ڕۆژێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌... ترامپ هێرشی سه‌ربازی ده‌كاته‌ سه‌ر ئێران؟

ڕۆژێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌... ترامپ هێرشی سه‌ربازی ده‌كاته‌ سه‌ر ئێران؟

671 خوێندراوەتەوە
و:گۆران قادر

سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا 48 كاتژمێری دیاری كرد بۆ كۆمه‌ڵێك سزای نوێ به‌سه‌ر ئێراندا، كه‌ سزای ئابووری زیاتر و له‌وه‌یه‌ هێرشێكی ئاسمانی دیاری كراویش له‌ خۆ بگرێت.

 

،،

هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئێران په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌نجامی لێكۆلێنه‌وه‌كانی سه‌ر كۆمپانیا سعودیه‌كه‌


به‌ نزیك بوونه‌وه‌ له‌و واده‌یه‌، ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ كۆشكی سپی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی ئه‌و بژاردانه‌ كرا، كه‌ ده‌كرێت وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ هێرشه‌كانی سه‌ر كۆمپانیای ئارامكۆ له‌ سعودیه‌ دژی ئێران بگیرێته‌ به‌ر.


به‌رپرسانی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ (پنتاگۆن)كۆمه‌ڵێك بژارده‌ی سه‌ربازیان خستۆته‌ به‌رده‌م دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، كه‌ خۆی له‌ چه‌ند ئامانجێك ده‌بینێته‌وه‌ له‌ ناو خاكی ئێراندا،به‌ڵام هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئێران په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌نجامی لێكۆلێنه‌وه‌كانی سه‌ر كۆمپانیا سعودیه‌كه‌،كۆبوونه‌وه‌كه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ به‌رپرسانی ئه‌مریكا له‌ سه‌روی هه‌موویانه‌وه‌ مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، دووپاتیان كردۆته‌وه‌، كه‌ ئێران به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان ده‌ستی له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كۆمپانیای ئارامكۆدا هه‌بووه‌، بۆیه‌ ئه‌مریكا بیر له‌ سزای نوێ و بژارده‌ جیاوازه‌كان ده‌كاته‌وه‌.


هه‌روه‌ها مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ لێدوانێكیدا ئه‌و هێرشه‌ی سه‌ر ئارامكۆی به‌ (كارێكی جه‌نگی) ناوزه‌ند كرد.
پێنس وتیشی: ترامپ به‌ دوای ڕاستیه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت، هه‌ر خۆشی بڕیار له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو ده‌دات، به‌ڵام گه‌لی ئه‌مریكا ده‌توانن دڵنیا بن، كه‌ ئه‌مریكا به‌رگری له‌ كاره‌ گرنگه‌كانمان له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كات و هاوشانی هاوپه‌یمانه‌كانیشی ده‌وه‌ستێت.

،،

لێكۆلێنه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پارچانه‌ی به‌ر ده‌ست كه‌وتوون، ئه‌وە ده‌رده‌خه‌ن كه‌ چه‌كه‌كان ئێرانین

 

 
تێوه‌گلانی ئێران:
رۆژی شه‌ممه‌ 14/9 دوو كۆمپانیای سه‌ر به‌ ئارامكۆی سعودیه‌ هێرشیان كرایه‌ سه‌ر، به‌رپرسانی به‌رگری سعودیاش ئاشكرایان كرد، كه‌ هێرشه‌كان له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌دراون.
عه‌قید توركی مالكی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری سعودیه‌ ئاشكرای كرد، كه‌ هێرشه‌ تیرۆرستیه‌كه‌ به‌ 7 موشه‌كی كروز و 18 فڕۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان ئه‌نجامدراوه‌، هێرشه‌كان له‌ باكوره‌وه‌ ئه‌نجامدراون، نه‌ك باشوور، له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌.


وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری سعودیه‌ ڕایگه‌یاند: سه‌رچاوه‌ی ئه‌و چه‌كانه‌ ئێرانین، ناتوانرێت له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ ئاڕاسته‌ كرابن، چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ یه‌مه‌ن خاوه‌نی ئه‌و جۆره‌ چه‌كه‌ نین.
وتیشی: لێكۆلێنه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پارچانه‌ی به‌ر ده‌ستمان كه‌وتوون، ئه‌وا ده‌رده‌خه‌ن كه‌ چه‌كه‌كان ئێرانین، هه‌روه‌ها ته‌هران ته‌نكه‌لۆژیای تایبه‌تی بۆ فڕۆكه‌كان به‌كارهێناوه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌كانیش ئێرانین.
له‌ كۆتایشدا مالیكی وتی: ئه‌و به‌ڵگانه‌ به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بیه‌سلمێنێت ئێران له‌و هێرشه‌دا تێوه‌ گلاوه‌.

،،

هێرشی سه‌ربازی ئه‌مریكا به‌ موشه‌كی تۆماهۆك بۆ سه‌ر چه‌ند ئامانجێكی دیاری كراو له‌ ناو خاكی ئێراندا، كارێكی دوور نیه‌

 

 

بژارده‌كانی وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌:
دۆناڵد ترامپ ئه‌مڕۆ له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا كه‌ ئایا هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ته‌هران، یه‌كێكه‌ له‌ بژارده‌كان، وتی: ئه‌مریكا هه‌موو كات ئاماده‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هێرشی سه‌ربازی ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌ر ئێران هێشتا كارێكی دووره‌ و ئه‌م بژارده‌یه‌ ده‌بێته‌ دواین بژارده‌،بۆیه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌مریكا بژارده‌ی هێرشی ئه‌لیكترۆنی بۆ سه‌ر ته‌هران و توندكردنه‌وه‌ی سزای ئابووری تاوتوێ ده‌كات و له‌وه‌یه‌ وه‌ك وه‌ڵامێك به‌كاریان بهێنێت، به‌تایبه‌ت توندكردنه‌وه‌ی سزای ئابووری، چونكه‌ ئه‌مڕۆ ترامپ سزای نوێی خسته‌ سه‌ر بانكی نیشتمیانیی ئێران.


ده‌رباره‌ی هێرشی سه‌ربازیش، خه‌لیل حلو شاره‌زای سه‌ربازی و ستراتیژی له‌ لێدوانێكیدا بۆ سكای نیوز ڕایگه‌یاند: ئاڵۆزیه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئێراندا ورده‌ ورده‌ زیاد ده‌بن،بۆیه‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌وێته‌ دۆخێكی قورسه‌وه‌، هێرشی سه‌ربازی ده‌بێته‌ كارێك كه‌ئه‌گه‌ری ڕوودانی زۆر نزیكه‌.


حلو وتیشی: هێرشی سه‌ربازی ئه‌مریكا به‌ موشه‌كی تۆماهۆك بۆ سه‌ر چه‌ند ئامانجێكی دیاری كراو له‌ ناو خاكی ئێراندا، كارێكی دوور نیه‌، هه‌ر وه‌ك چۆن له‌ سوریادا ئه‌م كاره‌ی كرد و ئه‌نجامی باشیشی هه‌بوو.


له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ جه‌نڕال جۆزێف دانفۆرد سه‌رۆكی ئه‌ركانی هاوبه‌شی سوپای ئه‌مریكا به‌ ڕۆژنامه‌نوسان ڕایگه‌یاند: بڕیاری هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئێران كارێكی سیاسیه‌ نه‌ك سه‌ربازی، كاری منیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بژارده‌ سه‌ربازییه‌كان پێشكه‌شی سه‌رۆك بكه‌م، له‌ ئه‌گه‌ری بریاری هێرشه‌كه‌دا.
وتیشی: كۆمه‌ڵێك بژارده‌ی ته‌واومان له‌به‌رده‌سته‌یه‌، بێگومان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاتیشدا هێزمان هه‌یه‌، له‌وێ چه‌ندین پلانمان هه‌یه‌ و چه‌ندین بژارده‌شمان له‌به‌رده‌ستدایه‌.

له‌ كۆتایشدا وه‌ك ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرا، ترامپ بڕیاری سزاكانی ده‌ركرد، كه‌ هێرشی سه‌ربازی له‌ خۆ نه‌گرت .
ترامپ له‌ دره‌نگانێكی ئه‌مڕۆدا ڕایگه‌یاند، چاره‌سه‌ری سه‌ربازی ده‌كرێت په‌نای بۆ به‌رین، ئه‌نجامیشی ده‌بێت، به‌ڵام پێویست نه‌كان ،بۆیه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دام توندكردنه‌وه‌ی سزاكان، ئه‌نجامی باشی ده‌بێت.


هۆكاری ئه‌نجام نه‌دانی هێرش بۆ سه‌ر ئێران بۆ ئه‌وه‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ ده‌بێته‌ جه‌نگێكی هه‌مه‌لایه‌ن و هه‌موو ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌رپرسانی سه‌ربازی ئه‌مریكا به‌ ترامپیان ڕأگه‌یاندووه‌، هه‌روه‌ها محمد جواد زه‌ریفیش هه‌مان هۆشداری دا، چونكه‌ ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا چه‌ندین گروپی چه‌كداری هه‌یه‌ و له‌ جیهانیشدا هاوپه‌یمانی چه‌ندین وڵاتی زلهێزه‌، ئه‌مانه‌ وای له‌ ئه‌مریكا كردووه‌، ده‌سكراوه‌ نه‌بێت له‌ هێرشی سه‌ربازی، دووباره‌ په‌نا بۆ سزای ئابووری به‌رێت، به‌ڵام به‌ ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخه‌كه‌، بژارده‌ی هێرشی ئاسمانی دیاری كراو بۆ سه‌ر ئامانجه‌ سه‌ربازی و نه‌وتی و ئه‌تۆمیه‌كانی ئێران،كارێكه‌ ده‌كرێت ڕووبدات.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی