"من این لک هذا"

بەپێی یاسای دەستەی دەستپاکیی

"من این لک هذا"

239 خوێندراوەتەوە

 

 مافپەروەر- ڕێبەر ئه‌کره‌م فایه‌ق

 

یاسای دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، ژمارە (٣)ی ساڵی (٢٠١١)ی هەموارکراو، بەیەکێک لە یاسا گرنگەکانی بواری وەزیفەی گشتیی دادەنرێت کە ئامانج لەیاساکە وەک لە ماددەی (سێیەم)دا ڕوونکراوەتەوە بریتییە لە قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی، وە پاڵپشتی کردنی بنەماکانی دەستپاکیی و شەفافییەت و لێپرسینەوەو بەرجەستەکردنی بنەمای سەروەیی یاسا، هەروەها ‌هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی بواری وەزیفەی گشتیی،وە بەپێی ماددەی (چوارەم) لە یاساکە، حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەکرێت لەسەر سەرۆکی هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی و ئەندام و کارمەندەکانیان، هەروەها کەرتی تایبەتیش، بەتایبەت کۆمپانیاکان، سەرەڕای حزبە سیاسییەکان و ڕێکخراو و سەندیکاکانی بواری کۆمەڵگەی مەدەنی.

بەپێی حوکمی بڕگەی (هەشتەم) لە ماددەی (پێنجەم)ی یاساکە، دەستەی ناوبراو ڕێنمایی دەردەکات بۆ ئاشکراکردنی ئەستۆی دارایی (ژمه‌ مالیه‌)ی ئەوانەی لەبواری ڕاژەی گشتیدا کاردەکەن، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە داراییەکانی خۆیان و هاوسەرو مناڵەکانیان ئاشکرا بکەن، بەئامانجی ئەوەی بزانرێت تاچەند ماڵ و داراییەکانیان لەڕێگەی ڕەوا(مشروع) یان ناڕەواوە بەدەستهێناوە، بۆ ئەوەی لەکاتی ساغبوونەوەی بەدەستهێنانی ناڕەوادا ڕێکاری یاسایی پێویست لەبەرامبەریاندا بگیرێتەبەر، وە پوختەی ئەحکامی بەدەستهێنانی ناڕەوا (کسب غیر مشروع) لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا خۆی دەبینێتەوە:

،،

بەپێی حوکمی ماددەی (پانزەیەم) لەیاساکە، هەرکەسێک بۆخۆی یان غەیری خۆی ماڵێکی ناڕەوای بەدەستهێنا،ئەوا سزا دەدرێت بە بەندکردن(حبس) یان زیندانیکردن(سجن) بۆ ماوەیەک کە لە (٧) ساڵ زیاتر نەبێت،هەروەها غەرامەیەکیش کە یەکسان بێت بە بەدەستهێنراوە ناڕەواکە،لەگەڵ دەستبەسەردا گرتنی بەدەستهێنراوە ناڕەواکە.

١- بەپێی حوکمی ماددەی (نۆزدەیەم) لەیاساکە، هەرکەسێک کە پێویستە لەسەری ئەستۆی دارایی ئاشکرا بکات ئەگەر بەئەنقەست یەکێک لەم کارانەی خوارەوەی ئەنجامدا ئەوا سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە (٣) مانگ زیاتر نەبێت و غەرامەیەک کە کەمتر نەبێت لە (٣) ملیۆن دینار و زیاتر نەبێت لە (١٠٠) ملیۆن دینار یان بەیەکێک لەو دوو سزایە :

یەکەم/ ئەگەر بەئەنقەست دواکەوت بۆ ماوەیەک کە لە (٣) مانگ زیاتر بێت، لە ئاشکرا کردنی بەرژەوەندییە داراییەکان لەو بەروارانەدا کە دەستەی دەستپاکیی بۆی دیاریدەکات.

دووەم/ ئەگەر زانیاری ناڕاستی کاریگەر پێشکەش بکات لەڕاپۆرتی ئاشکراکردنی بەژەوەندییە داراییەکاندا.

سێیەم/ ئەگەر لەمیانەی ئاشکراکردنی ئەستۆی داراییدا، بەرژەوەندییەکانی یان ماڵ و داراییەکانی خۆی یاخود هاوسەرەکەی یاخود مناڵەکانی باس نەکات.

٢- بەپێی حوکمی ماددەی (چواردەیەم) لەیاساکە، ئەوانەی لەبواری خزمەتی گشتیی کاردەکەن(وەک لە پێشەکی سەرەوەدا ئاماژەیان پێکرا)، ئەگەر شتێکی بەدەستهێنا بۆ خۆی یان غەیری خۆی لەڕێگەی ئیستغلالکردنی وەزیفەی گشتیی یان ئەرکی گشتیی یان سیفەتێکی گشتیی بەپێچەوانەی هەردەقێکی یاسایی، ئەوا بە (بەدەستهێنانی ناڕەوا) دادەنرێت، مەبەست لە ئیستغلالکردنیش لێرەدا واتە زیادبوونێکی گەورە کە ڕوودەدات لە سامانی کەسەکە یان هاوسەرەکەی یان یەکێک لە مناڵەکانی، کاتێک وەزیفەیەکی گشتیی یان ئەرکێکی گشتیی یان سیفەتێک لەئەستۆ دەگرێت، بەشێوەیەک کە ناگونجێت لەگەڵ داهاتە ڕەواکەیدا و ناتوانێت هۆکاری زیادبوونەکە لەڕێگەی ڕەواوە دیاری بکات، وە ئەم حوکمە جێبەجێ دەبێت لەسەر هەرکەسێک کە بەهەر سیفەتێک دەست بەسەر ماڵێکی گشتیدا بگرێت لەڕێگەی بەدەستهێنانی ناڕەواوە.

٣- بەپێی حوکمی ماددەی (پانزەیەم) لەیاساکە، هەرکەسێک بۆخۆی یان غەیری خۆی ماڵێکی ناڕەوای بەدەستهێنا،ئەوا سزا دەدرێت بە بەندکردن(حبس) یان زیندانیکردن(سجن) بۆ ماوەیەک کە لە (٧) ساڵ زیاتر نەبێت،هەروەها غەرامەیەکیش کە یەکسان بێت بە بەدەستهێنراوە ناڕەواکە،لەگەڵ دەستبەسەردا گرتنی بەدەستهێنراوە ناڕەواکە.

٤- بەپێی حوکمی ماددەی (حەڤدەیەم) لەیاساکە، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسەی بەدەستهێنانی ناڕەوای ئەنجام داوە بمرێت وە داوا سزاییەکەی بەهۆی مردنەکەوە کۆتایی پێ هاتبێت ئەوا ئەمە ڕێگر نییە لەوەی ماڵە بەدەستهێنراوە ناڕەواکە بگەڕێنرێتەوە بەپێی حوکمێک لە دادگای تایبەتمەندەوە دەردەکرێت لەسەر بنەمای داواکاریی دەستەی دەستپاکیی لەماوەی (٣) ساڵدا لە بەرواری مردنەکەوە، وە وارسەکانی مردووەکە بە چی ڕێژەیەک سودمەند بوو بن لە بەدەستهێنانە ناڕەواکە ئەوا بەهەمان ڕێژە لێیان وەردەگیرێتەوە.