خۆپیشاندانه‌كانی میسر.... داواكاری ڕوون و داهاتوویه‌كی نادیار

خۆپیشاندانه‌كانی میسر.... داواكاری ڕوون و داهاتوویه‌كی نادیار

528 خوێندراوەتەوە

دوای چه‌ندین ساڵ له‌ بێده‌نگی و خامۆشی شه‌قامه‌كان، میسریه‌كان ڕۆژی هه‌ینی چونه‌ سه‌ر شه‌قام و داوای ڕۆشتنی عه‌بدولفتاح سیسی سه‌رۆكی وڵاتیان ده‌كرد، خۆپیشاندانه‌كان دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی شمه‌ك و ئاشكرا بوونی گه‌نده‌ڵی به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستی پێكرد. له‌م ڕاپۆرته‌ شیكاریه‌دا ئاماژه‌ به‌ شكاندنی ترس هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌كان و داوا و ئه‌نجامه‌كانی و داهاتووی ده‌كه‌ین.

 

یه‌كه‌م: شكانی ترسی هاوڵاتیان:
ئه‌م خۆپیشاندانه‌ له‌ سه‌ر داوای (محمد علی) به‌ڵێنده‌ر و ئه‌كته‌ری میسری ئه‌نجامدرا، كه‌ له‌ په‌خشی ڕاسته‌وخۆدا ده‌سه‌ڵاتدارانی تۆمه‌تبار كرد به‌ به‌هه‌رده‌ردانی سامانی گشتی له‌ دروستكردنی كۆشكه‌ شاهانه‌دا، كه‌ هاوڵاتانیش به‌ ده‌ست هه‌ژارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.


سه‌ر له‌ به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه‌ مه‌یدانی ئازادی له‌ سه‌نته‌ری شاری قاهیره‌،به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی هێزێكی ئه‌منی زۆره‌وه‌، ئارامی به‌ خۆیه‌وه‌ بینی، به‌ڵام دواتر چه‌ندین گرته‌ی ڤیدیۆی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كاندا بڵاوكرانه‌وه‌، كه‌ خۆپیشانده‌ران وێنه‌ی عه‌بدولفتاح سیسی سه‌رۆكی وڵاتیان ده‌دڕاند، هه‌روه‌ها له‌ گرته‌ی دیكه‌شدا خۆپیشانده‌ران له‌ ده‌وروپشتی مه‌یدانی ئازادی دروشمیان دژ به‌ حكومه‌ت ده‌وته‌وه‌، له‌و دروشمانه‌ش بریتی بوون له‌ (گه‌ل ڕوخانی ڕژێمی ده‌وێت)و( بڕۆ، بڕۆ) بوون.
چالاكوانی مه‌ده‌نیش ده‌رباری ئه‌و دروشمانه‌ ده‌ڵێن: ئه‌مه‌ ئه‌و دروشمانه‌ن كه‌ له‌ شۆِرشی 25 یه‌نایه‌ری 2011 به‌رگوێمان كه‌وتن و بوونه‌ هۆی له‌سه‌ركارلادانی حوسنی مباره‌ك.

محمد عەلی


ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ ته‌نها له‌ مه‌یدانی ئازادی نابێت، به‌ڵكو مه‌یدانه‌كانی دیكه‌ی قاهیره‌ و شاره‌كانی تری وه‌ك ئه‌سكه‌نده‌ریه‌ و سویس و مه‌حله‌ ده‌گرێته‌وه‌.
تۆِره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش وه‌ك هه‌میشه‌ ڕۆڵی به‌رچاوی خۆیان له‌م خۆپیشاندانانه‌دا بینی و جگه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی دروشم و هاندان بۆ خۆپیشاندان، چه‌ندین هاشتاگ دانراون، كه‌ گرنگترینیان (میدان- التحریر)ه‌، كه‌ زۆرترین ده‌ستاوده‌ستی پێكراوه‌ ونزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن تویت له‌سه‌ر ئه‌و هاشتاگه‌ دابه‌زێنراوه‌.
به‌كارهێنه‌رانیش له‌ تۆِری كۆمه‌لایه‌تی فه‌یسبووك وێنه‌ی پرۆفایلی خۆیان گۆڕیوه‌ بۆ ڕه‌نگی سور، چونكه‌ محمد علی سه‌رمایه‌دار، وێنه‌ی خۆی كرد به‌ سور، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ توڕه‌بوون.


بۆیه‌ ئه‌م خۆپیشاندان و گه‌رمیه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كان،به‌ سه‌ره‌تای شكاندنی ترسی هاولاتیانی میسر داده‌نرێت، كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌هۆی توندوتیژی حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌رۆكی ئێستاوه‌ بێده‌نگ بوون و هیچ ناڕه‌زایه‌تیه‌كیان ئه‌نجام نه‌داوه‌.

 

دووه‌م: هۆكاری خۆپیشاندانه‌كان:
ده‌توانین هۆكاری سه‌ره‌كی خۆپیشاندانه‌كان بۆ چه‌ند خاڵێك بگێرینه‌وه‌، كه‌ گرنگترینیان:


گه‌نده‌ڵی: هۆكاری سه‌ره‌كی خۆپیشاندانی میسریه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڤیدیۆیه‌كی محمد عه‌لی كه‌ به‌ڵێنده‌رێكی ئه‌و وڵاته‌یه‌، كه‌ چه‌ندین تۆمه‌تی مه‌ترسیداری گه‌نده‌ڵی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی میسر و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان كردووه‌.
ئه‌و ده‌ڵێت: ئه‌فسه‌رێك به‌ پله‌ی لیوا هه‌ستاوه‌ به‌ دروستكردنی هۆتیلێك له‌ ناوچه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی پێنجه‌م كه‌ بڕی دوو ملیار جونه‌یهی تێده‌چێت.
ده‌شلێت: فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان فه‌رمانیان ده‌ركردووه‌، كه‌ به‌خێرایی كۆشكێك له‌ ئه‌سكه‌نده‌ریه‌ دروست بكرێت، چونكه‌ سیسی و هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ نیازن پشووی جه‌ژن له‌وێ به‌سه‌ر به‌رن، ئه‌م كۆشكه‌ بڕی 250 ملیۆن جونه‌یهی تێده‌چێت.
محمد عه‌لی له‌ ڤیدیۆكه‌یدا ئه‌وه‌ ِره‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌ر به‌ ئیخوان بێت و ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ له‌گه‌ڵ سوپادا كاری كردووه‌،بۆیه‌ ئه‌و تۆمه‌تباركردنه‌ نالۆژیكیه‌.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و به‌ڵێنده‌ره‌ هیچ به‌ڵگه‌و داتایه‌كی بڵاو نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵام بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناڕازی بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و دژی به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی بوه‌ستنه‌وه‌.

 

عبدالفتاح سيسي


به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هه‌ژاری:
دوای جێبه‌جێ كردنی به‌رنامه‌ی سك هه‌ڵكوشین ڕێژه‌ی هه‌ژاری له‌و وڵاته‌دا به‌رزبوه‌وه‌، ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئاشكرای ده‌كه‌ن كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ڕێژه‌ی هه‌ژاری به‌رزبۆته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ ساڵی 2015-2016 ڕێژه‌ی هه‌ژاری له‌ 27.8% بووه‌، به‌ڵام له‌ ساڵی 2017-2018 ئه‌م ڕێژه‌یه‌ به‌رزبۆته‌ بۆ 32.5%، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ حكومه‌تی میسری ئاماژه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی به‌رنامه‌كه‌ی ده‌كات.


نه‌بوونی ئازادی و پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ:
دوای ئه‌وه‌ی عه‌بدولفتاح سیسی به‌ كوده‌تا هاته‌ سه‌ر حوكم، ئازادی سیاسی و ڕاده‌ربڕین به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو پاشه‌كشێی كرد، به‌شێوه‌یه‌ك له‌و ماوه‌یدا زۆر به‌توندی دژی هه‌موو ئه‌وانه‌ وه‌ستایه‌وه‌ كه‌ ڕه‌خنه‌یان ده‌گرت.
له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی واشنتن پۆست له‌ ڕاپۆرتێكیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات بۆ بێده‌نگ كردنی ئۆپۆزسیۆن، ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ هێرشی توندیان كردۆته‌ سه‌ر سه‌رجه‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و سه‌دان ماڵپه‌ری فكریان داخستوه‌.
ڕۆژنامه‌كه‌ ئاشكرای ده‌كات كه‌ له‌ ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی سیسیدا زیاتر له‌ 60 هه‌زار كه‌س ده‌ستگیر كراون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ ئاگر و ئاسن ڕووبه‌ڕووی ئیخوانه‌كان بۆته‌وه‌.

 


هه‌روه‌ها له‌ ئامارێكی دیكه‌دا ڕۆژنامه‌ی (الشرق)ئاشكرای ده‌كات كه‌ (1700)كه‌س سزای له‌ سێداره‌یان بۆ ده‌ركراوه‌، هاوكات 300 منداڵ و خوێندكار له‌ زیندانه‌كاندان و (350) زیندانیش به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه‌ و چاره‌سه‌ر نه‌كردنی پزیشكی گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌.
هه‌ر له‌سه‌ر ئازادی ڕاده‌ربڕین رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ له‌ ساڵی 2018دا ڕاپۆرتێكی به‌ ناونیشانی ( میسر، زیندانێكی كراوه‌ بۆ ڕه‌خنه‌گران)بلاوكرده‌وه‌، له‌ راپۆرته‌كه‌دا ڕێكخراوه‌كه‌ ده‌ڵێت: توندوتیژی و نه‌بوونی ئازادی له‌ سه‌رده‌می سیسیدا، گه‌یشتۆته‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ مێژوودا هاوشێوه‌ی نه‌بووه‌ ، ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ ده‌گرن هێزه‌ ئه‌منیه‌كان وه‌ك تاوانبار سه‌یریان ده‌كه‌ن و توندوتیژی له‌ دژیان به‌كارده‌هێنن، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ مانگی دێسه‌مبه‌ری 2017دا 111 كه‌س ده‌ستگیر كراون، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یان له‌ سه‌رۆكی میسر گرتووه‌.


له‌ كۆتایشدا ڕێكخراوه‌كه‌ ئاشكرای ده‌كات ، كه‌ سه‌دان میسری له‌ سیاسیه‌كان، ڕۆژنامه‌نوسان، داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، ئه‌ندامانی ئۆپۆزسیۆن، هونه‌رمه‌ندان، هانده‌رانی تۆپی پێ، له‌ زیندانه‌كاندان، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ده‌نگی به‌رز ڕه‌خنه‌یان له‌ حكومه‌ت گرتووه‌.


بێ كاری و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی شمه‌ك:
به‌هۆی ڕه‌وشی سیاسی و ئه‌منیه‌وه‌، بێ كاری له‌ نێو هاوڵاتیاندا زیادی كردووه‌ و كاره‌كانی خۆیان به‌به‌رده‌وامی له‌ ده‌ستده‌ده‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ كه‌رتی گه‌شتیاریدا كار ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌پێی ئاماره‌كان له‌ ساڵی 2010ه‌وه‌ كه‌رتی گه‌شتیاری به‌ ڕێژه‌ی له‌ 80% دابه‌زیوه‌، له‌ ساڵی 2016شدا به‌ بری(1.6 ملیار دۆلار)داهاتی گه‌شتیاری كه‌می كردوه‌، ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هۆتێل و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان كرێكاره‌كانیان كه‌م بكه‌نه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌و ماوه‌یه‌دا (720) هه‌زار كرێكار له‌ كۆی (800)هه‌زار له‌ كاره‌كانیان ده‌ركراون.


هه‌روه‌ها به‌هۆی سیاسیه‌تی حكومه‌ته‌وه‌ هه‌ڵئاوسان له‌و وڵاته‌دا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبۆته‌وه‌ و گه‌یشتۆته‌ له‌ 30%، هه‌روه‌ها به‌های جونه‌یهی میسری دابه‌زیوه‌ و یه‌ك دۆلار به‌رامبه‌ر 18 جونه‌یهه‌،له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڵئاوسان و بڵاوبونه‌وه‌ی بێ كاری، نرخی شمه‌كه‌ سه‌ره‌كیه‌كان به‌رزبۆته‌وه‌ و گوزه‌رانی هاوڵاتیان خراپ بووه‌.
ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌مان پێكردن كه‌ بریتین له‌ دۆخی سیاسی و ئابووری و مافه‌كانی مرۆڤ و لایه‌نی بژێوی هۆكاره‌كانی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كانن.

 

سێیه‌م: خۆپیشاندانه‌كان به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟
به‌رده‌وامی و به‌ ئه‌نجام گه‌یشتنی خۆپیشاندانه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ دۆخی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ و ئه‌منی و به‌رده‌وامی و فراوان بوونی خۆپیشاندانه‌كه‌، بۆیه‌ ناتوانرێت له‌ ئێستاوه‌ پێشبینی ئه‌نجامه‌كانی بكرێت یان به‌راورد بكرێت به‌ شۆڕشی یه‌نایه‌ر،چونكه‌ جگه‌ له‌ دروشمه‌كان تاكو ئێستا خۆپیشاندانه‌كه‌ بێ سه‌ر په‌رشت ماوه‌ته‌وه‌ و هیچ حیزب و لایه‌نێك پشتگیری خۆپیشانده‌رانی نه‌كردوه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ زۆرینه‌ی سه‌ركرده‌كانی ئیخوان موسلمین له‌ زینداندان و زۆر توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان به‌كارهێنراوه‌، تاكو ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ ڕابه‌رایه‌تی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ بكه‌ن و ئاڕاسته‌یان بكه‌ن،بۆیه‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ هه‌ڕه‌مه‌كی و بێ ئاراسته‌ كراوه‌، كه‌ زه‌حمه‌ته‌ ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی هه‌بێت یان بتوانن ده‌ستكه‌وتێك به‌ده‌ستبهێنن.


هۆكارێكی دیكه‌ی به‌رده‌وامی یان كۆتایی خۆپیشاندانه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ لایه‌نی ده‌ره‌وه‌ و ده‌ستوه‌ردان له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌، ڕاسته‌ سه‌رۆكی میسر له‌ ناوخۆدا ناڕه‌زایه‌تی له‌ دژی به‌رزبۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێت به‌ تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئیسرائیل و سعودیه‌ و ئه‌مریكاوه‌، بۆیه‌ ئه‌م وڵاتانه‌ ڕێگا ناده‌ن سه‌رۆكی میسر له‌سه‌ر كار لابدرێت، ته‌نها ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ كۆنترۆلیان ده‌رچووبێت و به‌دیلی عه‌بدولفتاح سیسی بوونی هه‌بێت.


هۆكارێكی دیكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مامه‌ڵه‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، گه‌ر هێزه‌ ئه‌منیه‌كان وه‌ك ئێستا نه‌رم و نیان بن و توندوتیژی به‌كارنه‌هێنن، ئه‌وا خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت و ته‌نها له‌ قاهیره‌ و ئه‌سكه‌نده‌ریه‌ قه‌تیس نابێت و سه‌رجه‌م شاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌گرێته‌وه‌، بێگومان ئه‌و كاتیش خۆپیشاندان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكانیان ده‌بێته‌ ئه‌مری واقیع، بۆیه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕوان بكه‌ین و ئه‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ باسمان كرد، بزانین له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆپیشانده‌راندا ده‌شكێنه‌وه‌ یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌ت، هه‌ر ئه‌و كاتیش ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی