ئەحکامە سزایی و کارگێڕییەکانی تاوانی بەرتیل

؟به‌رتیل خۆرو به‌رتیل ده‌ر چ سزایه‌كیان هه‌یه‌

ئەحکامە سزایی و کارگێڕییەکانی تاوانی بەرتیل

621 خوێندراوەتەوە

مافپەروەر - ڕێبەر ئه‌کره‌م فایق

تاوانی بەرتیل جگە لەوەی لەڕووی ئاینییەوە (ئاینی ئیسلام) قەدەغەو نەفرین لێکراوە، هەروەها لەڕووی مرۆڤایەتیشەوە بە کارێکی ناپەسەندو نائەخلاقیی دادەنرێت، سەرەڕای ئەوانەش لەڕووی یاساییەوە سزای توند بۆ ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دانراوە، کە ئەنجامدەرانیشی خۆی لە سێ کەس و لایەندا دەبینێتەوەو بریتین لە کەسی بەرتیل وەرگر "مرتشی"، وە کەسی بەرتيلدەر "راشی"، وە کەسی نێوەندگیر(وسیط)، کە هەڵدەستێت بەڕێکخستن و هەمانگیی لەنێوان هەردوو لایەنەکەی دیکە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە،هەربۆیە یاسا سزای بۆ هەریەکێک لەو سێ لایەنە داناوە بەپێی ئەم شێوازەی خوارەوە:

 

 

یەکەم: تایبەت بە بەرتیل وەرگر(مرتشی):

١- بەپێی یاسای سزاکانی عێراق، ژمارە (١١١)ی ساڵی (١٩٦٩)ی هەموارکراو، ماددەی(٣٠٧)، بڕگەی(١)،هەر فەرمانبەرێک یان کەسێک کە خزمەتی گشتیی پێسپێردراوە (مکلف بخدمة عامة)، ئەگەر داوای (بەخششێک) یان(سودێک) یان(ئيمتیازێک)یان (بەڵێندانێک بۆ شتێکی لەو جۆرە)بکات، یاخود قبوڵی بکات، بۆ خۆی یان غەیری خۆی، بۆ ئەوەی کارێک لە کارەکانی وەزیفەکەی ئەنجام بدات، یان ڕێگریی لێبکات لە ئەنجامدانی کارەکە یان کەم و کورتیی بکات لەئەنجامدانی ئەرکە وەزیفییەکاندا،ئەوا سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (١٠) ساڵ زیاتر نەبێت، یان بە حەبس و غەرامە بەمەرجێک کەمتر نەبێت لەوەی کە داوای کردووە یان پێیدراوە یان بەڵێنی پێدراوە، وە لەهەر حاڵەتێک لەحاڵەتەکاندا زیاتر نەبێت لە حەفتاو پێنج هەزار دینار.

واتە هەر فەرمانبەرێک داوای بەخششێک یان سودێک ئیمتیازێک بکات یان قبوڵی بکات، بۆ خۆی یان بۆ غەیری خۆی، بۆ ئەوەی کارێک لەکارەکانی وەزیفەکەی ئەنجام بدات، یان ڕێگریی بکات لە ئەنجامدانی کارێک،ئەوا سزا دەدرێت بەو سزایەی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا.

وە بەپێی بڕگەی (٢)ی هەمان ماددە، ئەگەر داواکردنەکە یان قبوڵکردنەکە یان وەرگرتنەکە دوای ئەنجامدانی کارەکە بێت، ئەوا سزاکەی دەبێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (٧)ساڵ زیاتر نەبێت یان بە حەبسکردن.

٢- بەپێی ماددەی (٣٠٨)،لەهەمان یاسا، ئەگەر داواکردن یان وەرگرتنەکە لەلایەن فەرمانبەرەکەوە بۆ کارێک بوو کە لەبنەڕەتدا لەچوارچێوەی ئەرکە وەزیفییەکانی فەرمانبەرەکەدا نەبوو، بەڵام وای دەردەخست کە لەچواچێوەی ئەرکە وەزیفییەکانیدایە بەمەبەستی وەرگرتنی بەرتیلەکە، ئەوا سزاکەی بریتییە لە زیندانیکردن کە لە(٧) ساڵ زیاتر نەبێت یان حەبس و غەرامە.

٣- لەبەرئەوەی تاوانی بەرتیل بەپێی ماددەی (٢١)، خاڵی (٦) لە یاسای سزاکانی عێراق،یەکێکە لەتاوانەکانی لەکەدارکردنی شەرەف،وە بەپێی ماددەی(یەکەم)، بڕگەی (حەوتەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، ژمارە(۳)ی ساڵی(۲۰۱۱)ی هەموارکراو یەکێکە لەتاوانەکانی گەندەڵیی، هەربۆیە کاتێک فەرمانبەر حوکم درا بەتاوانی بەرتیل، وە حوکمەکە پلەی کۆتایی وەرگرت، ئەوا بەپێی ماددەی (۸)بڕگەی (هەشتەم)،خاڵی (ب)،لەیاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە(١٤)ی ساڵی(۱۹۹۱)ی هەموارکراو، هەروەها بەپێی ماددەی (سیانزەیەم)، بڕگەی(پێنجەم)،خاڵی(۲) لەیاسای دەستەی دەستپاکیی ئاماژە پێکراو، ئەو فەرمانبەرە لەکاردەخرێت، (عەزل دەکرێت)، واتە بە هەمیشەیی و یەکجاریی لە وەزیفە دووردەخرێتەوە، بەجۆرێک کە ئیتر دووبارە مافی دامەزراندنەوەی نییە لەفەرمانگەکانی دەوڵەتدا.

 

 

دووەم: تایبەت بە بەرتیلدەر (راشی):

١- بەپێی ماددەی (٣١٠)،لەیاسای سزاکانی عێراق،هەر کەسێک بەخششێک یان سودێک یان ئیمتیازێک یان بەڵێنێکی لەو جۆرە بدات بە فەرمانبەرێک ئەوا بە بەرتیلدەر دادەنرێت، وە بەهەمان سزای بەرتیل وەرگر(فەرمانبەرەکە) سزا دەدرێت.

٢- بەپێی ماددەی (٣١٣) لەهەمان یاسا، هەرکەسێک عەرضی بەرتیل بکات بۆ فەرمانبەرێک و لێی قبوڵ نەکرێت، ئەوا سزا دەدرێت بە حەبس یان غەرامە.

٣- بەپێی ماددەی (٣١٢) لەهەمان یاسا، هەرکەسێک بەرتیل وەربگرێت بەناوی فەرمانبەرێکەوە، بەڵام لەڕاستیدا بۆ خۆی بێت و فەرمانبەرەکە ئاگاداری نەبێت ئەوا سزا دەدرێت بە حەبسکردن.

 

سێیەم: تایبەت بە نێوەندگیر(وسیط):

بەپێی ماددەی (٣١٠) لە یاسای سزاکانی عێراق،هەرکەسێک بەشدار بێت لە نێوەندگیریی نێوان بەرتیلدەر و بەرتیل وەرگر بۆ خستنەڕووی بەرتیلەکە یان بۆ داواکردنی یان بۆ قبوڵکردنی ئەوا بە نێوەندگیر دادەنرێت و بەهەمان سزای بەرتیل وەرگر (فەرمانبەرەکە) سزا دەدرێت.

 

تێبینی/
١- بەپێی ماددەی(حەوتەم)،بڕگەی(٤) لەیاسای ڕاژەی شارستانیی، ژمارە (٢٤)ی ساڵی (١٩٦٠)ی هەموارکراو،هەروەها خاڵی (١)ی بڕگەی (پێنجەم)ی ماددەی (سیانزەیەم) لەیاسای دەستەی دەستپاکیی ئاماژەپێکراو، هەر هاووڵاتییەک سزا درابێت بەتاوانی بەرتیل ئەوا ئیتر مافی دامەزراندنی نییە لە فەرمانگەو دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا، جگە لەوەش نابێت حکومەت گرێبەستی لەگەڵدا بکات وەک بەڵێندەر(مقاول) یان دابینکاری خزمەتگوزاریی و شمەک.
٢- بەپێی ماددەی (٣١١) لەیاسای سزاکان،ئەگەر بەرتیلدەر یان نێوەندگیر دەسەڵاتی دادوەریی یان کارگێڕیی ئاگادار بکەنەوە لە تاوانەکە یان دان بەتاوانەکەدا بنێن لەپێش پەیوەندیکردنی دادگا بە دەعواکە، ئەوا لە سزا دەبەخشرێن،خۆ ئەگەر ئاگادارکردنەوەکە یان دانپێدانانەکە لەدوای پەیوەندیکردنی دادگا بێت بەتاوانەکەبەڵام هێشتا دادگاییکردن تیایدا کۆتایی نەهاتبێت ئەوا بارێکی سوککردن دادەنرێت،واتە سزاکەیان کەمدەکرێتەوە.

٣- سزای بەندکردن(حبس)ماوەکەی لە (٢٤) کاژێرەوەیە تاکو (٥) ساڵ،وە زیندانی کاتیی(سجن موقت) ماوەکەی لە (٥) ساڵەوەیە تاکو (١٥) ساڵ،هەروەها زیندانی هەمیشەیی(سجن موبد)ماوەکەی بریتییە لە (٢٠) ساڵ، بەپێی ئەحکامی یاسای سزاکانی عێراق.