كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵ و ڕاگواستن...

چۆن شۆڕشی كوردان له‌ ساڵی 1921 كپ كرا؟

كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵ و ڕاگواستن...

644 خوێندراوەتەوە

به‌هۆی شكستی له‌ جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا، ده‌وڵه‌تی عوسمانی ناچار كرا له‌ رۆژی 10ی ئابی 1920 ئیمزا له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنامه‌ی سیڤه‌ر له‌گه‌ڵ وڵاتانی سه‌ركه‌وتوودا بكات،ئه‌و ڕێكه‌وتنامه‌یه‌ كه‌ له‌ شاری سیڤه‌ری فه‌ره‌نسا ئیمزا كرا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕووبه‌ری ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ش بوو كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی لێبكرێته‌وه‌ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی به‌ زمانی توركی قسه‌ ناكه‌ن، بۆیه‌ به‌ پێی به‌نده‌كانی 62و 64 له‌ به‌شی سێیه‌می ڕێكه‌وتنه‌كه‌دا مافی چاره‌ی خۆ نوسین و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان به‌ كورد درا.

 
به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌، ڕه‌وتی كوردی له‌ چوارچێوه‌یه‌كی فراواندا هه‌نگاوی باشی نا، "كۆمه‌ڵه‌ی مولدی كوردستان) كه‌ له‌ ساڵی 1918 له‌سه‌ر ده‌ستی كۆمه‌ڵێك ڕۆشنبیری كورد دامه‌زرا، كه‌ دواتر بنه‌ما14 خاڵیه‌كه‌ی له‌ وودرو وڵسن سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مریكا وه‌رگرت،بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردستان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی توركیا دروست بكه‌ن.

،،

دوای ئه‌وه‌ی پاسه‌وانه‌ توركه‌كانیان ده‌ركرد ده‌ستیشیان به‌سه‌ر كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازییه‌كانیاندا گرت.


سه‌ره‌تای ساڵی 1920،مه‌یدانی سیاسی توركیا گۆڕانكاریه‌كی زۆری به‌سه‌ردا هات، كه‌مال ئه‌تاتورك پێشنیاری بۆ نوری ده‌رسیمی خه‌باتكار و نوسه‌ری كورد و كه‌سێكی دیكه‌ی كورد كرد، كه‌ دوو كورسی په‌رله‌مانی توركیایان پێده‌دات، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وان واز له‌ بیرۆكه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان بهێننن، به‌ڵام به‌رپرسانی كورد ئه‌م پێشنیاره‌یان ڕه‌تكرده‌وه‌، داوایه‌كیان بۆ ئه‌نكه‌ره‌ نارد كه‌ كار به‌ به‌نده‌كانی ڕێكه‌وتنامه‌ی سیڤه‌ر بكات،به‌ڵام له‌گه‌ڵ وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی ئه‌نكه‌ره‌ بۆ ئه‌م داوایه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی 1920 شۆِرشی (كۆچگیری)یان ڕاگه‌یاند، كه‌ هۆزه‌كانی نێوان ڕۆژهه‌ڵاتی سیواس و ڕۆژئاوای ئازربایجان سه‌ركردایه‌تیان ده‌كرد.

 
له‌سه‌ره‌تای شۆڕشه‌كه‌دا هۆزه‌ كورده‌كان له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌یان به‌ده‌ستهێنا، كۆنترۆڵی زۆر گوندیان كرد، هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ی پاسه‌وانه‌ توركه‌كانیان ده‌ركرد ده‌ستیشیان به‌سه‌ر كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازییه‌كانیاندا گرت.
ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ندین هۆزی دیكه‌ی كوردیش له‌ ناوچه‌ی ده‌رسیم په‌یوه‌ندی به‌ شۆڕشه‌كه‌وه‌ بكه‌ن.


هه‌واڵی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كه‌و پاشه‌كشێی هێزه‌كانی توركیا بووه‌ هۆی توڕه‌ بوونی حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره‌ و كه‌مال ئه‌تاتورك، بۆیه‌ حكومه‌ت بڕیاری دا كه‌ ژه‌نراڵ نوره‌دین پاشا به‌ هه‌زاره‌ها سه‌ربازی پڕ چه‌كه‌وه‌ به‌هاوكاری توندڕه‌وه‌كانی توباڵ عوسمان بنێرێت بۆ ناوچه‌كه‌ تاوه‌كو شۆڕشه‌كه‌ له‌ناو به‌رن.

،،

زۆرینه‌ی پیاوه‌كانیشی له‌سێداره‌دا، ئه‌وه‌شی كه‌ مایه‌وه‌ ناچاری كردن كۆچ بۆ ڕۆژئاوای وڵات بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی زه‌حمه‌تی ئه‌م كۆچه‌وه‌ سه‌دان كه‌س له‌ ڕێگا گیانیان له‌ده‌ستدا.


به‌ڵام پێش ڕۆشتنیان نوره‌دین پاشا وته‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی كرد و وتی: هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ له‌ناو بران كه‌ به‌ "زو"(واته‌ ئه‌رمه‌نی)قسه‌یان ده‌كرد،به‌ڵام من ئێستا ده‌چم بۆ پاك كردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ "لۆ" (واته‌ كورد) ڕه‌چه‌ڵه‌كیانه‌.

 
له‌ مانگی حوزه‌یرانی 1921 نوره‌دین پاشا توانی شۆڕشی كۆچگیری كپ بكاته‌وه‌،به‌ڵام به‌ خوڵقاندنی قه‌سابخانه‌یه‌ك و كوشتنی سه‌ده‌ها شۆڕشگێر، هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستا توڕه‌یی خۆی به‌ گونده‌ كوردیه‌كانیش ڕشت وبه‌ خیانه‌تكار تۆمه‌تباری كردن و زیاتر له‌ 130 گوندی سوتاند، هه‌روه‌ها زۆرینه‌ی پیاوه‌كانیشی له‌سێداره‌دا، ئه‌وه‌شی كه‌ مایه‌وه‌ ناچاری كردن كۆچ بۆ ڕۆژئاوای وڵات بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی زه‌حمه‌تی ئه‌م كۆچه‌وه‌ سه‌دان كه‌س له‌ ڕێگا گیانیان له‌ده‌ستدا.


به‌هۆی ئه‌م هه‌موو توندوتیژیه‌وه‌، حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره‌ له‌ كرده‌وه‌كانی ئه‌م فه‌رمانده‌ سه‌ربازیه‌ توڕه‌ بوو، داوای لێپرسینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا كرد، به‌ڵام كه‌مال ئه‌تاتورك ئه‌م داوایه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌.

نوسەرى کورد، نورى دەرسیمى