زەیتونی عەفرین وەك یەكەم قوربانی داگیركاری

زەیتونی عەفرین وەك یەكەم قوربانی داگیركاری

643 خوێندراوەتەوە

دەشتایی وكێوەكانی شاری عەفرین، یەكێكن لە ناوچە بە پیتەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، كە دانیشتوانەكەی بەهۆی ئەم گونجاوییەوە كشتوكاڵ دەكەن ،هەروەها بەخێوكردن و بەرهەمهێنانی زەتونیشیان كردووە بە كاری لە پێشینەیان و ڕێژەی 70%ی داهاتی دانیشتوانەكەی پێكدەهێنێت، بەڵام دوای داگیركردنی ئەو شارە لەلایەن توركیا و گروپە تیرۆرستیەكانەوە، ئێستا زەیتونی عەفرین بەتاڵان دەبرێت دارەكانیشی دەبڕدرێنەوە.


لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵی شیكاری بۆ زەیتونی عەفرین و ژمارە و داهاتەكەی دەدەین، پاشانیش باس لە داری زەیتونی عەفرین دەدەین كە بۆتە قوربانی یەكەمی داگیركاری، لەڕووی برینەوەی دارەكان و بەتاڵانبردن و فرۆشتنی بەنرخی هەرزان و باج خستنە سەر و ڕفاندنی جوتیاران.

،،

دانیشتوانەكەی گرنگیەكی زۆر بە بەخێوكردنی ئەم دارە دەدەن و توانیویانە ساڵانە نزیكەی 270 هەزار تۆن زەیتون بەرهەم بهێنن.

زەیتونی عەفرین:
لە شاری عەفرین لەسەر ڕووبەری 142هەزار هێكتار زەوی، زیاتر لە 18 ملیۆن دار زەیتون هەیە، هۆكاری زۆربوونی ئەو ڕێژەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە خاك و كەشوهەوای عەفرین بۆ بەخێوكردنی زەیتون زۆر گونجاوە، بۆیە دانیشتوانەكەی گرنگیەكی زۆر بە بەخێوكردنی ئەم دارە دەدەن و توانیویانە ساڵانە نزیكەی 270 هەزار تۆن زەیتون بەرهەم بهێنن، هەروەها پێش داگیركردنی ئەو شارە 250 كارگەی دروستكردنی زەیتی زەیتون بوونیان هەبوو، هاوكات (18) كۆمپانیای دیكەش بۆ بەرهەمهێنانی پاشماوەكانی دیكەی زەیتون هەبوون، كە لە پاشماوەی زەیتون (پەین و تەختە و بەكارهێنانی وەك سوتەمەنی)یان بەرهەمدەهێنا،ئەم ڕێژە زۆرەی زەیتون بۆتە هۆی ئەوەی كە 70%ی داهاتی دانیشتوانی ئەو شارە پێكبهێنێت.

زەیتونی عەفرین دوای ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتون:
بەهۆی ئەوەی شاری عەفرین بە زەیتون بە ناوبانگە و ئەم دارەش یەكێكە لە دارە پیرۆزەكان لە ئیسلامدا، كە خوای گەورە سوێندی پێخواردووە، حكومەتی توركیا بۆ داگیركردنی شارەكە لە مانگی ئازاری (2018)دا ئۆپراسیۆنێكی داگیركاری لە ژێر ناونیشانی (چڵە زەیتون) دەستپێكرد، ناونانی ئۆپراسیۆنەكە بە زەیتون بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە سەرنج و سۆزی گروپە تیرۆرستیەكان و جیهانی ئیسلامی بۆ لای خۆی ڕابكێشێت و ڕەوایەتی بە داگیركاریەكە بدات، بەڵام بە داگیركردنی شارەكە دوای دانیشتوانەكەی ،زەتیون بووە یەكەمین قوربانی دەستی توركیا و گروپە تیرۆرستیەكان، كە بە شێوەی چەتەیی و ڕێگری كردن دەستیان كرد بە برینەوەی دارەكان و بەتاڵانبردنی بەرهەمەكەی.
بۆیە لێرەدا لە سایەی حوكمی توركیادا بە چەند خاڵێك باس لە زیانەكانی ئەم كەرتە گرنگەی كشتوكاڵ دەكەین كە خۆی لە بڕینەوەی داری زەیتون و بەتاڵانبردنی بەرهەمەكەی و دابەزینی نرخەكی و باج و سەرانە و و زۆر لایەنی دیكە دەبینێتەوە:

یەكەم: بڕینەوەی داری زەیتون:
حكومەتی توركیا بە بیانووی فراوانكردنی ڕێگاوبان و دیواری ئەمنی یان ئۆپراسیۆنی سەربازی، هەزارەها دار زەیتونی عەفرینی بڕیوەتەوە، هەروەها گروپە تیرۆرستیەكانیش بە هاتنی وەرزی لێكردنەوەی زەیتون و دەستپێكردنی وەرزی زستان دارەكان بە مەبەستی خۆ گەرمكردنەوە و سوتاندن و فرۆشتن دەبڕنەوە، بەشێوەیەك لە( ناحیەكانی ڕاجۆ و جندریس شران و شیە و كێوەكانی بیلال و جرقا، گوندەكانی حمام و مروانیە و فوقانی ... هتد)سەدان داریان بڕیوەتەوە، هەرچەندە بە ژمارە داتایەكی ڕوون ئاشكرا نەكراوە، بەڵام ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و دەزگاكانی ڕاگەیاندن بە بڕینەوەی سەدان هەزار دار ئاماژە بەم تاوانكاریە دەدەن.

دووەم: بەسێ یەكی نرخ لە جوتیاران دەكڕدرێتەوە:
چلانك عومەر ئابوریناس و خەڵكی عەفرین بە ماڵپەڕی (احوال التركی) راِگەیاندوە، لە عەفرین ساڵانە نزیكەی 270 هەزار تۆن بەرهەمدەهێنرێت، كە دەكاتە لە 30%ی كۆی بەرهەمی سوریا، لە بازاڕدا نرخی ئەم بەرهەمە دەگاتە 150 ملیۆن دۆلار، بەڵام لە جوتیاران بە نرخێكی هەرزانتر دەكڕدرێتەوە، كە لە سێیەكی ئەو نرخە تێپەڕ ناكات، كڕیارەكانیش ئەوانەن كە لە ژێر فەرمانی گروپە چەكدارەكاندان و بە ویستی ئەوان بازرگانی دەكەن.

،،

گروپی (جیش الاسلام) كە لە غۆتەی ڕۆژهەڵاتەوە هاتوون، جوتیارانی شارۆچكەی (مەعبتلی)یان ناچار كردووە، كە یەك تەنەكەی (16) لیتری زەیتون بە نیوەی نرخ بفرۆشن پێیان.


هەروەها گروپە چەكدارەكان بە زەبری چەك ژمارەیەكی زۆری كێڵگەیان لە جوتیارەكانی عەفرین زەوت كردووەو بەرهەمەكەی بە بازرگانانی توركیا دەفرۆشنەوە، ئەم شێوازی مامەڵە كردنە بۆتە هۆی هاڕەكردنی نرخی زەیتون، بەشێوەیەك تەنەكەیەكی (16 لیتر) لە زەیتی زەیتون لە عەفرین نرخەكەی لە 14 هەزار لیرەی سوری تێپەڕناكات(واتە 30)دۆلار، بەڵام هەمان بڕ لە ژێر دەستی حكومەتی سوریا نرخەكەی دوو هێندە و زیاتریشە.


گروپە تیرۆرستیەكان بەوەشەوە نەوەستاون، بەڵكو جوتیاران ناچار دەكەن زەیتی زەیتون بە گروپەكان بفرۆشن بەو نرخەشی كە خۆیان مەبەستیانە ،بۆ نموونە گروپی (جیش الاسلام) كە لە غۆتەی ڕۆژهەڵاتەوە هاتوون، جوتیارانی شارۆچكەی (مەعبتلی)یان ناچار كردووە، كە یەك تەنەكەی (16) لیتری زەیتون بە نیوەی نرخ بفرۆشن پێیان.

سێیەم: بەتاڵان بردنی زەیتونی عەفرین و فرۆشتنی بە وڵاتانی ئەوروپا:
برنارد جوهل ئەندامی پەرلەمانی سویسرا بە ڕۆژنامەی (دەیلی تەلەگرافی)ی بەریتانی ڕأگەیاند، كە توركیا زەیتی زەیتونی سوریا دەدزێت و دواتر بە بەرهەمی توركیا بە وڵاتانی ئەوروپای دەفرۆشێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی:" بەرهەمی زەیتون لە عەفرین بەهۆی داگیركردنی لەلایەن توركیا و میلیشیاكانەوە توشی لەناوچون و داڕمان بۆتەوە، زەیتەكەی دەدزن و دواتر بە وڵاتی ئیسپانیان فرۆشتۆتەوە و فرۆشتنەكەش هەر بەردەوامە."


سەرچاوە ڕۆژنامەوانیە توركیاكان ئەوەیان ئاشكرا كردووە، كە حكومەتی توركیا زەیتونی بە تاڵانبراوی عەفرین تێكەڵی زەیتونی توركیا دەكات و پاشان بە ناوی وەهمیەوە بە وڵاتانی ئەوروپای فرۆشتووە، ڕۆژنامەكان نرخی زەیتونی بەتاڵانبراوی عەفرین بە (70) ملیۆن یۆرۆ خەمڵاندوە، كە خۆی لە(50) هەزار تۆن دەبینێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە حكومەتی توركیا دانی بەوەدانا كە زەیتونی عەفرینیان بۆ خۆیان بردووە، وەزیری كشتوكاڵی توركیا لە میانەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی توركیا بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر بودجەی 2019ی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند:" ئێمە وەك حكومەتی توركیا دەمانەوێت دەست بەسەر بەرهەمی عەفریندا بگرین بە هەموو ڕێگاكانیەوە، بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمانە نەكەونە ژێر دەستی پارتی كرێكارانی كوردستان."

چوارەم: ڕفاندنی جوتیاران:
چەكدارە توندڕەوەكان هەر بە بڕین و بەتاڵانبردنی بەرهەمەكانی زەیتون نەوەستاون، بەڵكو چەندین جوتیاریان ڕفاندووە و بۆ ئازادكردنیشی داوای بڕە پارەیەكی زۆریان كردووە، بۆ نموونە لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوودا، چەكدارەكانی گروپی (محمد فاتح) جوتیارێكی گوندی (گورگان فۆقانی)یان بەناوی (محمد سەلمە خەشەبی) ڕفاندووە، جوتیارەكە تەمەنی شەست ساڵەو چۆتە ناو كێڵگەكەی بەمەبەستی لێكردنەوەی زەیتون، بەڵام چەند چەكدارێكی ئەو گروپە بە جل و بەرگری سەربازی چونەتە سەری و ڕفاندویانە، پاشان بۆ ئازادكردنی داوای (25) هەزار دۆلاریان وەك فیدیە كردووە، ئەمە نموونەیەكە لە سەدان نموونەی دیكە كە جوتیارەكان لە كاتی كاركردن لەلایەن چەكدارەكان دەڕفێندرێن و پاشان توشی ئەشكەنجەو لێدان سوكایەتی دەبنەوە، یان بۆ ئازادكردنیان داوای بڕە پارەیەكی زۆر دەكەن.

،،

گشتاندنەكە بە زمانەكانی توركی و عەرەبی بڵاوكراوەتەوە، كە دوپاتیان كردۆتەوە، پێویستە جوتیاران باج بدەن، خۆ ئەگەر باج نەدەن، ئەوا سەر و سامانیان ناپارێزن و دواتریش ناچاریان دەكەن كە باج لە بەرمبەر هیچدا بدەن.

پێنجەم : باج خستنە سەر بەرهەمەكان و ڕێگری لە ڕنینی زەیتون:
لە 18/ئەیلولی /2018دا ئەنجومەنەی (سوپای نیشتمانی سوریا) گشتاندنێكی بڵاو كردۆتەوە، كە تیایدا هاتووە"لە هەموو ناوچەكاندا، پێویستە جوتیاران واز لە ڕنین و هاڕینی زەیتون بهێنن و كێڵگەكانیش ڕادەستی ئەنجومەنی ناوخۆیی بكەن."
ئەنجومەنەكە ڕێگا بە جوتیاران دەدات كە بچنە سەر كێڵگەكانیان، بەڵام پێویستە پێشوەختە ڕەزامەندی وەربگرن، هەورەها لە بەرامبەر پاراستنی كێڵگەكانیان باج دەخرێتە سەر بەرهەمی جوتیاران.
گشتاندنەكە بە زمانەكانی توركی و عەرەبی بڵاوكراوەتەوە، كە دوپاتیان كردۆتەوە، پێویستە جوتیاران باج بدەن، خۆ ئەگەر باج نەدەن، ئەوا سەر و سامانیان ناپارێزن و دواتریش ناچاریان دەكەن كە باج لە بەرمبەر هیچدا بدەن.

كۆتایی و دەرئەنجام:
لە مانگی ئازاری 2018ەوە، خەڵكی عەفرین بە دەست چەندین پێشێلكاری دەناڵێنن ، كە خۆی لە كوشتن و ڕفاندن و ئاوارە بوون دەبینێتەوە، لە پاڵ ئەم هەموو پێشێلكاریانەدا، حكومەتی توركیا و گروپە تیرۆرستیەكان زیانێكی زۆریان بە بەرهەمی زەیتون گەیاندوە، كە سەرباری بڕینەوەی دارەكان، بەرهەمی زەیتون بە نرخێكی هەرزان دەكڕنەوە و جوتیاران ناچار دەكەن تاڵانفرۆشی بكەن، هەروەها بەرهەمی زەیتون بە تاڵان دەبەن و بە بەرهەمی توركی بە وڵاتانی ئەوروپای دەفرۆشنەوە، هاوكات جوتیاران دەڕفێنن و باج دەخنە سەر بەرهەمەكان و ڕێگری لە جوتیاران دەكەن بچنە كێلگەكانیان.


ئەم كارانەی كە لەم ڕاپۆرتەدا باسمان كرد تەنها بە زیانی بەرهەمی زەیتون ناشكێتەوە، بەڵكو زیان لە ژینگە و بەرهەمی چەندین ساڵ دەدات، چونكە چەندین داری بە تەمەن بڕدراونەتەوە، بەمەش ژینگەئەو شارە شێوێندراوە،بۆیە هەموو ئەم كارانە بۆتە هۆی ئەوەی كە زەیتون ببێتە یەكەمین قوربانی لە سایەی داگیركاریدا لە شاری عەفرین.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی