رۆژئاوای کوردستان ، چی روویدا و چ دەبێ؟

رۆژئاوای کوردستان ، چی روویدا و چ دەبێ؟

683 خوێندراوەتەوە
رامبورد لوتفپوری

بێگومان سیاسەتی هەموو حیزبە کوردییەکان و لە نێویشیاندا پەکەکە و پەیەدە لە جێگای خۆیدا شایانی رەخنە و پێداچوونەوەن بەڵام ئەوەی بۆ رووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا و هێرشی تورکیا دەگەڕێتەوە بابەتێکی تەواو جیاوازە. واتە دەمهەوێ بڵێم پەیەدە لەم قۆناغەدا هیچ بژاردەیەکی باشی لە بەردەمدا نەبوو ، بۆیە لە نێوان بژاردە خراپەکاندا عەقڵانیترین بژاردەی هەڵبژارد. دەنا پێم وا نیە کەس بتوانێ حاشا لەو بەرخودانە قارەمانانەیە بکات و ناوی خۆبەدەستەوەدانی لە سەر دابنێت.

،،

تورکیا لە باوەشی رووسیا دەربێنێت و ئۆرووپاش لە ترسی پەنابەران گڵوپە سوورەکانیان کوژاندەوە و حەسەدەیان لە نێو ئاگر و ئاسندا بە تەنیا هێشت

 

چی رووی دا؟

۱. پەیەدە بە پێکهێنانی هەسەدە وەرچەرخانێکی سیاسیی گەورەی کرد و وردە وردە خۆی لە بەرەی رووسیا ، ئێران و سوریا دوور خستەوە و چووە بەرەی ئەمریکا و رۆژئاواوە.

۲. هەسەدە توانی لە شەڕی دژە داعشدا دەوری کاریگەر ببینێ و لاسەنگێکی هێز بۆ ئەمریکا و رۆژئاوا لە بەرامبەر هەژمۆنی ئێران و رووسیادا دروست بکات.

۳. تورکیا و هێزە هاوپەیمانە سوورییەکانی لاواز ببون و چی وای نەمابوو کە تورکیا بە تەواوەتی لە هاوکێشەکانی سووریا دەربهاوێژرێ.

٤. ئێران و رووسیا کە بە تەمای گەڕاندنەوەی سەروەریی بەشار ئەسەد بۆ هەموو بەشەکانی سووریان ، هەسەدە بە بەربەستێکی جیددی دەبینن بەڵام لە بەر دوو هۆکاری ئازایەتیی شەڕڤانانی کورد و پشتگیریی رۆژئاوا لە هەسەدە ، دەستەوەستان مابوونەوە و چاوەڕێی دەرفەتیان دەکرد.

٥. تورکیا کە خەریک بوو هەموو کارتەکانی گەمە کردنی لە سووریا دەدۆڕاند بۆ ئەوەێ بێتەوە نێو یارییەکە دەبوو بتوانێ باڵانسی هێز بە قازانجی خۆی بگۆڕێ ، بەڵام ئەمە ئاسان نەبوو ، یا دەبوو ململانێی دەوڵەتی سوریا بە پشتیوانیی رووسیا و ئێران بکات یان شەڕی حەسەدە بە پشتیوانیی ئەمریکا و رۆژئاوا .

وەک دەزانین تورکیا دەمێکە گڵۆپی ئیشارەی خۆی بۆ نزیک بوونەوە لە رووسیا هەڵکردوە و دەشزانێ کە رووسیا و ئێران لە سەرخستنی پڕۆژەی سیاسییان لە سوریا زۆر شێلگیرن و رووبەڕوو بوونەوەیان دژوار و پڕ تێچووە. بۆیە تورکیا بژاردەی دووهەمی هەڵبژارد چوونکە هەم ئەمریکا و هەم وڵاتانیتری رۆژئاواش قەت وەکوو ئێران و رووسیا بوونێکی بەهێز و جیددیان لە سووریا نەبووە و ئەمریکاش ناوە بە ناوە رایدەگەیاند کە کێشەی داعش کۆتایی هاتووەو چیتر پێویست ناکات هێزەکانی لە سووریا بمێننەوە .

هاوکات هەسەدەش سەرباری ئەوەی کە هێزێکی مەیدانیی جیددی و بە باندۆر بوو بەڵام وەک هێزێکی لۆکاڵی نەیدەتوانی بە تەنیا لەم یارییەدا گەمە بکات و پشتی بە یارمەتییەکانی رۆژئاوا و بوونی ژمارەیەک هێزی ئەمریکایی لە رۆژئاوای کوردستان بەستبوو. کەوابوو دزە کردن لەم بەرە و تێکشاندنی بۆ تورکیا ئاسانتر بوو و پاساوی پێویستیشی بۆ ئەم کارەی هەبوو واتە بە حیسابی خۆی دەڵێ شەڕی تیرۆر دەکەم و هێزە تیرۆریستەکان لە سنوورەکانی خۆم دوور دەخەمەوە.

٦. کەوابوو تورکیا هەوڵەکانی خۆی بۆ چوونە نێو رۆژئاوای کوردستان چڕ کردەوە . سەرەتا لە عەفرینەوە دەستی پێکرد کە هەم لە بەر هۆکاری ژیۆپۆلیتیکی داگیرکردنی ئاسانتر بوو ، هەم گرینگییەکی زۆری بۆ ئەمریکا نەبوو و هەمیش وەک تاقی کردنەوەی هەڵوێستی رۆژئاوا و شکاندنی قوبحی داگیرکاریی خۆی سودی لێ وەردەگرت. پاشان وردە وردە گوشاری بۆ ئەمریکا و ئۆرووپا هێنا کە بۆ داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵ کەن . بۆ ئەم مەبەستەش نزیک بوونەوە لە رووسیا و بابەتی پەنابەرانی وەک کارتی زەخت بە کار هێنا.

۷. دەرئەنجام تورکیا لە هەوڵەکانیدا سەرکەوت ، واتە ئەمریکا بۆ ئەوەی تورکیا لە باوەشی رووسیا دەربێنێت و ئۆرووپاش لە ترسی پەنابەران گڵوپە سوورەکانیان کوژاندەوە و حەسەدەیان لە نێو ئاگر و ئاسندا بە تەنیا هێشت.

٨. ئێران ، سووریا و روسیاش کە دەیانزانی خۆڕاگریی هەسەدە سنووری هەیە و ناتوانێ سەودای نێوان ترامپ و ئەردۆغان هەڵوەشێنێتەوە ، لە بەرامبەر هێرشەکەی تورکیاوە بێدەنگیان هەڵبژارد و لە بۆسەدا بوون کە هەسەدە لە ئەمریکا و رۆژئاوا بێهیوا بێت و جارێکیتر روو لەوان بکاتەوە. لە راستیدا ئەمە هەلومەرجێکی ئایدیال بوو بۆ ئەوان کە لە دۆخی لاوازی و ناچاریی بەڕێوەبەریی خۆسەردا بە کەمترین باج و بە منەتیشەوە رۆژئاوای کوردستان بهێننەوە ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.

،،

ترامپ لە ماوەی ئەم چەندساڵەدا وێڕای ئەوەی کە لە نێوخۆی ئەمریکا توانیویەتی هەندێک سەرکەوتنی ئابووری تۆمار بکات بەڵام لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا تەنیا هەڵەی چاندوە و دۆڕانی هەڵگرتۆتەوە

 

ئەگەرەکانی داهاتوو:

ئەمریکا:

زۆر کەس ئەمریکا بە خەیانەت کردن لە کورد تاوانبار دەکەن کە پێم وایە ئەمە لێکدانەوەیەکی ساکاری عامیانەیە . لە سیاسەتدا پەیمان پشت بە بەرژەوەندی دەبەستێت نەک سۆز و عەتف ، بۆیە ناکرێ بێژین ترامپ خەیانەتی کرد بەڵام دەتوانین بڵێین ترامپ هەڵەیەکی گەورەی کرد کە تەنانەت پێکهاتەی سیاسیی ئەمریکا بە هەردوو حیزبی سەرەکیی کۆماریخواز و دیمۆکراتەوە لە گەڵی نەبوون و بێگومان لە داهاتوودا لە سەری دەکەوێت. چوونکە پێشبینی دەکرێ کە براوەی یەکەمی ئەم هێرشەی تورکیا ، وڵاتانی دژبەری ئەمریکا واتە ئێران و روسیا بن. سەبارەت بە تورکیاش ، ترامپ وەدوای کڵاوی با بردوو کەوتوە ، چوونکە حیزبی ئیسلامگەرای ئاک پارتی تەنیا بۆ بەرژەوەندیی نیزامی و ئەمنییەتی و جۆێک کەڵکاژۆ کردن لە ناتۆدا ماوەتەوە دەنا دەمێکە ئەم پارتە خەریکە تورکیا لە پێوەرە رۆژئاواییەکان دوور بخاتەوە و خەون بە زیندوو کردنەوەی ئیمپراتۆڕیی عوسمانیەوە دەبینێ.
ترامپ لە ماوەی ئەم چەندساڵەدا وێڕای ئەوەی کە لە نێوخۆی ئەمریکا توانیویەتی هەندێک سەرکەوتنی ئابووری تۆمار بکات بەڵام لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا تەنیا هەڵەی چاندوە و دۆڕانی هەڵگرتۆتەوە ، لە ڤێنێزۆئێلا هەوڵەکانی بۆ لابردنی مادۆرۆ شکستی هێنا ، هەراوهۆریای دانیشتنەکانی لە گەڵ کۆریای باکوور قەت دەرئەنجامی عەینی لێنەکەوتەوە و لە گەڵ ئێرانیش لە ئابڵۆقەیەکی ئابووری کە قەیرانی جیهانی و ناوچەیی لێکەوتۆتەوە واوەتر هیچی بۆ نەکراوە، تەنانەت نەیتوانیوە گەرەنتیی پاراستنی خۆی و دۆستەکانیشی هەمبەر بە ئێران لە ناوچەکە و کەنداوی عەرەبدا بکات. کەوابوو زیاد بوونی ئەم هەڵە گەورەیە بە شک