لە حیسابەکەی بەغدا و بە جۆرێک بەغدا کۆنتڕۆڵی بەسەرەوە نەبێت، لەوێشەوە پشکی ھەرێم ڕەوانەی بانکێکی فەرعی بکرێت لە ھەرێمی کوردستان.

 

دووەم: پێدانی سەرجەم شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرزەکانی ھەرێم بە قەرزەکانی تورکیاشەوە، جگە لە قەرزی کڕیارەکانی نەوت.

 

سێیەم: پێدانی ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بە حکومەتی ھەرێم بۆ پێدانی موچەی سێ مانگی ئەمساڵی فەرمانبەران کە دواکەوتووە.

 

چوارەم: گرەنتی ناردنی موچە و بودجەی ھەرێمی کوردستان بە بودجەی سیادیشەوە وەک دەرمان و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.

 

پێنجەم: پێدانی پارەی کرێی گواستنەوەی نەوت لە خورمەڵە لە سنوری ھەرێمی کوردستان تاوەکو دەگاتە بەندەری جەیھانی تورکیا.

 

،،

داواكارییه‌كانى هه‌رێم بۆ ناوه‌ند جێ به‌جێكردنیان ئاسان نابێت.

 

شەشەم: دیاریکردنی نوێنەری ھەرێم لە کۆمپانیای سۆمۆ، پاشان ڕاپۆرتی مانگانەی فرۆشی نەوتی عێراق لە جیاتی ئەوەی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق بنێردرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بنێردێت. (لەبەرئەوەی حکومەتی ھەرێم گومان دەکات کۆمپانیای سۆمۆ لە لایەن ھەندێک میلیشای شیعەوە کۆنتڕۆڵ کرا بێت.

 

ھەر بەپێی زانیارییەکان ئەو شەش خاڵە حکومەتی ھەرێم وەک داواکاری ئاراستەی حکومەتی عێراقی کردووە نەک وەک مەرج، بەڵام داواکارییەکانی حکومەتی ھەرێم قورسە و جێبەجێکردنی لە لایەن بەغداوە ئەستەمە.

 

بۆیه‌ دیار نییه‌ چاره‌نوسى دۆخى ئابورى هه‌رێمى كوردستان بۆ ساڵى 2020 چى لێدێت، كه‌ به‌پێ خوێندنه‌وه‌كان و له‌ئه‌گه‌رى رێك نه‌كه‌وتنى له‌گه‌ڵ به‌غدا دۆخى له‌ 2019 باشتر نابێت.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان