خۆپیشاندانی هه‌ڕه‌مه‌كی و داواكاری هه‌مه‌ جۆره‌ بێ ئه‌نجام ده‌بێت

خۆپیشانده‌رانى به‌غداد چیان ده‌وێت؟

خۆپیشاندانی هه‌ڕه‌مه‌كی و داواكاری هه‌مه‌ جۆره‌ بێ ئه‌نجام ده‌بێت

599 خوێندراوەتەوە

دوای ئارامبوونی شه‌قامی عێراقی بۆ ماوه‌ی ساڵێك و چه‌ند مانگێك، جارێكی دیكه‌ شه‌قامی عێراقی جوڵه‌ی به‌ ئاڕاسته‌ی ناڕه‌زایه‌تی له‌ كاره‌كانی حكومه‌ت تێكه‌وتوه‌، خۆپیشاندانی ئه‌مجاره‌ جیاوازه‌ له‌ خۆپیشاندانی شاره‌كانی باشووری عیراق، كه‌ له‌ مانگی ته‌موزی 2018دا ئه‌نجامدرا، چونكه‌ ئه‌مجاره‌ له‌ پایته‌ختدایه‌ و دروشمی (گه‌ل ڕوخانی ڕژێمی ده‌وێت)ده‌ڵێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش واته‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆپیشانده‌ران جگه‌ له‌ داوا سه‌ره‌كیه‌كانیان كه‌ دابین كردنی خزمه‌تگوزاری و هه‌لی كار و ڕیشه‌كێش كردنی گه‌نده‌ڵیه‌، داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش ده‌كه‌ن.

خۆپشاندانی به‌غداد چۆن ده‌ستی پێكرد و داوای چی ده‌كه‌ن؟

خۆپیشاندانی ئه‌مجاره‌ی به‌غداد، به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی و ناڕێكخراو ده‌ستی پێكرد، ته‌نها له‌ ڕێگای تۆِره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ بانگه‌واز بۆ خۆپیشاندان كرا، دوای ئه‌مه‌ش سه‌دان كه‌س به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕێكخراو له‌ مه‌یدانی ئازادی به‌غداد كۆبوونه‌وه‌.

،،

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی گروپێكی حه‌شدی شه‌عبیش داوای موچه‌یان ده‌كرد، به‌م شێوازه‌و له‌ژێر ئه‌م داواكاریانه‌ خۆپیشاندانی به‌غداد ده‌ستی پێكرد.

خۆپیشانده‌ران هه‌ر وه‌ك چۆن له‌ ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كه‌ ناڕێكخراو بوون، له‌ داواكانیشیاندا به‌هه‌مان شێوه‌ داواكاری هه‌مه‌جۆریان هه‌بوو، كه‌ هاوڕابون له‌سه‌ر داوایه‌كی دیاری كراو، هه‌ندێك له‌ خۆپیشانده‌ران داوای دامه‌زراندنیان ده‌كرد، هه‌ندێكی دیكه‌یان داوای چاكسازی و ئه‌وانی تریش داوای ڕوخانی حكومه‌تیان ده‌كرد، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی گروپێكی حه‌شدی شه‌عبیش داوای موچه‌یان ده‌كرد، به‌م شێوازه‌و له‌ژێر ئه‌م داواكاریانه‌ خۆپیشاندانی به‌غداد ده‌ستی پێكرد ، پاشان خۆپیشانده‌ران ده‌یانویست پردی كۆماری تێپه‌ڕێنن و بچنه‌ ناوچه‌ی سه‌وز، كه‌ به‌ باڵه‌خانه‌ی حكومه‌ت و باڵیۆزخانه‌ی وڵاتانی لێیه‌ و ڕووبه‌ره‌كه‌ی 10 كیلۆ مه‌تر ده‌بێت.

هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م خۆپیشاندانه‌دا له‌ چه‌ند شارێكی دیكه‌ش خۆپیشاندان دژی گه‌نده‌ڵی و خراپی گوزه‌ران ئه‌نجامدرا، وه‌ك شاره‌كانی به‌سره‌ و ناسریه‌ و دیوانیه‌، به‌ڵام ژماره‌ی خۆپیشانده‌ران كه‌م بوون، بۆیه‌ نه‌بوونه‌ باسی ڕاگه‌یاندنه‌كان.

خۆپیشاندانێكی ناڕێكخرا و و هه‌ڕه‌مه‌كی بوو:

خۆپیشاندانه‌ی ئه‌مڕۆی به‌غداد تا ڕاده‌یه‌كی زۆر هه‌ڕه‌مه‌كی و بێ به‌رنامه‌ بوو، هیچ كه‌س و لایه‌نێك سه‌رپه‌شتی نه‌ده‌كردن و تاكو ئێستاش هیچ حیزب و لایه‌نێك پشتگیری بۆ خۆپیشانده‌ران ده‌رنه‌بڕیوه‌، ته‌نها مه‌قته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در نه‌بێت، ئه‌ویش به‌بێ ئه‌وه‌ی پشتگیری خۆپیشانده‌ران بكات، به‌ چه‌ند وشه‌یه‌كی كه‌م داوای له‌هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ كرد، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ ڕووداوه‌كانی ئه‌مڕۆدا بكه‌ن.

 خۆپیشاندانه‌كان توندوتیژی لێكه‌وته‌وه‌: دوای ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران ویستیان بچنه‌ ناوچه‌ی سه‌وز ،له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كیانه‌وه‌ به‌ گازی فرمێسك ڕێژ و ئاو پڕژاندن و گولـله‌ به‌رپه‌رچ درانه‌وه‌، له‌ ئاكامدا تاكو ئێستا به‌ پێی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق، كه‌سێك گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و 200ی دیكه‌ش برینداربوون، كه‌ (40) كه‌سیان سه‌ر به‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، كه‌ هه‌ندێك له‌ برینداره‌كان به‌هۆی سوكی برینه‌كه‌یان نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشتووه‌ و ته‌نها (50) بریندار ماونه‌ته‌وه‌.

،،

ئه‌م دروشمانه‌ هه‌مان داوای پێشووی ئه‌م لایه‌نانه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی گه‌لی عیراقی گیرۆده‌ كردووه‌، گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌ش داوای خۆپیشانده‌رانه‌.

خۆپیشانده‌ران هه‌مان داوای هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی عێراقیان هه‌بوو:

دوای پێكهێنانی حكومه‌تی عیراق له‌لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدیه‌وه‌، هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی له‌سه‌ر و هه‌موویانه‌وه‌ كوتله‌ی (النصر) به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی داوای متمانه‌ ساندنه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تیان ده‌كرد و هه‌وڵه‌كانیشان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ خستبوه‌، گه‌ڕ.

به‌ڵام ئێران له‌ دژی ئه‌م داوایه‌یان وه‌ستایه‌وه‌ و پشتگیری بۆ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ربڕی، بۆیه‌ ئه‌و لایانه‌نانه‌ كۆتاییان به‌و باسه‌ هێنا،به‌ڵام ئه‌مڕۆ خۆپیشانده‌ران هه‌مان داوای ئه‌و كوتلانه‌یان ده‌كرد و دروشمی (بڕۆ) و (گه‌ل ڕوخانی ڕژێمی ده‌وێت) یان ده‌وته‌وه‌، ئه‌م دروشمانه‌ هه‌مان داوای پێشووی ئه‌م لایه‌نانه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی گه‌لی عیراقی گیرۆده‌ كردووه‌، گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌ش داوای خۆپیشانده‌رانه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌وان له‌ ڕابردوودا هه‌رگیز داوای ڕوخانی حكومه‌تیان نه‌كردووه‌، بۆیه‌ پێده‌چێت له‌پشت ئه‌م دروشمانه‌وه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ بوونیان هه‌بێت، كه‌ ئێستا ناتوانن به‌ ده‌نگی به‌رز داوای ڕوخانی حكومه‌ت بكه‌ن.

ده‌رئه‌نجامی خۆپیشاندانه‌كه‌:

له‌ ساڵی 2003ه‌وه‌ له‌ عیراق هیچ خۆپیشاندانێك ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌، بگره‌ له‌ هه‌ندێك شوێندا لێكه‌وته‌ی خراپی به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌، وه‌ك خۆپیشاندانی ناوچه‌ سونه‌ نشینه‌كان، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ناكرێت خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مجاره‌ش ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆیان هه‌بێت،به‌ تایبه‌ت كه‌ هه‌ڕه‌مه‌كی و بێ پشت و په‌نان، خۆ ئه‌گه‌ر فراوان بوو، ئه‌وا لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌چنه‌ ناو خۆپیشانده‌رانه‌وه‌و له‌و ڕێگایه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ مه‌به‌سته‌ سیاسیه‌كانیان بگه‌ن، له‌م كاته‌شدا خۆپیشانده‌ران هه‌ر به‌ده‌ستی به‌تاڵ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌،بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی هیچ ده‌رئه‌نجامێكی باشی لێناكرێت كه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی باشكردنی دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی خۆپیشانده‌ر بێت.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی