میرابۆ ئەو پیاوەی بە مردوویی دادگایی کرا

میرابۆ ئەو پیاوەی بە مردوویی دادگایی کرا

485 خوێندراوەتەوە

ئاکام عەلی

حکومی مێژوو دەبێت گەورەترین دەرسی هەبێت، ئەو حکومە دەقاودەق ڕاو بریاری گەلەو کەس ناتوانێت تاسەر مێژوو هەڵخەڵەتێنێت.

 

میرابۆ کێیە؟

لەساڵی 1749لەناو خێزانێکی ئەرەستۆکراتی دەوڵەمەنددا چاوی بەدنیا هەڵهێناوەو زیرەک و وریا،دەنگی زۆڵاڵ و گوتەبێژێکی زۆر بەتوانا بووە، لەهەڕێتی لاویدا خۆی دایە دەستی شەوانی پاریس، تەخشان و پەخشانی بێ ئەندازە خستیە ژێر باری قەرزەوە، میرابۆ هەر ئەوسا لەسەر قەرزو بەرەڵایی چەند جارێک بووە میوانی زیندانەکانی پاریس، ساڵی 1776 ژنی مارکیز دی مۆنییەتی ناوداری هەڵگرت و نیشتیمانی بەجێ هێشت، دادگای باڵای فەڕەنسا لەسەر ئەو کارەی بڕیاری خنکاندی میرابۆی دەرکرد.

میرابۆ لەدوورە وڵاتیشەوە دەستی هەڵنەگرت، زیندانەکانی ئەوێشی تاقیکردەوە، لەگەڵ ئەوەش ڕۆژبەڕۆژ زیاتر توانای قایلکردن و خۆ نزیکخستنەوەو دەسەڵاتی نووسین و گوتەبێژی میرابۆ خۆی دەنواند.

هەر زیندانییەک تێیی دەچوو دەبووە هاوڕێی نزیکی کارگێڕانی، دەبووە میوانی ئازیزی دانیشتن و ئاهەنگە تایبەتیەکانی بەڕێوبەرانی ئەو زیندانە، نووسینەکانی سەرنجی هەمووانی ڕادەکێشا، زۆری نەخایاند میرابۆ بڕیار لێخۆشبوونی بۆدەرچوو و گەڕایەیەوە باوەشی نیشیتمانەکەی.

 

میرابۆ و شۆڕشی فەڕەنسی

ساڵی 1789فەڕەنسا بەجارێک خرۆشابوو، پاشاو دەست و پێوەند کەوتبوونە خۆیان بۆئەوەی نەهێڵن ناڕەزای گەل بگاتە ئاستی تەقینەوە، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ لویسی شازدەهەم وتاری تەختی خوێندەوە، یەکسەر هۆڵی پەرلەمانی جێهێشت، نوێنەری لویس بەناوی پاشاوە داوای لەئەندامانی پەرلەمان کرد بڵاوەی لێبکەن، لەناو هەموواندا میرابۆ ڕاستبووەوە، بەدەنگێکی زوڵاڵ پێیگوت" بڕۆ بەئاغاکەت بڵێ ئێمە لێرە بەفەرمانی گەڵ کۆبووینەتەوە، لەسەر نووکی ڕم نەبێت جێگەی خۆمان بەجێ ناهێڵین".

لەوە بەدوا میرابۆ بویە دیارترین کەسی فەڕەنساو هەموو کەس دەیناسی، تەنانەت کرێکار و جوتیارەکانیش ئەیانناسی، پیاوێکی زیرەک و وریا بەدەنگی بەرز دژی جەورو ستەمی پاشا ئەدوا.

کەخۆی بۆئەنجومەنی نیشتیمانی پاڵاوت کەسێک نەما دەنگی بۆنەدات، لەکاتی کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا کاتێک دەکەوتە دوان داروبەرد وتەی لێدەبڕا، تەختی لویس دەهاتە لەرزین.

 

خەڵک نازناوی "گوتە بێژی شۆڕش"یان پێ بەخشی

دەوروبەری کۆتای مانگی مارتی 1791، میرابۆ لەپڕ نەخۆش کەوت، کەس نەما بە پەرۆشەوە گوێ قوڵاغی هەواڵی تەندروستی "دڵی گەورە"و "دەنگی زوڵاڵ"ی شۆڕشی نەبێت.

کەڕۆژی دووی نیسان گیانی لەدەستدا، دەیان هەزار کەس بە ئەوپەڕی ڕێزەوە تەرمەکەیان بەڕێکردو " پانتیۆن"ی گۆڕستانی گەورە پیاوان، بۆیەکەمجار دەروازەکانی بۆخستە سەرپشت.

گۆڕی میرابۆ بووە مەزراگەی نیشتیمان پەروەران

ڕۆژی 10ئابی 1792 خەڵکی داخ لەدڵی فەڕەنسا ڕژێمی پاشایەتیان ڕووخاند و دەستی شۆڕشگێڕان گەیشتە قاسە قایمەکانی کۆشکی ڤێرسای و گشت بەڵگەنهێنیەکانی پاشایان خوێندەوە، یەکێک لەو بەڵگانەی هەمووانی حەپەساند ئەوەبوو لویسی شازدە توانیبووی میرابۆ بکڕێت و لەنیسانی ساڵی 1790وە میرابۆ بووەتە یەکێک لەکرێگرتەکانی لویس بەرامبەر بەڵێنی پێدانەوەی قەرزەکانی و پاداشتی چەورتر.

کە دانیشتوانی پاریس بەمەیان زانی دیسان دەیان هەزار کەس ڕوویان کردە" پانتیۆن"وبە ئەو پەڕی ڕقەوە گۆڕی میرابۆیان هەڵتەکاندو پاشماوەی لاشەکەیان هەرلەوێدا سوتاندو سووتەوەکەیان بردە گۆڕستانی دزوو جەردەو خۆفرۆشان لەسان مارسۆی نزیک پاریس.

پاش مردنی میرابۆو دوای ئەوەی دەرکەوت خیانەتی لە شۆڕش کردووەو گەلی فریووداوە، زیندوویەتی و هۆشیاری گەلی فەرەنسی وایکرد کە بە مردوویش سزای بدەن لەپای ئەو خیانەتەکەی کە لەگەل و شۆڕشی کردووە.