عەلی حەمەساڵح: یاسای چاكسازی لەماوەی دوو مانگدا تێنەپەڕێت رێكەوتنی گۆڕان و پارتی جگە لە درۆیەكی گەورە هیچی تر نییە

100 ڕۆژ بەسەر پێكهێنانی حكومەتدا تێپەڕی و چاكسازی دیار نییە

عەلی حەمەساڵح: یاسای چاكسازی لەماوەی دوو مانگدا تێنەپەڕێت رێكەوتنی گۆڕان و پارتی جگە لە درۆیەكی گەورە هیچی تر نییە

578 خوێندراوەتەوە

100 رۆژ تێپەڕ دەبێت بەسەر پێكهێنانی كابینەی چوارەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا و هێشتا یاسای چاكسازی نەهێنراوەتە پەرلەمان، كە بەڵینی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بوو لە كابینەی نوێدا.

عەلی حەمە ساڵح،سەرۆكی فراكسۆنی بزوتنەوەی گۆڕان،پێشتر لە سەروبەندی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتدا رایگەیاندبوو ئەگەر لەماوەی دوو مانگدا یاسای چاكسازی دەرنەكرێت رێكەوتنی گۆڕان و پارتی جگە لە درۆیەكی گەورە هیچی تر نییە.

ئەو ووتی" ئێمە لەبەر یاسای چاكسازی و باشكردنی گوزەرانی خەڵك و نەهێشتنی نادادپەروەری چوینەتە پەرلەمان"

لە وەڵامی ئەوەشدا ئەگەر چاكسازی نەكرا لە حكومەت دەكشێنەوە ووتی" ئەوەیان بڕیاری سیاسی پێویستە"

حكومەتی هەرێمی كوردستان 100 رۆژی یەكەمی تەمەنی تێپەڕی كرد و هێشتا نەیتوانیوە گۆڕانكاری راستەقینە لە دۆخی گوزەران و بازاڕ و خزمەتگوزاریەكاندا بكات.
هەرچەندە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی لە سەرەتای پێكهێنانیەوە بانگەشەی چاكسازی و خزمەتگوزاری كرد و خەڵكیش ئومێدیان هەبوو هاتنی سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ هەڵەكانی رابردوو راست بكاتەوە و گۆڕانكاری گەورە دروست بكات. بەڵام رۆژەكان تێپەڕدەبن و جگە لە بانگەشەی گەورە هەنگاوی كرداریی گەورە لە كابینەی نوێ‌ نەبینراوە بۆ باشكردنی دۆخی كوردستان.


هەر لەسەرەتاوە گریمانەی ئەوە دەكرا مەسرور بارزانی حكومەتێكی ئەمنی بەڵام خۆشگوزەران پێكبهێنێت، بەو مانایەی بەهۆی رێكەوتنی لەگەڵ بەغدا قەیرانی ئابوری لە هەرێمی كوردستان دوربخاتەوە و هەرێم بخاتەوە سەر رێگەی گەشەی ئابوری، بەڵام ئەوەی لەئێستادا دەبینرێت دەموچاوی ئەمنی مەسرور بارزانییە لە حكومەتدا و بە ئەمنیكردنی حكومەتە بەڵام هەتا ئێستا شكستی هێناوە لە باشكردنی دۆخی گوزەەرانی هاوڵاتیان.

كابینەی حكومەت هەرچەندە كابینەیەكی ئیئتیلافییە لە نێوان پارتی و گۆڕان و یەكێتیدا بەڵام ئەوەی تائێستا دەبینرێت بەتەنها سیما و دونیابینی پارتییە بە حكومەتەوە.

پارتی و یەكێتی لە پەراوێزخستنیان لە ئاراستە و رەسمی سیاسەتی حكومەت نیگەرانن و بەدڵی ئەوان نییە،بەڵام هەتا ئێستا پارتی حسابی جدی بۆ نیگەرانیەكانین نەكردووە.

هەنگاوەكانی سەرۆكی حكومەت بۆ دروستكردنی حكومەتێك لەناو حكومەتدا بەدانانی یاریدەدەرەكانی بۆ كاروباری وەزارەتەكان هەنگاوێك بوو بە ئاراستەی كەمكردنەوەی دەسەڵاتی وەزیرەكانی حكومەت.

هەروەها دەسەڵات نەدان بە جێگری سەرۆكی حكومەت لە ماوەی رابردودا یەكێك بووە لە نیگەرانیەكانی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی كە باس لەوەدەكرێت لەم دوایانەدا رێكەوتنی لەبارەوە كرابێت.

لەلایەكی ترەوە هەنگاوەكانی حكومەت بۆ پرسی نەوت و داهاتەكەی و خەرجیەكان و رێكەوتن لەگەڵ بەغدا هەنگاوی تاك لایەنەن و یەكێتی و گۆڕان تیایدا بەشدار نین.

چەند جارێك بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان لەسەر دۆسیەی رێكەوتن لەگەڵ بەغدا لەژێر لێوەوە رەخنەدەگرن،بەڵام بەرپرسەكانیان لەناو حكومەت بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری