ئایا هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانەوەی داعش؟

ئایا هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانەوەی داعش؟

658 خوێندراوەتەوە
وەرگێڕانی : محەمەد ڕەحمان

بە کورتی، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەڵێ، ئەگەرێکی تەواو هەیە. گرووپە جیهادییەکانی وەک دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و القاعدە لە دۆخی ئاژاوەو پەشێویدا گەشە دەکەن.

ئەو هێرشە مەترسی ئەوەی لێدەکرێت کە هەردوو گرووپەکە بێنێتەوە ناوچەکە کە لە پێشووشدا ناوچەیەکی گەرمی ناکۆکی بوو.

بەڵام بەشێکی دەرەنجامەکەش پەیوەستە بە قووڵی و ماوەو چڕی هێرشەکەی تورکیا بۆ ناو خاکی سووریا.

چەکدارە جیهادییەکانی داعش دوای شەڕی باغۆز لە سووریا لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەو چەند میلەیان لەدەستدا کە لە خەلافەتە خۆسەریەکەیانەوە مابوویەوە.

بەڵام هەزاران چەکداریان هێشتا زیندوون و سەرجەمیشان لە زیندانەکاندا نیین. گرووپەکە پەیمانی داوە کە لە بەردەوام بوون لەو جەنگەی کە خۆی ناوی لێناوە "جەنگی درێژخایەن".

کوردەکان کێن؟

بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە بەشێکی زۆری لە کوردەکان پێکدێت و لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە پشتیوانی کردنیان و کەڵک وەرگرتن لەچەک و تەقەمەنیەکانیان ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش کردووە لە باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا کە پێشتر پێگەیەکی ئەو گرووپە بوو.

کوردەکان تەنها لەڕووی سەربازییەوە لەسەر زەمین لەسەر سنوورەکانی تورکیا ئامادەییان نەبووە، بەڵکو ئەو کارەشیان کردووە کە هیچ لایەنێکی دیکە ئامادە نەبووە ئەنجامی بدات، ئەویش پارێزگاریکردن لە هەزاران چەکداری داعش و کەسوکارەکانیان لە زیندان و کامپە قەرەباڵغەکانی ژێر دەسەڵاتیان.

بەڵام لەگەڵ پێشڕەویکردنی سوپای پڕچەکی تورکیا بەرەو ناوچەکانی ژێردەستی کوردەکان, لە ئێستادا ئەولەویەتی کورد گۆڕاوە. بەرگریکردن لەخۆیان گرنگترە لە پارێزگاریکردن لە زیندانییە دادگایی نەکراوەکان کە وڵاتەکانیان ئامادە نیین وەریان بگرنەوە.

مەترسی هەڵاتن لە زیندان

لە بنەڕەتدا دوو مەترسی هەیە، مەترسی یەکەم هەڵاتنە لە زیندان. نزیکەی ١٢٠٠٠ ئەندامی داعش لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوونیان ھەیە لەگەڵ ٧٠٠٠٠ لە کەسوکارەکانیان لە کامپەکانی وەک ئەلهۆڵ.

لەناو دەستگیرکراوەکاندا، ئەندامە زۆر توندڕەوەکان هەن کە ئەگەر هەیە ئەنجامدەری سەربڕین و لەخاچدان و لێکردنەوەی ئەندامی جەستە و پلاندانەری هێرشە سەربازییەکان بووبن.

لەنێو هەواڵگری وڵاتە ڕۆژئاواییەکان ترسێکی زۆر هەیە لە حاڵەتی هەڵاتن لە زیندان و پاشان گەڕانەوەی هەندێک لەو چەکدارە توندڕەوانە بۆ ئەوووپا و هەوڵدان بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی ئەو جۆرە هێرشانەی کە لەندەن و پاریس و بەرشەلۆنە و هەندێک شوێنی دیکە بەخۆیانەوە بینی.

مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوە

شەڕکەرە کوردەکانی هەسەدە بەشداری گەورەیان هەبوو لە شەڕی سەختی تێکشکاندنی داعش. هێزی ئاسمانی ئەمریکا و هێزە تایبەتەکانی ڕۆژئاواییەکان و تەنانەت ئەو میلیشیا شیعانەش کە ئێران پشتیوانیان دەکات ڕۆڵیان ھەبوو لە ڕووخاندنی خەلافەتە تەمەن پێنج ساڵەکە کە بە سووریا و عێراق بڵاو بووبوویەوە.

بەڵام لە ئێستادا کوردەکان بەتەواوی سەرقاڵن بە شەڕی سوپای تورکیا و خۆپاراستن لە هێرشی ئاسمانی، بۆیە چیتر ناتوانن هێزێکی کاریگەر بن دژ بە داعش. ڕۆژئاواش نیازی شوێنگرتنەوەیانی نییە.

هەموو ئەوانە هەلومەرجی گونجاو بۆ داعش دەڕەخسێنێت. سەرکردە هەڵاتووەکانیشی ناوە ناوە ڕاگەیەنراوی سەرهەڵدانەوە دەردەکەن، لە پێشووشدا چەند هەفتەیەک پێش ئەو هێرشەی تورکیا ئاماژەی دووبارە سەرهەڵدانەوەیان داوەو هێرشی پچڕ پچڕیان بۆ سەر بنکەکانی حکومەتی عێراقی ئەنجام داوە.

سەرچاوە: کەناڵی "BBC NEWS"

نووسینی: فڕانک گاردنەر، نێردراوی ئاسایشی بی بی سی (BBC)